دنیای ئەوڕۆ،دەکرێ بڵێم هەمیشە لەسەر ڕەچاو کردنی بەرژەوەندو مەسڵەحەت ڕۆیشتوەو دەروا. گەلانی ژێر دەست وزێدو ئازادی داگیر کراو زۆر جارکراونە قوربانی بەژەوەندی گەلانیتر یان دەسەڵاتانی دنیا.
ئـێمەی کوردیش دەتوانم بڵێم لە هەموان زیاتر.ئەوەی من تێیگەیشتبم ئێمە تا ئەوڕۆش هەربەشێوەیەکی عاتیفی و هەست و سۆز هەڵسوکەوتمان کردوە، کەچی لە سیاسەت دا بەرژەوەند گرینگە نەک هەست و سـۆز. لـە لایـەکیتر ئـێـمە بە زۆری وامـان داناوە هەرچی دۆستمان نەبێ دوژمنمانە، کە ئەوە ڕاست نیە. دوژمنی ئێمە ئەوانەن کە ماف و ئـازادیـان لێ غەسب کردوین، ئەوانەن کە سەروەت و داهاتیان بەتاڵان بردوین. ئەوانەن قەتڵ و عام موشەک باران و شیمیا بارانیان کردوین. ئەوانەن بە ناوی دین و پاراستنی ئایین فتوای جیهادیان بۆ دەرکردوین، سەدان جاش و سیخوڕو وتار بێژی ئایینی وەک بڵیندگۆی خۆیان لە نێوەدا ساز کردوین. ئـەوانـەن خۆیـان دنـیایـان کردۆتـە تکاکار و بەرجام و بن جامیان پێکهێناوە تا دەگەڵ شەیتانی گەورە ئاشتی بکەن. کەچی بە ئێمە دەڵێن: نۆکەری ئیمپڕیالیست وسەهـیۆنـیست، کە چی ڕۆژ نـیـە ئیسڕائیل لە سوریە بنکەی پاسداران موشەکباران نەکا، بەڵام ئاخوندەکان متەقیان لێنایە و تەنیا جارو بارە حەماس بە وەکالەت چەند موشەکێک بۆ ئیسڕائیل بەڕێی دەکا. بـەکورتی شـاراوە نـیـە و دنـیـاش دەزانـێ کـۆماری ئیـسلامی دەگەڵ ئازادیخوازان چ جینایەتێک ئەنجام دەدا و ڕاستەوخۆ و بە قـۆچەقـانـیش بـەردێـک دە ئیسڕائیل هەڵناکا. زۆر وڵاتـ و نـەتـەوە هەن دۆستمان نین بەڵام دوژمنایەتیشمان ناکەن. بۆیە دەبێ دەست لەو (ڕەش یان سپیەی) هەڵگریـن و قـبوڵی بکەیـن لـە نێوان ئەو دوانە دا ڕەنگیتر زۆرن. هەوڵ بدەین کامەیان خەباتەکەمان جوانترمان دەکا بەوێ ڕەنگی بکەین. کام نەتەوە یان دەوڵەت قسەیـەکی بـە خێرمان بـۆ دەکا هەم سوپاسی بکەین و هەم دۆستایەتی.. ئێمە لە هەموو شتێک گرینگتر و لە پێشەوەتر، خۆمان و هێز و توانای خۆمانمان پێویستە و ئەوجار دۆست و یـاریدەدەر. ئەوەش ئەو کاتە دکرێ ئەگەر هێزێک بین بتوانین بەرژەوەندی زلهێزان بخەینە مەترسی یان بیپارێزین. بە خۆشیەوە ئەو هێزەمان هەیە، بەڵام بەداخەوە یەکگرتـوو نین و دژایەتی یەکتر دەکەین کە لەبەرمان خستۆتـە مـاڵی خۆمـان و بـەردەوام لـەوێـڕا دوژمنان زەفەرمان پێدەبەن . ئامانجی ئەسڵی کە ڕزگاری نیشتمان و گەلە وەلامان ناوەو بەرژەوەندی حیزبی و تاکی ڕەچاو دەکەین.
