پێشەکی
دیکتاتۆرەکان هەمیشە بابەتێکی سەرنجڕاکێش بوون بۆ دەروونناسەکان، وەڵامی پرسیارگەلێک وەک ئایا بەڕاستی دیکتاتۆرەکان مرۆڤێکی جیاوازن؟
یان لە دایکێکی دیکتاتۆرەوە لەدایک دەبن و جینۆتایپی جیاوازیان هەیە؟ هەرچەند بە هۆی هەندێک لە سیفەتەکانی کەسایەتیی دیکتاتۆرەوە ئەستەمە لە نزیکەوە و تەنانەت لە ڕێگەی چاوپێکەوتنی ڕووبەڕوویشەوە لێکۆڵینەوە لە هەڵسوکەوتی دیکتاتۆر بکرێت، بەڵام دەروونناسەکان توانیویانە لە قسە و تێبینییەکانی کەسوکاری دیکتاتۆر و یان ئەندامانی خێزانەکەیان و هەندێکجار هەندێک بەڵگەنامە چەند ئەنجامێکی سەرنجڕاکێش بەدەست بهێنن.
“کارل یۆنگ گوستاڤ”، دەروونشیکاری بەناوبانگی ئۆتریشی، یەکەم کەس بوو کە لە ساڵی ١٩٣٩دا چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ هیتلێر و مۆسۆلینی کرد و گەیشتە ئەنجامێکی سەرنجڕاکێش. یۆنگ دوای ئەم چاوپێکەوتنە سەبارەت بە کەسایەتیی هیتلێر دەنووسێت: “هیتلێر زۆر جددی و مەزاجاوی و بێسۆز دەرکەوت، هەرگیز زەردەخەنەی لەسەر لێو نەبوو، وشک و ڕەشبین دەهاتە بەرچاو. وەک ئەوە وابوو کە لە هەموو سیفەت و هەستە ئاساییەکانی مرۆڤێکی ئاسایی بێبەش بووبێت.”
دوای چەند ساڵێک، دوو پسپۆڕی دەروونناس لە زانکۆی کۆلۆرادۆ بە ناوەکانی “دانیەل سیگال” و “فرێدریک کولیج” ئەو زانیارییانەی کە لەبارەی ئەدۆلف هیتلێرەوە لەلایەن یۆنگ کۆ کرابوونەوە، لەگەڵ ژمارەیەک پزیشکی دەروونی و دەروونناسانی دیکەدا هاوبەش کرد بۆ ئەوەی بە شیکردنەوەیان بگەنە ئەنجامێکی ڕوون. دەرئەنجامی ئەم لێکۆڵینەوەیە ئەوە بوو کە هیتلێر تووشی نەخۆشی تێکچوونی کەسایەتی( personality disorder) بووە، کە کۆمەڵێک سیفەتی تایبەتی لەخۆ دەگرێت. ئەم تایبەتمەندییانە دواتر لەسەر “سەدام حوسێن” و “کیم ئیل سونگ” لێکۆڵینەوەیان لەسەر کرا، لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکەدا دەرکەوت کە تایبەتمەندیی ئەم دیکتاتۆرانەش وەک یەکن، هەرچەندە چڕیی هەندێک تایبەتمەندی لە حاڵەتی هەر دیکتاتۆرێکدا کەمتر یان زیاترە. ئەم تایبەتمەندییانە بریتین لە:
١. پارانۆید (paranoid): ئەم تایبەتمەندییە بە ڕەشبینی بەرانبەر بە خەڵکی دەورووبەر دەناسرێتەوە. دیکتاتۆرەکان گومانیان لە هەموو کەس هەیە، بەتایبەتی کەسوکار و دۆستەکانیان و وادەزانن ئەوان هەمیشە پیلانی لەنێوبردنی دیکتاتۆر دادەڕێژن. مێژوو پڕە لە توندوتیژی لەلایەن دیکتاتۆرەکانەوە بەرانبەر کەسانی نزیک لە خۆیان، کە بەهۆی ئەگەری ترسی دیکتاتۆرەوە کوژراون یان زیندانی و دەربەدەر کراون. قەزافی هەزاران ئەفسەری پلەباڵای کوشت، سەدام ڕەحمی بە زاواکەی نەکرد و دیکتاتۆری کۆریای باکوور مامی خۆی تێدا برد. خامنەیی هاشمی ڕەفسەنجانی کە بە ڕەوایەتی ساختەی ئەو بوو بە ڕێبەر، لە مەلەوانگەدا خنکاند و کەسانی وەک مووسەوی و کەڕوبی خانەنشین کرد و… .
