پێش ئەوەی ھەر شتێ بین، دەبێ کورد بین
ئاڵای سووری کوردایەتی
ژمارە حەوت / خەرمانانی ٢٥٩٣ ئابی ١٩٨١
ناواخنی ئەم ژمارە بە ٩ بابەتی ھەمەجۆر ڕازاوەتەوە..
سەرنجێکی ورد کە لە مێژووی ئەم گۆڤارەدا جێی بایەخە، بریتییە لەوەی کەوا سەرباری ئەو ھەموو سەختی و گرفتانەی ئەو ڕۆژانەی خەباتی چەکداری و ناکۆکی نێوخۆیی کەچی گۆڤاری (ئاڵای سووری کوردایەتی) وەک بڵێی نووسینگەی لە پایتەختێکی ئارامدایە و بەدەیان رۆژنامەنووس و ھەواڵنێری ھەیە و گفتی جەنتڵمانانەی بە خوێنەرانی داوە، لە کات و ساتی دیاریکراویدا مانگانە بە ڕێکوپێکی دەردەچێت.. گرنگی و بەھای ئەم لایەنە سەرنجی لێ بگیرێ لەھەر ڕەھەندێکی مێژوویی و رۆشنبیریی و تەکنیکی و پەرۆشییەوە، ھەر زیاتر دەدرەوشێتەوە..
شیعرێکی ع. پەشێو کە پڕە لە ھیوا و بڕوا بە خەبات و ئاسۆی دوارۆژێکی گەشت تر ، لەبەرئەوەی منداڵانیش یاری بە بووکەشووشە ناکەن، بەڵکوو لە کەرەسەی بووکەشووشە تفەنگ دروست دەکەن بۆ بەدەستھێنانی ئازادی… بەڵێ شیعری پەشێو بەم مانا و ناوەڕۆکەوە ئەم جارەش دەبێتە کلیلی کردنەوەی نووسین و لاپەڕەکانی ئاڵای سووری کوردایەتی..شیعری ( سەردەکەوین)!…
سەروتار، بە تایتڵێک ڕازاوەتەوە، ھەڵگریی ھەموو مانا و مەبەستەکانە. ھەروەک ئەوەی بۆ خۆی قسە دەکات و خوێنەریش لێی تێدەگات و چێژی لێ وەردەگرێ.ئاخر روون و زەلالە و جگەلەوەی وتارەکە لە ھەناوی مێژوودا کار دەکات، ھەمان کات وانە و پرنسیپێکیش پێشکەش دەکات!..[[ پەیمانی سیڤەر ئەوەمان فێر دەکات” ھەق ئەگەر کوتەکی لە پشتەوە نەبێت دەچەمێتەوە”]]..
بەداخەوە بەدرێژایی مێژوو رووداوگەلێکمان بەرچاو دەکەوی، ھێز زاڵە بەسەر ھەق و دادپەروەریی و راستی دا.. وەک مەسەلەی ھەق دۆزی کورد بۆخۆی یەکپارچە ھەق و ڕەوایە، بەڵام نەتەوەی کورد خاوەن ھیزی پێویست نییە، بتوانێ داکۆکی پێ لە ھەقەکەی خۆی بکات، لەڤەرئەوەیە وا خەریکە لە ناھەقیدا لەناوی دەبەن..ڕەنگە زۆربەی گەلانی دنیا مافی بڕیاری چارەنووس بۆ کورد بە ھەق و ڕەوا بزانن، بەڵام سیستەمی جیھانی ئەھریمەن ئەو ھەق و دەسەڵاتەی ناداتێ!.. لەزۆر کایە و بواری دیکەشدا ھێز و دەسەڵات جێی بە ھەق و ڕاستی لەق کردووە.. بەداخەوە ھێز چارەنووس دیاری دەکات، نەک مافی ڕەوا و ھەق و دروستی!… لەگەڵ ئەوەشدا وەکوتراوە:” واز لە ھەق مەھێنە ! لەبەرئەوەی کەوازت لێھێنا، ئەوە بۆ ناھەقی بەجێ دێڵی”. بەڵێ ئەوە گرنگی و بەھای ھەقە و ھەر بۆیەشە ئەگەر لەگۆشەنیگایەکی گەورەترەوە لە جیھان بڕوانین ، دەبین ناھەقی پانتاییەکی زۆری لەسەر نەخشەی جیھان و چارەنووسی مرۆڤایەتی داگیر کردووە!!.. داکۆکیکارانی ھەقیش ئیمڕۆ زیاتر کۆک و تەبا و ھەرەوەزی دەکەن و سەنگ و قورسایی نێوچەیی و جیھانییان ھەیە، دەستبەرداری ھێنانەدی ئاواتەکانیان نابن!..
لە دنیای ئەمڕۆشدا ھێز واتە دەوڵەت! بێدەوڵەتی دیسان دەبێتەوە کارەسات و قوربانی گەورەی لێ دەکەوێتەوە.. ئێستا کورد قوربانی دەستی ھێزە و ھەتیوی نێو مێژووی مرۆڤایەتییە!..
[[ڕازێکی کوردانە]] کە بابەتێکی ھەمیشە ئامادەی ژمارەکانی ئاڵایە، بە ا[[ پێشنیارێک]].. روومان لێ دەنێ و دەنووسێ:[[
حیزب دەتوانێ پێشەنگ و پێشڕەوی خەباتی جەماوەر بێت بەڵام نابێتە جێگرەوەی. جەماوەر و دەفری ھیچ حیزبێک ھێندە فراوان نییە ھەموو جەماوەر بگرێتە خۆی و بیری ھیچ حیزبێک ھێندە بێ سنوور و لەبەر کشاوە نییە ھەموو بیروڕاکان لە خۆی گرێ و بەرژەوەندیتەکانی چینە جۆربەجۆرە زەحمەتکێشە شۆڕشگێڕ و دڵسۆزەکانی کۆمەڵگای لەوە بەرفراونتر و ئاڵۆزتر و لێک نەچووترە کە تاکە حیزبێک بتوانێ لەنگەر گری پێ بکات]]..
ئەقڵێتێکی تەسکی حیزبی و خەیاڵێکی سەرمەستانە بە ئایدۆلۆژی لە وڵاتی ئێمەدا باوە، ھەر دەستە و تاقمو رێکخراو و حیزبێ دەیەوێ ملیۆنەھا تاکی کورد لەخۆیدا کۆبکاتەوە و بەواتایەکی تر نادیدانە خۆی بەنوێنەری سەراپای ھەموو نەتەوەی کورد دادەنێ.. ئەمەش جگە لەوەی ناواقعێتی و گومڕاییە، ھاوکات دەردێکە مرۆڤ بە ھەڵەی سەیردا دەبات.. لەخۆبایی بوون و عەنتەریاتی لێ دەکەوێتەوە و ھەڵەی کوشندەی پێ دەکات و نائومیدی لێ دەچنێتەوە!! .. بەتایبەت لەسەردەمی شۆڕش و خەباتی رزگاری دا.. سارتەر دەڵێ:” من دەسەڵاتم بەسەر ئەو تاکەدا نامێنێت کە دەرک بە ئازادی خۆی دەکات”.. ھوشیاری بە ئازادی ، مایەی رزگارییە لە بندەستی و رێگریی لە دادۆشین و فریودان.. بەشێک لە حیزبایەتیش بریتییە لە قاڵب دان و زاتکوێرکردن و بزرکردنی ھەقیقەت و بەکارھێنان و دادۆشین!.. محەمەد حسین ھەیکەل دەڵێ:” گرنگ نییە مرۆڤێکی سیاسیی بیت یان نا، بەڵکوو گرنگ ئەوەیە ئەو کەسانەی سیاسین دەبێت ھوشیار بن”. ئەم جۆرەھوشیارییە لەنێو کورددا داواکاری لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی باڵای نەتەوەیە لەسەروو ھی حیزب و کەسەوە!..
ھەموو ئەو ڕۆژە سەختانەمان لە یادە کە دروشم و نەعرەتەی حاکمی: ئێمە گۆڕەپان و پارتی تاقانەی پێشڕەو و حیزبی گەلین، ماڵکاولی بەسەرماندا ھێنا.. لە ورارەژەدا ھاتووە
داوا دەکەین [[ سەرکردایەتی بەڕێوەبەری شۆڕشی میللی کورد” وەکو دەزگایەکی بەڕێوەبردنی شۆڕش لە – یەکگرتنی دڵسۆزانی کورد- بۆ بەڕێوەبردن و چاودێری و بەئەنجام گەیاندنی شۆڕشی میللی دابمەزرێ]]..
ئەم پێشنیازەش لە چرکەساتە مێژووییەدا بایەخی نەتەوەیی و مێژوویی و سیاسی و حیزبیشی ھەیە!.
[[پرۆگرامی شۆڕشی میللی]].. بەتێروتەسەلی شەنوکەوی پرۆگرامەکە کراوە و بەگیانێکی کوردانە و بەرپرسانەوە، وەک پرۆژەیەک بۆ دیالۆک پێشکەش کراوە بە گشت لایەنەکان و رۆشنبیران و خەمخۆرانی کورد !…
{{ لە کەلەپووری شۆڕشگێڕمان]]
دوو شیعری ناوەڕۆک دەوڵەمەند و پڕ لە مانای شیعریی و ھونەری بەرز بڵاوکراونەتەوە ، بێ ئەوەی ناوی خاوەنەکانییان نووسرا بێت. ئێمە لێرەدا یەکێکیان دەخەینە بەرچاوتان، کە نمایشتی حاڵی کورد دەکات..
لەبەھاری نەھاتوو!!
لاوە دۆمێک بووە مێردی دوو ژنە
یەک ناوی: نازێ ،ئەویتر : شنە
زستان بوو.. دەیگووت: ئەمساڵ بەھارێ
دوو کەوان دەگرم بۆ شنە و نارێ
بوو بەشەڕە ژن لەسەر کەوی نێر
ئەو دەیگووت بۆ من، ئەم ئەیووت نەخێر
یەکتریان شێلا بە پێلەقە و پێ
ھاواریان دەکرد زار و زیچی دێ
نە بەھار ھەیە و نە کەو گیراوە
قژی دۆمە ژن گشتی ڕناوە!!
زۆر لاوە کوردیش وەک ژنی لاوە
شەڕیانە و ھێشتا کەو بە چیاوە!!
[[قوتابخانەی پاسۆک]] وانەی حەوتەم [[خۆشەویستی کوردانە]]…
وتارێکی سیاسی لەفۆڕمی پەخشاندا نووسراوە، باس لەخۆشەویستی نیشتمان دەکات لە لای گەلانی دنیا دێتە سەر خۆشەویستی ھاوبیرانی پاسۆک بۆ کوردستان و دەنووسێ” خۆشەویستی ئێمە بۆ کوردستان، خۆشەویستییە بۆ بوون و سرووشت، خۆشەویستییە بۆ سەرچاوەی ژیانی مرۆڤ کە نیشتمانە”..
جارێکی تریش شیعرێک لە کۆتایی وتاری سەرێ” خۆشەویستی کوردانەدا” ھاتووە.. بێ ئەوەی ناوی شاعیری نووسرا بێت!..
ئەوینی گەورە
چی زۆر بەنرخە و من شکی ئەبەم«»نیشتمان بە دڵ پێشکەشتی ئەکەم
من ئەوینی وام بۆت کەوتۆتە دڵ«»ئاوەڵمە کاتێ دەشکەومە ژێر گڵ
ئەوینی ھەرگیز ناکا پرسیار«»تاقی کەرەوە جارێک نا سەد جار
ئەوینی ھەرچی تۆ بڵێی دەوێری «»زوو ئامادەیە نرخی بژمێرێ
ئەوینێک ھەرچی ھەستی زۆر و کەم«»دەڵێ ئامادەم قوربانتی دەکەم
لە کوردستان ھیج رۆژێ بێ بانگدان بەسەر جەماوەردا تێناپەڕێ و ئاڵاش ھیچ ژمارەیەکی بێ [[ بانگێ لە سەنگەری پاسۆکەوە]] دەرناکات… جا خوێنەر دەبێ چاوەڕێی چی بێت… پاسۆک بێت بیەوێ بانگ بۆ جەماوەر بدات!.. دەبێ چ بانگێ بێ و جەماوەر چاوەڕێی چ بێت لێی؟!…
بانگەکە پەخشانێکی چڕوبەپێزی دیالۆکئاسایە و دیسانەوە ئاڕاستەی ناوخۆی کورد کراوە:
[[من ڕۆڵەی میللەتێکی چەوساوەی ژێردەستەم دوژمنان و داگیرکەرانمان ژیانمان پێ ڕەوا نابینن دەیانەوێ لە چۆکدادانی خزمەتکاری ئەواندس بژین و بمرین دەیانەوێ وەکو ئاژەڵێک دامان دۆشن و بارمان کەن..ئەوان ڕقیان لە ناوی کورد لە بوونی کورد چاویان ھەتا بەو چەند پیتەی ناوە ڕووتەکەی کوردستانیشدا ھەڵنایەت.. ئەمە حاڵ و باری میللەتەکەم بێت، من بۆ مردن لە پێناوی گێڕانەوە و سەندنەوەی بوون و کەرامەتی مرۆڤانەی کوردیدا نەبێت بۆچی چاکم؟!]]..
دوو شیعر ناویان لەسەر نەنووسراوە! یەکێکیان نەناسراوە ئەوی دیکەیان ھی کامیل ژیرە..
[[شادەمارە سەرەتاکانمان]].. ئەو زنجیرە دروشم و بنەما فیکرییانەن کە ناسنامەت پاسۆک لە خۆ دەگرن و پاسۆک لە پێناویدا تێدەکۆشێ..[[ ڕێز لە ھەموو یارمەتی و کۆمەکێکی خێرخوایانە دەنێیین کە پێشکەس بە کورد بکرێ، لە ھەر لایەکەوەبێت بە مەرجێ سەربەستی و سەربەخۆیی کوردی تێدا نەکەوێتە مەترسییەوە]]..
ئەو پریسنیپەی ئەزموونی گەلان بەدیاری خستووەو نەخشاندوویەتی، ھیچ شۆڕش و خەباتێکی ڕزگاری میللەتێک بێ کۆمەک و پشتیوانی دەرەکی سەرکەوتوو نابێت.. لە شۆڕشی ئەمەریکاوە تا دەگاتە ڤێتنام! شۆڕشی فەرەنسی و ئەڵمانی ئاوارتەن، چونکە پەرچەکرداری داگیرکاری نەبوون!…
ئەو پرسیارەی لێرەدا پێویستە بکرێ سەرچاوەی کۆمەک و ھاوکاریی چەند خاوێن و بێ مەبەستە! ئەمە خاڵێکی گەوھەرییە، بەتایبەتی بۆ دۆخێکی ناھەمواری سەختی ھەڵکەوتووی جیوپۆلەتیکێکی دژواری وەک کورد لەنێو چوار داگیرکەری دڕندە و دواکەوتوودا!..
کوردی باشوور لە کێ و لە کوێوە دەستی دەگاتە ھاوکاری و پشتیوانی دەرەکی! ھی رۆژھەڵات و رۆژئاوا و باکوور کە دۆخی باشترە، چونکە ئەرمینیا و یۆنان و قوبرسی وەک دوژمنی کلاسیکی لە تورکیاوە نزیکە!.. بەڵام دیسان سەختە!..
کەواتە بە حوکمی مێژوو کورد راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ ئەگەر پەیوەندییەک لەگەڵ داگیرکەری بەشێکی تری وڵاتەکەیدا پێک بھێنێ! دەبێ لەسەر چ بنەمایەک بێت و چ میکانیزمێ ھەڵیسووڕێنێ و چۆن و لەسەر ھەژماری چ مەرامێک بێت…
گومانی تێدا نییە و بەڵگەنەویستە، کەوا داگیرکەر ھەرگیز رێگەنادات کورد ھێندە سەربزێوی بکات، مەترسی بۆ خۆی لێ بکەوێتەوە!.. ھەر نەبێ بەشێک لە کورد لەژێر چنگی خۆیدایەو بڕیاری داوە بەبندەستی بیانھێڵێتەوە و ھەر بزاڤێک بکەن سەرکوتیان بکات!.. ئیدی ھاوکێشەکە زۆر ئاڵۆزە و خوێندنەوە و زرنگی ورد و بەدیقەتی گەرەکە!..
[ماڵاوا].. ئەم جارە بابەتەکە لە سەر ڕۆڵی پرسنیپێکی سیاسی دەوەستێ و گرنگی پێدەدات ولەسەری دەدوێ[ڕەوشتی سیاسی]..
ئەم بابەتە لە کاتەی زانستیشدا دەخرێتە پاڵ سیاسەت و سیاسەتی بێ مۆڕاڵ ، ھەمیشە دڕندەیی و ڕەفتاری قێزەون و نامرۆڤانەی لێ کەوتۆتەوە.. دەتوانین سیاسەتێ بە تەندروست دانرێ، کە بەھا و رەوشتی سیاسی تێدا بزر نەبووبێ..
وتراوە لە سیاسەتدا ڕەوشت نییە! یاخود سیاسەتی بێ مۆڕاڵ دڕەندەییە!! ئەم خاڵە باسوخواستێکە قسەی زۆری لەسەر کراوە.
تا خوێندنەوە بۆ ژمارەی داھاتوو منیش دەڵێم: ماڵئاوا…
<><><>
تێبینی: لەم ژمارە بەدواوە بەپێی توانا پۆستەر یان وێنەی پۆلێک لە شەهیدانی پاسۆک بەرودوا بڵاو دەکەمەوە ، چونکە بێ ناو و خەباتی ئەم پۆلە شەهیدە، ناو و مێژووی پاسۆکیش نابێت!…
هیوادارم خۆم یان هاوبیرێ ئەمە بکاتە پرۆژەیەکی سەربەخۆی تێروتەسەل لە ژیان و خەباتی هاوبیران و چاپ و بڵاو بکرێتەوە!…