"an independent online kurdish website

بە تاڵی پەرچەمی ئەگریجەکانت غارەتت کردم

دڵێکم بوو ئەویچیت خستە ناو چاهی زەنەخدانت

بە قوربان، عاشقان ئەمڕۆ هەموو هاتوونە پابۆست

منیش هاتم، بفەرموو بمکوژن، بمکەن بە قوربانت

مەستوورە ئەردەڵان(۱۸٠٤ ـ ۱۸٤۸ )

ڕۆژژمێری کوردستان و سنەی نیشتمان، گەر بخوێندرێتەوە هەست بە بوونی مێژووی نەتەوە، زێد، شارستانیەت، فەرهەنگ، تێگەیشتن، شێوە ژیان و بوونی مرۆڤگەلێک دەکەین، کە بە دەستی بەتاڵ بنەماکانی ژیانیان داڕشتووە.

مخابن نەیاران، خەرپشتی دەرگای مێژووی نیشتمانی ئێمەیان داخستووە و ئێمە بە مێژووی پڕ دزێویی خۆیانەوە گرێددەن، هەروەک چۆن مێژووی ئەردەڵان و فەرهەنگە ڕەنگینەکەیان چەواشە کرد، هەر وەک چۆن زمانەکەیان بریندار کرد.

خەیلێوەن خەریک زاکەی زەحمەتم

بەڵکوو وە ڕا بۆ بەرشۆ عوسرەتم

فەڵەک وە بەختم مەگەس مکیانۆ

وە ڕاکەی ڕەحمەت هەمدیس مڕیانۆ

مەولەوی (1806-1882)

چل و سێ ساڵ، هەزار و چوارسەد ساڵ، دوو هەزار و پێنجسەد ساڵە، بووگنەسە “مەگەس” وەناو شاه، وەناو خەڵیفە وەناو “ئەڵا”ی دەستکرد، ڕیقنە ئەڕژێنە بان (ڕ)ای ڕەحمەت و ئازادیمان.

نەمانزانی ئێوە و ئەوانی تر لەم شوێنە تەڕ و تووش و پڕ لە هەوراز و هەڵدێر و بەرزایی و لێڕەوار و پڕ لە ترس و خۆف ئەماندۆزنەوە، ئێوە و ڕۆم و مەغول و مرۆفخۆرەکان هاتن و مەرگ و وێرانیتان لە تەک خۆتاندا هاورد! گۆڕەکانتان لە سەر بست بستی وڵاتی ئێمە دەناسنەوە؟! ئێوە زۆر جار هێز و وزە و عەقڵی خۆتان دژ بە کورد و کوردستان تاقی کردۆتەوە و دەرستان لە مێژووی قڕژی خۆتان وەرنەگرتووە.

دەنگی دەهۆڵ و زۆڕنای مەیدانی شەڕ لە هەزارەکانی پێشوو کە پڕ بە دۆڵ و شاخ دەنگی دەداوە و داگیرکەری هەراسان دەکرد، ئەمڕۆش دەبێ لە گوێچکەیاندا بزرینگێتەوە. خاویی و هەڵەی مێژوویی ئێمەی کورد، ئێوەی گەیاندە ئەمڕۆ، دەنا لە مێژوودا ناوتان دەسڕایەوە، یان بە دەوری چۆمی “رێگا” و “دەشتە قاقڕ”دا دەخولانەوە! هەڵە و ساکاریی و خاوییمان لە مەیدانی سیاسەت، بووە هۆی ئەوە، خۆمان لە ئێوە و ئەوانی تردا گووم بکەین، ئەمڕۆی کورد بەرهەمی هەڵەی سەردەمەکانی پێشووی خۆمان و دڕندەیی ئێوەیە، کە بەلۆکە سەرتان ژێ دەکردین.

ئەگەر ئەوسا دەنگی دەهۆڵی بەرگری لە خاک و زێد و نیشتمان تەنیا لە ناو شاخ وگوندی خۆمان دەنگی دەداوە، ئێستا دەنگی شارستانیەتی کەنیشک و کوڕ و لاو و منداڵی کورد، لە هەموو جیهان دەنگ دەداتەوە.

حکومەتی پارسی کۆن کە شارەکانی یۆنانی ئاگر دەدا و ئەمڕۆ خۆی لە عەبای ئاخونددا دەردەخات، فەرهەنگەکەی نەگۆڕاوە، دوێنێ بە ناوی شارستانییەتی شاهەنشاهی زمانی دەبڕی و چاوی هەڵدەکۆڵی، ئەمڕۆ و چل و سێ ساڵە یە ناوی “ئەڵا” بەردەباران دەکات، دەست و لاق دەبڕێت و هەڵدەواسێ، هەمووی ئەم مێژووە بە شارستانییەت بە جیهان دەفرۆشێ.

لە سەر شەقامەکانی سنە و شارەکانی کوردستان و شوێن تر، کورد و ئەوانی تر لە بەر وێنەگرتن و دەنگی”سیگناڵی” ماشێن دەکوژن و شانازی بە خۆتان دەکەن. لەشکری داماوی عەباشۆڕ، دەبێ دەنگی نەقارەی سەردەمانی کۆنی سنەیان لە بیر بێت، دەبوو سڵ بکنەوە و واز لە سنە و شارەکانی ترمان بهێنن.

ئەوانەی ئەمڕۆ لە سنە وەبەر شەق دەدرێن، دەبوو داستانی باپیرەکانی خۆیان بیستبایە، دەبوو هەر نەبێ داستانی باوکی خۆیان لە بەهار و هاوینی ٤۳ ساڵ لەمەوبەر ببیستبا ، دەبوو داستانی هەموو شاخەکانی کوردستان و ئاویەریان خوێندبایەتەوە، دەبوو داستانی ئەو سەرباز و موجاهید و بەچکە ئاخوند و حاجی و مەشەدی و فۆکلی خۆیان لە سەر شەقام و قاوەخانەکانی سنە بیستبایە، لە بیریان چۆتەوە لاوانی ئەم شارە پێشیان پێدگرتن و پێان دەگوتن؛ ” بارکەن بڕۆن، ئێرە موستەعمەرەی ئیسفەهان و تاران نییە”!؟

کاتی خۆی بە شا عەبباس و پەهلەوی و نوێنەری خەلیفەی جەمارانیش گوترا، ئێرە موستعمەرەی هیچ وڵاتێک نییە، نە باپیرەی باپیرەکانتان بیستیان و نە باوکتان و نەخۆتان. کاتێک لاوان هاوار دەکەن” داگیرکەری کوردستان بارکەن بڕۆن”، گاڵتە ناکەن، بارکەن بڕۆن !  لاوانی ئێمە ٤۳ ساڵ بەر لە ئێستا ڕۆژی ۲۷/٦/۱۳٥۸ لە سەر شەقامەکانی سنە باوکەکانی ئێوەی چەک کرد و پێیانگوترا، بارکەن بڕۆن.

سنە، ئیلام، کرماشان، ورمێ و گشت کوردستان گوتیان، بارکەن بڕۆن. منداڵ و گەورەو بچووک گوتیان، بارکەن بڕۆن.

ژینای غەریب وەک ئێوە نەهاتبوو تاران داگیر بکات، هاتبوو شارستانییەتان ببینێ، هاتبوو هونەر و فەرهەنگ و داب و نەریت و هەڵسوکەوتتان ئاشنا بێ، هاتبوو پایتەختی دووهەزار وپێنجسەد و هەزار و چوار سەد و چل وسێ ساڵەتان ببینێ! هاتبوو مێماننەوازیتان، تاقی کاتەوە.

دنیاتان پڕ کردووە لە درۆ و تاوانەکانتان دەخەنە پاڵ کورد و ئەوانی تر. کێ لە تاران سەری میوانی کوردی بۆ کوردستان و لۆرستان گەڕاندەوە. خۆ ساڵی ۱۳٥۸ دەمانتوانی سەری هەموو “هەیئەتەکەتان” لە سنەو سابڵاخەوە بۆ بنێرینەوە، ئەوە لە ئێمە نەدەوەشاوە. ئێوە سەری سمکۆی میوانی خۆتان بۆ ئێمە ناردەوە؟ ئێوە دەیان جار سەری ڕاسپاردەکانی ئێمەتان لە ئیسفەهان و تارانەوە بۆ ناردینەوە، ئێوە وەلیعەدەکانی خۆتان دەنارد بۆ سنە بۆ ئەوەی وەک وڵاتێکی داگیرکراو، لێرە حکومەت بکەن. بارکەن بڕۆن، نە فەرهەنگ و شارستانیەت و دین و زمان و مەزهەبی ئێوەمان گەرەکە، نە داگیرکاریتان. کوردستان داگیرکەری نەگەرەکە.

کەی ئێمە هاتیین قەڵاکانی ئێوەمان لە ئیسفەهان و تاران داگیر کرد؟ ئێوە هێرشتان بردە سەر قەڵای دم دم و قەڵای سنە، هەر ئێوەش هێرشتان بردە سەر قەڵای ئێمە لە باشووری وڵات. کەی کورد هات لە شارەکانی ئێوە دەست بکات بە ترۆر؟ ئێوە و سەڵاڵەی ئێوە بە ناوی دین سەد ساڵە ترۆر دەکەن و حکومەتەکەتان بە حکومەتی ترۆر ناسراوە ، دەستی ترۆرتان گەیشتۆتە “وین و بەرلین و پاریس و واشنگتۆن” و بەردەوام لە سەر شەقام ترۆر دەکەن. ڕۆژی شەممە “یەحیا ، محەممەد، پەیمان ، داریوش” چەکیان پێبوو، بە کڵاشبنکۆف سیلەیان لە ئێوە گرتبوو؟ ئەگەر لە سەر ئەم گۆی زەوییە دادگا و دادرەسێک هەبێ، دەبێ پەروەندەیەک بە ئەستوورایی ۲٥٠٠ ساڵ، بخرێتە بەر دەستی، هەر لە پەروەندەی کوشتنی باوکی مانداناوە بە دەستی نەوەکەی کە دەبێتە سەرسلسلەی ئێوە، هەتا ئەوانەی ڕۆژانە ئێوە دەیانکوژن.

باش بزانن ئەو پەیامەی ژینا، سەقز، سنە، کوردستان، بەلوچستان و گشت شوێنی ئەم جوغرافیایە، دوا پەیامە کە خەڵک بۆتان دەنێرێ. گەر نەژنەون، دەنگی دەهوڵ و زورنا، نەقارە و گورزی کوتەک دەگاتە تاران و گەیشتووە.

ئێوە بەردەوام بیرتان لە هەڵواسین و سەر بڕینی ئێمە کردۆتەوە، لە بیرمان نەچۆتەوە، چۆن موغەکانی ئێمەتان قەڵاچۆ کرد، چۆن قاڕنا و قەڵاتانتان قەڵاچۆ کرد. لە بیرمان نەچۆتەوە چۆن هەلاج و زەروان و مانی و قازیتان هەڵواسی، ئێوە لە ئێمە نیین و ئێمەش لە ئێوە نیین و نەبووین. ۲٥٠٠ ساڵە بە ناوی نەتەوەی خۆتان و ۱٤٠٠ ساڵ بە ناوی ئیسلام و بەناوی خوای دەستکردی خۆتان، ئێمە و خەڵکی ترتان هەڵخڵەتاندووە، منداڵ و کەنیشک و کوڕی ئەم سەدەیە، ئێوە دەناسن و ڕاوتان دەنێن، بارکەن بڕۆن!

ئەمڕۆژانە جێگای زۆر کەس لە شوێن شوێنی شاری سنە چۆڵە، ئەوانەی وەک یەحیا، محەممەد، پەیمان و داریۆش لە ماوەی ٤۳ ساڵ بە تاوانی بانگی ئازادی لە بەندی ئێودا تووند کران و هەڵواسران! بیریان دەکەین ، ئەوان زیندوون، وەک هەزارانی تر لە وڵاتی ئێمە. ئەوان زیندوون و مێژووی قڕژی ئێوە وەبیر دەهێننەوە. بارکەن بڕۆن! بارکەن بڕۆن! بارکەن بڕۆن، شەقام و شار و وڵاتی ئێمە چۆڵ کەن.

‎برایم فەڕشی

١٠/١٠/٢٠٢٢

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی