ئەو ڕاپەرینە و ئەو هەموو ناڕەزایەتیە کە ئێستا لە ئێران بە گشتی و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی هەیە، ئایا دەتوانین ناوی شۆڕشی ژینای لێبنێن؟ من پێم وایە بەڵێ دەتوانین بێژین ئەو شۆڕشە وەک،
” شۆڕشی ژینا و دروشمی ژن- ژیان- ئازادی” بۆ ناڕەزاییی دەربڕین بەرانبەر بە ناڕەوا کوژرانی ژینا بە دەستی كاربەدەستانی ڕژیمی ئیسلامیی ئێران، و بە پشت بەستن بە ئەزموونی ساڵانێک خەبات و تێکۆشان بەرانبەر بە سەرکوت و پێشێلكردنی مافەكانی ژنان بە دەستی ئەو حکوومەتە جینایەتکارە ئەو شۆڕشە دەستی پێ کرد. کەواتە پێشەکی بۆ سەلماندنی ئەوەی کە ئەو ناڕزایەتیانە دەچنە ناو چوارچێوەی شۆڕشەوە. ژنانی كوردیش لەو شۆڕشە بێبەش نەبوون كە بەداخەوە بە درێژایی مێژوو ئێمە کورد بە گشتی و ژنانی کورد بە تایبەت ئەو ئازادییەمان لێ زەوت کراوە. ژنان لە ئێران ساڵهایە لە سەرەتاییترین مافەکانیان بێبەشن و بە هەموو شێوەیەک سەرکوت ئەكرێن . ژنان لە کوردستان تەنها لەبەر ڕەگەزیان تووشی هەڵاواردن نەبوون و بەڵکوو بەردەوام تووشی ستەمی نەتەوەییش بوون، کە هەموو ئەوانەش کاریگەرییان لەسەر دۆخی ژیانی ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتیی ژندا هەبووە و هەیە، تەنانەت لەسەر هەست و کەسایەتیشیان وەک مرۆڤێک کاریگەریان هەبووە. بەڵام ژنان لە بەرانبەر ئەو كردەوە نامرۆڤانەی ئەو ڕژیمە، ئەزموونی ئەو خەباتە هەمیشەییە ژنانی کورد بەرانبەر بە هەموو ئەو زوڵمانە، بەرزبوونەوەی ئاستی ڕۆشنبیریان و ئاشنابوونی زیاتریان بە مافەکانیان، بوێرانە هاتنە ڕیزی پێشەوەی خەبات و بێدەنگیان شکاند. ژنان هەر لە رۆژی ناشتنی تەرمی ژینا لە گۆڕستانی شاری سەقز لە چوارچێوەی شۆڕشێک بە ناوی ”شۆڕشی ژینا و بە دروشمی ژن ژیان ئازادی” لەچکەکانیان فڕێ دا و دەنگی نارەزایەتیان هەڵبری. ئەو بێدەنگی شکاندنەی ژنانی کورد بووە بە چەخماخەیەک بۆ ناڕەزایەتییەکانی هەموو چین و توێژەکان و هەموو ستەملێکراوەکان لە سەراسەری ئێراندا. لە ڕاستیدا ژنانی کورد و بزوتنەوەكە بوونە چرای ڕێنوێنی ئەم شۆڕشە. بوونی ژنان بە ویستی پێشکەوتووانەوە کاریگەری لەسەر ناوەرۆکی شۆڕشەکە و دروشمەکان و داواکارییەکان دانا، بۆیە زۆر جار باس لەوە ئەكرێ کە ڕاپەڕینی ئەم جارە شۆڕشێکی زۆر بێ وێنەیە و بە دڵنیایەوە هەتا ڕووخانی ڕژیمی كۆنەپەرەستی ئیسلامی ئێران بەردەوام ئەبێت، ئەگەر بەرزو و نزمیشی هەبێت.
ئەكرێ داواکاری و بنەماکانی ئەو شۆڕشە بە مانای یەکلاکەرەوەی خۆی وەک ئامرازێک بۆ گۆڕینی بناغەی سیستەمی ڕژیمی ئیسلامی ئێران و تێکشەکاندنی دەسەڵاتدارانی ئەو ڕژیمە لە قەڵەم بدرێت. شۆڕشە گەورەکان ئەو شۆڕشانەن کە گۆڕانکاریی بنەڕەتیان لە حوکمڕانی و پێکهاتەی کۆمەڵایەتی وڵاتێک یان کۆمەڵگەیەکدا پێکهێناوە. بەدڵنیایەوە شۆڕشی ژیناش یەکێکە لەو شۆڕشە گەورانەیە کە هەموو جیهان باسی ئەكات و بەهیوای زوو گەیشتن بە لوتکەی ئامانجەکانی.
