"an independent online kurdish website

ئێوارەی رۆژێکی پاییزی ساڵی ١٣٦٣ی هەتاوی بوو. دەستەیەک پێشمەرگە لە بناری شاهۆوە بەرەو دەشتی لۆن بەربووینەوە، کاک سالار فەرماندەمان بوو تەنیا ئەو و سەرپەلەکان ئەیانزانی ئەو شەوە بۆ کوێ دەچین.

هەوا تاریک بوو نزیک ئاوایی لۆن بوینەوە. لە دەشتێک کە دەکەوێتە نێوان لۆن، چرۆسانە، شیرینسوار و شاهۆ لە بەرامبەر ئاوایی لۆن لە لای هەسێڵە ئاوێکدا وەستاین. ئەحلەمسری هاتە لام و وتی بە تەماین بچینە ناو ئاوایی لۆن و چەند کەسیک ببینین، ئەگەر کێشەیەکیشمان بۆ پێش نەهات هێندێک کەلوپەل لەگەڵ خۆمان دێنین و دەگەڕێنەوە. خەبەریشمان هەیە کە دایکت چەند رۆژێکە لە ماڵی خاڵۆتە. تۆیش دەتوانی لە گەلمانا بێی و لەوە دەچێ کەوش و لیباسی بۆ هاوردبی. تا ئێمە کارەکەمان تەواو دەکەین تۆیش دەتوانی بچی لە ماڵ خالۆت شتەکانت بێری، رەنگە دایکیشت هێشتا لەوێ بێ. (ئەو کاتە من کادری دەرمانی بووم، ئیتر پیشمەرگەکان  لە گەڵ خۆیان نەدەبردم بۆ بۆ کەمین و نیگابانی و نە بۆ نێو جەرگەی شەڕەکان، مەگەر تووش بوایەین و کادری دەرمانیش ناچار بایە شەڕی بکردایە. لە بیرمە یەک دوو رۆژ پێش ئەم بەسەرهاتە لە نزیک کۆرەدەرە پێشمەرگە دەچوون بۆ سەر چادە بۆ کەمین دانان، منیش زۆر حەزم لێ بوو لە گەڵیان بچم، ئەحەلەمسری نەیهێشت، چەند جار خوەم شاردەوە و لە لایەکیترەوە دەچووم، هەر دەیزانی و بەری دەگرتم، لەبەر ئەوەی نەیاندەهێشت بچم، منیش لە عەزرەتدا دانیشتم و دەستم بە گریان کرد!)

ئەو کاتە ئاوایی لۆن یەکێک لە گەورە ئاواییەکانی ناوچەی بێڵەواری کامێران بوو، هەر بۆیەش پێی دەڵین لۆنی گەورە. ئاوایی پێنسەد ماڵ زیاتر دەبوو، چەند گەڕەک بوون و دوو مزگەوتیان هەبوو. دانیشتوانی ئاواییش لە سەید و لە خەڵکی ئاسایی پێکهاتوون. سەیدەکان بە خزمایەتی دەگەیشتنەوە دایکم و یەک دووانیشیان خاڵۆی دایکم بوون. ئەو کات لۆن بێجگە لە شەهیدەکان و چەند پێشمەرگەی دڵسۆز و ئازا، بەداخەوە  چەندین جاشی زۆر پیس و خوێڕی و سیخوڕی خۆماڵیشی هەبوو، دوو پایگای گەورەش ئەمبەر و ئەوبەری دێیان گرتبوو. هەردووک پایگاکەش دەیانڕوانیە سەر ئەو دەشتە کە ئێمەی لێی بوویین. دەشتی بەر ئاوایی زەوی و زاری خاڵوانی دایکم بوون لەبەر ئەوەی من بە منداڵی چەندین جار هاتووچۆم کردبوو و هەموو ساڵێک بەلایاندا دەچووین بۆ هاوینە هەوار، شوێنەکانم بە باشی دەناسیەوە.

ئەو کاتە هێزی بیستوون ١ دوربینی شەوی هەبوو، ئەم ئێوارەیە دوربینەکە بە لای ئەحلە مسریەوە بوو، ئەو  من و دەستەیەکی ١٥ کەسیشی لە پێشمەرگەکان لەگەڵ خۆی هێنا و چووین بۆ ئاوایی.  پێشمەرگەکانی دیکە  لە گەڵ کاک سالار لە لای هەسێڵە ئاوەکە دانیشتن و بڕیار درا هەرچۆنێک بووە، ئێمەش بگەڕێینەوە بۆ ئەوێ.

هێشتا مانگ هەڵنەهاتبوو، دەبوو پێش هەڵاتنی مانگ و رووناک بوون، کارەکانمان بکەین و بگەڕێینەوە. بە رێگاوە بەرەو ئاوایی جار و بارە ئەحلەمسری دوربینە شەوەکەی بە من دەدا و دەیوت پێم سەیری لە پایگایش کەس نابینم بزانە تۆ کەس دەبینی! ئەمە هەوەڵ جار بوو کە دوربینی شەوم بە چاوەوە دەگرت. زۆر سەرنج راکێش بوو، هەموو سەنگەر و پایگای خوار قەبردستانەکەم لە شەوەزنگدا لە رەنگێکی مەیلەو کەوگدا دەبینی. یەک کەس بە دەرەوە نەبوو، تەنانەت نیگابانیشم نەدەدیت!

لە نێو زەوییەکانی نزیک دارتووە گەورەکەی بەردێ دا،  کابرایەک ئاوی زەوی ئەدێرا. چراتۆڕێکی بە دەستێکەوە و خاکەناز بە دەستی دیکەوەوە و بە نێو جاڕەکەدا کە ئاوی لێنابوو دەهات و دەچوو. دەبوو کارێک بکەین کە بە بێ ئەوەی دوژمن هەست بکا بە جۆرێک چراتۆڕەکە بکوژێنینەوە یان بە شێوەیەک بەرەو دێی بنێرینەوە. بە دزیوە خۆمان گەیاندە کابرا. یەکەم کەس کە خۆی پێگەیاند نەیهێشت ئیتر بە دەورخۆیدا بسووڕێتەوە و راست روو بەرەو دێ رایگرت، ئێمەش یەک بە یەک دەچووینە پشت یەکتریەوە و لە سێبەری کابرادا خۆمان دەشاردەوە. وەک سەفێکی ١٥ کەسی بە شوێن کابراوە بووین تاکوو کابرا کەم کەم بای چراتۆڕەکەی دەرکرد و لە کۆتاییدا کوژاندیەوە. دەشت تاریک و ئەنگوستەچاو بوو. هەمووشی چەند سەند میتر لە پایگای مەرقەوەکەوە دورد بووین. لە یەک دوو لاوە چووینە ناو ئاوایی.

(لەم کاتانەدا گوایە کاک شاپور و باقی هێزەکە کە لە هەوارەکانی هانیە و گۆزیبان بوون و بە قسەی کاک شاپور کە بیسیمی پاسدارەکانیان کونترۆڵ کردبوو، هێزی دوژمن بە ئیمەیان زانیبوو و داوای یارمەتیان لە پایگای گەورەی گەشکی کردبوو ئەوانیش گروهی زەربەتیان رەوانەی لۆن کرد بوو. بەڵام لەبەر ئەوەی لکەکان ئەو کات بێسیمیان نەبوو، هێز نەیتوانی بوو ئێمە لەو مەترسیە ئاگادار بکاتەوە. ئەمە هەر وەک وتم بە قسەی کاک شاپور کە دواتر بۆی گێڕاینەوە.)

