"an independent online kurdish website

‎لە رۆژانی رابوردوودا بەداخەوە دەنگگەلێک بەرز بوونەتەوە کە بەڕاشکاوییەوە داوای تێکدان و هەڵوەشاندنەوەی ناوەندی هاوکاری دەکەن.

 بەبێ شاردنەوەش ئیستیدلال دەکەن کە “ئەو ناوەندە لە قازانج و بەرژەوەندی حیزبی دێمۆکراتدا نیە و باشتر وایە کە حیزبی دێمۆکرات کە حیزبی سەرەکیی کوردستانە و زۆرایەتی ڕەهای خەڵکی لەگەڵە، حیسابی خۆی لە ناوەندی هاوکاری و لە کۆمەڵە جیا بکاتەوە.”

‎خۆشبەختانە ئەو دەنگانەی کە داوای هەڵوەشاندنەوەی ناوەند و بانگەوازی لێکترازانی کۆمەڵە و دێمۆکرات دەکەن زۆر نین و زۆرینەیەکی گەورە لە تێکۆشەرانی هەموو حیزبەکان گرینگی و تەنانەت نەقشی حەیاتی ناوەندی هاوکاری لە پتەوی و یەکگرتوو هێشتنەوە و لە هیوابەخشین بە شۆڕشەکەمان لەناوخۆ و هەروەها لە بەرز راگرتنی جێگە و پێگەی کورد لە ئێران و لە جیهاندا دەزانن. بەڵام ئەو بانگەوازە ئەوەندە بۆ کورد و بۆ داهاتوومان مەترسیدارە کە جێگەی خۆیەتی و دەخوازێ بێدەنگ نەبین، بەتایبەت کە ئەو قسانە نەک لە کۆبوونەوەی داخراو بەڵکوو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو بوونەتەوە و نیگەرانی و دڵەڕاوکەیان پێکهێناوە.

‎بێجگە لەوە، نامەی سەرئاواڵەی بەڕێز کاک برایمی جیهانگیری و ئەو بابەت و پرسیارانەی ئاراستەی بەندەی کردوە، وەڵام و روون کردنەوەیان دەوێ، بەتایبەت کە من پرسیار و رەخنە بە مافی خەڵک و وەڵام دانەوە و تەوزیح بە ئەرکی سیاسەتمەدار دەزانم و وەکوو کەسێک کە لەم ماوەیەدا ناوم هاتووە و قسەم لەسەر کراوە، جێی خۆیەتی ئامادەی تەوزیحات بم. با ئەوەش لەخزمەت خوێنەرانی بەڕێزدا باس بکەم کە ئەگەر ئەو فەزایە نەخوڵقابایە و ئەو پرسیارانە ئاراستەی من نەکرایایە، ئەمنیش ناچار نەدەبووم ئاماژە بە هەندێک فاکت بکەم و دەمتوانی هەر وەکوو تا ئێستا بە باسنەکراوی بیانهێڵمەوە.

‎مەبەستی من لە بەشی یەکەمی ئەم نووسراوەیەدا داکۆکی لە ناوەندی هاوکاری و پتەوتر کردنیەتی، هۆشداری دانە بە خۆمان کە لێکترازاندنی کۆمەڵە و دێمۆکرات هەوڵێکی زیانبار و بگرە کارەساتبارە نەک هەر بۆ ئەو دوو حیزبە بەڵکوو بۆ هەموو کورد و بۆ بزووتنەوەکەمان. دەمهەوێ تەئکید بکەمەوە کە بەبێ ناوەندی هاوکاری و هەوڵ و هەڵوێستە بەنرخەکانی، نە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی ئەوە دەبوو کە هەیە، نە کورد ئەو جێگە و پێگەی لە ئێران پەیدا دەکرد و نە ئەو دەنگدانەوە موسبەتە جیهانییەشی بەخۆوە دەبینی. لە تەوەرێکی دیکەی باسەکەشم دا دەپەرژێمە سەر کۆبوونەوەکەی زانستگای جۆرج تاون و بەکورتی لەسەر نێوانی کورد و ئۆپۆزیسیۆن ئێران دەدوێم.

‎ حیزبی دێمۆکرات حیزبێکی لەمێژینە و خاوەن نفووزی تایبەت و جێگەی ڕێزە، بەڵام کوردستان لەسەر هیچ لایەن و حیزب و کەسایەتییەک تاپۆ نەکراوە، هەر وەکوو لەسەر ناوەندیش، بە هەردووکمانەوە، تاپۆ نەکراوە و ئێمەش ناتوانین و نابێ لایەنەکانی دەرەوەی ناوەند نادیدە بگرین. هەموو حیزبێک، لە ناو یان لە دەرەوەی ناوەندیش، بۆی هەیە کە خۆی بە حیزبی هەرە گەورە بزانێ، یان بۆ بوون بە حیزبی هەرە گەورە هەوڵ بدا. رەقابەت لە سیاسەتدا هەمیشە هەیە.  گرینگی ناوەند، جگە لە هەر شتێکی دیکە، لەوە دایە کە ئەو رەقابەتە مودیریەت دەکا، سنوورداری دەکا، ناهێڵێ بگاتە ئاستی لێکترازان، لە چوارچێوەی ئاشتی و تەباییدا دەیهێڵێتەوە، بەرژەوەندە گشتییەکان پڕڕەنگ دەکاتەوە، لە کاتی بەرەنگار بوونەوەی مەترسیی گەورەی دەرەکیدا، وەکوو ئێستای کوردستان، بەرژەوەندی نیشتمانی و نەتەوەیی بەسەر بەرژەوەندی حیزبی و تاکە کەسیدا زاڵ دەکات و هتاد.

‎ناوەندی هاوکاری لە ۲٠۱۷ دامەزرا و هەرچەند بۆخۆشم لە بەرینایی و رادەی چالاکییەکەی رازی نیم و پێم وایە دەیتوانی چالاکتر بێ و کاری گەورەتر و بەرفراوانتر بکا، بەڵام بە هەموو ئەوانەشەوە ناوەند دەسکەوتێکی گەورەی ساڵانی رابوردوومان و کاریگەرترین چەکی دەستمانە بۆ پاراستنی یەکگرتووییمان لە هەمبەر هەموو مەترسییەک کە ڕوومان تێبکا. نەک هەر بارودۆخی ئێگجار هەستیاری سیاسی ئێران و کوردستان پتەو کردنەوەی یەکگرتوویی نێوانمان دەخوازێ، نەک هەر خەڵکەکەمان بەدڵ و بەگیان داوای یەکگرتووییمان لێدەکەن، نەک هەر مەسڵەحەتمان لەوە دایە لەحاست ئۆپۆزیسیۆنی ئێران یەکگرتوو بمێنینەوە، نەک هەر بەرژەوەندمان وەکوو کورد لەوە دایە لەحاست کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بە یەکدەنگ و بە یەکڕەنگ زاهیر بین، بەڵکوو ئەو هەڕەشە و مەترسیانەش کە رژیمی ئێران لە هەرێمی کوردستان بەرەڕوومان دەکاتەوە، بە چەند قات زیاتر یەکگرتووییمان لێ دەخوازن.

