"an independent online kurdish website

سەرخۆشی ئەوڕۆ و بەیانێکی پڕشنگی لێوی ئاسۆم

ئەسرینی گوڵەنەسرینی بەندکراوی بە خاک و نەوەی نەتەوەیەکم

رەزێکی هەڵچوو بە باڵای چیام و خوێنی چۆراوی دڵی دایکی کانیاوێکم

فانۆسی شەو کۆڕی نوسینی بیر و بەرخۆدانم

دیکڵەمەی هەرمانی نێو سنورێکم

دەنگ و ڕەنگی ڕەسەنی سەردەشتی وسەدیقی و سەفایی و سەقایم

چاوەکانی چاوەڕێی پۆل پۆل هەنگاوی بەرەبەیانی ڕۆژێکم

کە لە یەکەم تیرڕێژی خۆردا

لە چوار نیکاڵی کوردستان

بە مزگێنی یەکبوونتان و وشیاریتان

دیلانێ بۆ وانه وەرگرتن لە مێژوو دا بۆ بگێڕم.

لەوەی واوە کۆی هزرتان

کۆی ورەتان

بۆ کوردستانی تینووی ئاوی ئازادی هەڵدەبژێرم

بۆ کۆی ژیان ڕووبارەکان

خۆشەویستی ئەستێرەکان

بۆ درەوشانەوەی تاهەتایی

بۆ کۆتایی دڵ بە سۆیی چرکە بە چرکە دەژمێرم

*

تێبینی: ڕستەی لە چوارنیکاڵی کوردستان  و دڵ بە سۆییم لە شێعرێکی مامۆستای نەمرمان مام ئەنوەری سوڵتانی وەرگرتوە.

هەروەها وشەی تیررێژ لە کتێبی خەییام بەکوردی کە لە نووسەر و شاعیروەرگێر و بەوەج و نەمری کورد مام هەژار  وەرگیراوە

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی