‘نوتقی جەنابی پێشەوا و ڕەئیس جومهووری بەرزی کوردستان:
کوردستان مەوقعییەتی جوغرافیاییەکی مەخسووسی هەیە کە بێ پسانەوە و بێ ئەوەی نەتەوە و میللەتێکی کە لە نێویاندا فاسڵ و لێکیان بپچڕێتەوە، کورد بە سەر یەکەوە و پێکەوە سکوونەتیان تێیدا هەیە و دارای مالکییەتی میللین دەوێدا. بەسەرهات و سەوابقی تاریخییان یەکە و عموومەن تێیدا شەریکن.
خاوەنی ئاداب و عادات و رسوومی ملییەکی وان کە هیچ جۆرە سەدەمە و حەوادسێک نەیتوانیوە سستییەک لە بناغەی ملییەتی ئەواندا پەیدا بکات.
کورد لە قەدیم ڕا هەزاران پادشا و حوکمدار و تەشکیلاتیان بووە. هەر لەم کوردستانی ئازادەی ئێستادا بنەماڵەی ئومەرای موکری کە سەرسیلسیلەی ئەوان ئەمیر سەیفەددین بووە تا (1020 هە) بیل ئیستیقلال، یەک لە دوای یەک ئەمیر سەیفەدین – سارم بەگ – شێخ حەیدەر – ئەمیر بەگ – ئەمیر پاشا تا دەگاتە قوبادخان، بە دەسەڵات و قودرەتەوە حکوومەتیان کردووە.
میللەتی ڕەشید و بەغیرەتی کورد لە هەموو دەور و زەمانێکدا هەرکەس خەیاڵێ ئیستیلای نیشتمانی ئەوانی بووبێ، بەرەنگاری بوون و بەربەرەکانێیان کردووە و لە هیچ فیداکارییەک دەستیان دانەنەواندووە. لە پاش لە دەستچوونی سەڵتەنەت و حوکمداریشیان، بۆ وەگیر خستنەوەی ئیستقلال و ئازادی، بە ملیۆن قوربانییان داوە و لەبەر ئەوەی کە هەمیشە لە موبارەزە و ملەدابوون، هیچ جۆرە ئەزیەت و ئازارێک نەماوە نەیچێژن.
لەگەڵ ئەوەش هەموو کوێرەوەری و کوشتن و بڕینێکیان تەحەمول کردووە و قەت لە ئامانج و ئارەزووی خۆیان شل نەبوونەوە و لە ڕێی بە دەست خستنەوەی ئازادیدا وچانیان نەداوە. بە دڵێکی هێندە بەهێز و عەزمێکی هێندە سابتەوە تێکۆشاون، تا ئیستا هێزێکی وا نەبووە بتوانێ تێکڕا خەفەیان بکا. میرە کوێرەیان کوشتووە بابان سەریان هەڵداوە. بابانیان بێ دەنگ کردووە ئەردەڵان هەستاون. ئەوانیان لە عەرزی داوە بتسلیسی بەرز بوونەوە و هەزاری دیکەی وەک ئەوان.
لەو دواییانەدا لە پاش شەڕی بەینولمیلەلی پێشووەوە کە حکومەتی ئێران و تورکیا هاتنە سەر کار و زمان و عادات و مەزهەب و رسووماتی میللیی کوردیان بە جارێک لاواز و کز و کەنەفت کرد. لە هیچ وەحشییەت و دڕندەییەک ڕانەوێستان و خوێندن و نووسینی زمانی کوردی مەمنووع و پۆشینی لیباسمان قەدەغە بوو.
نەیاندەهێشت لە هیچ جۆرە مەزایا و حقووقێکی بەشەرییەت بەشمان ببێ و رێگای فێر بوونی عیلم و سەنعەتیان لێ بڕیبوونیەوە. هەر رۆژەی بە بەهانەیەک و هەر هەردەمەی بە تەشقەڵەیەک، دەستە دەستە و پۆل پۆل کوردی هەژار و بەدبەختیان حەبس و تەبعید دەکرد و دەیانکوشتن و لەبەینیان دەبردن و حاسڵ و دەستڕەنجی ئەو میللەتە بێچارەیان دەبرد بۆخۆیان و ئەوانیشیان برسی و تینوو، ڕووت و قووت دەهێشتەوە.
تا لە شەهریوەری 1320 دا فریشەی ئازادی، دەستگای دیکتاتۆری و فاشیستیی رەزاخانی تێکشکاند و کورد، سەری لەو هەموو فشار و ئەزیەتە تۆزێک فارغ بوو، فەوری ئیحساسی کرد چۆن دەبێ لە فورسەت ئیستفادە بکات و رێگای سەلاح و وەدەست خستنی ئازادیی ئەو میللەتە چییە و چ بکا.
پیاوانێکی بە بیر و هۆش و بە شەرەف کە زۆر لەمێژ بوو خوێناوی دڵی خۆیان دەخواردەوە و بۆ زەلیلیی ئەو میللەتە دووکەڵ لە دەروونیان دەهاتە دەرێ؛ زۆر زوو تەشخیسیان دا کە وەختی کارە و لەو فورسەتە دەبێ بەهرە وەرگیرێ و ئەوە تەواو ئەو ڕۆژەیە کە پشتاوپشتمان چاوەڕوانی بوون. یەکجار خێرا و بێ وچان و راوەستان، دەستیان بە کار کرد و حزبی دێموکراتی کوردستانیان تەشکیل دا و بە دەستوبرد خەریکی کاروباری میللی بوون و بە چاوێکی ورد و بە دیققەت ئیحتیاج و پێداویستیی کوردیان تەشخیس دا و بەدی کرد.
لە پێش هەموو شتێکدا ئیختلافات و دووبەرەکانیی عەشایری کە بە دەسیسە و حیلەبازیی ئیستعمارچی و دیکتاتۆران بۆ ئیستیسمار و خواردن و کڕووساندنەوەی ئەو میللەتە بە قەولی خۆیان (تفرقە بینداز و حکوومت کن)، دە بەینی خستبوون و تا ئەندازەیەک ئەو ئاورە بڵێسەی ساندبوو، برای دایک و بابی لە یەک ترازاندبوو، بە کوللی لە گۆڕێ هەڵگیرا و نێوی عەشیرەت و تەوایف و هەرچی ئەسبابی ئەو نیفاق و پرش و بڵاوییە بوو فڕێدرا و عموومەن لە ژێر عینوانی حزبی دێموکراتی کوردستاندا کۆبوونەوە و یەک دڵ و یەک زمان، تێکڕا بەرەو ئامانجی ئازادی کەوتنە ڕێ.
زمانی زگماکمان کە لەگەڵ شیری دایک تێکەڵی خوێن و گۆشتی ئێمە بووە، لە زەمانی دیکتاتۆریدا سەخت قەدەغە کرابوو. – زمانی فارسی بە زۆر تەحمیلی ئێمە و منداڵەکانمان دەکرا و بەم جۆرە پتر سەبەبی پاشکەوتنی کورد بوو – لە مەدارسدا رەسمەتمان پێدا و خوێندن و تەحسیلمان بە سەبک و تەرتیبی دنیا خستە سەر باری کوردی. چەند مەدرەسەی کچان و کوڕانمان کردەوە و مەدرەسەی شەوانمان دایر کرد و کتێب بە زمانی کوردی تەرجومە کران و چەند سەد کوڕ و کچ و پیاوی گەورە لە مەدارسی شەوانە و ڕۆژانە بە زمانی کوردی دەخوێنن و لە جیاتی ئەوەی شەش حەوت ساڵ خەریکی خوێندن و فێر بوونی زمانی فارسی بن، لە مانگێک و دوو مانگدا دەبنە خوێندەوار و هەموو شتێک دەخوێننەوە و دەنووسن.
بۆ ناساندنی لیاقەتی میللی و وەدەرخستنی حەیاتی ئەدەبی و فەرهەنگیی کورد و بۆ راگەیاندنی هاواری خۆمان بە گوێی دنیای بەشەرییەت و عەداڵەت، موحتاجی وەسیلەی چاپ و بڵاو کردنەوە بووین. چاپخانەی زۆر چاک تەئسیس کرا و دامەزرا و لە شاری خۆماندا بە زمانی خۆمان، بە چاپخانەی خۆمان گۆڤار و ڕۆژنامە دەردەچێ و بیر و فکر و داخوازیی ئێمە لە دنیادا بڵاو دەکاتەوە.
حاسڵ و بەروبووی ئێمە کە میقدارێکی زۆروزەوەند و بە قیمەت بوو بە فیڕۆیی لە دەستیان دەردەهێناین و دەستی ئیستعمار سەددێکی لە پێش ئێمە و بازاڕی دنیا دروست کردبوو. رێگای حەلمان دیەوە و تیجارەت و ئیقتسادیاتی کوردستان زۆر باش تەئمین کرا.
لە زەمانی دیکتاتۆریدا کە هەموو عەوارزێکیان لێ دەستاندنین، کەم و زۆر وەسیلەی لەشساغی و موعالجەمان، نە حەکیم، نە دەرمان، نە مەریزخانەی بۆیان ساز نەکردین. ئێمە بۆخۆمان مەریزخانەی زۆر باش بەو زووانە دایر دەکەین و لەشساغیی وڵاتمان تەئمین دەبێ. هێزێکی میللیمان تەشکیل داوە کە بە شەجاعەتکی تەواو حازرە دیفاع لە نیشتمان بکا.
دیارە موەففەقییەتی ئێمە سەراسەر لە عەینی مەرامی دێموکراسی و لە نەتیجەی فەعالییەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان و بە پشتیوانیی عالەمی دێموکراتە؛ لەبەر ئەوە بە دڵ و بەناو دەڵێن بژی موئەسسیسینی دێموکرات.
میللەتی کورد هەزاران سەدد و بەرهەڵستی سەخت و سەهەندەی لە ڕێدا بوو و دەستەودایرەی دیکتاتۆری بێ وچان کارشکێنیی ئێمەیان دەکرد و لە هیچ نامەردییەک ڕانەدەوەستان و ئیختلافاتی عەشایری و داخیلیش ئیشکالێکی گەورە بوو بۆ ئێمە. ئەمما ئەوانە هیچکامیان نەیانتوانی پێش بە ئێمە بگرن. بە دڵێکی بەهێز، پایەداریمان کرد و ئیدامەمان بە فەعالییەتی خۆمان دا تا ئیستقلال و ئازادیی نەتەوەی کوردمان بە دەست هێنا.
دیارە بەقایایەکی ئەو خەتەراتەش کە ماوە چ لە داخلدا و چ لە خارجدا، میللەتی کورد موبارەزەی خۆی لەگەڵیان ئیدامە پێ دەدا؛ بە پشتیوانیی خودا موزەففەر و مەنسوور دەبێ.
ئەورۆ لە نەمایەندەکانی تەواوی نەواحی و نوقاتی کوردستان بێ رەعایەتی تەبەقات، ئەعەم لە ئاغا و رەعیەت و گەورە و چووک کۆبوونەوە و یەک دڵ و یەک زمان هاواری دێموکراسی دەکەن و بە ڕێی دێموکراتدا دەڕۆن، قودرەت و قووەتی دێموکرات نیشان دەدا.
…………………………………………………………..
سەرچاوە:
ڕۆژنامەی کوردستان
ساڵی یەکەم
ژمارە 10 – لاپەڕە 4 – دووشەممە 15ی ڕێبەندانی 1324
ژمارە 11- لاپەڕە 1 – چوارشەممە 17ی ڕێبەندانی 1324
سەرچاوە: لاپەڕەی فەیسبووکی کامیل بۆکانی