"an independent online kurdish website

یەکێک لەکارە هەرە جوان، یان با بڵێین شاکارەکانی کۆماری کوردستان، کردنەوەی قوتابخانەکان بوو بەرووی مناڵاندا و هەروەها بەڕەسمی کردنی زمانی کوردی لە قوتابخانەکانی ژێر دەسەڵاتی کۆماردا.

بەم جۆرە بۆ یەکەم جار منداڵانی کورد توانیان لە قوتابخانە بە زمانی خۆیان بخوێنن و بنووسن. هەر لەو پەیوەندییەشدا ئەوکات وانەکان بە زمانی کوردی ئامادە کراون و دراون بە خوێندکاران.

دوای شۆڕشی گەلانی ئێران، جارێکی دیکەش حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران، هەروەک سەردەمی کۆمار، درێژەی بەو رێچکە پیرۆزە دا و سەرەڕای شەری داسەپاوی بڕیاردەرانی جەماران بۆ سەر خەڵکی کوردستان و کەڵەکە بوونی دەیان کێشەی کۆمەڵایەتی، ئەو حیزبە دەستەوستان نەوەستا، کۆڕی پەروەردە و فێرکردنی لە سەرانسەری کوردستان دامەزراند و بەپێی توانا و هەلومەرجی ناوچەکان، لە زۆربەی هەرە زۆری گوندەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و لەسەریەک هەموو ناوچە داگیر نەکراوەکان، هەروەک سەردەمی کۆمار، قوتابخانەکانی کردنەوە و سروودی”ئەی ڕەقیب” لە حەوشی فێرگەکانەوە دەنگی دایەوە و خەڵکی تینووی ئازادیی گەشاندەوە.

لە مەڵبەندی پیرانشار کۆڕی پەروەردە و فێرکردن بە سەر پەرستیی محەممەد و کەریم سۆفی زادە  و لەژێر چاوەدێریی کۆمیتەی شارستانی پیرانشار دامەزرا و دوای ماوەیەک کەریمی سۆفی زادە وەک بەرپرسی ئەو بەشە داندرا.  لەو مەڵبەندە کەم دێ هەبوو ماموستای شۆڕشی بۆ دا نەندرابێ. خەڵکی گوندەکان بۆ ئەوەی مناڵەکانیان بەزمانی شیرینی دایک فێری خوێندن بن، هاوکاری تەواوی  ماموستایانی شۆڕش بوون.

 من دەمهەوێ یادێک لە سێ ماموستای شۆڕش، سێ سەربازی ونی ناو شۆڕشی حیزبی دێموکرات، لە ساڵی ١٣٦٠ی هەتاویدا بکەم، ئەوانە شەهید مستەفا بەگم قەڵایی و نەمر ماموستا گوڵی فیرووزمەند و نەمر ماموستا برایم بەختە بوون.

هەوڵ دەدەم زۆر بە کورتی پێناسەیان بکەم، بەڵام لە ئاست ئەو خزمەتەی ئەوان کە بێ بەرانبەر بۆ مناڵانی نەتەوەکەی خۆیان کردوویانە، ئەوەی من دەینووسم زۆر کەمە. چونکە  ئێوە مناڵەکانتان فێر کرد بەیانیان بەسروودی نەتەوایەتی  ” ئەی ڕەقیب” دەرسەکانیان دەست پێ‌بکەن و بەکوردی بڵێن “ماموستا بەیانیت باش”! هەروەها دەیان و سەدان وشەی جوانتر تان بەزمانی شیرنی کوردی فێر کردن.

مامۆستا شەهید و نەمرەکان

کوا من دەتوانم پێناسەتان بکەم؟ ئێوە خۆتان پێناسەی نیشتمانن، بەرو و بوومی زەحمەتی ئێوە ئێستا هاتۆتەبەر، قوتابیانی ئێوە و هەزاران ماموستای شۆڕشی دیکە دروشمی “سڵاو لە کوردستان” بژی دێموکڕات، سڵاو لە شەهیدان، لە دارو دیوارەکان دەنووسن و دەڵێنەوە. ئەوانە شادێڕی نێو دەقەکانی وانەی کوردین کە ئێوە فێرتان کردوون و ئەوانیش فێری جیلی دوای خۆیانی دەکەن و ئەگەر لەبەر زەبروزەنگی دوژمن نەتوانن ڕاستەوخۆ ئەو کارە بکەن، ناڕاستەوخۆ وانەی زانست بە دەوروبەریان دڵێنەوە.

مستەفا هه‌مزه‌یی ناسراو بە مستەفا بەگم قەڵایی

مستەفا بەگم قەڵایی لە ئاوایی خورینج سەر بە شاری پیرانشار لە داوێنی بنەماڵەیەکی هەژار  (میرزا عەلی و  ئامینە) ناسراو بە ئامینە شەشە چاوەکانی پشکووتن. بنەماڵەکەی سەرەڕای ئەوەی دەستکورت بوون، دەبەر خوێندنی دەنێن  و ئۆگری بە ماموستایی لەناو مێشکی دا چرۆ دەکات. لەدوای شۆڕشی گەلانی ئێران و خەباتی ئاشکرای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، دەبێت بە پێشمەرگە، بەڵام بەهۆی کەم ئەندامبوونی لە لاقێکی دا، لە لایەن کۆڕی پەروەردە و فێرکردنەوە وەک مامۆستای شۆڕش لە دێی خورینج ئەرکی ماموستایی پێ دەسپێردرێ. ئەو بەو پەڕی سەربەرزیەوە ئەو ئەرکە وەک خزمەت بە زمان و ئەدەبی  کوردی لە قوتابخانەی گوندی خورینج، بەجێ دەگەیەنێ.

دوای داگیر کردنی ناوچەکە لە لایەن دوژمنەوە، کۆمیتەی شارستانی پیرانشار لە کانیەزەردی سەرشاخان مستەفا بەگم قەڵایی  بانگ دەکەن و پێی‌دەڵێن بە هۆی کەم ئەندام بوون هەڵسووڕانت تووشی کێشەت دەکات، بۆیە پێشنیارت پێ‌دەکەین وەک ماموستایەکی بەوەفا بگەڕێوە سەر ژیانی ئاسایی، بەڵام مستەفای بەورە و غیرەت  ئەو پێشنیارەی رەت کردەوە و بۆ پاراستنی خاکی کوردستان بوو بە وەک پێشمەرگە مایەوە و هەر چەندە وەزعی بەدەنی بۆ شاخ و جوڵەی پارتیزانی نەدەگونجا، بەو حاڵەش ورە و ئیمانی بە ئازادیی نیشتمان، ڕێگای پێ‌نەدا پشت لە حیزب و نەتەوەکەی بکات و ئەویش وێڕای سەدان مامۆستای دیکەی شۆڕش ڕاستەوخۆ هاتە ڕیزی تێکۆشەرانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران و لە هێزی ئاوارە ئەرکی حیزبی بەڕێوە دەبرد. مستەفا لە بنکە سابیتەکان و لە کاتی پشوودان دا بەوپەڕی ئۆگری و دڵسۆزییەوە پێشمەرگەکانی فێری خوێندن و نوسین دەکرد.

مستەفابەگم قەڵایی لە پلەکانی جۆراوجۆری پێشمەرگایەتی دا درێژەی بە تێکۆشان دا. ئەو بۆ ماوەیەک وەک کادری گوومرگ لە ” شێخ ئایشێ و تاتی دۆی”  دیاری دەکرێ لەو پۆستەشیدا هەروەک ماموستایەتی سەربەرز وسەرکەوتوو دێتەدەر.

پاییزی ١٣٦٥ لەکاتێک دا بەفر قەندیلی گرتبوو، مستەفا و هاورێکانی بەرەو ئاوایی نەمنجێ، لە بناری پیرانان لە مەڵبەندی پیرانشار، دێنەخوار، مستەفا لە بەر وەزعی ناتەواوی لاقەکەی،  ناتوانێ چیی دیکە بە رێگادا بڕوا و لەگەڵ پێشمەرگەکان بگەڕێتەوە، هەربۆیە بە هاوڕێکانی دەڵێ ئێوە بڕۆن و منیش لێرە دەمێنمەوە و پاشان بە دواتان دا دێمەوە. بەداخەوە بە هۆی خەیانەت لێ کردن، دوژمن پێ دەزانێ کە پێشمەرگەیەک لەو دێیەیە، دێیەکە گەمارۆ دەدرێ، ئەویش بۆ ئەوەی ئەو ماڵەی لێیەتی تێدا نەچێ، دەچێتە دە قەڵاغێک. دوژمن قەڵاغەکە لە هەموو لایەکڕا وەبەر ئارپیجی دەدا و لە ئاکام دا بەداخەوە مستەفا بەگم قەڵایی لە٢٥ی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٦٥ی هەتاوی و لەتەمەنی ٢٤ساڵی دا، شەهید دەکرێ و تەرمی پیرۆزی دە باوەشی نیشتمانی ئازیزی دا بە خاک دەسپێردرێ.

بەوهیوایە کە ڕۆڵەکانی نیشتمان و نەوەکانی دادێ بە خەبات و تێکۆشانی بێوچان خەڵک و وڵاتەکەمان ڕزگار بکەن و ئاواتی شەهید مستەفا و شەهیدانی دیکەی ڕێگای ڕزگاریی نەتەوەکەمان وەدی بێنن.

دوو وێنەی ئەوکات و بەشێک لەناوی قوتابیەکانی شەهید مستەفا بۆ خوێنەران دادەنێم.

لەو وێنەی کە نووسیومە ژمارە١ بەشێک لە ناوی ئەو قوتابییانە کە لە وێنەکە دان، بریتین لە: شەفیع رەحمانی، مستەفا رەسووڵی، رەحمان تاجگەردوون، رەحمان مرادپوور گەرمێنی، بازید قادری، عەلی نەبیزادە، حوسێن ڕەسووڵی، حامید یوسفی، سەلاح مام ئەحمەدی، محەممەد قادری، عەلی ئاڵیشین، خالید ئیستوار، محەممەد دانەزەن، مراد مرادی، کەماڵ محەممەدی ئەسڵ (راوکوان)، هەمزە یووسفی، حوسێن بەهرامی (گردەبن)، بایز نەبیزادە، شەهید مستەفا بەگم قەڵایی ماموستای گوندی خورینج.

ماموستا گوڵی فیرووزمەند

ماموستا گوڵی فیرووزمەند کچی حاجی رەحمان ناسراو بەرەحمانە سوور، بنەماڵەیەکی دەوڵەمەندی شاری پیرانشار و خۆشکی شەهید حەمەی فیرووزمەند (پێشمەرگە و کادری دەرمانی) بوو. حەمەی فیرووزمەند لە هاوینی ١٣٦٤ی هەتاوی لە گوندی سنجەڵێی ناوچەی لاجانی پیرانشار، لەگەڵ پۆلێک پێشمەرگە کە لەو دێیە دەبن،  دوژمن دێتە سەریان، دوای شەڕێکی نابەرانبەر بە برینداری دەکەوێتە دەست دوژمن و دوای چەند کاتژمێرێک شەهیدی دەکەن.

ماموستا گوڵێ وەک زۆربەی لاوەکانی پیرانشار هاتە ریزی یەکیەتی لاوانی دێموکرات و دەستی کرد بە تێکۆشانی حیزبی. لاوێکی دڵگەرم، خوێنشیرن و لە کاری حیزبیدا هەڵسووڕ بوو. پاشان لە سەر بڕیاری کۆڕی پەروەردە و فێرکردنی کۆمیتەی شارستانی پیرانشار وەک زۆربەی لاوەکانی دیکە، دەبێ بە ماموستای شۆڕش و لە گوندی نەمنجێ لە ناوچەی پیرانانی پیرانشار ئەرکی  پیرۆزی مامۆستایەتی بەجێ‌ دەگەیەنێ و مناڵانی ئەو دێیە فێری نووسین و خوێندنی زمانی شیرنی کوردی دەکا.

گوڵێی فیرووزمەند کە لەساڵی ١٣٦٠ی هەتاویدا ماموستای شۆڕش بوو لە دێی نەمنجێ، تەنیا ڕێگە نیشاندەری مناڵان نەبوو، بەڵکوو هاوکارێکی بەهێزی تەشکیلاتی بوو بۆ کۆمیتەی ئێمە. هەمیشە ڕێنوێنیی دەکردین و پێی دەوتین: “کاتێک کە لە مزگەوتەکان خەڵک بۆ دانانی شۆڕای دێ کۆ دەکەنەوە، لە بیرتان نەچێ، باسی زمانی کوردی، ناردنی مناڵان بۆ قوتابخانە بکەن و  هاوکاریی ماموستایانی شۆڕش یەکێک لە خاڵە گرینگەکانی وتارەکانتان بێ”.

ماموستا گوڵێ وەک زۆربەی ماموستایانی دیکەی ناچەی پیرانان، لە شەڕی چیانەی، لە مانگی پووشپەڕی ١٣٦١ی هەتاویدا، شانبەشانی پێشمەرگەکانی ئەرکانی هێزی ئاوارە، لە گوندەکانی نەمنجێ و بادیناوێ بەو پەڕی لێهاتوویییەوە بۆ ڕاگوێستنی برینداران بەشدار بوو. ئەو بەکردەوە نیشانی دا کە تەنیا ماموستای شۆڕش نیە بەڵکوو لە ڕۆژی تەنگانەدا پێشمەرگەی ناو سەنگەری شەڕەف و پاڕێزگاری نیشتمانیشە.

نەمر گوڵێ لە ساڵی 1363ی هەتاوی لە سەر ئیزنی حیزبی دێمۆکڕات، گەرایەوە ناوخۆ و تا کاتی کۆچی دوایی کرد، هەر وەفادار بە رێبازی حدکا مایەوە. گوڵێ لە رێکەوتی 1392/11/16 ی هەتاوی بە هۆی نەخۆشی کۆچی دوایی کرد و لە کۆنەخانێ بە خاک سپێردرا.

ماموستا برایم بەختە

برایم بەختە کوری مام کاکەسەنی ڕکاوێ و لە دایک بووی ئەو دێیە و لە بنەماڵەیەکی مام ناوەندی و نیشتمانپەروەر دا لە دایک دەبێ. برایم لە تەمەنی مناڵی دا قوتابیەکی زیرەک بوو و تا وەرگرتنی بەڵگەی دوا ناوەندی درێژەی بە خوێندن دا. دوای ئەوە ئەویش وەک باقی هاوسەنگەرانی هاتە نێو ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات و  بە قەڵەم و تێکۆشان درێژەی بە خەبات دا. برایم بەختە لە لایەن کۆڕی پەروەردە و فێرکردنەوە لە گوندی چیانەی پیرانان لە مەڵبەندی پیرانشار بە ماموستای شۆڕش ئەرکی مامۆستایەتیی پێ‌سپێردرا.  برایم کە مرۆڤێکی ڕووخۆش بوو هەمیشە بزەی لەسەر لێو بوو،  لەبەر ئەرکناسی و ئەدەب و رووحسووکی و خۆ بەکەمزانی، بوو بە خۆشەویستی خەڵکی ئەو گوندەش.

 ئێمە، کۆمیتەی ناوچەی پیرانان سەر بەکۆمیتەی شارستانی پیرانشار لەبەهاری ١٣٦٠ی هەتاویدا لە دێی قەڵاتەرەشێ بنکەکەمان گوێستەوە بۆ گوندی چیانە و لەگەڵ ماموستا برایم لە نێو مەدرەسەکەی دا، بووین بە شەریک و برابەش.

 تەشکیلاتی کۆمیتەی ناوچەی پیرانان، بە ڕیزێکی زۆرەوە دیڕوانیە ئەرکە پیرۆزەکەی ماموستا برایم، هەر بۆیە کاتێک لە مانگی خەزەڵوەری ١٣٦٠ی هەتاویدا، شەهیدان دوکتۆر قاسملوو و سەید رەسووڵی دیهقان هاتن و  کورتەکۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ تەشکیلاتی پیرانان لەو بنکەیە دا کرد، برایم بەختەی ماموستای شۆڕش، وەک کادرێکی حیزب ژمێردرا و لە کۆبوونەوە تایبەتیەکانیشدا بێبەش نەدەکرا.

برایم بەختە ئەرکی ماموستایەتیی لەو گوندە تا رێکەوتی ٢٣/٤/١٣٦١ی هەتاوی درێژە پێدا، بەڵام لەو رۆژە دا دوژمن هێرشێکی بەر بڵاوی بۆ سەر ناوچەی پیرانان دەست پێکرد و گوندی چیانە کەوتە دەست دوژمن. ماموستا برایم لەو رۆژەدا لە گوندی چیانە و گردیمخانێ کتێب و قەڵەمەکەی خستە نێو کۆڵەوپشتییەوە هاتە هاوکاریی پێشمەرگەکانی ناو سەنگەری شەڕەف و لە ڕاگوێزتنی شەهید و بریندارەکان، کە لەو رۆژەدا ٥٧ شەهید و بریندارمان هەبوو، دەورێکی گرینگی گێڕا.

لە ساڵی 1363 ی هەتاوی مامۆستا برایم گەرایەوە ناوخۆ و تا کاتی کۆچی دوایی کرد، هەر وەفادار بە رێبازی حدکا مایەوە.

بە داخەوە ماموستا برایم لە ساڵی ١٣٧٢ی هەتاویدا بە سەکتەی دڵ لە تەمەنی لاوەتی دا کۆچی دوایی کرد و ماڵئاوایی لە کەسووکار وبنەماڵەکەی کرد. رووحی شادبێ وخەزمەتەکەی بە نیشتمان هەرگیز ون نابێ.

سەید عەلی هاشمی

2022/12/19

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی