رۆژی ٢٢ی خەرمانان ژینا(مەهسا) ئەمینی تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵكی شاری سەقز بە بیانوی بێ حیجابی لەلایەن هێزەكانی گەشتی ئیرشادی تاران درایە بەر ئەشكەنجە و لێدان كە بەهۆیەوە تووشی سەکتەی مێشك بوو و پاش چەند رۆژ چارەسەری پزیشكی لەنەخۆشخانەی “كەسرا”ی تاران،
رۆژی هەینی بەداخەوە بەهۆی سەختی برینەكانیەوە گیانی لەدەست دا.
ئێمە وەك ناوەندی هاوكاری حیزبەكانی كوردستانی ئێران ئەم كردەوە قیزەونەی هێزەكانی كۆماری ئیسلامی بەتوندی مەحكووم دەكەین و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و كەسوكاری ژینا و لە خۆمان و خەڵكی كوردستان دەكەین و داوا لەسەرجەم خەڵكی ئێران و كوردستان دەكەین بەرامبەر بەم تاوانە نامرۆڤانەیە بێدەنگ نەبن.
لەژێر دەسەڵاتی دژەمرۆیی كۆماری ئیسلامیدا زیاتر لە هەمووان ژنان و كچان لە بەردەم هەڕەشە و پەلاماردان و یاسا دواكەوتووەكانی ڕێژیم بۆ دەستێوەردان لە بابەتە تایبەتییەكان ژیانی خەڵك تەنانەت بۆ جلوبەرگ پۆشین، تاوانی هێزە سەركوتکەرەكانی دژ بە ژنان بە یاسایی كردووە.
ژنان و پیاوانی ئازادیخوازی كوردستان لەم تاوانەی كۆماری ئیسلامی خۆش نابن و لە بەرامبەر مەرگی شلێر و ژینا و سووکایەتی كردن بە باقی كچان و ژنانی كوردستان هەڵوێست و كاردانەوەی جیددییان دەبێت.
لێرەوە داوا لە سەرجەم حیزبە سیاسییەكان و رێكخراوە مەدەنییەكانی ئێران و كوردستان دەكەین بە هاودەنگی و یەكگرتووانە لەبەرامبەر ئەم تاوانەی كۆماری ئیسلامی هەڵوێست وەربگرن.
ناوەندی هاوكاری حیزبەكانی كوردستانی ئێران
٢٥ی خەرمانانی ١٤٠١ی هەتاوی – ١٦ی سێپتامبری ٢٠٢٢ی زایینی
مهسا امینی توسط جنایتکاران جمهوری اسلامی به قتل رسید
****
ئەو کچە کوردە 22 ساڵەی لەلایەن هێزەکانی بەرەنگاربوونەوەی پابەندنەبوون بە باڵاپۆشی لە تاران دەستبەسەرکرا و دواتر ئەشکەنجەدرا، بەهۆی قورسی برینەکانییەوە گیانی لەدەستدا.
رێكخراوی ههنگاو بۆ مافهكانی مرۆڤ بڵاویكردهوه: ژینا ئەمینی (مەهسا ئەمینی) تەمەن 22 ساڵ و خەڵکی سەقز کە ئێوارەی رۆژی سێشەممە 13ی ئهیلولی 2022، لەلایەن هێزەکانی (بەرەنگاربوونەوەی پابەندنەبوون بە باڵاپۆشی) درایە بەر لێدان و چووبووە کۆما نیوەڕۆی هەینی 16ی ئهیلول، لە نەخۆشخانەی کەسرای شاری تاران بە هۆی سهختی برینەکانییەوە گیانی لە دەستدا.
بنەماڵەی ئەمینی لەلێدوانێکدا بۆ هەنگاو هەواڵی گیان لەدەستدانی کچەکەیان پشتڕاست کردەوە.
ژینا ئەمینی لە نزیک شاڕێی حەقانی تاران لەلایەن بەرەنگاربوونەوەی پابەندنەبوون بە باڵاپۆشی دراوەتە بەر لێدان و دوای دەستبەسەرکران گوازراوەتەوە بۆ دەستبەسەرگەی وزەرای ئەو شارە.
یەکێک لە نزیکەکانی بنەماڵەی ئەمینی رایگەیاند، ژینا ئەمینی لە کاتی دەستبەسەرکران بە باتۆم دراوەتە بەر لێدان و سەری بە سەختی بریندار بووە دوای گواستنەوە بۆ دەستبەسەرگە باری تەندروستی تێک دەچێت و بە ئەمبوڵانس دەیگوازنەوە بۆ نەخۆشخانەی کەسرا.
سەرچاوەكه راشیگەیاند، پزیشکەکان بە بنەماڵەی ئەمینییان راگەیاندووە ژینا تووشی جەڵتەی مێشک بووە هیوایەک بۆ باشبوونەوەی نییە.
هەنگاو زانیویەتی بنەماڵەی ئەمینی چوونەتە ئەو ژوورەی ژینای تێدا راگیراوە و بەڵام رێگهیان پێنهدراوه هیچ ڤیدیۆیهك تۆمار بكهن، بنەماڵەکەی رایانگەیاندووە جەستەی ژینا رەش و شین بووە و ئاسەواری لێدان بەسەر دەموچاو، لاق و جەستەیەوە دیار بووە.
ئەندامێکی بنەماڵەی ئەمینی رۆژی رابردوو به رێكخراوی ههنگاوی راگهیاندبوو، ناوەندە ئەمنییەکان هەڕەشەیان لە بنەماڵەی ئەمینی کردووە کە نابێت بە هیچ شێوە لەو بارەوە لەگەڵ میدیای دەرەکی قسە بکەن.