ئەگەر لەم شۆڕشە یان هەر شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی و کولتووریدا لایەنەکان و تاکەکانی بەشدار تەنیا هەوڵەکەیان ئەوە بێت کە ببنە خاوەنی دروشمەکان و ناویان دەرکەوێ و نەتوانن لەتەك ناوەرۆكی شۆڕشەکەدا بێنەوە و هەوڵ بۆ ڕادیكاڵ کردنەوە و پێشکەتووترکردنی شۆڕشەكە و دروشمەکانی بدەن لە کۆتاییدا هەم شۆڕشەکە لەبواری کاتەوە وەدواوە ئەكەوێت و هەم تاک و لایەنەکان قازانجێکی لێ ناکەن. نابێ بیرمان بچێ هیچ کەس بە بیری باوکسالاری ناتوانێ خۆی بکاتە خاوەنی ئەو شۆڕشە چونکە دروشم و خواستەکانی ئەم بزووتنەوەیە لەتەك فیکری ئەو کەسانە نایەتەوە کە هەڵگری بیری سەپێندراوی باوک یان پیاوسالاری بن. لە ڕاستیدا هەر تاک و لایەنێک هەوڵ بۆ خۆ بە خاوەنکردن و داگیرکردنی شۆڕشەکە بدا، بێگومان هەڵگری بیری تایبەتمەندییەکانی سیستەمی پیاو سالاریە بۆیە تێگەیشتن لە ناوەرۆکی دروشمەکە یەکەمین هەنگاوە کە هەموو تاک و لایەنەکان ئەبێ هەڵیگرن.
ئەم شۆڕشە، بزووتنەوەیەکی گشتیە و ژنانێکی چالاک، کارامە و شوێندانەر ئەتوانن تێدا دەرکەون کە خاوەنی هزر، جەستە و بڕیاری خۆیان بن و بیسەلمێنن کە هەڵگری ئەو پێناسەیە نین کە کۆمەڵگەی باوک / پیاوسالار بە درێژاییی مێژوو بۆیانی دیاری کردووە. هەموو کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوو پێویستی بە توانای گشت تاکەکان هەیە و تاکی کۆیلە و ژێردەستە ناتوانێ بۆ گەشەدان بە کۆمەڵگە کارتێکەری هەبێت. ئەم شۆڕشە هەوڵێکی هەمەلایەنەیە، بۆ لەناوبردنی سیستمێکی دژی نەتەوەیی وەک ڕژیمی ئیسلامی ئێرانی داگیرکەر کە مافی مرۆڤ بە گشتی و مافی ژنان و کەمینەکانی بە تایبەت نەپاراستووە، حکوومەتێک کە تا سەر ئێسقان هەڵگری بیری پیاوسالاری و دژی مافی مرۆڤ بووە. ئەرکی یەکسانیخوازان و هەموو مرۆڤە پێشکەوتنخوازەکانە کە پارێزگاری لە ناوەڕۆکی مافی ژنان و ئەو شۆڕشە بکەن و هەوڵی بەهێزکردنی بدەن. نابێ ڕێگە بدرێ لە ژێر هیچ پاساوێکدا پرسە گرنگەکانی کۆمەڵگا وەکوو مافی ژنان پەراوێز بخرێن.
کاتێک تماشای ناوەرۆکی بزووتنەوەکە و دروشمەکان و گۆڕانگارییەکان لە سەرەتای شۆڕشەكە تا ئەمڕۆ ئەكەین هەموو شتێک وا نیشان ئەدەن کە شۆڕشی ژینا لە بواری یەکسانیخوازییەوە وەکوو زۆر بواری دیکە پڕ دەسکەوت بووە و هەر لەم ماوە کورت و پڕ ئازار و قوربانییەدا هەوڵی جددی بۆ گۆڕانگاری لە فۆرم و کولتووری زاڵی نایەکسانی دراوە. بۆ نموونە لە چلەی ژینا کاتێک لە سەقز کچان و کوڕان بە دەست لەناو دەستی یەکتر بەشدار بوون، هیچ کەس وەک جاران نەی ئەتوانی رەخنەیان لێ بگرێ و بەریان پێ بگرێ. ئێستا زۆرێک لە ژنانی ڕۆژهەڵات هەست بەو ترسە کە بە درێژایی مێژووی ئەو ڕژیمە لە دەرەوەی ماڵەکانیان لەسەریان بووە ناکەن و ئەمە ئەكرێ بە سەرەتای شۆڕشێکی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی پێناسە بکرێ.
ژنانی ئێران بەگشتی و ژنانی ئازای كوردستان بەتایبەتی هاوکات لەتەك بەشدارییان لە شۆڕش لە دژی حکوومەتی دیکتاتۆر و داگیرکەری ڕژیمی ئیسلامیی ئێران وەکوو نوێنەری بیرە دواکەوتوو و دژە ژن، شەڕیان لەتەك سیستمی باوکسالار کردووە کە مێژووەکەی لە حکوومەتی ئێران کۆنترە. بیرمان نەچێت کە هاوکات لەتەك هەوڵدان بۆ ڕووخاندنی حکووم
گەلاویژ موحەمەدی
نۆروێژ