٢. دژە کۆمەڵایەتی(antisocial) : دیکتاتۆرەکان چێژ لە پەیوەندیی کۆمەڵایەتی لەگەڵ کەسانی تردا نابینن. ئەگەر ناچار نەبن سەفەری وڵاتانی تر ناکەن و چاوپێکەوتنی ڕادیۆیی و تەلەڤیزیۆنیشیان بەلاوە گرنگ نییە و کۆمەڵگەش بۆیان گرنگ نییە کە وەڵامدەرەوەی بن. ئەم جۆرە ڕەفتارانە ڕەنگە بە تێپەڕبوونی کات چڕتر بێتەوە و دیکتاتۆر زیاتر و زیاتر خۆی لە کۆمەڵگە دوور بخاتەوە. ساڵانێکی زۆرە خامنەیی سەفەری دەرەوەی وڵاتی نەکردووە و تەنانەت چاوپێکەوتنی لەگەڵ تەلەفیزیۆنی ڕێژیمەکەشی نەبووە.
٣. خۆپەرستی(narcissistic) : دیکتاتۆرەکان خۆیان بە شارەزا و چارەسەرکەری کێشەکان دەزانن. لە هەموو بوارەکاندا خۆیان بە خاوەنی باشترین بۆچوون و لێکدانەوە دەزانن و بۆچوونی کەس قبوڵ ناکەن جگە لە خۆیان. چاوخشاندنێک بە هەڵوێستەکانی خامنەیی ئەوەمان بۆ دەردەخات کە بە خۆپەرستی و لێدوانە ناڕاستەقینەکانی چەندە زیانی بە ئێران و ئێرانییەکان گەیاندووە. بۆ نموونە ساڵانێک چالاکیی نهێنی بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی و دوایەش نواندنی قارەمانانە! لە بەردەم ڕۆژئاوا کە زیانێکی زۆری ماددی و مەعنەوی بە وڵات گەیاند. یان پێشگرتن لە هاتنی ڤاکسینی کۆرۆنا بە بیانووی خەیاڵی کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی هەزاران کەسی بێتاوان لە وڵاتدا و … .
٤. ڕەفتاری سادیستیک(sadistic) : چێژوەرگرتن لە ئازاردانی کەسانی تر بەشێکی ترە لە تایبەتمەندیی دیکتاتۆرەکان. توانای بینینی دڵخۆشیی خەڵکیان نییە. ئەم ڕەفتارە هیچ سنوورێکی نییە و ڕەنگە هەموو جۆرەکانی هەراسانکردن لەخۆبگرێت. قەدەغەکردنی هەر شتێکی دڵخۆشکەر، دژایەتیکردنی لەگەڵ بەڕێوەچوونی ئاهەنگی جۆراوجۆر، گەشتی ئیرشاد و پۆلیسی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ بەڕۆژوونەبووان، حیجابی زۆرەملێ تا لەسێدارەدان لە بەردەم خەڵکدا، نموونەی ڕەفتاری سادیستی خامنەیی دیکتاتۆری ئێرانن.
٥. گۆشەگیری و بەتەنیابوون(schizoid) : دیکتاتۆرەکان خۆدزینەوەن، بەدەگمەن لەنێو مرۆڤەکاندان و تەنها لە پەیوەندی تایبەتدا دەردەکەون، هەمیشە تووڕەن و دوورن لە زەردەخەنە و پێکەنین.
٦. ئێسکیزۆتیپال (schizotypal): دیکتاتۆرەکان پێش گرتنەدەستی دەسەڵات مرۆڤێکی ئاسایین، بەڵام دوای هاتنەسەر دەسەڵات کەسایەتییەکی جیاوازیان هەیە کە هیچ لێکچوونێکی لەگەڵ ڕابردوودا نییە. لەبارەی دەسەڵاتی خۆیانەوە دووچاری وەهم دەبن و بیرۆکەیەکی جیاوازیان لەبارەی خۆیانەوە دەست دەکەوێت. “ڕابێرت مۆگابە”، شۆڕشگێڕی مائۆئیست و خۆشەویستی خەلکی زیمبابوە، دوای چەندین ساڵ شەڕی دژی کۆلۆنیالیزم توانی وڵاتەکەی ڕزگار بکات، بەڵام دواتر بوو بە دیکتاتۆرێک کە جگە لە هەژاری و نەهامەتی هیچی تری بۆ گەلەکەی نەهێنا. خامنەیی مەدداحێکی سادە بوو، حەزی لە شێعر بوو، شێعرەکانی شاملووی دەخوێندەوە و هۆگرییەکی زۆری بە جەلالی ئالی ئەحمەد بوو، بەڵام لە سەردەمی حوکمڕانیی ئەودا نووسینەکانی هەمان شاملوو قەدەغە کراون و تووشی کێشە و ئازارێکی زۆر بوو.
لە بێدەنگییەوە بۆ فەرمانی لەسێدارەدان
بێگومان دەکرێت هەموو ئەم تایبەتمەندییانە لە هەڵسوکەوتی ڕابردووی دیکتاتۆری خوێنمژی کۆماری ئیسلامیدا ببینین، بەڵام لە درێژەدا هەوڵ دەدەین بە پشتبەستن بە وتارەکانی خامنەیی لە سێ مانگی ڕابردوودا و ئاماژەدان بەو تایبەتمەندییانەی کە لە سەرەوە باسمان کرد، شیکردنەوەی شیکاریی ڕەفتاری عەلی خامنەیی بەرامبەر بە ناڕەزایەتییەکانی ئێستای خەڵکی ئێران بکەین:
– یەکەم وتاری خامنەیی دوای کوشتنی ژینا لە ٣٠ی خەرمانان و چەند ڕۆژ دوای دەستپێکردنی ناڕەزایەتییەکان بوو. ئەم چاوپێکەوتنە کە لەگەڵ بەشێک له فەرمانده و سەربازەکانی شەڕی ئێران و عێراق بوو، دیکتاتۆر تەنانەت باسی کوشتنی ژینا و ناڕەزایەتییەکانی نەکرد و بە بێباکی به لایدا تێپەڕ بوو. بۆ دیکتاتۆری خۆپەرست، کوشتنی مرۆڤێک و ناڕەزایەتی و مانگرتنی بەربڵاوی خەڵک لانیکەم لە بەشێکی وڵاتدا گرنگ نەبوو و هیچ بابەتێک نییە بۆ گفتوگۆکردن یان لانیکەم هێورکردنەوەی دۆخەکە. دەسەڵاتی خودایی دیکتاتۆر کە ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر وەهماوی بووە، وای لە دیکتاتۆر کرد لەم بابەتە تەواو بێدەنگ بێت.
– دوای چەند ڕۆژێک و لە لووتکەی ناڕەزایەتییەکاندا، لە کاتێکدا هەواڵەکان باسیان لە تێکچوونی ڕەوشی تەندروستی دیکتاتۆر دەکرد، دواجار دیکتاتۆری دوورەپەرێز و گۆشەگیر بێدەنگیی خۆی شکاند و ئامادە بوو باسی ناڕەزایەتییەکان بکات. ئەمجارەیان لەکاتێکدا بەکورتی باسی ئەو پرسەی کرد کە وەک هەمیشە، سووچی هەموو شتێکی خستە ئەستۆی دوژمن! “مانس شپێربر”، دەروونناسی دژی فاشیزم لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا دەنووسێت “هەموو دیکتاتۆرەکان بە ئەفسانەیەکەوە دێن، ئەویش ئەفسانەی دوژمنە ئەم دوژمنە خوێنییە یان نەتەوەییە یەکێکە لە دراوسێکان یان دوژمنێکی گەورەتر.” ئێستا دیکتاتۆری گەمژە دیسان بە هێنانەوەی ناوی دوژمنانی نێوخۆ و دەرەکی، لە دراوسێوە تا دوور، ناڕەزایەتییەکانی خستە سەر شانی دوژمن. هەرچەند ئەمجارەش دیکتاتۆری خۆبەزلزان ناڕەزایەتییەکانی بە بێبایەخ زانی، سەرنج و کاردانەوەی هونەرمەندان و کەسایەتییە ناودارەکانی بە بێنرخ وەسف کرد و گەنجەکانی بە فریوخواردوو ناو برد و سەبارەت بە سزادانی دەستگیرکراوەکان بەنەرمی قسەی کرد.
– ناڕەزایەتی و مانگرتنەکان بە چڕی بەردەوامن و دەنگی شۆڕشی گەلانی ئێران گەیشتووەتە هەموو شوێنێک. هەرچەندە دیکتاتۆری وەهمی زۆر ناڕازی لەم دۆخە دەردەکەوێ، بەڵام نایەوێت باوەڕ بکات کە زۆری نەماوە تا ژیانە سەرانسەر شەرمەزارەکەی کۆتایی پێ بێت. سەرەتا بە ڕاگەیاندنی ئەوەی کە کەس ناتوانێت درەختی کۆماری ئیسلامی لە ڕەگەوە هەڵکەنێت، نیشان دەدات کە خۆپەرستی و خۆبەزلزانینەکەی هیچ سنوورێک ناناسێت. دواتر هەڕەشە لە خەلک دەکات و داوای سزای شۆڕشگێڕان دەکات و فەرمانی سەرکوتکردن و لە سێدارەدان دەدات. دیکتاتۆر دیسان تینووی خوێنە هەرچەند بەکرێگیراوەکانی تا ئێستا خوێنێکی زۆریان ڕشتووە. کاردانەوەی سادیستیی دیکتاتۆر و بەکرێگیراوەکانی بەرانبەر بە شۆڕشگێڕانی ئازادیخواز دەگاتە لووتکە. ئێستا هەر دەرفەتێک بەکار دەهێنن بۆ تۆڵەسەندنەوە لە خەڵک و ڕازیکردنی نەخۆشیی دەروونیی خۆیان. ئەو ڕۆژەی گەلی کورد ماتەمینی شەهیدەکانی دەگێڕێت، دەسماڵی چۆپی لەدەست لە شەقامەکانی پایتەخت هەڵدەپەڕن و ئاڵۆزییە دەروونییەکانیان پێشان دەدەن، چەند ڕۆژێک دواتر کە خەڵک دڵخۆشن، تەقەیان لێ دەکەن تا پێشی خۆشی و پێکەنینیان بگرن. دادوەره ژێردەستەکانی دیکتاتۆر سزای لەسێدارەدان بۆ شۆڕشگێڕان دەردەکەن و بەکرێگیراوان لە هەموو شوێنێک پەتی سێدارە هەڵدەواسن.
ئێستا دیکتاتۆر لە هەموو کاتێک زیاتر خۆپەرست، دوورکەوتوو و گۆشەگیرە. بۆ بەدیهێنانی پێداویستییە سادیستییەکانی، بەدوای کوشتنی مرۆڤدایە، جگە لە خوێن هیچی تر، ناتوانێت دڵە بەردین و نامرۆڤانەکەی هێور بکاتەوە. بەڵام ئەوەی خامنەیی و هەموو دیکتاتۆرەکان لێی ڕادەکەن، ڕاستی کۆمەڵگەیە، کۆمەڵگەیەک کە ئەوان ناخوازێت. بەڵام دیکتاتۆره خۆپەرەستەکان هەرگیز نایانەوێت ئەم ڕاستییە قبوڵ کەن. هێندە بەرەنگاری ڕاستی دەبنەوە، دواجار ناچار دەبن قبوڵی بکەن لە کاتێکدا هیچ دۆست و هەڤاڵێکیان نەماوە. دیکتاتۆرەکان نەک هەر هەموویان یەک تایبەتمەندییان هەیە، بەڵکوو بە گشتی یەک جۆر کۆتایی ئەزموون دەکەن “لە زەلیلبوون و تەنیاییدا مردن”. فۆڕمی مردنیان یەکە، تەنها کات و شوێنەکە کەمێک جیاوازە. مردنێکی پڕ لە ئازار و دەرد و لە بێدەنگیدا. ڕاستی کام مەرگ چاوەڕێی دیکتاتۆری خوێنمژی کۆماری ئیسلامی دەکات؟ وەک “چاووشێسکۆ” لە کۆشکی سەرۆکایەتیەکەیدا لە چەند خۆلەکێکدا دادگایی دەکرێت و دەدرێتە بەر ڕەگباری فیشەک، یان وەک “قەزافی”بە هۆی تووڕەیی شۆڕشگێڕانەوە بێ دادگاییکردن دەکوژرێت، یان وەک سەدام دیکتاتۆری دراوسێی لە ژێرزەوییەکی تاریکدا چێرۆکی خۆپەرستییەکەی کۆتایی دێت، یان وەک… .