من و یەک دوو پێشمەرگە کەوتینە گەڕەکێک و نەیانهێشت من بچم بۆ کەلوپەلەکانم،  داوایان کرد کە هێندێک نان و پێخۆر بۆ پێشمەرگەکان کۆ بکەینەوە ئینجا بچم بە شوێن کارەکەی خۆمدا. هەر بۆیە کەوتینە نان و پێخۆر کۆ کردنەوە. پڕی یەک گونیمان نان کۆ کردەوە و لە بەر درگای ماڵێکدا راوەستا بووین. خاوەن ماڵەکە باوەڕی نەدەکرد کە ئێمە پێشمەرگەی دیمۆکرات بین. رووی لە من کرد و پرسیارپێچی کردم. ئەگەر پێشمەرگەن کێتان لەگەڵە؟ ناوی فەرماندەتان چیە؟ پێشمەرگەی لۆنی کێتان لەگەڵە؟ بە وڵامەکانی مندا وردە وردە باوەری کرد کە پێشمەرگەین بەڵام بۆ زیاتر دڵنیا بوون پرسیاری کرد: ئەگەر راست دەکەی و لە لکی شەهید حەممە شەریفدان کوڕەکەی من … کە پێشمەرگەیە ئەو لکەیە دەناسی؟ بۆ نەگبەتی منیش نەمناسیەوە. دیارە هۆکارەکەشی ئەوە بوو کە لە پێشمەرگایەتیدا ناوێکی کوردانەیان بۆ کوڕەکەی ئەو هەڵبژاردبوو، منیش هەر بەو ناوە دەمناسیەوە نەک بەو ناوەی کە دایکی دیوت! بۆیە باوەڕی پێ نەکردم و خەریک بوو درگاکە پێوەدا کە وەک بارانی بەهار گوللە لە ئاسمان و دار و بەردەوە باری بەسەرماندا! کەس نەیدەزانی ئەم گوللانە لە کوێوە دێن، تەنیا جاروبارە بروسکەی شوعلە پۆشی چەکی جاش و پاسدارەکان دەبینران.

شەڕ زۆر خۆشە ئەگەر لەگەڵ کەسێکی ئازا و نەترس بکەوی و ئاگاتان لە یەکتر بێ، لانی کەم ئەگەر ئازاش نەبێ، ترسەنۆک نەبێ. من و م. ب. پێکەوە بووین ئەو رۆیشتە پاڵ دیوارێک و منیش بە شوێنیا چووم بۆ پاڵ دیوارەکە. لەو کاتەدا پێش ئەوەی من بگەمە شوێنەکەی ئەو و لە دیوارەکە نەدیو بم. لە پاڵ دیوارەێکدا لە ٢ میتری منەوە جاشێک رەگبارێکی پرژاند پیاما. م.ب. دەرچوو، منیش لەبەر ئەوە کڵاشینکۆفەکەم بە حاڵەتی ئامادە بوون لە بەرسکمدا گرتبوو، رەگبارەکە لە کڵاشینکۆفەکە و بەشێک لە خەشابەکانمی دابوو. قودرەتی گوللەکان و فڕە بەستنی کڵاشینکۆفەکە منی خست و کەوتمە زەوی. تاریک و نووتەک لە زەویدا مابوومەوە و بە دزیەوە بە ئاستەم دەستم بەسەر زەوییەکەدا دەخشان بەشکەم تفەنگەکەم بدۆزمەوە. کابرایش وەک ئەوەی بزانێ کەسێکی لەوێ خستووەتە سەر زەوی بەردەوام تەقەی لەو شوێنە دەکرد کە من لێ کەوتبووم و بەدوای چەکەکەمدا دەگەڕام. لە ناکاو م. ب. کە زانی من بریندار بووم، لە نێو ئەو بارانە گوللەیەدا گەڕایەوە بۆ لام و باڵی گرتم و بە سرتەوە وتی بێ بچین دەتکوژن ئەوە بۆ چی ئەگەڕێی؟! وتم تفەنگەکەم لێ کەوتووە و بۆی دەگەڕێم، نایدۆزمەوە! تۆ بڕۆ بەڵام من لێرە ناڕۆم تا تفەنگەکەم نەدۆزمەوە! وتی: تفەنگ چیە کورە بێ با بچین بەیانی تفەنگیکی ترت پێ دەدەن! وتم: تۆ بڕۆ دەتکوژن من نایەم!

ئەو رۆیشت و خۆی گەیاند بووە لای کاک سالار و پێشمەرگەکانی تر. وتبووی حامید شەهید بووە! کاک سالاریش چەند پێشمەرگە دەخاتە تەکی و ئێژێ بچن جەنازەکەی بێرنۆ!

لەم کاتەد بیرم لە قسەکانی ماوەیەک لەوەوبەری شەمسوڵا خەراجیانی دەکردەوە کە گێڕابوویەوە، لەسەر کانیەکەی تەنگیخاو کاتێک چووبوو بۆ راو کلاشینکۆفەکەی بەقەد دارتووەکەوە هەڵواسرابوو، لەو بارانە گوللەدا گەڕابووەوە بۆ کڵاشینکۆفەکەی. دەیوت: “ئەگەر تفەنگەکەم لێ بەجێ بمایە دەبووم بە جێگای گاڵتە و لۆمەی هاوڕێیانم، بۆیە هەر جۆرێک بوو چووم تفەنگەکەم هێنا.” منیش ئیمشەو دەبوو تفەنگەکەم بدۆزمەوە و بە بێ چەک نەگەڕێمەوە!

هەستم کرد کە ئەو شوێنە من لێی کەوتووم خۆڵەکەوانە و لەبەر ئەوەش خۆڵەکەوەکە نەرمە رەنگە تفەنگەکە لەبەر قورسییەکەی کەوتبێتە بن خۆڵەکەوەکە و نیشتبێ. بۆیە چنگم بە خۆڵەکەوەکەدا کرد و دوای گەڕانێکی کورت دۆزیمەوە. وا بزانم لە ژیانمدا هێندە هەستم بە راحەتی و ئاسوودەیی نەکردووە. ئارام و لەسەرەخۆ قۆناخەکەم نیا بە بەر شانەوە و سیلەم لە کابرا گرت کە دیسانەوە هاتبووە شوێنە پێشووەکەی و تەقەی دەکرد!  تەنیا تیشکی شوعلە پۆشەکەیم دەبینی و دوو میتریش لە من دوور نەبوو، شوێنەکەی ئەو بەرزتر و من لە چالاییەکدا لەبەر پێی ئەودا بووم. خۆیم نەدەتیت، تەنیا شوێنی روسکی تفەنگەکەیم دەبینی و منیش نیشانەم راست لەو شوێنە گرت. پەنجەم بە پەلەپیتەکەی کڵاشینکۆفەکەدا هێنا. نەدەتەقی، زۆرم پێ سەیر بوو، نە دەتەقی، تەنانەت پەلەپیتکەکەشی نەدەجووڵا! بی هیوا و نائومید، ئەم جار بیرم لەوە کردەوە کە ئەگەر بزانن ناتوانم تەقە بکەم دێن دەمگرن، تفەنگم کردمە شانما و بەرەوە خوار دێ بۆی دەرچووم. هەستم دەکرد وەک جاران ناتوانم را بکەم و دەشەلم، پای راستم مرۆچانەی دەکرد. دەبوو هەر جۆرێک بووە خۆم بگەیەنمە چەمەکەی بەردێ، چونکە لە دەشتەکەوە نەمدەتوانی دەرچم هەموو ئەو دەشتە یەکپارچە بارانە گوللە بوو. هیچ ئیش و ئازارم نەبوو، تەنیا پام مرۆچانەی دەکرد. لە ناکاو کەوتمە ناو خەندەقی جۆگە ئاوێک کە لە ئاواییەوە دەردەچوو بۆ سەر زەوی و زاری خوار ئاوایی. ئاوەکە دەستبەئاوی مزگەوت و هەموو پیسایی ئاوایی بوو! لە شڵپە شڵپی راکردنەکەم لە نێو جۆگەکەدا کە تاکوو ئەژنۆم دەهات، ئەوانیش هەستیان دەکرد کە کەسێک لەوێدایە و تەقەیان لێ دەکردم و گوێم لە گوللەکان بوو کە بەملا و بەولامدا دەچوونە نێو ئاوەکە و بە چزەیەک سارد دەبوونەوە. مەجبوور بووم لە جۆگەکەش دەرچم و بڕۆم بەرەو چەم. لە پشتەوە خالید سەشێڵانەی کە لەگەڵ ئەحلەمسیر لە پاڵ دیواری ئاخرین ماڵی ئاواییدا بوون. منیان دەنگ دا. خالید وتی: کێی کورە؟

گوێم لێبوو ئەحلەمسری وتی نەکەی کورە! نابینی بەرەو شوێنی پاشەکشەکەی خۆمان دەڕوات. بە دەنگیدا وا دیار بوو کە خالید گەرەکی بووە تەقە لە من بکا، وای زانیبوو دوژمنم. منیش کە ناوی رەمزی شەوکەم دەزانی ئێستاش لە بیرم ماوە. حیسام ٢٤ بوو. بەڵام بیرم لەوە کردەوە کە ئەگەر من ناوەکە بڵێم ئەوانیتر نزیکن و گویان لێ دەبێ هەر بۆیە ئەگەر بیچم کوژن تازە ناوەکە ناڵێم. یان دەردەچم و یان دەکوژرێم ئیتر دەنگم نەکرد و خۆم گەیاندە ناو چەمەکە. زەوییەکی پەرژین کراوی چووکە لە کوێی چۆمەکەدا بوو، تۆزێک خوار ئەو رێگایە لە چرۆسانەوە دەهات و دەچوو بۆ چاڵاوە. ئەو شوێنە هەرچەندە تەنیا ١٠٠ تا ١٥٠ میتریش لە پایگاکەی لای قەبرستانەکەوە دوور نەبوو، بەڵام چاڵ بوو گوللە نەی دەگرتەوە. دانیشتم و سەیری پێی راستم کرد، بینم لە مەچەکی پێمدا زۆر خراو بریندار بوومە. لەبەر ئەوە خوێنی زۆرم لێ نەچێ. زۆر بە توندی مەچەکی پێم بەست و چووم بەرەو ئەو شوێنەی کە بۆیان دیاری کرد بووین. لە رێگادا تفەنگەکەم بە دەستی راستمەوە گرتبوو دەچووم. هێندەم زانی دەستم شل بوو بەرەو زەویی و خەریک بوو تفەنگەکەم لێ بەربێتەوە!. زۆرم پێ سەیر بوو، ئەمە چیە ئیتر. کە سەیری شانی راستم کرد، لەبەر مانگەشەوەکەوە کە تازە هەڵاتبوو، لە جێگای رەنگی سووری خوێن، رەشی دەکردەوە، ئەو کاتە زانیم کە دوو گوللەش لە شان و باڵی لای راستی داوم. ئەویشم بە توندی بە ددان و بە دەستی چەپم بەست. لەبەر ئەوە من بە پێچەوانەی ئاوایی لۆن لە لای شاهۆوە چووبوومەوە بۆ لای پێشمەرگەکان و ئەوانیش چاوەڕوانی ئەوە نەبوون کەسێک لە شاهۆوە بێت، نەیانزانی منم. تۆزێکی مابوو بگەیەم پێیان کاک سالار وتی کێی؟ وتم منم کاک سالار. هاتە پیرۆمەوە و باوەشی پێدا کردم و خستمیە پشت دیواری هەسێڵەکە کە بە قەد نیو میتر لە زەوییەکەوە بەرزیان کرد بووەوە. وەک پێشتر باسم کرد، لەو دەشتەدا بارانە گوللە دەباری، ئەوانیش لە پاڵ هەسێلەکەدا دانیشتبوون. وتی: خۆ م ب هات و وتی شەهید بووی، ئەوە بە چەند پێشمەرگەکەوە چوون بە شوێن جەنازەکەتدا.

دەبێ ئەوەش بڵێم کاک نەجمە پاوەیی کە کادری سیاسی هێز بوو سەری لە برین پێچانیش دەردەچوو. بیرنەکەی بۆ بەستم و بە نۆرە پێشمەرگەکان گرتمیانە کۆڵەوە تاکوو بیژنەگەسەرە و سێپەلان نەوەستاین. کاکە نەجمە زەحمەتی زۆری لەگەڵم کێشا. لەوێش چووینە لای شوانێک شیری بۆ دۆشیم و یەک دوو لێوان شیری کوڵاوی پێدام، حاڵم هاتەوە سەرخۆم. ئەگەر بڵێم ئەو یەک دوو لیوانە شیرەی لای ئەو شوانە جێگەی هەموو ئەو خوێنەی لە لەشم چووبوو گرتەوە، زۆری یارمەتی دام رەنگە درۆم نەکرد بێ. ئەوەش بوو بە دوایین شیر لە ژیانمدا خواردوومەتەوە. دوای ئەوە ئیتر نەمتوانی شیر بخۆمەوە. کاتێک هاتمە سوێد بە یادی ئەو کاتانەوە دەمهەویست شیری کوڵاو بخۆمەوە، بەڵام حەساسیەتم پێ پەیدا کرد و ئیتر بۆ هەمیشە شیر خواردنم لە بیر بردەوە.

کە رۆژ بووەوە سەیرم کرد دوو گوللە لە شان و باڵی داوم بەڵام هیچکامیان ئیسکی نەشکاند بوو. یەک یان سێ گوللەش لە مەچەکی پێی دابووم، لە لای راستی پەنجەی پێمەوە سێ کون هەبوون و لە لای چەپەوە یەک کون، ئیتر نازانم سێ گوللە بوو یان ئێسک و پروسک و ماسۆلکە شوێنی رۆیشنەکەیانیان گۆڕیبوو یان یەک گوللە بووە و لەت بووە و لە سێ لاوە دەرچووە! کڵاشینکۆفەکەیشم کە لە راستیدا وەک سپەرێکی گوللە نەوڕ لەبەر سکمدا بووە لە لای قۆناخەکەیەوە تاکوو لای لوولەکەی بەر ریز گوللە لێی دراوە و چاڵ و قوپا بوو، وەک ئەوەی بە بەزمار و چەکوش لێی دەن. دوایش زانیمم بۆ تەقەی پی نەکرا. ئەو تفەنگەش هەر ئەو کڵاشینکۆفە دریاوییە بوو کە کاک سالار لە دوای شەڕەکەی چاڵاوە پێی دابووم، زۆر زۆر چوو بووە دڵمەوە و بەراستی ئاشقی بووم. لە تەنیشت تفەنگەکەشەوە گوللەیەک یان زۆرتر لە خەشاب و جڵدی رادیۆکە کە دایکم بۆی نارد بووم و زۆرم پێ جوان بوو، رەنگی زەرد و چرا قووەیشی پێوە بوو، درا بوو و جڵدەکەی تەنیا بڵندگۆکەی تێدا مابووەوە و ئاسەوارێک لە رادیۆ نەمابوو. کەوشە پلاستیکیەکانیشم کە چەند رۆژ لەوەبەر لە کەوبوار کابرایەکی فەلا پێی دابووم تای راستی لە نێو ئاوایی لۆنی گەورە و لە شوێنی بریندار بوونەکەمدا بە جێ مابوو. (لە کەوبوار کابرای خانەخوێ کەوشە ئادیداسە دڕاوەکانی من کە تەنیا بە چەند پەت بنەکەی بەسەر سەرەکەیەوە بەن بوو، دیتی و وتی ئەوە هی کامتانە؟ منیش وتم هی من. پرس و جۆ کێی و خەڵکی کوێی، بە ئاشنای بنەماڵەکەمان درەچوو، ئینجا دەستی کرد بە گلەیی و بناشت. کاکە گیان ئەتۆ بە پیشمەرگایەتی چی و ئاخر ئێوە چیتان کەم بووە، کێ زڵمی لی کردوون کە بوون بە پێشمەرگە و … لە کۆتاییشدا وتی: کە چوویت ئەم کەوشانەی من بووە، ئەوانەی خوەت بەکەڵکی رۆیشتن نایەن. تەنیا دوای چەند کاتژمێر رۆیشتن بەو شاخ و هەردەدا، زانیم چ پەنێکم پێ دراوە و سەد رەحمەت لە ئادیداسە کۆنەکەی خۆم، خەریک بوو پێم لە نێو کەوشە پلاستیکیەکەدا کە تۆزێکیش بۆم گەورە بوو، بکوڵێ.)

رۆژی دواتر منیان بە سواری وڵاخێک لە گەڵ چەند پێشمەرگە کە یەکیان جانی کرماشانی بوو بەڕێ کرد بۆ هانیە و گۆزیبان. پێشمەرگەکان نەیان دەهێشت ئاو بخۆمەوە. بە قەسەم و قورئانیش باوەڕیان نەبوو کە ئاو بۆ من خراو نیە. لە رێگاکەماندا بەرەو تەنگی خاو گەیشتینە چەند کیژۆڵەی تەنگیوەری کە بە لارولەنجە بەرەو کەژ دەچوون بۆ بەڵاڵووک هاورن. ئاوی زۆریان پێ بوو. منیش داوام کرد، یەکێکیان کەترییەک ئاوی پێ دام و نام بە سەرەوە، تاکوو پێشمەرگە هاواریان کرد و هاتن، من نیوەم خوارد بووە و کەتریم داوە بە کچەکان و سپاسم کردن و تۆزێک لەوەێش قسەمان لەگەڵ ئەوان کرد و پرسیاریان دەکرد و ئێمەش جواومان دەدانەوە، دوایش رۆیشتین. گەیشتینە هەوارەی هانیە. کە ئەویش بۆ خۆی بەسەرهاتێکە…

سەرچاوە: هێزی بێستوون

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی