"an independent online kurdish website

کاک قەسیم قادری پێشمەرگەی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بێلژیک دوای تەمەنێک ژیانی سەربەرزانە ماڵاوایی لە ژیان کرد.

ڕۆژی پێنجشەممە، ١٠ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی، هاوڕێی دڵسۆز و خەباتکار کاک قەسیم قادری، پێشمەرگە و کادری دڵسۆز و پڕ خزمەتی حیزب لە دەیەکانی ٦٠ و ٧٠ی هەتاوی، پاش نزیک بە ساڵ و نیوێک بەربەرەکانێ لەگەڵ نەخۆشی، لە تەمەنی ٦٨ ساڵیدا لە وڵاتی بێلژیک کۆچی دوایی کرد.

کاک قەسیم قادری لەدایکبووی گوندی “پووشاوێ”ـی ناوچەی شنۆ و کوڕی مامۆستا مەلا مەناف، کەسایەتیی ئایینی و کۆمەڵایەتیی دیاری ناوچەی شنۆ بوو و لەگەڵ پەرەگرتنی تێکۆشانی حیزبی دێموکرات بە دوای ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتیدا، هەر لە ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی، هاتە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزب لە ناوچەی شنۆ و بەو هۆیەوە کە پێشمەرگەیەکی بە دیسیپلین، بە ورە و دڵسۆز بوو، هەر لەو کاتەدا شۆفیرێکی لێهاتوو و شارەزای جۆرە جیاوازەکانی ماشینی سووک و قورس بوو، لە زۆربەی مەئمووریەتەکانی بەرپرسانی حیزبی و فەرماندەرانی پێشمەرگە لە ناوچەی شنۆ بەشدار بوو.

کاک قەسیم دوای ساڵانێک خزمەتی پێشمەرگانە لە هێزی شەهید سمکۆ، لە سەر داوای کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتیی حیزب و پێویستیی نەخۆشخانەی ٢٥ی گەلاوێژ بە شارەزاییە فەنییەکانی ناوبراو، شوێنی تێکۆشانی بۆ ئەو نەخۆشخانەیە گوازرایەوە.

ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی، لە بەشی خەدەماتی حیزب دەست بەکار بوو، قەسیم قادری لە جێبەجێکردنی ئەرک و مەئموورییەتی حیزبیدا، ماندوویی و وەخت و بێوەختی نەدەناسی و بەوپەڕی خۆشەویستی  بۆ حیزبی دێموکرات و خەباتی ڕزگاریخوازی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تێدەکۆشا.

هاوژیانەکەشی، حەمیدە خانم، کچی شەهید مەلابرایم ڕۆستەمی، وەک ئەندامێکی دڵسۆزی حیزب لە هەموو ساڵانی پێشمەرگایەتی و بڕینی قۆناغە سەختەکاندا، پشتیوانی هاوسەرەکەی بوو.

 ئەو ژن و مێردە و منداڵەکانیان، نموونەی بنەماڵەیەکی حیزبدۆست، پشتیوانی پێشمەرگەکان و، خۆشەویستی دراوسێ و  بنەماڵەکانی جێگیر لە بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات بوون.

هاوڕێ قەسیم قادری لە بەشی خەدەماتی کۆمیسیۆنی ماڵیی حیزب هەتا نێوەڕاستەکانی دەیەی ٩٠ی زایینی لە سەر خزمەت و تێکۆشان بەردەوام بوو. چەند ساڵێک لە هەولێر وەک پەناخواز مایەوە. دواتر بە نیازی پەنابەری لە وڵاتانی ئورووپایی بە بنەماڵەوە ڕووی کردە تورکیە. لە تورکیە کێشە و گرفتی جۆراوجۆر بۆ خۆی و بنەماڵەکەی  پێک هات.

بۆ ماوەی ٧ ساڵ لەو پەڕی سەختی و  چاوەڕوانیدا وەک پەناخواز لە تورکیە مانەوە.

سەرئەنجام  ساڵی ٢٠٠٨ خۆیان گەیاندە وڵاتی بێلژیک و لەو وڵاتە بە پەنابەر وەرگیران. کاک قەسیم و بنەماڵەکەی لە دوای گیرسانەوە لە ئورووپاش، لە هەوڵدان و پشتیوانی و دڵسۆزی لە پێوەندی لەگەڵ حیزبی دێموکرات و خەباتی ئازادیخوازی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، بەردەوام بوون و بەو ئامانجانەی لە پێناویاندا تووشی ئاوارەیی هاتبوون، وەفادار مانەوە.

کاک قەسیم بەداخەوە بە نەخۆشییەکی سەخت لە ڕۆژی پێنجشەممە ١٠ی سەرماوەز بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە ژیان کرد.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.

***

سالە نەڵۆسی: لە ناخی دڵمەوە سەرەخۆشی لە بنەمالەی هاوڕێ قەسیم دەکەم و خۆم بە شەریکی خەمیان دەزانم. کاک قەسیم کەسێکی جێگەی رێز و خۆشەویستی سەرجەم کادر پێشمەرگەکان بوو.  

سەرەخۆشی کاک مەلا حەسەن لە بنەماڵەی کاک قەسیم

***

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی