ڕۆنیشتنی وڵاتگەلی گرووپی ٧ لە ژاپۆن، یەکێک لەم باسگەلە بوو کە لەناو کورددا، لەژێر باسگەلی سوواوی ڕۆژانەدا، هیچ ئاوڕی لێنەدراوەیە، ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەم ڕۆنیشتنە، لانیکەم لە دوو ڕەهەندەەوە پەی کورد بە گشتی و کوردستانی ڕۆژهەڵات بەتایبەتی گرنگە:
یەک: ناکۆکی لە نێوان ئەم وڵاتەیلە لەسەر پرسگەلی پەیوەندیدار بە ڕۆژهەڵاتی ناڤین.
دوو: ئامادەنەبوونی ئامادە و فەڕانسە پەی دانانی گەمارۆ لەسەر بەشی چەک و تەقەمەنیی ئێران.
هەڵبەت، خاڵێکی ترەگیش هەیە کە گرنگیی تایبەتی هەس کە بریتیە لە هۆشداردان بە چالاکیی سەربازیی چین. لە ئی کۆبوونەوەیەدا، هۆشداری درا بە چین تا “چالاکییە سەربازیەکانی” لە سنووری ئاویی ناوچەکە ڕابگرێت. کە ئەمە هەڵەبوونی ئەم ڕوانگەگەلە دەخاتە ڕوو کە لایوایە چین تەنیا بە شێوەی ئابووری دێتە بەر و هیچ کات چالاکی و دەستێوەردانی سەربازی ناکات و لایان وایە ئەمە خاڵێکی بەهێزە بۆ ئەوەی کە دڵنیا بن لەوەی کە هیچ کات چین ناتوانێ جێگرەوەی ئەمریکا بێت و کارتێکەریی ئەوتۆی هەبێت، لە کاتێکدا دەکرێت بە سازکرانی یەکەم ناوی فڕۆکەهەڵگری خۆماڵیی چین لە 17ی ژوەنی ٢٠٢٢ بە ڕەسمی کەوتە کار، ئەم نیشانەیە دەرکەوت کە چین ئەگەر ئێستاش نەبێ، لە داهاتووی نزیکدا دەستێوەردانی سەربازیش لە وڵاتاندا دەکات.
گرووپی 7 کە ساڵی 1975 دامەزراوە لە وڵاتگەلی ئەمریکا، کانادا، بریتانیا، فەرانسە، ئاڵمان، ئیتالیا، ژاپۆن و یەکێتیی ئەوروپا پێکهاتووە.
لە کۆبوونەوەی ئەمجارەی ئەندامگەلی ئەم گرووپە لە ژاپۆن، گەلێک مژار ورووژاوە کە سەرتۆپی مژارەکانیان چین و ڕووسیە و گەشەسەندنی هێزی ئم دوو وڵاتەیە. باسگەلی ترەگیش وەک: پرسی وزە و سووتەمەنی، زیرەکیی دەستکرد و هەڕەشەکانی سەر ئاسایشی ئینتەرنێت، مژارگەلی ترەگی ئەم ڕۆنیشتنە بوون.
بەڵام ئەوەی کە وەک کورد گرنگی هەیە، لە ڕوانگەی نووسەرەوە دوو باسن کە لە سەرەوە ئاماژەیان پێ دراو و لێرە هەوڵ دەدرێ شیکردنەوەیان لۆ بکردرێت.
یەک: ناکۆکی لە نێوان ئەم وڵاتەیلە لەسەر پرسگەلی پەیوەندیدار بە ڕۆژهەڵاتی ناڤین.
لەدوای شەڕی کەنداو، ئەمریکا و وڵاتگەلی ئورووپایی و ب خاسمانی فەڕانسە و ئاڵمان، لە چەند قۆناخدا لە ئەمریکا دوور کەوتوونەتەوە کە گرنگترینیان شەڕی عێراق و ڕووخاندنی سەدام حسێن بوو کە لە چەندین ڕەهەندەوە کارتێکەری لە بان پرسی کورد و ڕۆژهەڵاتی ناڤین بووگە و دەکرێ بێژین، سەرباقی ئەوەی کە بەشێک لە کورد (باشووری کوردستان) بە نیمچە دەسەڵاتێک گەیشت، پرسی کورد لە پارچەگەلی ترەگی خستە دواوە و بوو بە هۆکاری بەهێزبوونی دەوڵەتەیلی ترەگی ناوچە وەک ئێران و تورکیە. واتا هاوسەنگی لە نێوان هێز لە ناوچەکەی تێکدا و هاوکات ئێران و تورکی لە چەند قۆناخدا لە دوای ڕووخانی سەددام حسێن کرد بە هێزی ناوچەیی و ئەمەش بە واتای بەهێزبوونی ڕووس و چین لە ناوچەکە و لە ئەنجامدا پاشەکشەی بەرەی لیبرالیزم ـە.
ناکۆکیی نێوان ئورووپا (بەتایبەتی ئاڵمان) لەتەک ئەمریکا پەی ڕووخاندنی سەدام حسێن لە شەش خاڵدا بوو کە یەکیان پرسی تێچووی شەڕ بوو کە لە شەڕی کەنداویشدا ئەمریکا تەنیا 7 میلیارد لە 170 میلیارد تێچووی شەڕەکەی دابوو و ئەمەش بە دڵی وڵاتانی ئورووپایی نەبوو، لەوما وڵاتەیلی ئورووپایی نەیاندەخواست لە شەڕی ڕووخاندنی سەدام حسێن ـیشدا، تێچووی زۆر بدەن، دوو: ڕوون نەبوو کە سەدام حسێن مادەی کیمیایی هەیە یان نا. سێ: پرسی کورد و ئەوەی کە ئەمە چ کارتێکەریەکی لەبان پرسی کورد لە پارچەگەلی تر و لە ئەنجامدا تێکچووی شیرازەی ئەم وڵاتگەلە و تێکچوونی ڕێکیی ئەو کاتی ناوچەکە بوو کە ئەمریکا بۆ هیچ کام لە ئەم خاڵگەلە وڵامێکی ئەوتۆی نەبوو، لێ لە ئەنجامدا چوونکوو پنتاگۆن و کۆشکی سپی و بەتایبەتی کۆشکی سپی بڕیاری خۆی دابوو، ئەمانیش بۆ وەدوانەکەوتن لە بەرژەوەندیەکان و هاوکات بۆ ئەوەی کە پشتیوانیی ئەمریکا وەک یەکەم هێزی ئەو کاتی جیهانیان لە دەست نەدابێت و لە داڕشتنەوەی ناوچەکەشدا دەستیان هەبووبێ، لەگەڵ بڕیارەکەی ئەمریکا کەوتن و بەشداری شەڕەکە بوون. بەڵام ئەوە بە واتای کۆک بوونی یەکجارەکی لەتەک یەکتریدا نەبوو و نیە و ئەم ناکۆکیە هەتا نهاژی بەردەوامە کە بە هاتنە سەر کاری ترامپ و تاکڕەویەکانی لە ڕووی سیاسیەوە و گاڵتەجاڕە سیاسیەکانی، زێدەتر پەرەی سەند و دواتر بە هاتنە سەر کاری جۆی بایدن و درێژەپێدان بە سیاسەتگەلی هاوتەریب وەگەرد ترامپ کە درێژەی سیاسەتی ئۆباما بوو، ئەم پێکناکۆکی و ناهاوڕاییەی زێدەتر کرد.
ئەم ناهاوڕاییە کە وەک گوترا لە سەردەمی دانۆڵد ترامپدا گەشەی سەند، لە چەند خاڵدا دیار بوو کە پەی شرۆڤەی ئی باسە، گەرەکە بگەڕێینەوە بۆ سەردانەکانی ئەو کاتی ئانگێلا مێرکل و ئیمانوێل ماکرۆن بۆ ڕووسیە و چین کە ئەمە تەنانەت تا ئاستی هەوڵدان پەی هاوپەیمانەتی لەتەک ڕووس بە دژی ئەمریکا چووە پێش.
لە شەڕی ئۆکراینیشدا هەتا نژا چەند جار لەسەر ناردنی ڕێژەی چەک و چۆڵ پێکەوە ناکۆکیان هەبووگە و پەی نموونە، ئاڵمان سێ جاران بە ناچاری و لەژێر گوشاردا چەکی هەناردووە بۆ ئۆکراین کە پەی نموونە دکارین ئاماژە بە لیۆپارد ۲ بدەین کە ئاڵمان لەژێر گوشار و دوای چەند جار خۆبواردن، ١٨ تانکی شەڕکەری لیۆپارد٢ی بۆ ئۆکراین هەنارد.
دوو: ئامادەنەبوونی ئامادە و فەڕانسە پەی دانانی گەمارۆ لەسەر بەشی چەک و تەقەمەنیی ئێران.
یەکێک لە خاڵگەلی پێکناکۆکیی ئوروپا (ئاڵمان و فەرانسە) و ئەمریکا، گەمارۆ دانان لەبان ئێران بووگە کە وایکردووە ئەمریکا لە زۆرێک لە گەمارۆکان، خۆی یەک لایەنە بڕیار بدات و ئەوە سیستەمی ئابووریی جیهانیە کە ئورووپای ناچار بە هاوڕایی وەگەرد ئێران کردووە.
بەڵام لە ڕۆنیشتن و کۆبونەوەی ئەم ڕایەی وڵاتانی ئەندامی گرووپی ٧، پێکناکۆکیی ئەمریکا و ئورووپا لەمبارەوە بە ڕوونی دیارە. پێکناکۆکیەکە دەگەڕێتەوە بۆ دانانی گەمارۆ لەسەر وڵاتانی فرۆشیاری فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان.
کە چاوێک بەسەر بڕیارگەلی وڵاتانی تاقمی ٧ لەسەر ئێران لە ڕەشنووسی کۆبوونەوەکەدا بگێڕین، ئەم خاڵگەلەمان بەرچاو دەکەوێت:
لە ڕۆنیشتنی 18ی مارسی وڵاتانی تاقمی حەوت و یەکێتیی ئەوروپا، ڕەخنەیان لە “هەڵکشانی بێ وەستان”ـی ئێران لە بەرنامە ناوکیەکەی و بڵاوکردنەوەی چەک بۆ بریکارەکانی چەکداری و ڕووسیە و گرووپگەلی ترەگ گرت. پێشکەوتووترین ئابوورییەکانی جیهان هەروەها داوایان لە حکومەتی ئێران کرد تا کۆتایی بە سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران، ژنان، کچان، کەمینەکان و ڕۆژنامەنووسان بهێنێت.
ئەوان دووپاتیان کردەوە کە، ئێمە ئیرادەی ڕوونی خۆمان دووپات دەکەینەوە کە ئێران هەرگیز نابێت چەکی ناوکی پەرەپێبدات. داوا لە ئێران دەکەین کە هێرشە ناوکیەکان ڕابگرێت. داوا لە ئێران دەکەین بەبێ دواکەوتنی زیاتر ئەرکە یاسایی و بەڵێنە سیاسیەکانی سەبارەت بە بڵاونەبوونەوەی چەکی ناوکی جێبەجێ بکات. ئێمە بە قووڵی لە پەرەسەندنی بێ وەستانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران نیگەرانین کە هیچ پاساوێکی مەدەنی باوەڕپێکراوی نیە و بە شێوەیەکی مەترسیدار لە چالاکیە ڕاستەقینەکانی پەیوەست بە چەک نزیکی دەکاتەوە. ئێمە نمونەگرتنی ئەم دواییەی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوکی وەبیر دێنینەوە کە گەردیلەکانی یۆرانیۆمی ئێران زۆرتر لەسەدا ٨٣.٧ پیتێندراون.
لە ڕەشنووسی پێکەوە ڕۆنیشتنی سەرۆکگەلی ئەم ٧ وڵاتە هاتگە: ” “ئێمە دڵەڕاوکەی گەورەی خۆمان سەبارەت بە بەردەوامیی چالاکیە ناسەقامگیرەکانی ئێران، لەوانەش گواستنەوەی مووشەک، فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان UAVS) ) و تەکنەلۆژیای پەیوەندیدار بۆ ئەکتەرە دەوڵەتی و نادەوڵەتیەکان دەردەبڕین”، تا ئێرە ئەوان هاوڕان، لێ بە گوێرەی ڕاپۆرتی هەواڵدەریە ناودەوڵەتیەکان، ئەمریکا خوازیاری دانانی گەمارۆ لەسەر ئێران و ڕێگری کردن جە فرۆشتنی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و ڕاگواستنی ئەڕا عرووس و حیزبوڵا و ئەسەد بووگە کەچی ئورووپا بە ڕاشکاوی دژایەتی کردووە و ئامادە نەبووگە لەتەک ئەمریکا لە ئی گەمارۆیەدا بەشدار بێت، ئەوە لە کاتێکدایە کە وڵاتگەلی ئورووپایی یەکەم بەرکەوتە و زیان بینیوی شەڕی عرووس و ئۆکراینن کە ئەمە هەم لە باری ئابووریە و هەمژی هەڕەشەی ڕاستەوخۆی سەربازی.
ئەم پێکناکۆکیەی ئەمریکا و ئورووپا لە ئی بارەوە، وادەکات کە کۆبوونەوە سێ ڕۆژیە ٧ قۆڵیەکە لە ژاپۆن بە پاڕانەوە و داواکردنی ئاشتیانە لە ئێران کۆتایی پێ بێ و بێژن: ” پەسەندکراوی ئێمە بۆ چارەسەرکردنی نیگەرانیە نێودەوڵەتیەکان سەبارەت بە بەرنامەی ناوکیی ئێران چارەسەرێکی دیپلۆماسی وەک ڕێگایەکی گونجاو دەبینین و لەو چوارچێوەیەدا، پلانی گشتگیری هاوبەشی کارکردن لە پێشکەشکردنی ئاماژەیەکی بەسوود بەردەوامە و داوا لە ئێران دەکەین تا بە کردەوەی خێرا و کۆنکرێتی پابەندبوونەکانی پاراستن و بەڵێنە ڕاگەیەندراوەکانی خۆی بپارێزێت.”
وەک گوترا، ئەم ٧ وڵاتە نەیانتوانیوە بە کردەوە هاوهەڵوێست بن و ڕێگری لە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان هەناردنی ئێران بۆ عرووس و گرووپە تیرۆریستیەکان بگرن.