خەڵکی قارەمانی کوردستان!
گەلانی ئازادیخوازی ئێران!
حیزب و ڕێکخراو و کەسایەتییە خەباتگێڕەکان!
٢ی ڕێبەندانی ١٤٠١ی هەتاوی (٢٢ی ژانوایەی ٢٠٢٣)، ٧٧ ساڵ بەسەر دامەزرانی کۆماری کوردستان
بە سەرۆکایەتیی پێشەوا قازی محەممەد ڕادەبرێ. بەم بۆنەیەوە بەگەرمی پیرۆزبایی لە هەڵگران و درێژەدەرانی ئامانجەکانی ئەم کۆمارە لە کوردستان و، سەرجەم خەباتکاران و باوەڕمەندان بە ڕزگاریی پێکهاته نەتەوەیی، ڕهگهزی و زمانی و ئایینیەکانی ئێران لە بندەستی و هەڵاواردن دەکەین.
یادکردنەوەی دامەزرانی کۆماری کوردستان بۆ حیزبی دێموکرات و بەگشتی بۆ نەتەوەکەمان گرینگییەکی تایبەتیی هەیە. ئێمە بە یادکردنەوەی کۆماری کوردستان، وەفاداریمان بە ئامانجەکانی ئەم کۆمارە دووپات دەکەینەوە و ڕێز لە پێشەنگبوونی بزوتنەوەی نەتەوەیی و دێموکراتیکی گهلی کورد له ڕۆژههڵاتی کوردستان لە ڕاگەیاندنی حکومەتێکی کوردی دەگرین؛ لایەنە بەهێز و جوانەکانی سیاسەت و کردەوەی ئەم دەسەڵاتە کوردییە لە ئاستی نێوخۆیی، لە پێوەندی لهگەڵ گەلانی ئێران و هێزە خەباتکارەکانی وڵات دژ بە ستەمکاریی ڕێژیمی پەهلەوی، هەروەها لهحاند بەشەکانی دیکەی کوردستان وەبیر دێنینەوە. کۆماری کوردستان یەکەم ئەزموونی مۆدێرنی زاڵبوونی کورد لە ئێران بەسەر چارەنووسی خۆی لە بەشێک لە نیشتمانەکەیدا بوو. کۆماری کوردستان توانی لە ڕووی داهێنانی هێماکانی سهروهریی نهتهوهیی، پەرەپێدانی هەست و بیری نیشتمانپهروهری و یەکگرتوویی کوردستان، خزمەت به زمان و فهرههنگی کوردی، ڕێزگرتنی کەمایەتییە ئایینی و نەتەوەییەکان، هاوخەباتی و هاوپەیمانی لەگەڵ گەلی ئازەربایجان و هێزە پێشکەوتووەکانیتری ئێران، و له زۆر بواری دیکهدا سەرچاوەی خزمەتی گەورە و خستنەڕووی نموونەی بەرز بێ. ئەم وانانەی ئەزموونی دەسەڵاتدارەتیی کۆماری کوردستان، دوای ڕووخانی ئەو کۆمارەش، وەک ڕێنوێن و ڕێنیشاندەری بزووتنەوەی نەتەوەیی و ئازادیخوازیی کورد لە ئێران و له سهرتاسهری کوردستان ماونەوە.
ئەم ساڵ ئێمە لە هەلومەرجێکی تایبەتیدا کە سەرانسەری ئێرانی داگرتووە، یادی کۆماری کوردستان دەکەینەوە. ئێران، لە کۆتایی هاوینی ڕابردووەوە و بەدوای تاوانی شەهیدکردنی ژینا ئەمینی لەلایەن گەشتی بەناو ئیرشادەوە له تاران، بووە بە گۆڕەپانی تەقینەوەی بێزاری و تووڕەیی خەڵکی وڵات بەرانبەر تەواوی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی. ئەم تاوانە ڕاپەڕینێکی شۆڕشگێڕانەی لێکهوتۆتهوە که چوار مانگه له سەرانسەری ئێراندا له ئارادایه. ئەم ڕاپەڕینە لەجیاتی به ئامانجگرتنی ئەم یا ئەو قۆڵ و دەزگا و دامەزراوەی دەسەڵاتدار یان خستنهڕووی داوای سنووردار، سەرجەم ڕێژیم و خودی ڕێبەری ئەو ڕێژیمەی وەک ماکە و سەرچاوەی زوڵم و سهرهڕۆیی له ئێران بەئامانج گرتووه و داوای ڕووخانی دیکتاتۆری دەکا. ژنان و کچان، خوێندکاران و قوتابیان، نەتەوە بندەستەکانی ئێران، کرێکاران، مامۆستایان، هونەرمەندان و وەرزشکاران و، توێژە هەژار و هەرە بێبەشەکانی وڵات، بە دەستی بەتاڵ بەڵام بە ئیرادەیەکی بێوێنە هاتوونە مەیدان. ڕێژیمی تاریکی و تیرۆر و تاوان هەموو هێزی سەرکوتی خۆی بۆ بێدەنگکردن و تێکشکاندنیان بەسیج کردووە و دەستی بۆ هەموو جۆرە جینایەتێک ئاوەڵا کردوون، بە جۆرێک کە زیاتر لە ٥٠٠ کەس لە خۆپێشاندەران شەهید بوون، بە هەزارانیان بریندار و نەقوستان بوون، نزیک بە ١٨ هەزار کەسیان دەستبەسەر کراون و لەژێر لێکۆڵینەوە و ئەشکەنجەدان، ژمارەیەکیان بە هۆی سزای ئێعدام و دەیان کەسیشیان بە هۆی ئەشکەنجەوە گیانیان لێ ئەستێندراوە. بەڵام خەڵکی ڕاپەڕیو کۆڵیان نەداوە و بەوپەڕی ڕاشکاوی و بە شێوازی جۆراوجۆر، هەروا لە مەیداندان و لهسهر ویستی ڕهوای خۆیان سوورن.
لەو ماوەیەدا، خامنەیی و زۆر لە فەرماندەرانی سوپای تێرۆریستیی پاسداران، پەیتا پەیتا لەبارەی ئەم ڕاپەڕینە بێوێنهیه لێدوانیان داوە. ئهوان وەک هەمیشە، هاتنەسەرشەقامی خەڵکی ئێرانیان بە دنەدان و دەستێوەردانی به وتهی خۆیان وڵاتانی دوژمن و هێزە جیاییخوازەکان گرێ داوەتەوە. ڕاشیانگەیاندووە کە کۆتاییان بە ڕاپەڕینەکە هێناوە. سەرانی ڕێژیم بە لەبەرچاوگرتنی ڕۆڵی پێشەنگانەی خەڵکی کوردستان لەم ڕاپەڕینەدا و بە ئاگاداریی لە خۆشەویستی و کاریگەریی حیزبی دێموکرات و ڕێکخراوە سیاسییەکانیتر لەسەر ئەم خەڵکە، هەر لە دەسپێکی ڕاپەڕینەکەدا، بنکە و کەمپەکانی ئەو حیزبانەیان لە قووڵایی خاکی هەرێمی کوردستان، دایە بەر هێرشی مووشەکی و درۆنەکانیان. ئەم دەستدرێژی و تاوانخوڵقێنییەشیان شانبەشانی گوشارهێنانی سیاسی بۆ سەر حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەتا ئێستا چەند جار دووپات کردووەتەوە و لەسەر هەڕەشەکانیان لەم بارەیەوە بەردەوامن.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە حەفتاوحەوتەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستاندا بە پێویستی دەزانێ پوختەی ڕوانگەکانی خۆی لەبارەی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ئێستا و ئەرکە هەنووکەیی و هەرە گرنگەکانی چین و توێژەکانی خەڵک و هێزە سیاسییەکانی ئێران وەبیر بێنێتەوە:
ڕاپەڕینی ئەمجارە کە بە دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” دەناسرێتەوە و ژنان لە ڕیزی هەرە پێشەوەیدان، بەرههمی چل و سێ ساڵ دڕندهیی و ناکارامەیی کۆماری ئیسلامی و ئەزموونوەرگرتنی خەڵکی ئێران و هێز و بژاردەکانی نەیاری ئەو ڕێژیمەیە. ئەم ڕاپەڕینە، داواکاری ڕووخانی ڕێژیمە نەک ڕێفۆرم لە چوارچێوەی ئەودا؛ سەرانسەری ئێرانی داگرتووه نەک تایبهت بێ به ناوچەیەکی دیاریکراو. بە بەراورد لەگەڵ ئاخێزە جەماوەرییەکانی پێشوو، بهرفراوانترین و درێژماوەترین ئاخێزی خهڵکه و زۆرترین چین و توێژ به یهکگرتوویی تێیدا بەشدارن.
ناوچە و شار و پارێزگاکانی نەتەوە بندەستەکان، بەتایبەتی کوردستان و بەلووچستان، هەروا کە لە شێلگیری و بەردەوامی لە خۆپێشانداندا لە ڕیزی پێشەوەدان، لە قوربانیدانیشدا، زۆرترین پشکیان بەرکەوتووە. ئەوەی لە سەرکوتی خەڵک لەم ماوەیەدا لە کوردستان و بەلوچستان شایەتی بووین، شەڕی بێڕەحمانەی هێزە چەکدارەکانی حکوومەت بە کەرەستەی جەنگییەوە لەدژی خەڵکی بێدیفاع، بەڵام بەورە و ئیمانێکی پۆڵایینەوە بووە. خەڵکی بەشەکانی تری ئێران، نەک هەر فریوی هاتوهەرای ڕێژیم لە بارەی جیاییخوازبوونی ئەو نەتەوانەیان نەخواردووە، بهڵکوو بە ئەمەگناسییەوە لە خۆڕاگری وبەرخۆدانی ئەوانیان ڕوانیوە و، زۆرترین هاوپێوەندی و پشتیوانییان لەگەڵ وان دەربڕیوه. لەسەریەک، نەک هەر هەوڵەکانی ڕێژیم بۆ لێکدابڕینی پێکهاتەکانی خەڵکی ئێران پووچەڵ بووەتەوە، بەڵکوو یەکگرتووییەکی بێوێنە بهدژی کۆماری ئیسلامی له کۆمهڵگەی ئێراندا دروست بووه.
ڕاپەڕینی بوێرانەی خەڵک لە نێوخۆی وڵات، یەکگرتوویی و هاودڵییەکی بێوێنەی لە نێو میلیۆنان ئێرانیی دەرەوەی وڵاتیش پێکهێناوە و بووە بە سەرچاوەی چالاکیی سیاسیی جۆراوجۆر. لە ئاکامدا کۆڕ و کۆمەڵە سیاسی و مرۆڤدۆستە نێودەوڵەتییەکان، زۆرترین هاوسۆزی و هاوپێوەندییان لەگەڵ خەڵکی ڕاپەڕیو لە نێوخۆی ئێران نواندووە. وازهێنانی وڵاتانی ڕۆژاوایی لە وتووێژەکانی تایبەت بە ڕێککەوتننامەی بەرجام، چوونی ژمارەیەکی زیاتر لە کاربەدەستان و دامودەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بۆ نێو بازنەی گەمارۆکانی ڕۆژاوا، وەدەرنرانی ئەو ڕێژیمە لە کۆمیسیۆنی ژنانی نەتەوە یەکگرتووەکان و بڕیاری پێکهێنانی کۆمیتەی دۆزینەوەی ڕاستییەکان لە بارەی تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی، و بە تێرۆریستناساندنی سپای پاسداران لەلایەن پاڕلمانی ئورووپاوە بەشێکن لە دەسکەوتەکانی پشتیوانیی جیهانی لە خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران.
ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی ئێران لە کاتێکدا خەریکە پێ دەنێتە پێنجەمین مانگ لە بەردەوامیی خۆی کە نە لە نێوخۆی وڵات و نە لە دەرەوەی وڵات، ئاسۆیەکی ڕوون لە بەردەم چارەنووسی کۆماری ئیسلامیدا بەدی ناکرێ. دەستتێکەڵکردنی ئەو ڕێژیمە لەگەڵ ڕووسیهی دەستدرێژکەر و هاوبەشی لە شەڕی ئۆکرایندا، بەردوامبوون و پەرهپێدانی هەوڵە تیرۆریستییەکانی لە ناوچە و ئورووپا و ئەمریکا، خێراترکردنی هەوڵە گوماناوییەکانی بۆ بەرهەمهێنانی چەکی ناوکی، هەمووی ئەمانه لەگەڵ کارنامەی ڕەشی ئەم چەند مانگەی لە دڕندەیی نواندن بەرامبەر خەڵکی ڕاپەڕیو هاوکات بوون. هەروەها پرسی ناساندنی سپای پاسدارانیش بە ڕێکخراوێکی تێرۆریستی لەلایەن ئورووپاوە لە تەواوەتی خۆیدا، لێکەوتەکانی بە زیانی ئەو ڕێژیمە تەواو دەبن.
لە نێوخۆی وڵاتیش، سەرەڕای ئەو هەمووە دڕندەییەی هێز و دەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم و ئیددیعاکانیان لەبارەی کۆتاییهاتنی ڕاپەڕینی خەڵک، ڕۆژ نییە دەیان نموونە لە کۆبوونەوە، چالاکی و درووشمی دژبە دیکتاتۆری، بەتایبەتی لە ڕێوڕەسمەکانی یادکردنەوەی شەهیدانی ئەم ڕاپەڕینەدا، خۆی نەنوێنێت. بە شایەتیی دانپێدانانە ئاشکرا و نهێنییەکانی سەرانی ڕێژیم، ئەوەی جار بە جار زیاتر هەستی پێدەکرێ، ماندوویی و داماوی و هەڵوەرین لەنێو هێزەکانی ڕێژیم و تەنیا مانەوەی خامەنەیی و دەستوپێوەندەکانی تەنانەت لەنێو مۆرە درشتەکانی نێو بازنەی ڕێژیمدایە. ئەوەی دەبینرێ، شکستی ئابڕووبەرانەی پیلانەکانیان بۆ وەستاندن، بەلاڕێدابردن و سەرپۆشدانان لەسەر ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی خەڵکه. ئەمانە لە لایەک، لێبڕاویی خەڵک و پەیوەستبوونی ڕۆژبەڕۆژ زیاتری کەسایەتییە زانستگایی، هونەری و وەرزشییەکان بە بهرهی خەڵک لە لایەکی تر، سەلمێنەری ئەم ڕاستییەن کە ئەم ڕاپەڕینە تا کۆتاییهێنان بە دیکتاتۆریی ئاخوندی ڕاناوهستێ.
نەهاتییەکی تری کۆماری ئیسلامی لەم هەلومەرجەدا، داڕووخانی زیاتری ئابووری، دابەزینی بێوێنەی نرخی دراوەکەی و داماوبوونی لە دانی مووچەی مانگانەی مامۆستایان و کرێکاران؛ داماوی لە دابینکردنی سەرەتاییترین پێویستییەکانی ڕۆژانەی خەڵک بەتایبەتی نان و سووتەمەنی و دەرمانە. بودجەی ساڵی ١٤٠٢ی دەوڵەتی ڕەئیسی، کەمترین بایەخ به کێشه بنهڕهتییهکانی خهڵک دهدا و زۆرترینی بۆ سوپای تێرۆریستی پاسداران، وەزارەتی ئیتلاعات، دهنگوڕهنگی ڕێژیم، هێزە ئینتیزامیەکان، بەسیج و ڕێکخراوی زیندانەکان تەرخان کراوە. ئەمەش پشتڕاستکردنەوەی ئەم قسەیەیە کە کۆماری ئیسلامی، خۆی بەرەوڕووی لافاوی ڕووخان دەبینێ و بێجگە لەو هێز و دامودەزگایانەی بۆ سەرکوتی خەڵک پێویستی پێیانە، هیچ شتێکی تری بۆ گرنگ نییە.
ئێمە وهک حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران، خۆمان بە بەشێکی چالاک لەو ڕاپەڕینە شۆڕشگێڕانەیەی ئێران بە گشتی و کوردستان بە تایبەتی دەزانین. خەڵکی کوردستان بە ڕێنوێنیی هێزە سیاسیەکانی ڕێکخەری بزووتنەوەی نەتەوەیی و شۆڕشگێڕانەی کوردستان هەر لە سەرەتای هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامییهوه، ئەم ڕێژیمەی بەهۆی نێوەرۆکی کۆنەپەرستانە و دژەمرۆیانەی ڕەت کردەوە، و ٤٣ ساڵە لەبەرامبەر سیاسەتەکانیدا ڕاوەستاوە. لەم ڕاپەڕینەی ئێستاشدا کوردستان لە ڕیزی ههره پێشەوە و ههوێنبهخشی سهرجهم ئێرانه. ئێمە لە ئاست شەهیدانی ئەم ڕاپەڕینە لە کوردستان و سەرانسەری ئێران سەری ڕێز دادەنوێنین. شانازی بە ورەبەرزی، هەڵوێست و پەیامی شۆڕشگێڕانەی بنەماڵەکانیان و هاودەردی و هاوپشتیی خەڵک لە گەڵ بنەماڵەی شەهیدان، بریندارەکان و گیراوەکان دەکەین. ڕێز و پێزانینی تایبەتمان هەیە بۆ مامۆستایانی ئایینیی کوردستان کە لهو ماوهیهدا هیچ حیسێبێکیان بۆ بەڵێنی بەدرۆ و هەڕەشەکانی کاربەدەستانی ڕێژیم نەکردوه و وەک هەمیشە لەگەڵ خەڵکی خۆی بووە.
داوای ئێمە لە خەڵکی کوردستان و سەرانسەری ئێران، پاراستن و بەهێزکردنی ئەم یەکگرتوویی و هاوپێوەندییەیه کە زۆرترین ترسی خستووەتە هەناوی ئەم ڕێژیمەوە و خەریکە دهسهڵاتی نگریسی ڕادهماڵێ. لەم پێوەندییەدا بە ڕاشکاوی ڕووی قسەمان دەکەینە نەتەوەکانیتری ئێران، دانیشتووانی شارە گەورەکانی وڵات، ئەو چین و توێژانەی هێشتا بە کردەوە نەهاتوونە نێو ڕاپەڕینەکە و، داوایان لێ دەکەین قۆڵی هیممەتی لێهەڵماڵن و بێنە مەیدان. ئامانجی سەرەکیی ئەم ڕاپەڕینە شۆڕشگێڕانەیە کۆتاییهێنان بە تەمەنی پڕلەتاوانی کۆماری ئیسلامیییە؛ دروستکردنی داهاتوویەکە کە سەرجەم پێکهاتەکانی ئێران تێیدا نەمانی چەوسانەوە و هەڵاواردن به چاوی خۆیان ببینن و هەست بە ڕێز و کەرامەت و دابینبوونی مافەکانیان بکەن. ئەم ئامانجانە تەنیا بە بەشداریی گشتی و جەماوەریی خەڵک لەم ڕاپەڕینەدا دەگەنە ئەنجامی دڵخواز. بە وەڕێخستنی مانگرتنی سەرانسەریی کرێکاران، به پەکخستنی سەرچاوەکانی داهاتی ڕێژیم، بە گواستنەوەی بەربەرەکانیی سەرشەقام و نێوکۆڵانەکان بۆ تاران و شارەگەورەکان، بە وازهێنانی ئهو کهسانهی له دامهزراوهکانی ڕێژیم بهتایبهت هێزه سهرکوتکهرهکاندا خزمهت بهو سیستەمه جهههنهمییه دهکهن، ئەم ڕاپەڕینە بەسەرکەوتنی یەکجاری دەگا.
یەکێک لە گرنگترین ئەرکە هەنووکییەکان، دروستکردنی یەکگرتن و هاوپەیمانەتییەکی سەرانسەریی هێز و ڕێکخراو و کەسایەتییەکانی ئۆپۆزیسیۆنە. یەکگرتنێک کە لە سەر بناغەی ئامانجە هاوبەشەکان بێت و پێکهاتنی شووڕا یا ناوەندێک بۆ پشتگیری و هاوکاریی ڕاپەڕینی خەڵک لە نێوخۆی ئێران و ئامادهکردنی زهمینه بۆ قۆناغی گواستنهوەی لێ بکەوێتەوە. ڕووداوێکی ئەوتۆ ڕۆڵێکی گەورەی لە پێکهێنانی هاوهەنگاوی لەنێو خەڵکی ڕاپەڕیوی نێوخۆ و دانی گەشبینی و دڵنیایی بەوان لە بارەی ئەلترناتیڤی داهاتوویدا دەبێ. هەروەها لەبارەی ڕاکیشانی زۆرترین پشتیوانیی جیهانی بۆ ئەو ڕاپەڕینە و ستاندنەوەی کورسیی نوێنەرایەتیی ئێران لەو ڕێژیمە لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان، کاریگەریی حاشاههڵنهگری دەبێ. حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە کاتێکدا لەسەر ئەم پێویستیە پێدادهگرێتهوه، پێشوازی لە مەنشوورێکی هاوبەش و ئیئتیلافێکی سەرانسەریی ئەوتۆ دەکا کە ئامادهیی داننان بە جۆراوجۆریی ئەتنیکی و قبووڵی مافە نەتەوەییەکانی ئەوان و ملڕاکێشان بۆ جێگە و پێگەی شیاو بۆ نوێنەرایەتیی سیاسیی خەڵکی کوردستانی هەبێ.
یادی دووی ڕێبهندان و دامهزرانی کۆماری کوردستان باشترین ڕێنوێنی خهباتی ئێمه له ههلومهرجی ڕاپهڕینی ئێستای خهڵکی ئێراندایه. کۆماری کوردستان هەر تهنیا بۆ وهدیهێنانی ئامانجه نهتهوایهتییهکانی گهلی کورد دانهمهزرابوو، بهڵکوو هاوکات حهرهکهتێکی دێموکراسیخوازانهش بهدژی دیکتاتۆریی شاههنشاهی و بۆ پیادهکردنی کۆمهڵێک بههای ئینسانی و شارستانی بوو. خهباتی ئهمڕۆ و ئێستاشمان هاوکات بۆ وهدهستهێنانی مافه نهتهوایهتییهکانی گهلهکهمان و دروستکردنی چوارچێوهیهك له هاوپێوهندی و پێکهوهژیان له ئێراندایه. چوارچێوەیەک کە بنهماکهی دێموکڕاتیک و قبووڵی فرهنهتهوهیی و فرهچهشنی لهو وڵاتهدا بێ. کۆماری کوردستان له عهینی جێبهجێکردنی خهونی سهروهریخوازانهی کورددا، ئامادهیی مامهڵهی بنیاتنهری لهگهڵ ئهكتهرهکانی دیکهی گۆڕهپانی سیاسهتیش له ئێراندا ههبوو. ئهمڕۆش حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران، وێڕای ئهولهوییهتی خهبات بۆ ویستی نهتهوهیی گهلهکهمان و بههێزکردنی بلۆکی کوردی، لێبڕاوە ههتا لهسهر ئاستی ئێرانیشدا یارمهتی به وهدیهاتنی داهاتوویهکی دێموکڕاتیک بکا که ههموو پێکهاتهکانی ئهو وڵاته بهتایبهتی نهتهوه بندهستهکان خۆیانی تێدا ببیننهوه.
سڵاو له یادی دووی ڕێبهندان و ئامانجهکانی کۆماری کوردستان.
سڵاو له شههیدانی ڕێگای ئازادی له کوردستان و له ئێران.
سهرکهوتن بۆ ڕاپهڕینی یهکگرتووی گهلانی ئێران بۆ کۆتاییهێنان به کۆماری ئیسلامی.
حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران
ناوەندی بەڕێوەبەری
٣٠ی بەفرانباری ١٤٠١ ی ههتاوی (٢٠ی ژانویهی ٢٠٢٣ی زایینی)