دیکتاتۆری گۆشەگیر و خۆپەرست ئێستا لە هەموو کاتێک تەنیاترە، تەنانەت تەنیاتر لە سەدام و قەزافی. ئەو زیاتر لە هەموو دیکتاتۆرەکان تاوانبارە و کوشتاری کرد و تەنانەت زیاتر لە “ستالین” و “مۆگابە”. داتاکان باس لەوە دەکەن کە چارەنووسێکی تاڵ چاوەڕێی دیکتاتۆری پیر دەکات، تاڵتر لە زۆربەی دیکتاتۆرەکان. بەڵام ئەوەی چارەنووسی دیکتاتۆر دیاری دەکەن داتاکان نین، خەڵکانی سەر شەقامن، شۆڕشگێڕان و بنەماڵەی داغداری شەهیدان.
سەرچاوەکان
1. Coolidge, F. , & Segal, D. (2009). Is Kim Jong‐il like Saddam Hussein and Adolf Hitler?
٢. طالبی، اشکبوس، روانشناسی دیکتاتورها
۳. شپربر، مانس، نقد و تحلیل جباریت، ترجمه کریم قصیم
کوردستان مێدیا: ئەم بابەتە لە ژمارەی٨٣٧ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.
ڕەزا دانشجوو
****
بابەتی پەیوەندی دار ، کوردستان مێدیا
لە سێدارەدانی ٥٦٥ کەس لە ئێران لە ماوەی یەک ساڵدا
16:16 – 6 بەفرانبار 2722
لە ساڵی ٢٠٢٢ی زایینیدا، کۆماری ئیسلامی لانیکەم ٥٦٥ کەسی بە تاوانی جۆراوجۆر لە سێدارە داوە.
ڕۆژی سێشەممە، ٦ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی، هەواڵدەریی هێرانا، لەسەر دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران ئامارێکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند؛ لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییدا، لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٢ی زایینیدا لانیکەم ٥٦٥ کەس بە تاوانی جۆراوجۆر و زۆربەیان بە تاوانی سیاسی لە سێدارە دراون کە ٥ کەسیان منداڵی خوار تەمەن ١٨ ساڵن کە لەم دواییانەدا لە ڕاپەڕینی سەرانسەریی گەلانی ئێران بەدژی ڕێژیم، سزای سێدارەیان بۆ جێبەجێ کرا.
کۆماری ئیسلامی لە ساڵی ٢٠٢٢دا ٥٦٥ کەس هاووڵاتیی لە ئێران لە سێدارە داوە. ٦٥ لەسەدی سزای سێدارەی ئەو کەسانە بە نهێنی و دوور لە چاوی ڕاگەیاندن بووە و ڕێگەی نەداوە بە شێوەی ڕەسمی ڕابگەیندرێ، بەڵام بنەماڵەکانیان پشتڕاستیان کردۆتەوە کە کۆماری ئیسلامی لە سێدارەی داون و سزای لەسێدارەدان بە بەراوەرد بە ساڵی ڕابردوو ٨٨ لەسەد زیادی کردووە.