‎با لە کەس شاراوە نەبێت کە ئەو هەڕەشانەی لە لایەن ئێرانەوە لە هەرێم لەسەرمانن زۆر جیددین و هەرگیز لەو سی ساڵەدا لەسەرمان نەبوون. تاران بەغدای لەگەڵ خۆی خستووە و هەولێریشی خستۆتە ژێر گوشارەوە و هەڕەشەکانی چڕتر کردۆتەوە. جێی پرسیارە ئایا مەسئوولانەیە ئێستا و لە وەها بارودۆخێکدا ئیحساسات هەڵخڕێنین و دنەی ناکۆکی کۆمەڵە و دێمۆکرات بدەین؟ ئایا بەرپرسانەیە لەم کاتەدا بەگژ ناوەندی هاوکاریدا بچینەوە و داوای  هەڵوەشاندنەوەی بکەین؟

‎ئایا ئەو سیاسەتە هەموومان لە بەرابەر رژیمدا کز و لاواز ناکا و دووکەڵەکەی ناچێتە چاوی هەموومانەوە؟

‎گومان لەوەدا نییە کە تێکدانی یەکڕیزییەک کە ناوەند بەرهەمی هێناوە، دەبێتە هۆی بێهیوایی و دڵساردی لەنێو جەماوەری خەڵکی نێوخۆ، کە هێزی بزوێنەری ئەو شۆڕشەن. ئەوەش بەنۆبەی خۆی و وێڕای هەموو زیانەکانی دیکەی، مەیدان بۆ کاری حیزبیشمان بەرتەسکتر دەکاتەوە. هەر کەس، چ لە کۆمەڵە و چ لە دێمۆکراتدا، وا بزانێ کە لە نەبوونی ناوەند دا کاری حیزبیی خۆی چاتر بۆ دەکرێت و گەشە و پەرەی باشتر بەخۆوە دەبینێت، سەخت بە هەڵە چووە. ئێمە ناتوانین لەلایەکەوە بە گرتنە پێشی سیاسەت و بۆچوونێکی ڕووخێنەر، جەماوەر و بزووتنەوەکەمان بێ هیوا کەین، کز و دڵتەنگیان کەین، ورەیان دابەزێنین، سایکۆلۆژییان بشەمزێنین، لە هەمان کاتدا چاوەڕوانیش بکەین جەماوەر پۆل پۆل و زیاتر لە جاران باوەش بەرەو حیزبەکەمان بکەنەوە. شتی وا ڕوو نادات. تێکدان و هەڵوەشاندنەوەی ناوەند، سەرەڕای زیانی گەورەی بۆ کۆمەڵگا و بۆ سیاسەتی کوردی، زەبرێکی گەورەش لە بنگە و پێگەی حیزبەکانیش دەدا کە تا ساڵەها بەدستیەوە دەناڵێنن. ئەم قسانەم ڕووی لە کەسانێکە کە بەحیسابی خۆشەویستی و تەعەسوبی حیزبی دەکەونە داوی دژایەتی ناوەندی هاوکاری، دەمهەوێ ڕوونی بکەمەوە کە عەمەلکەردی کاری هاوبەشمان لە ناوەندی هاوکاری بە قازانجی هەمووان، بە قازانجی کۆمەڵەش و حیزبی دێمۆکراتیش و تەنانەت بەقازانجی حیزبەکانی دەرەوەی ناوەندیش تەواو بووە، بەستێنیان بۆ کاری حیزبایەتی هەموو لایەک ئامادەتر کردووە و دەروازەی دەرفەتی باشتریان بەڕووی کاری ڕاگەیاندن و ڕێکخستنی هەمووان، کردۆتەوە.

‎کەوابێ، بە هەموو حیسابێک، لە بەرژەوەندی کوردەوە بگرە تا بەرژەوەندی خەبات لەدژی کۆماری ئیسلامی و تا دەگاتە بەرژەوەندی حیزبیش، نەک ناوەند نابێ هەڵوەشێتەوە بەڵکوو دەبێ پتەوتر، فراوانتر و چالاکتر بکرێتەوە. خۆشبەختانە ئەو دەنگەی لە رەهبەریی کۆمەڵە و حیزبی دێمۆکراتیشەوە دەیبیستین، هەر لەو ئاراستەیە دان.

‎ئێستاش با بەکورتی بچینە سەر باسی دانیشتنەکەی زانستگای جۆرج تاون. دەقی پەیامە کورتەکەی من بەفراوانی کەوتۆتە بەر دیدە و گوێچکەی بینەران و بیسەران و هەمووان دەتوانن قەزاوەتی خۆیان بکەن. لە ماوەی ئەو دوو دەقیقە و نیوەدا کە بەدەستمەوە بوو، ئەوەندەی توانیم جێگەی کوردم لە شۆڕشی ژینادا بەرز نرخاند و هەروەها تەسویرێکی گشتیم لەو ئێرانە جیاوازەی کە کوردی دەتوانێ تێدا بژی، واتا دێمۆکراسییەکی کثرتگرا، خستە ڕوو، بەزمانێکیش دەبوو ئەو کارە بکەم کە قایم و پتەو بێ بەڵام زمانی شیروتیریش نەبێت.

‎ئەوە لەبارەی نێوەرۆکی پەیامەکەوە، بەڵام لەوانەیە هێندێک کەس پرسیار بکەن بیانەوێ بزانن ئەسڵەن ئەو کارە چۆن دەستی پێکرد و ئایا بۆچی وەک ناوەند بەشداریمان نەکرد. لە وەڵامدا پێویستە ڕوونی بکەمەوە کە من پتر لە مانگ و نیوێک لەوە پێش و هەر لەگەڵکوو  خۆمیان دەعوەت کرد، مەسەلەکەم لەگەڵ رەهبەریی حدکا هێنایە گۆڕێ و بۆخۆم پێشنیارم بە بەڕێز کاک مستەفای هیجری کرد کە با پێیان بڵێین جەنابیشت دەعوەت بکەن. هەر ئەو کات ئاماژەم بەوەش کرد کە ئەوە پانێلێکی ئاکادێمیک نییە و دەرکەوتنێکی سیاسییە و بەشداربووانیش کێن. ئەگەر وا نەکرا، خەتای من نییە.

‎هەر لەو سەروبەندەشدا، باسی گرووپێکی راگۆڕینەوەیان بۆ کردم و وتیان ئاغای رەزا پەهلەویشی تێدایە و دەعوەتیان کردم. من ئەو پێشنیارەشم هەر ئەو کات لە خزمەت سەرانی ناوەند دا باس کرد و پێشنیاری بەشداریم پێیان کرد. بەداخەوە ئەوەش سەری نەگرت. ئەوە چەندەمین جاریش بوو کە من بۆ نێو کۆڕوکۆمەڵی لەو چەشنە بانگهێشت دەکرام و هەموو جارێکیش لەگەڵ ناوەند باسم دەکرد و چونکە لەسەر شتێک ساغ نەدەبووینەوە، منیش بۆ پاراستنی یەکڕیزیمان پاساوێکم دەهێنایەوە و خۆم لە بەشداری دەپاراست.

‎لەڕاستیدا ئەگەر بەمن بووایە دەبوو هەر سێ چوار مانگ زووتر، ئەو کاتەی شۆڕشەکە لە گەرمەی خۆیدا و کورد لە لووتکەدا بوو، ئەو هەوڵانەمان دابایە. دەبوایە ئێمەی ناوەند زۆر زووتر دەسپێشخەریمان کردبایە بۆ بانگ هێشتن و کۆکردنەوەی ئۆپۆزیسیۆن، هەر لە دۆستانی نزیکمان لە کۆنگرەی نەتەوەکانەوە بگرە تا کۆماریخوازان و مەشرووتەخوازان و حیزب و کەسایەتییەکانی دیکە تا دەگاتە خودی ئاغای  پەهلەویش. دەبوو خۆ بکەین بە خانەخوێ و کۆکەرەوەی هەمووان، بە کاروانێکیش نەکرابایە، بە چەند کاروان. لەو نێوەشدا هاتبایەین ئەو خاڵانەی بۆ کورد پێمان پێویست و بۆ ئەم قۆناغە پێمان مەقدوور بوو لەگەڵیان باسمان بکردایە و هەوڵی چەسپاندنیانمان دابایە. بەداخەوە وا نەکرا.

‎لە هەموو ئەم ماوەیەدا، ئەمن لە هەوڵی خۆم لەپێناو ئەو ئامانجانە، واتا نزیک کردنەوە و وێک خستنی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی لەنێوخۆیاندا و لەگەڵ کورد و هەروەها چەسپاندنی مافەکانی گەلی کورد لەنێو ئەواندا، ڕانەوەستاوم. بێ دەسکەوتیش نەبووم کە دەکرێ دواتر باسی بکەین. مەبەستیشم ئەوە بووە کە کاناڵگەلی پەیوەندی کورد لەگەڵ باقی ئۆپۆزیسیۆن بەکراوەیی ڕاگرم و نەهێڵم کوێر بنەوە و پەرەشی پێ بدەم بۆ ڕۆژی خۆی. لە هیچ مەجلیس و کۆبوونەوەیەکیش نەبووە کە باسی ناوەندی هاوکاری لەگەڵیان نەکەم و داوایان لێ نەکەم پەیوەندی لەگەڵ بگرن، لە هیچ کوێ پاوانخوازیی حیزبیم نەکردووە، بەڵکوو لە ڕوانگەی کورد بەگشتی و ناوەند بەتایبەتی دواوم و هەڵسوکەوتم کردووە. هەمووشیم بەڵگە و شاهید هەیە. گوێشم نەداوەتە ئەوەش کە خەڵکی دیکە وا ناکەن، ئەمن وام کردووە.

‎تەنانەت لە چەندین تینک تانکی ئەمریکایی کە لەم چەند مانگەدا بۆ دانی سێمینار بانگیان کردووم، لە هەموویدا باسی نەقشی کورد لە شۆڕشەکەدا و باسی نەقشی ناوەندم لە بسیج و ڕێکخستنی خەڵکی کوردستان کردووە. دەتوانم دەقی وتارەکانم بە ئینگلیسی بڵاو کەمەوە با هەمووان بیبینن کە من باسی حیزبەکەی خۆمم هەر نەکردووە. دەی خۆ وتووێژەکانم لەگەڵ میدیای فارسی لەم پێنج مانگەشدا لەبەر چاوتانە. ئایا خۆمانە خۆمانەی حیزبی پێوە دەبینن یان بەڕوونی لە روانگەی بەرژەوەندی کوردەوە و بەتایبەتی تریش لە لایەن ناوەندەوە دواوم؟ ئەوانەش تەنیا جوابی بەڕێز کاک برایمی جیهانگیری نییە، بەڵکوو ڕوون کردنەوەیەکە بۆ هەموو ڕای گشتیی کوردستان.

‎با ئەو ڕوونکردنەوەیەش بدەم کە من لەنێو حیزبەکەی خۆشم دا تاکڕۆییم نەکردووە و هەموو هەنگاوەکانم بە راوێژ و تەگبیر و تاوتوێ و موافەقەتی هاوڕێیانی کۆمەڵە بووە. دوای یەکگرتنەوەش لە ئاخرین پلێنۆمدا ڕاپۆرتی تێروتەسەلم داوە و ئەو راپۆرتە و هەروەها پلاتفۆرمی سەبارەت بە سیاسەتمان لەحاست ئۆپۆزیسیۆنی ئێران بەتێکڕای دەنگ پەسەند کراوە. واتا ئەوە تەنیا خەتی من نییە، خەت و سیاسەتی کۆمەڵەیە.

‎هیوادارم بتوانم لە دەرفەتێکی دیکەدا لەسەر ئەو مەرج و داواکارییانەی، بەبڕوای من، لەم قۆناغەدا بۆ کورد گونجاوە لە بەردەم ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی دابنێت و بابەتگەلێکی پەیوەندیداری دیکە، بدوێم.

وەرگیراوە لە لاپەرەی نووسەران لە فەیسبووک 

قادر وریا: لە پێناوی بەهێزتربوونی پێگەی “ناوەندی هاوکاری” و وەئەستۆگرتنی ڕۆڵێکی کاریگەرتر لە دیالۆگ لە گەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانیدا.

لە پەراوێزی نوێترین ڕوونکردنەوەی بەڕێز کاک عەبدوڵلا موهتەدیدا

پێشەکی دەستتخۆشی لە کاک عەبدوڵلا موهتەدی دەکەم هەم بۆ ناوەرۆکی ڕوونکردنەوەکەی، هەم بۆ هەڵسووڕان و تێکۆشانی ئەم چەند مانگەی دوایی.

بە بڕوای من داوا و مەیلی هەڵوەشاندنەوەی ناوەندی هاوکاری جگە لەوەی جیددی نییە، زۆریش نابەرپرسانەیە. ئەو قسانەی بەڕێز موهتەدی لە بارەی دەوری ئێستای ناوەند نووسیوێتی، زۆر دروستن. ناوەند ڕۆڵ و کاریگەریی باشی هەبووە لەم ماوەیەدا و دەبێ گشتگیر بکرێ و دەوری زیاتری هەبێت. ئەگەر کەسێکیش لە ڕەوتی هەڵسووڕانی خۆیدا، هەر خۆمە خۆمە بکا و ناوەند پشتگوێ بخا، زیانی بە گرنگترین دەسکەوتی بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان گەیاندووە. من نامەوێ زۆربەی ئەو خاڵانەی بەڕێز کاک عەوڵا ئاماژەی پێداون و بە دروستیان دەزانم، دووپات کەمەوە. تەنیا گرنگیی یەک خاڵ بیر بەرێزیان و هاوڕێیانی تر لە کۆمەڵە و دیموکرات دێنمەوە و پێشم وایە هەر ئەو خاڵەیه بووە بە هۆی وەڕێکەوتنی مقۆمقۆ و لێکدانەوەی نەخوازراو و ناڕەزایەتی و ڕەخنەی چالاکانی سیاسیی کورد لە گوتاری حیزبەکان.

بەڕێزان! تکایە چ وەک کۆمەڵە و شەخسی کاک عەوڵا و چ وەک حیزبی دیموکڕات و کاک مستەفا هیجری یا کاک خالید عەزیزی، لە کۆڕێک و کۆبوونەوەیەک و دیالۆگێکدا بەشدار مەبن کە ئامادە نین ناوەندی هاوکاری وەک تەڕەفێک قبووڵ بکەن. بە تەنیا بەشداربوونی هەر کامێکتان، زیان بە ناوەندی هاوکاری و متمانەی ئەم دوو هێزە بە یەکتر دەگەیەنێ. جا ئەگەر ئەم بەشداربوونە، لە پەراوێزدابوون و خۆسانسۆڕکردن و بە ڕاشکاوی دەرنەبڕینی داوا و چاوەڕوانییەکانی کورد و نەتەوە بندەستەکانی تریشی لە گەڵدابێ، بەشدارییەکە چەند قات زیانبار دەبێ.

زۆریش لە گەڵ ئەوەدام داوا و چاوەڕوانییەکانی کوردستان لەهەلومەرجی ئێستادا بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی، لە ڕوانگەی ناوەندی هاوکارییەوە، گەڵاڵە و پەسند بکرێن، ناوەند بانگهێشتی حیزب و ڕێکخراوەکانیتری ڕۆژهەڵات بکا بۆ پەیوەستبوون بەم ناوەندە و ناوەندی هاوکاری یا هەر هاوپەیمانەتییەکی کوردی ڕۆژهەڵات، ببێتە چەتری کۆکردنەوەی ئەو هێز و لایەنە ئێرانییانەی لە گەڵ داخوازە ڕەواکانی ئەم شۆڕشە نوێیە بە تایبەتی داخوازە نەتەوەییەکانیدان.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی