لەو باوەڕەدام، بەشێک لە خوێنـەران، بە تایبەتیـش خوێنـەرانی و نووسـەرانی بـواری وێـژەی منـداڵان، نووسـەری بەناوبانگی بولـگاری (ئەنگـێل کرالـیچـیڤ) دەنـاسن و بە کورتە چـیرۆکە خۆشـەکانی بـۆ منـداڵان ئاشـنا بـوونە.
ئەمە کـورتە باسـێکە دەربـارەی کرالـیچـیڤ. کە ماوەیەکی زۆرە لە خەیاڵـمدا بـوو، هـێواداری ئەوە بـووم، کە لە کورتە نووسینێکـدا ئـەم نووسـەرەی وێـژەی منـداڵان بە خوێنـەرانی کوردمـان ئاشـنا بکەم.
(ئەنگێل ئیڤانۆڤ کرالـیچیڤ) نووسەر و وەرگێڕێکی بۆلگارییە، بەڵکو یەکێکە لە هەرە نووسەرە بەناوبگانگەکانی بولگاریا. کە تا ئەمـڕۆش منـداڵانێکی زۆر لە بولـگاریا و لە وڵاتانی جیهـاندا، هـۆگـری خوێنـدنەوەی کورتە چـیرۆکە خەیاڵـییە خۆشەکانـین.
ئەنگـێل کرالـیچـیف. لە رۆژی (٢١/ شـوبات/ ١٩٠٢) لە شارۆچکەی (سـتراژیسـتا) لە دەڤـەری (ڤـێلکۆ تارنـۆڤـا) لە بولگاریا، لە خـێزانێکئ جووتیاری هەژار لەدایک بـووە. دایک و باوکی خەریکی کشتوکاڵ بوون. دایکی ژنێکی نەخوێندەوار بوو. کرالیچیڤ لە تەمەنی هەرزەکاریـدا، لە کشـتوکاڵـدا یارمەتـیی دایـک و باوکی دەدا.
کـرالـیچـیڤ قـوتـابیـیەکی زیـرەک و وریـا بـوو. لە ساڵی (١٩٢١) دا، لە قـوتـابخـانەی ئامادەیی (تارنـۆڤـۆ) دەچـوو. بەڵام بە دەستی هـەژارییەوە دەیناڵانـد. ناچـاربـوو کە بۆ ماوەیەک لە کشـتوکاڵ و لە شارەوانیـدا کاربـکات، بۆ ئـەوەی پـارەی خوێنـدنی زانـکۆ دابیـن بکات.
لە ساڵی (١٩٢٢) دا، لە (بەشی کیمیا) لە زانکۆی (سـۆفـیا) وەرگیرا. بەڵام ئەم بەشە لەگەڵ ئارەزوویـدا نەبـوو. بۆیـە لە سـێـیەم ساڵی خـوێـنـدنـدا، وازی لـەم بەشـە هـێنا.
لە ساڵی (١٩٢٨) دا، بڕوانامەی بەکالۆریـۆسی لە (دیپلـۆماتی) دا، لە (زانکۆی ئازاد) لە (سـۆفـیا) ی پایتەختی بولگاریا وەرگـرت.
كرالیچـیڤ کاتێکی زۆری بۆ خوێنـدنی ئاکادیمی تەرخـان ناکـرد. زۆرتـرین کاتەکانی بە خوێنـدنەوەی پەرتووک بەسەردەبرد. داپیرەشی چەنـدین چیرۆکی خۆشی فـۆلکلۆری و ئەفـسانەیی بۆ گـێڕایەوە. لە دایکیـشییەوە چـەنـدین گـۆرانیی فـۆلکلـۆری فـێربـوو. لە تەمـەنـێکی بچـووکـدا بە فـۆلکلـۆری گەلـەکەی ئاشـنابـوو. هـەر ئـەو چـیرۆکـانەی کە داپیرەی بۆی گێڕایەوە، بوون بە ئیلهام و هەوێنی نووسینی چـیرۆکەکانی بۆ منـداڵان. کرالیچـیڤ خـۆی دەیگـێڕێتەوە و دەڵـێت: تەنیـا دوو پەرتـووک لە ماڵـمانـدا هەبـوون، ئەوانەش (سروودی سلاڤـیکۆڤـا) و (مـێژووی ئەسکەنـدەری مەکـدۆنی) بـوون. ئـەم دوو پەرتووکەشی لە تەمەنی منـداڵیدا لە پەرتـووکفـرۆشـێکی گـەڕۆک کـڕی، کە بە سەبەتە پەرتـووکی بە گـونـدەکانـدا گـڕدەدا. دواتـر ئاشـنای پەرتـووکخـانەی گـشـتی دەبێـت و پەرتووکـێکی زۆر دەخوێنێتەوە.
کرالیچیڤ لە تەمەنی (١٧) ساڵیدا لە ساڵی (١٩١٩) دا بۆ یەکەم جار هـۆنراوەیەیەکی بە ناوی (هـەڵـۆ) وە، لە گۆڤـاری (بـیری قـوتابیان) دا بڵاوکـردەوە.
کرالیچیڤ لە ساڵی (١٩٢٣) دا، یەکەم پەرتووکی بە ناونیشانی (ماونا لوا) کە بریتییە چەنـد هـۆنـراوەیـەکی شـۆڕشگـێـڕانـە، چـاپـیکـردن و بـڵاوی کـردەوە. ئیـلهـامی ئـەم هۆنراوانەشی لە رووداوەکانی ئەیلوولی وڵاتەکەی بۆ هـاتبوون. هـۆنراوەکانیشی نوێ بـوون و بە پێچەوانەی هـۆنـراوە کلاسیکییەکانەوە بـوون. پێش ئەوەی چاپیـان بکات بەشێکیانی لە گۆڤاری (رێـگای نـوێ) دا، بڵاویانی کـردەوە.
کرالیچـیڤ، نووسەرێکی نوێخواز و داهـێنەرێکی رەسەنە. خاوەنی هـونەر و شێوازی نووسینی تایبەت بە خۆیەتی. بە پێچەوانەی نووسەرانی دیکەوە کە بۆ ماوەیەکی زۆر لە گەڕانـدا، بە دوای خۆیـانـدا سەرگـەردان بـوون.
کـرالـیچـیڤ کە پەرتـووکی (رای) بـڵاوکـردەوە، لە لایـەن رەخـنەگـرانی وێـژەییـەوە، پێشوازییـەکی باشـیان لێکـرد. دەکـرێـت ئـەم پەرتـووکەی، بە لـووتکە و بە شاکاری نووسینەکانی کـرالـیچـیڤ هـەژمـاربکـرێـت.
کرالیچیڤ لە ساڵانی (١٩٣٢ ـ١٩٤٤ ) وەک سەرنووسەر و دەرهـێنەر لە رۆژنـامەی (فـێربوونی هاریکاری) دا کاری دەکرد. چەند کارێکی (تـۆڵسـتۆی) و (چـیخـۆف) یشی لە رووسییەوە وەرگـێڕاون بۆ بولـگاری.
ئەو کەسەی جێپەنجە و کاریگەریی لەسەر ژیانی کرالیچـیڤ بەجـێهـێشت، نووسەری بەناوبانگی بولگاری لە بـواری وێـژەی منـداڵان (ران بـۆسـیلک) بوو. کە لەو کاتەدا سەرنووسەری گۆڤـاری (شادی منـداڵان) بوو. بۆسـیلک بە کـرالـیچيڤی وت: پێمـوایە کە دەبیت، بە نووسەرێکی گـەورە و بە تـوانـای بـواری چـیرۆکنووسـین بـۆ منـداڵان. ئـەم هـانـدانـەی بـۆسـیـلک، کاریـگەرییـەکی ئەرێنـیی لە ژیـانی کـرالـیچـیڤ هـەبـوو.
کرالـیچیڤ لە دوای جەنگی جیهـانی دووەمەوە، رووی لە جیهانی چـیرۆکنووسین بۆ منـداڵان کـرد و هـەمـوو توانـایەکی بۆ ئـەم بـوارە بەکـارهـێنا. زیـاتـر لە (٤٠) ساڵ، سەرقـاڵی نووسـینی کورتە چـیرۆک و چـیرۆکی ئەفـسانەیی و رۆمـانی منداڵان بووە.
سوودێکی زۆری لە فـۆلکلـۆری بولگاری و بیانی وەرگرتووە. لە ساڵی (١٩٢٥) دا، یەکەم پەرتووکی رۆمانی بە ناوی (میچـۆ) وە بۆ منداڵان نووسی و چاپیکرد و بڵاوی کـردەوە. سەرجـەم (١٥) پەرتـووکی چـیرۆکی بـۆ منـداڵان چـاپکـردووە. بە شـێوە و شێوازێکی ساکار و ئاسان دایڕشتوون، هەریەکەش لە چـیرۆکەکانی مەبەست و پەنـد وانـەیـەکی جـوانیـان لەخـۆگـرتـوون. چـیرۆکەکـانی بـۆ منـداڵان بـۆ زیـاتـر لە (٥٠) زمـان لە سـەرانسەری جیهـانـدا وەرگـێڕدراون. بە زمـانی کوردیـشەوە. تا ئەمـڕۆش چیرۆکەکانی بەشێکـن لە بابەتەکانی پەرتووکی خوێنـدنەوەی قـوتابخانەی بنەڕەتی لە بولگاریا. چەنـدین نەوەی بولگاریا بەو چـیرۆکانەی کرالیچیڤ، پەروەردە و رۆشـنبیر کراون. بەشێکی زۆری کارەکانی، بریتین لە تێکەڵەیەک لە هـۆنراوە و لە پەخـشان و لە چـیرۆک و دیالـۆگ. بە زۆری بـریتـین لە کـورتە چـیرۆکی ئەنـدێـشەیی.
نووسـەر و وەرگـێڕ و زمـانـزانی لێهـاتـووی ناسراوی کوردمـان، رەوانـشاد مامـۆسـتا (شوکر مستەفـا: ١٩٢٦ـ ٢٠٠٣) چەند چیرۆکێکی هەڵبژاردەی ئەنگـێل کرالیچـیڤی لە زمانی تورکییەوە وەرگـێڕاوە بۆ سەر زمانی کوردی و لە پەرتووکێکدا چاپی کردوون. دووان لەو چـیرۆکانە (گـوێـدرێـژ و مـەرگ) و (ئامـۆژگـاریی گـوێـدرێـژ) ن.
ئەنگـێل کرالـیچـیف دەڵـێت:”ئـەوەم بە خەیاڵـدا دێـت، کە ژیـانی خەڵکی بەبێ منـداڵ و بەبێ هـۆنـراوە، چەنـد خەمـناك و مـات دەبـوو”.
ئەنگیل کرالیچیڤ، خاتوو (ڤیلا شـیڤا) ی ناسی، کە کچە ئەکتەرێکی شانۆیی بەناوبانگ بوو. لە شانۆی نیشتمانی بولگاری لە شاری سۆفیا کاری دەکرد. ڤـيلا زۆر بەهـرەمەند بوو، هـەودارانێکی زۆری هەبوو. نیازی ئەوەی نەبوو کە هاوسەرگیری بکات، بەڵکو نیازی وابـوو کە بە تەواوی هەموو ژیانی خۆی بۆ شانۆ تەرخان بکات. بەڵام دایکی و هـەردوو خوشکەکەی ئەم نیازەیان پێ باش نەبـوو. بە رێکەوت دیـدارێکیان لە نێـوان کرالـیچیڤ و ڤـيلا رێکخـست. بەم شێوەیە خۆشەویستی لە نێوان ئەم نووسـەرە و ئەم هـونەرمەنـدە ئەکتـەرەدا دەسـتی پـێکـرد. ڤـیلا شـیـڤـا خـانمە ئەکـتەرێکی جـێی رێـز و خۆشەویستی و سەرنجڕاکێشانی زۆر لە بینەرانی بوو. ئەمەش وایکرد کە کرالـیچـیڤ ئیـرەیی پێ ببـات و غـیرەش لـە هـەوادارانی بـکات. هـێـنـدە ئیـرەیی بـە ڤـيلا شـیـڤـای خـوشەویستی برد. نەیدەویست هـاندەرەکانی لێی نـزیک ببنەوە. ڤـيلای خـستە بەردەم یەکێک لەم دوو هەڵبـژاردە: یا کرالیچـیڤ یان پیـشەکەی هەڵـبژێـرێت. کاتێک کە ڤـیلا شـیڤـا ویستبووی پیـشەکەی هـەڵـبژێـرێت، کـرالـیـچـیڤ لە بەردەم شانـۆی نیشـتمانی بولگاری لە سۆفیادا، فیشەکێک بە سنگی خۆیەوە دەنێت. خۆشبەختانە فیشەکەکە بەر دڵی نەکەوت و لەژێر پێستیدا جێگـیربوو. لە نەخۆشخانە بۆیان دەرهـێنا و چاکـبۆوە.
ڤـێلا بە تەواوی کـرالـیچـیڤی هەڵـبژارد و کاری شانۆیی وەکو پاشخوانێک بوو. دوای ساڵێک هاوسەر گیرییان کرد، تا مردن پێکەوە ژیان. بەڵام ژیانی ئەم ژن و مـێردە بە هـێچ شـێوەیەک ئاسـان نەبـوو. رەنگـدانەوەی ئەمـەش لە تێبینیـیە خەمـناکەکانی ناو بەرهـەمەکانی کرالـیچـیـڤ دا، رەنگـیداوەتەوە و هەستی پێـدەکرێـت.
کـرالـیچـیڤ لە سـاڵی (١٩٢٩) دا، بۆ پەرتـووکی (جـیهـانی چـیرۆکەکـان) لە لایـەن (ئەنجوومەنی نێودەوڵەتی بۆ وێـژەی منـداڵان و لاوان) مەدالیای زێـڕ و بڕوانـامەی دیپـلـۆمی (خـەڵاتی هـانـز کریستـیان ئەنـدەرسـین) یان پێـبەخـشی.
ئەنـگـێل کـرالـیچـیڤ، لە رۆژی (١٤/ دێسـەمبـەر/ ١٩٧٢) لە شـاری (سـۆفـیا) لە بولـگاریا کـۆچی دوایی کـرد.
ئەمانە ناوی بەشێک لە چـیرۆکەکانی کرالـیچـیـڤـن بۆ منـداڵان: شایەک بە گوێیـەکانی گوێدرێژەوە، درۆکان قاچەکانیان کورتن، شوانەکە و ژنەکەی، گورگ و قوربانییەکانی، ئەو کـوڕەی ویستی هەمـوو شتێک بـزانێـت، ئەنجـوومەنی کەران، داپیرە و ورچـەکە، دوو بـرای قـارەمـان، کچـە زێـڕینەکە، پاسـەوانی دڵسـۆز، شـێر و رێـوی، گوێـدرێـژ و مـەرگ، خوشک و بـرا، گـورگ گـورگە، کـۆتـایی جـیهـان، خـەونی گـۆچـان،… هـتد.
ئەم کورتە چـیرۆکەی ئەنگـێل کرالیچـیڤ بە ناونیشانی (دارسـتان و تەورەکان) وەک نموونەیەک لە چیرۆکەکانی لە زمانی نەرویجـییەوە وەرمگێرایە سەر زمانی کوردی.
دارسـتان و تەورەکـان
لـۆرییەکی پـڕ لە تەوری تـازە، کە تازە لە کارگەدا دروست کـرابـوون. لەسەر رێگای نـاو دارسـتانـەکەدا وەسـتا. دارە بـچـووکەکـان، کە بـە درێـژایی رێـگاکە لە ئەمبـەر و ئەوبەرەوە رووابـوون، زۆر ترسـان و لەرزیـان لـێهـات. گەڵاکانیان کەوتنە جـووڵـە و بە چـرپە لەگـەڵ یەکـتریـدا دەدوان.
پیـرە داربەڕوویەکی ئەستوور و بەرز (کە لە ناوەڕاستی دارسـتانەکەدا بوو) پـرسی: چی روویـداوە؟
دارەکـان وەڵامیـان دایـەوە: کـۆتـاییـمان هـاتـووە.
داربـەڕووەکە: بـۆچی؟!
دارەکـان: چونکە تەورەکـان گەیـشـتـنە نـاو دارســتانەکە.
داربەڕووەکە، داوای لێکـردن: باش سەیریان بکەن.. ئایا هـیچ لە ئێمەیان لەگەڵـدایە؟
دارەکـان: نەخـێر.. هـیچ دارێکـیان لەگەڵـدا نییـە.
داربـەڕووەکـە: کـەوابێـت مەتـرسـن. گـەر هـیچ دارێکـیان لەگـەڵـدا نەبـێـت، هـیچـیان پێناکرێت و ناتوانن لقیکیشتان لێ هەڵپاچن. ترسەکە لەوەدایە گەر کلکی تەورەکان لە ئێـمـەی داربێـت.
مەبەستی ئەم چیرۆکە رێک ئەو پەنـدە کوردییەمانە:” دار دەڵـێت: ئەگەر تـەور کلکی لە خـۆم نەبـوایە نـەی دەبـڕیمـەوە”. واتـا ئەگـەر کەسانی هـاونەتـەوەکـەت یارمـەتیی دوژمـن نـەدەن و نەبنـە چاوسـاغـیان، دوژمـن ناتـوانێـت بە کـامی خـۆی بـگات.
(*) بۆ نووسینی ئەم باسە سوودم لە چەند سایتێکی ئینگلیزی و نەرویجی وەرگرتووە.