ئێستا کە سەرتاسەری ئێران هەستاوە، دروشمی ڕوخانی ڕێــژیم دەکوترێ و لە دار و دیوارەکان نوسراوە. ژنانی وڵات ڕاپـەڕینەکەیـان بـە نـاوی خـۆیـان سەبت کردوە و دروشمی ژن، ژیان، ئازادیان بۆ گەلەکە و هەموو گەلانی ئێران زێندو کردۆتەوە. شانازی گەورەش ئەوەیە ئەو چەخماغەیە کچی کورد (ژینا ئەمینی (مەهسا) لێیداوە. بە داخم کە دەڵێم: لە نێو ئەحزاب و لایەنگرانی حیزبەکانمان، لە ناوهێدێک بە ناو ئوپوزیسیۆنی ئیران وەک شا پەرستەکان و هیتر ناخود ئاگا جۆرێک دەدوێـن و دروشم بڵاو دەکەنەوە کە بۆنی دوبەرەکی و ناکۆکی و خۆسەپاندنی لێدێ. لەسەر ژن دەبێ بڵێم: ژن و پیاو ناکرێ لێکیان جیا کەیەوە، ئەوە کۆنە پەرست و دەسەڵات خواز و نەزانانی ئایینین ئەو جیاوازیەیان دروست کردوە تا هـێـنـدێـک بـە نـاوی پاراستنی مافی ژن و هێندێک بـۆ دابـەزانـدنـی نـەخشە و پـیـلانە چەپەڵەکانیان ئەو شتانەیان دروست کردوە. حاشا لەوە ناکری فـەرهـەنگ و کلـتوری غـەڵـەت و بە ناوی دینیش ئەو ناڕەوایەیان لە نێو کۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا دروست کردوە، هەرچەند بەشێکی چارەسەر کـراوە بـەڵام هـەم نـاتـەواوە، هــەم شێـوەی چـارەسەریەکە بە دروستی نەزاندراوە.
مـن لـە سەر ئـەو بابەتە ناڕۆم چونکە زۆری دەوێ. تەنیا دەپرسم: ( ئـەگەر خـاوەن بـاوەڕی ئـایـیـنـیـن، خوا دایک و بابی لە تەنیشت خۆی و پێغەمبەرەکەی ناوهێناوە. ژن و پیاو، نێر و مێی تەنانەت هەموو گیان لـەبـەرانی غـەیـرە مـرۆڤـیـش بـەبێ یـەک ناتـوانن ببن، چۆنە پیاوەکە هەموو شتێکە و ژنەکە هیچ، ئەگەر ژن هیچە بۆ خوا دوای پەیامبەرەکەی ناوی هێناوە فەرمانی ڕێز لێگرتنیانی داوە ؟!) زۆر جار کتومە ژن و پیاو بونیان بەبێ یەک محاڵە و هەر گیز نابێ. ئەوە بە باوەڕی موسوڵمانان دەسکرێ خوایە دەسکاری کردنی نەگونجاوە. بە باوەڕی غەیرە دینیش ئەوە سروشت مرۆڤە ئاوا خوڵقاوە.
ئێستا سەردەمی عیلم و زانست و تەکنۆلۆژیە نابێ قـسەی هـەوایی و فـڕوفیشاڵ دەرخواردی خەڵکی بدەین، نابێ بە زۆری ئیدە و ئایینەکان بسەپێندرێن. لێرەدا عەقڵ و مەنتیق دەبێ حاکم بن و عەداڵەت و داد پەروەری دەکار بهێندرێ. دۆست و دوژمنیش دەبێ بڕوانیە ئاکار و کرداریـان، هـەڵسوکەوتی کامـەیـان دەگـەڵ بەرژەوەندی گەلەکەی خوێندەوە ئەوە دۆستە، کامەشیان دژی بـەرژەوەنـدەکانی گەل بوون دوژمنە. بۆ ناسینی کردەوەی هەر حیزب و دەسەڵاتێک، دەبێ کەسەکە بناسی بزانی چی دەکا و بۆچی دەکا ئەگینا ئەزمونی زۆرمان هەیە داگیرکەرانی کـوردستـان بـەڕواڵـەت یـارمـەتـی حـیـزبـێـکـیـان داوە، بــەڵام لــە ناوەرۆکدا دەرمانداویان کردوە، واتە بەگژ برا و هاو ڕەگەزەکانی خۆی داکردوە. کورتەکەی ئەوەیە: دوژمن ئەوەیە مافت دەخوا، وڵاتـت داگیـر و کاول دەکا، لەسەر داوای ڕەوا دەتکوژێ و بەند و زنجیرت دەکا. وەک مـرۆڤت نانـاسێ، بـەڵکو وەک نۆکەر و بـەکرێگـیراوت حیساب دەکا. هـەر کەس ئـەوەمـان دەگەڵ نـەکا نـابـێـتـە دوژمن. بۆیە کتویانە (هەرکەس دۆستمان نەبێ دوژمنمان نـیـە) بـاوەڕی خـۆم ئەوەیە، هەر حیزب و کەس و دەوڵەتێک ماف و نیشتمان و ئازادیم لە ژێر ناوی هەر ئایین و ئیدەیەک داگیر کا زاڵـمە، بـەرەنگاری دەبـمەوە، خـواش زاڵـمی لـەلا خراپترین ئینسانە.
براتان مەلا ئیبڕاهیمی مەجید پور ٣٠ ڕەزبەری ٢٧٢٢ کوردی
٢٢ / ١٠ /٢٠٢٢ زایینی