"an independent online kurdish website

ژن لە کۆمەڵگادا بەردەوام ڕووبەڕووی بەربەست و توندوتیژی بووەتەوە. دابونەریتە فەرهەنگییەکان، ڕێسا ئایینییەکان، یاسا دەوڵەتییەکان، نەریتە هۆزییەکان،

خزمییەکان، خێزانییەکان و توانا جەستەیییەکان، ماڵییەکان و وابەستەیییەکان و هتد، هەر هەمووی ڕێگاخۆشکەرن بۆ بەربەست و توندتیژی دژ بە ژنان.

حکوومەتەکان دەتوانن بە دانانی هەندێک یاسای تایبەتی، پلەی ئەو توندوتیژییانە کەم بکەنەوە یان هەر نەیهێڵن. حکوومەت واتە دەسەڵات، یاسادانان، جێبەجێکردن، سزادانی سەرپێچیکەر، پشتگیریی زیانلێکەوتوو.

بەداخەوە لە حکوومەتێکی وەک کۆماری ئیسلامیی ئێراندا ئەو کردەیە نەلواوە، چونکە کۆمەڵێک یاسای تایبەتی دیاری کردووە کە بە شێوەیەکی یاسایی پشتیوانی لەو بەربەست و توندوتیژییانە دەکات دژ بە ژنان.

بۆ نموونە لێرەدا دەتوانین ئاماژە بکەین چەند خاڵێک:

حیجابی زۆرەملێ. ژن بەبێ حیجاب ڕووبەڕووی سووکایەتیپێکردن، توندوتیژیی جەستەیی و ڕۆحی دەبێتەوە. تەنانەت مردن، وەک نموونەی “ژینا ئەمینی” کە لە ئاستی جیهاندا دەنگی داوەتەوە و بووە بە نوێنەرێک بۆ سەدان و هەزاران کچ و ژنی تریش کە لەبەر ڕەچاونەکردنی داپۆشی زۆرەملێ (حجاب اجباری) گیانیان کەوتووەتە مەترسییەوە.

یاساییبوونی هاوسەرگیریی کچان لە تەمەنی کەمدا، تەنانەت کەمتر لە تەمەنی ١٣ ساڵاندا. (ماددەی ١٠٤١ی یاسای مەدەنی).

بڕگەی “الزام به تمکین” واتە ملکەچبوونی ژن بە هەندێک لە خواستەکانی پیاو، کە یەکێک لەوانە ئەوەیە کە هەر کاتێک پیاو ئارەزووی پێوەندیی جنسیی لەگەڵ ژنەکەی بێت، ژنەکەی دەبێت ملکەچ بێت کە پێی دەوترێت (تمکین خاص). لەڕاستیدا ملکەچبوونی جنسییە. ئەگینا مافی نەدانی نەفەقە، مافی ژنهێنانی دووەم، مافی جیابوونەوە دەدرێتە پیاوەکە.

لە وڵاتی سوید ئەو جۆرە پێوەندییە لەنێوان ژن و مێرددا (کە ژنەکە بە هەر هۆیەک مەیلی لێ نەبێت) بە “دەستدرێژیی جنسی” هەژمار دەکرێت و مێردەکە بەتوندی ڕووبەڕووی یاسا دەبێتەوە.

مافی جیابوونەوە و تەڵاق بە دەستی پیاوە. پیاو هەر کاتێک بیەوێت دەتوانێت لە ژنەکەی جیا بێتەوە (ماددەی ١١٣٣ی یاسای مەدەنی).

کچ نیوەی کوڕ میرات وەردەگرێت.

شایەتیی ژن بە نیوەی شایەتیی پیاوە.

بەپێی یاسای بنەڕەتیی ئێران، ژن ناتوانێت ببێتە سەرۆککۆمار، چونکە سەرۆککۆمار دەبێت لە (رجال مذهبی و سیاسی کشور…) هەڵبژێردرێت (رجال = پیاوان)، هەروەها دەبێت (مذهب رسمی کشور)ی هەبێت، واتە شیعە بێت. واتە هەم دەبێت پیاو بیت هەمیش دەبێت شیعە بیت، تەنانەت موسوڵمانبوونیش لەو کۆمارەدا بەس نییە.

مافی تەڵاق و جیابوونەوە بە دەستی ژن نییە. پیاو بۆی هەیە بەپێی هەندێک بەند ژنی دووەم بهێنێت.

پیاو بە پاڵپشتیی یاسا بۆی هەیە (صیغه) بکات، واتە بۆی هەیە جگە لەو ژنەی خۆی، هەرچەندە ژنی تر (کە خۆی پێی خۆش بێت) بۆ هەر ماوەیەک بهێنێت. واتە هاوسەرگیریی کاتی بکات.

لە زۆر بواردا مافی بڕیاردان و هەڵبژاردن و کار بە دەستی ژن نییە. بەبێ ڕەزامەندیی پیاو، ژن بۆی نییە کارێک هەڵبژێرێت کە خۆی پێی خۆشە.

گەورە و سەرپەرستی خێزان هەمیشە پیاوە.

ژن دەبێت لە خانوویەکدا بژی کە پیاوەکەی دیاریی دەکات. (ماددەی ١١١٤ یاسای مەدەنی)

کچ بۆ هاوسەرگیریی یەکەمی خۆی، دەبێت لە باوکی یان باپیرانی مۆڵەت بخوازێت بێ گوێدان لەوەی کە تەمەنی کچەکە چەند بێت.

ژنێک کە مێردی هەیە بۆ بەدەستهێنانی پاسپۆرت دەبێت ڕەزامەندیی مێردەکەی هەبێت. بەبێ ئەوەش مافی ئەوەی نییە لە وڵات بچێتە دەرەوە.

ژن مافی “دادوەری = قضاوت”ی نییە.

ئەم خاڵانە و گەلێک خاڵی دیکە وا دەکەن کە بەربەستی زۆر بۆ ژنان دروست ببێت و هەروەها توندوتیژیی زۆر ڕووبەڕووی ژنان ببێتەوە. چ لەڕووی ئابوورییەوە چ لەڕووی جەستیییەوە، چ لەڕووی ڕۆحییەوە، چ لەڕووی جنسییەوە.

بەپێی بڕیاری نەتەوە یەکگرتووەکان، هەر هەڵسوکەوتێک کە ببێتە هۆی زەبری جەستەیی، جنسی یان دەروونیی ژنان پێی دەوترێت توندوتیژیی دژ بە ژنان.

کۆمەڵگا و لە سەرووی هەموویانەوە حکوومەت و یاسا دەتوانێت یارمەتیدەر بن بۆ کەمکردنەوەی ئەم پاڵەپەستۆیە کە خراوەتە سەر ژنان و بە درێژاییی زەمان، ئاسایی بوونەتەوە. زۆربەی زۆری ئەوانە لە وڵاتە ڕۆژاوایییەکاندا زۆر کەم بوونەتەوە یان هەر بەتەواوی خاشەبڕ کراون.

نووسینی: نەرگس هاشمی

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی