هه‌ندێ شت له ژیانی هه‌ر (که‌سێکدا) هه‌یه،
ئه‌و شتانه گرانبه‌هان و نابێت فه‌رامۆش کرێن!
–
منیش هه‌نێ شتی وه‌هام هه‌یه، ته‌مه‌ن رۆیشته‌ته سه‌رۆ، پێش ئه‌وه‌ی گیرۆده‌ی نه‌خۆشی فه‌رامۆشکاری ببم به پێویستی ئه‌زانم باسیان که‌م.
لێره‌دا (یه‌کێ) له‌و شته به‌نرخانه که هی شاری بانه‌یه،
هی بانه‌ی خۆشه‌ویسته، ئه‌خه‌مه به‌رده‌ستان!
رۆژێکی گه‌رمی هاوین بوو،
رۆژێکی مانگی (خه‌رمانان) واته (شه‌هریوه‌ر) بوو،
ساڵه‌که‌ی، ساڵی (1358) به‌رانبه‌ر به مانگی هه‌شتی (1979)} بوو،
ده‌وڵه‌تی تازه‌ی ئێران واته (کۆماری ئیسلامی) دووباره کوردستانی داگیر کردبوو،
له گوندێکی نزیک (بانه) بووم، کارێکی گرنگم به باوکم بوو له سه‌قز، ئه‌بوو به ته‌له‌فۆن پیبێژم.
به ترس و نیگه‌رانیۆ رۆیشتم بۆ ته‌له‌فۆنخانه‌ی بانه.
که چوومه ناوه‌وه بینیم چه‌ن پاستاری لێیه و پرسیار له خه‌ڵک و کارمه‌نده‌کان ئه‌که‌ن، بۆ ئه‌وه نه‌ئه‌بوو بگه‌ڕێمه‌وه و بڕۆمه ده‌ر.
دوای ئه‌وه‌ی که نۆبه‌ی من هات و پرسیاریان کرد،
وتم: کارمه‌ندی ته‌له‌فۆنخانه‌ی سه‌قزم و هاتووم له‌گه‌ڵ سه‌قز قسه بکه‌م.
وتیان: وه‌ره له‌گه‌ڵمان!
کاتێ له ته‌له‌فۆخانه هاتینه‌ده‌ر، چووینه ئه‌و به‌ری خیابانه‌که و بردمیانه حه‌وشێکی گه‌وره که تا راده‌یه‌ک رووبه‌رووی ته‌له‌فۆخانه‌که بوو
پێموابێت فه‌رمانداری بانه بوو
له‌گه‌ڵ چووینه ئه‌و حه‌وشه به (جامانه‌که‌ی) سه‌رم، چاویان به‌ستم.
کات ده‌وری (2 و 3)ی پاش نیوه‌ڕۆ بوو
له ژێر جامانه‌که‌وه به‌ر (پێی خۆم) واته حه‌وشه‌که‌م به‌باشی ئه‌بینی و ئه‌مزانی وام له‌و حه‌وشه‌که‌دا، به‌ڵام له کاتی رۆیشتندا پاستاره‌کان
ئه‌یانوت: (سرت را پائین بیاور)
نازانم بۆ به‌و جۆره‌یان ئه‌وت !
پاش هه‌ندێ هاتووچوو به حه‌وشه‌که‌دا به سێ (3) پیلکاندا سه‌ریان خستم و بردمیانه دیوێکۆ و له‌سه‌ر کورسییه‌ک دایانام، ده‌نگی درگای دیوکه هات که پێوه‌درا، (دایانخست).
هه‌وا زۆر گه‌رم بوو
منیش له باره‌ێکی ناهه‌موار و دنیایه‌کی پڕ له ترس و نیگه‌رانیدا گیرم کردبوو
زیاتر له (جاران عاره‌قم) ئه‌کرد، به‌ناچار چامانه‌که‌م له سه‌ر چاوم لابرد.
له ناکاو به جنێوێکی پیسه‌وه یه‌ک زله‌یان لێدام و
کوتیان: (چرا چشمبند را برداشتید؟)
پاشان په‌توو (به‌تانیێکیان) کێشا به سه‌رما.
پاش (15 تا 20) ده‌قێقه که‌سێ هاته ژووره‌که و په‌تووکه‌ی له سه‌ر لابردم و کوتی: (در مخابرات بانه کسی شما را میشناسد؟)
وتم: بله.
وتی: به هه‌مان پاستار که زله‌که‌ی لێدام
ببرش مخابرات تا (رئیس مخابرات) ضامنش بشه !
کاتێ هاتینه ته‌له‌فۆخانه (مخابرات) و پاستاره‌که پرسیاری ره‌ئیسی مخابراتی کرد.
خۆشبه‌ختانه له وه‌ڵامدا وتیان: رفته بیرون، ولی برمی‌گردد!
بۆچ وشه‌ی (خۆشبه‌ختانه) به‌کار ئه‌به‌م، له‌و کاته‌دا بیرم له‌وه ئه‌کردۆ مه‌بادا به هۆی ئه‌و ده‌ڕنده‌ی و خوێنڕێژییه‌ی که ده‌وڵه‌تی ئێران له شار و دێهاته‌کانی کوردستان ئه‌نجامی دابوو، ره‌ئیس مخابرات نه‌توانێ {(ضامنی) زامنیی} من بکات.
ئه‌م نه‌بوونی (ره‌ئیس مخابراته) له‌و کاته‌دا بۆ من، بۆ (منێ) که له {راپه‌یمای خه‌ڵکی سه‌قز بۆ پشتوانیکردن له خه‌ڵکی مه‌ریوان له سه‌قزۆ به پێ رۆیشتن بۆ مه‌ریوان و منیش به چه‌کۆ- به (کڵاشینکۆفۆ) به‌شداریم کردبوو} ده‌روویه‌ک بوو، ئه‌بوو سوودی لێوه‌ر بگرم.
له‌و کاته‌دا له په‌نای په‌نجه‌ره‌یه‌کی گه‌وره که کرابووه دانیشتم و تماشای حه‌وشه‌که‌یم ئه‌کرد تا بزانم ده‌روبه‌ره‌که‌ی چۆنه.
نازانم چۆن بوو – پاستاره‌که خۆی کرد به دیوێکدا، له‌گه‌ڵ ئه‌و خۆی کرد به‌و دیوه‌دا، منیش له په‌نجه‌ره‌که‌وه که میترێک به‌رز ئه‌بوو، خۆم خسته حه‌وشه‌که و به دیواری حه‌وشکه‌دا هه‌ڵگه‌ڕام و خۆم خسته حه‌وشه‌که‌ی ئه‌و دیو، واته حه‌وشه‌که‌ی پانه‌ی ته‌له‌فۆنخانه.
له گه‌رمانا {(که‌وا) و (پێشتوێنه‌که‌م)} فڕێ‌دا و له درگاکه‌یه‌وه که له‌گه‌ڵ درگای ته‌له‌فۆنخانه (4 یا 5) میتر دوور بوون یه‌ک و به‌س دیواری حه‌وشه‌که له یه‌کی جیاکرد بوونۆ، چوومه ده‌ر.
که له حه‌وشه‌که چوومه ده‌ر به (په‌له) له نێوان {(توند رۆیشتن) و (راکردندا)} خۆم گه‌یانده جاده‌یه‌کی بچکۆله و له وێوه چوومه کۆڵانێک. پاشان له‌و کۆڵانه‌وه خۆم گه‌یانده چه‌ن کۆڵانه‌کانی خوارتر و هاوکات چاوم ئه‌گێڕا بۆ ماڵێ که ته‌له‌فۆنی ببێت.
{به‌هۆی ئه‌وه‌ی پێشتر له ته‌له‌فۆنخانه‌ی سه‌قز (سیمبان) و (ته‌له‌فۆنچی) بووم و کاری سیمبانییه‌که‌م له نێوان شاره‌کانی {(سه‌قز، تیکاب) – (سه‌قز، میاندواو) و (سه‌قز، بانه)دا} بوو، هه‌ر به‌و هۆیه گه‌لێ جار بۆ کۆنترۆڵ کردنی دارته‌له‌فۆن و سیمه‌کانی نێوان (سه‌قز و بانه) به‌و کۆڵانانه‌دا رۆیشت بووم، تا راده‌ێک شاره‌زای کوچه و کۆڵانه‌کانی ده‌وری (ته‌له‌فۆنخانه‌ی) بووم و ئه‌مزانی کام ماڵیش سیمی ته‌له‌فۆنی بۆ چووه.
ده‌موچاوم شه‌ڵاکی ئاره‌ق بوو
ئاره‌ق به مل و سینگما ئه‌هاته خوارۆ. ماڵێکم دۆزییه‌وه که ته‌له‌فۆنی بوو
بینیم دوو ژن له به‌ر درگاکه‌ی دانیشتوون، به ژنه‌کانم
وت: ئه‌کرێ له‌و ته‌له‌فۆنه‌ی ئێوه‌وه ته‌له‌فۆنی بکه‌م؟
زۆر به رووخۆشیۆ
وتیان: فه‌رموو، کاکه گیان و شوێنی ته‌له‌فۆنه‌که‌یان پیشاندام.
زه‌نگم بۆ ته‌له‌فۆخانه لێدا و بێئه‌وه‌ی ناوی خۆم بێژم، داوای ماڵێکم کرد که ئه‌مناسین و زۆر به کورتی به زمانێکی نهێنی تێمگه‌یاند که چی روویداوه.
پاشان که ته‌له‌فۆنه‌که‌م کۆتایی هات، دانیشتم تا تۆزێ له‌و باره ناهه‌موار و نائاسای و عاره‌ق کردنه‌م که‌م بێ‌تۆ. له‌و کاته‌دا کوڕێکی ته‌مه‌ن (..) ساڵه هاته ژووره‌که و دانیشت.
وتی: بۆ به‌و جۆره ئاره‌قت کرده؟
وتم: هه‌وا زۆر گه‌رمه، زۆرم تینوه، ئه‌کرێ لێوانێ ئاوم بۆ بێنیت؟
خێرا رۆیشت و لێوانێ ئاوی ساردی هێنا، ئاوه‌که‌م خواردۆ.
من وه‌ک (سه‌عی) له ریزی ئه‌و که‌سانه دام که زۆر بڕوایان به خه‌ڵک هه‌یه، به کوڕه‌که‌م
وت: کاکه من پێویستم به یارمه‌تییه !
ئه‌توانی یارمه‌تیم بکه‌ی؟
وتی: چیت پێویسته؟
باسه‌که‌م به (وردی و به‌بێ زیاد و که‌م) بۆ گێڕایه‌وه،
وتم: ئه‌مه‌وێ ماشینێ په‌یا که‌ی بمبات بۆ (فڵانه) دێیه.
زۆر به رووخۆشییه‌وه
وتی: هیچ نیگه‌ران مه‌به !
ئێستا جێبه‌جێی ئه‌که‌م !
رۆیشته ده‌ر و پاش چاره‌کێ گه‌ڕایه‌وه
وتی: ماشین وا له‌به‌ر درگا و ئه‌توانی سوار بیت.
وتم: من پوڵم پێنییه تا کرێی ماشینه‌که بم، ئه‌وه‌ی که بووم له که‌واکه‌مدا بوو، که فێڕێم داوه.
وتی: نیگه‌رانی پوڵی ماشین مه‌به، هاوکات ده‌ستی کرد به گیرفانیا کیفه‌که‌ی ده‌رهێنا و (350) سێسه‌د و په‌نجا تمه‌نی دایه ده‌ستم –
وتی: با ئه‌وه‌ت پێبێ باشه.
هه‌روه‌ها وتی: که چوویته ئه‌و دێ بڕۆ ماڵی (فڵانه‌که‌س) له وێ بمێنه‌وه، تا بزانین چۆن ئه‌بێ. به شۆفیره‌که‌یشم وته، بتباته ئه‌و ماڵا.
رێکه‌وتین، شۆفیڕه‌که ئاگاداری باسه‌که ببوو، به زمانی ساده و (دۆستانه) له‌گه‌ڵما ئه‌دوا. کاتێ گه‌یشتینه ئه‌و دێ و چووینه به‌ر ماڵاکه شۆفیره‌که به خاوه‌ن ماڵه‌که‌ی
وت: ئه‌م که‌سه دۆستی فڵانه که‌سه و ئه‌یوت با له ماڵی ئێوه بێت، تا دێم بۆ لای.
خاوه‌ن ماڵه‌که زۆر به‌گه‌رمی وه‌ڵامی دایه‌وه. پاشان شۆفیڕه‌که رۆیشت.
ئه‌و شه‌وه له‌و ماڵه بووم، نازانم به چ زمانێ باسی مێهره‌بانییان بکه‌م! به‌یانی پاش نان خوردن، وتم به خاوه‌ن ماڵه‌که ئه‌مه‌وێ بڕۆم بۆ ناو دێ و بڕۆم بۆ چایخانه‌که. وتی زۆر باشه، ویستی پۆڵم پێبات، وتم زۆر سپاس، پوڵم پێیه.
ناو دێ شلوق بوو، نیمچه بازاڕێکی هه‌بوو، خه‌ڵک سه‌رقاڵی کار و ژیانی رۆژانه بوون.
پێموابێ سه‌عات (12)ی نیوه‌ڕؤ بوو ماشینێ هاته ناو دێ و هاته نزیک بازاره‌که، بینیم ئه‌و کۆڕه که له بانه چوومه ماڵیان و یارمه‌تی دادم، له ماشینه‌که دابه‌زی، منیش خێرا چووم بۆ لای.
بینیم کیسه‌یه‌کی به‌ده‌سه‌وه‌یه، که کیسه‌که‌ی کردۆ بینم که‌وا و پشتێونه‌که‌م که دوێنێ فڕێم دابووه وا له کیسه‌که‌دا، ئه‌وانه دایه ده‌ستم و هاوکات ده‌ستی کرد به گیرفانیا و بڕێ پوڵی ده‌رهێنا و
وتی: ئه‌وه‌یش ئه‌و (1700) تمه‌نه‌یه که له گیرفانی که‌واکه‌ته بوو!
کاتێ پوڵه‌که‌ی دایه‌وه ده‌ستم.
کوتم: کاک (….) دوێنێ تۆ (350) تمه‌نت پێدام، ئێستا ئه‌وه ئه‌بینی که خۆم (1700) تمه‌نم هه‌یه، ده‌ستم کرد به گیرفانما (350) تمه‌نه‌که‌ی خۆیم ده‌رهێنا که پێی بده‌مه‌وه.
هه‌رچیم کرد و کۆشام، وه‌ری نه‌گرت و وه‌ری نه‌گرت !!!
(350) تمه‌نی ئه‌و رۆژه گه‌لێ زۆر بوو،
دوڵار له‌و رۆژه‌دا (حه‌وت 7 تمه‌ن) بوو،
ئه‌و (350) تمه‌نه (حه‌فتا 70) دولار بوو،
بۆ من (حه‌فتا 70) کۆگای په‌خشنده‌یی و مێهره‌بانی بووه و هه‌یه!
ناوی ئه‌و که‌سه، ناوی خاوه‌نی ئه‌و (حه‌فتا 70) کۆگا په‌خشنده‌یم، له یاده !
ناوی باوک و دایک و … و شۆره‌ته‌که‌یشیم، هه‌ر له یاده!
ناوی شۆفیڕه خۆشه‌ویسته‌م به‌داخه‌وه فه‌رامۆش کرده!
ناوی ئه‌و (دێ) گونده جوانه‌م، له یاده !
ناوی خاوه‌نی ئه‌و ماڵه که ئه‌و شه‌وه میوان بووم، له یاده !
قه‌ت فه‌رامۆش نابن و دوور ناکه‌ونه‌وه له خانه‌ی دڵ و دیدم،
له خانه‌ی و هه‌ست و هۆشی ئه‌و رۆژانه و ئه‌مڕۆی و ئاواره‌یم!
…..
به‌ڵام چ بکه‌م له به‌ر خوێنڕیژی (ده‌وڵه‌تی ئێران) ناتوانم، لانیکه‌م
وه‌ک (چووکه) پاداشێ به‌س ئاماژه به (ناوه‌کانیان) بکه‌م!!
لێره‌دا هه‌ر ئه‌توانم ئه‌وه ئێژم:
سپاس بۆ (ئه‌وان) و پایه‌دار بێت (چه‌تره مه‌زن و مێهره‌بانه‌که‌ی) شاری بانه‌م !
**
هیوادارم بتوانم باسی (چه‌تری دووهه‌م و شته گرانبه‌هاکانی شارێکی دیکه‌یش، بخه‌مه به‌ر ده‌ستان
14/9/2022
سه‌عی
Sai.saqzi@gmail.com