"an independent online kurdish website

هەینی رابردوو 2023-10-07، جیهان بە سەرسوڕمانەوە تەماشای دیمەنی هێرشی مووشەکی، درۆن، دابەزینی پەڕەشووتچییەکانی حەماس و دزەکردنی هێزەکانی دەکرد بۆ شەڕی دژی ئیسرائیل؛

حەماس بە ستراتیژیی شەڕی ناهاوسەنگ و تاکتیکی فرەڕەهەندەوە ئیسرائیلی خافڵگیرکردبوو. جیهانیش بە هۆی ناوبانگی سوپا و دەزگای هەواڵگرییەکەیەوە، سەری لەو دۆخە سووڕمابوو کە تەلئەڤیڤ تێیکەوتبوو. شەڕ هێشتا بەردەوامە و گەلێک پرسیار هەن کە چاوەڕیی وەڵامن: چۆن هێزێکی وەک حەماس، توانی دەوڵەتێکی وەکو ئیسرائیل خافڵگیربکات؟ ئایا پێشتر سەبارەت بە توانای ئیسرائیل زیادەڕۆیی کرابوو؟ یان حەماس خۆی بەهێزتر کردووە؟ داهاتووی شەڕەکە چی دەبێت؟ ئایا فراوانتر دەبێ و شوێنی دیکەش دەگرێتەوە، یان هەر لە سنوورەکانی ئێستایدا دەمێنێتەوە؟ مشتومڕەکان سەبارەت بە رۆڵی گریمانەیی ئێران لە پاڵپشتی حەماس لەم هێرشەدا چی لێدەکەوێتەوە؟ لێکەوتە سیاسی و جیۆپۆڵەتیکییەکانی شەڕەکە چی دەبن؟

ئەگەر وەڵامێکی خێرا بدەینەوە، بەگشتی دەتوانین بێژین:

یەکەم: ئیسرائیل وڵاتێکی بەهێزە و حاشا لەوە ناکرێت لەچاو وڵاتانی ناوچەکە، سوپایەکی پڕچەک و تۆکمەتری هەیە، بەڵام خافڵگیرکرا، ئەوەش نیشانەیەكی ئاشکرای گۆڕانی سرووشتی جەنگە لە سەدەی 21ـدا، بەهۆی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیاوە، ئیدی سەردەمی بەهێزیی لاوازەکانیش هاتووە و تەنیا بەهێزی، بەس نییە بۆ ئەوەی وڵاتێک پارێزراو بێت.

دووەم: شەڕ، کاتێ فراوانتر دەبێت، کە ئێران یان گرووپەکانی دیکەی وەک حیزبوڵڵا یان گرووپە چەکدارەکانی عێراق دەستوەردانی راستەوخۆی تێدا بکەن. جارێ ئەمریکا و ئیسرائیل خۆیان لەوە دزیوەتەوە کە بڵێن دەستی راستەوخۆی ئێرانی تێدایە. ئەمە بە رواڵەت واتای ئەوەیە؛ لایەنە سەرەکییەکان نایانەوێ شەڕەکە فراوانتر بێت، بەڵام نابێت لەبیرمان بچێت، کە شەڕی خافڵگیرانە بەشێکە لە دکتۆرینی سەربازی ئیسرائیل و دەبێ چاوەڕێ بین بزانین چی دەکات، بەڵام هەقە ئەو پرسیارەش بکەین؛ ئەگەر ئیسرائیلیش نەیەوێت بەڵام گرووپە پرۆئێرانییەکانی ناوچەکە ئەوەیان ویست، چی؟ بۆیە لە راستیدا هەرچەندە زەوینەی فراوانبوونی شەڕەکە بە کەمی دیارە، دۆخەکە هەستیارە و بە ئاسانی دەتوانێت بۆ شەڕێکی فراوان بگۆڕێت.

سێیەم: کاریگەرییەکانی ئەم شەڕە لەڕووی سیاسی و سەربازییەوە بەرفراوانە و دەشێ فرەڕەهەند بێت.

هێزی لاوازی!

سەرەڕای هەر نادیارییەک لەم شەڕەی حەماس و ئیسرائیلدا، یەک شتمان لێ روونە، ئەویش ئەوەیە؛ ئیدی لە شەڕدا، دەرفەتی بەهێزیی لاوازەکانیش رەخساوە و، بەهێزی بە تەنیا بەس نییە بۆ ئەوەی دەوڵەت یان لایەنێک پارێزراو بێت. لێرەشدا فاکتەری سەرەکی بڵابووەنەوەی خێرای تەکنەلۆژیای جەنگییە، کە توانای ئەکتەرە دەوڵەتی و نادەوڵەتییەکانیشی بۆ خافڵگیریی ستراتیژی زیاتر کردووە.

هێرشەکەی حەماس، گوتەیەکی میشێڵ هاندڵی وەک تیۆریزانێکی جەنگ پشتڕاستکردەوە، کە دەڵێ بەهۆی خافڵگیرکردنەوە کە پێشکەوتنی تەکنەلۆژیای جەنگی دەرفەتێکی زۆری بۆ رەخساندووە، ستراتیژیی هێرش، زیاتر لە ستراتیژی بەرگری کەڵکی هەیە. ئەمانەش بەگشتی چەند پەندێکیان تێدایە: سیاسەتە ئەمنی و سەربازییەکان بۆ داپۆشین و سەرکوتکردنی پرسە ناوخۆییەکان بەتایبەت لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ هەموو کات بە کەڵک نایەن، چونکە هیچ لایەنێک ناتوانێت بە تەواوی رێ لە بڵاوبوونەوەی تەکنەلۆژیای سەربازی بگرێت و، درەنگ یان زوو موشەک و درۆنی هەرزان دەکەوێتە دەست گەلێک لە گرووپەکانەوە. نموونەی هەرە زیندووش، حەماس و ئەو گرووپانەن، کە لە رۆژانی رابردوودا بە درۆن هێرشیان کردە سەر کۆلێژێکی سەربازی لە پارێزگای حومس لە سووریا. ئەمە بە گشتی واتای ماتەوزەی ناسەقامگیرییەکی درێژخایەن لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەدات، ئەگەر چارەسەرێکی گونجاو بۆ پرسە گرنگەکان نەدۆزرێنەوە. لەو نێوانەشدا پرسی کورد بابەتێکی زیندووی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە، کە بێگومان تەنیا بە سەرکوتکاری و سیاسەتی ئەمنی و سەربازی چارەسەر ناکرێت. شەڕەکەی حەماس دەریخست؛ هیچ چارەسەرێک بۆ پرسی کورد نییە بێجگە لەوەی دان بە مافەکانیدا بنێرێت و سازانی لەگەڵدا بکرێت، وەک چۆن هیچ چارەیەک بۆ پرسی فەلەستینیش نییە جگە سازان و رێککەوتن لەگەڵیدا.

ئەوەی روویدا چی بوو؟

کاتی خۆی زبیگنیو برژنیسكی لەڕێی چەمكی “هێزی لاوازی”ـیەوە، لە کەسایەتیی ئەمریکادا باسی لە کێشە گەورەکەی هێزدارەکانی جیهان کردبوو؛ چۆن رووبەڕووی نەیارێک ببنەوە، كە خۆی لاوازە، بەڵام پاڵنەری بەهێزی هەیە؟ ئەو پێی وابوو پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا دەرفەتی بۆ لاوازەکانیش رەخساندووە و تەنیا هێزداری بەس نییە بۆ ئەوەی لایەنێک پارێزراو بێت. باڵادەستی سیاسی و سەربازیی ئیسرائیل شتێکی حاشاهەڵنەگرە بەڵام پاڵنەری حەماسیش بۆ شەڕ، شتێکە ناکرێ پشتگوێ بخرێت. ئەمە بێجگە لەوەی تەکنەلۆژیای نوێ دەرفەتی بۆ ئەکتەرێکی وەکو حەماسیش رەخساندووە، کە دەستی بە ئاسمان بگات و ستراتیژی سەربازیی بۆ خافڵگیرکردنی بەرامبەرەکەی پێش بخات. رەنگە بگوترێت هاوپەیمانەکانی حەماس لە پشت ئەوەن، بەڵام خۆ چۆنییەتی هاوپەیمانیکردنیش بەشێکی کاریگەرە لە پرۆسەی جەنگ. لەوانەیە درۆن و مووشەکی حەماس کە زیاتر لە جۆرەکانی گراد و ئاستێکی نزمتر بن لە چاو  موشەک و سیستەمی بەرگریی ئیسرائیل، بەڵام کاتێک دەبنە هەزاران مووشەک و درۆن، ئەوسا ئەستەمە بتوانرێت بە تەواوی رێی لێ بگیرێت. رەنگە تائێستاش هیچ سیستەمێکی بەرگری مووشەکی دانەهێنرابێت، کە بتوانێت بە جارێ هەزاران مووشەک لە ئاسمان بتەقێنێتەوە.

هێرشەکەی رۆژی هەینی، ئەگەر لەلایەک کەمتەرخەمی و لاوازیی دەزگای هەواڵگری و سەرکردایەتیی سیاسی-سەربازی ئیسرائیلی دەرخستبێت لەوەی کە مەترسیی هێرشێکی دیکەی حەماسیان بە کەم گرتووە و پێیان نەزانیوە، لەلایەکی دیکەوە سەرکەوتنی هەواڵگریی حەماس لە شاردنەوەی توانای سەربازی و هێرشی خۆی دەردەخات. ئەمەش بە روونی دەریدەخات، کە ئەکتەرە نادەوڵەتییەکانیش توانستی خۆیان بۆ شەڕ پێشدەخەن، جا چ لەڕووی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای جەنگەوە بێت یان هەواڵگری، ستراتیژ و تاکتیکەکانی جەنگ کە پێدەچێت ئیدارەی تەلئەڤیڤ بەهۆی سەرقاڵبوون بە پرس و ناکۆکییەکانی ناوخۆ، هەروا مژووڵ بوون بە پرسی رێککەوتن لەگەڵ دەوڵەتانی عەرەب، کەمتر بایەخی پێدابێت. ئەمەش رێک ئەو هەڵەیە بوو، کە کاتی خۆی جەمال عەبدولناسر لە جەنگی 1967 بەرامبەر ئیسرائیل کردی؛ هێزی ئیسرائیلی بەکەم زانیبوو، بەڵام تەلئەڤیڤ بە هێرشێکی چاوەڕواننەکراوی خۆیەوە، ئەو سوپا زۆر و زەبەنەی دەوڵەتانی عەرەبی شکسپێهێنا کە بەنیازبوون هێرش بکەنە سەر ئیسرائیل.

ئاراستەی نادیاری شەڕ

تائێستا ئیسرائیل چەندەی دیکە بۆردوومانی غەززەش بکات، باڵادەستیی سایکۆلۆژی هی حەماسە. بە ئەگەری زۆرەوە دواجار ئیسرائیل هەر ئەو 28 ناوچەیەی خۆی کۆنترۆڵ دەکاتەوە کە شەڕی تێدا کرا و گورزێکی گەورەش لە حەماس دەدات. لە هەمان کاتیشدا پێدەچێت لانیکەم ئێستا فراوانکردنی بەرەکانی شەڕ بە قازانجی ئیسرائیل نەبن، کە جارێ لە ماوەی کورتخایەندا پێویستی بەوەیە خۆی گلێربکاتەوە و ناوچەکانی خۆی بە تەواوی کۆنترۆڵ بکاتەوە. ئەگەر شەڕەکە دەربازی ناوچەی دیکەش ببێت و ئەکتەری دیکەی نەیاری ئیسرائیل بەشداربن، لەوانەیە ئەمە بۆ شەڕێکی فراوان پەلبهاوێژێت. لە سنوورەکانی ئیسرائیلدا لە سووریاوە تاوەکو لوبنان بەلانیکەمەوە 10 گرووپی چەکداری جیاجیا هەن، کە دەتوانن سەرئێشە بۆ ئیسرائیل دروست بکەن، بەڵام لە هەمان کاتیشدا ئیسرائیل پێویستی بە ئەنجامدانی کردەیەکی سەربازیی وا هەیە، کە بتوانێت شکستەکەی رۆژی هەینی لەبیربباتەوە. ئەم دۆخەش مەتەڵێکی ئەمنیی بۆ دروستکردووە: ئەگەر شەڕ فراوان بکات و بەرەو شوێنی دیکەی بەرێت و ئێرانیش تێوەبگلێنی دیار نییە، کە دەرەقەتی دێت یان نا . بۆیە لێرە ئەوەی یەکلاکەرەوەیە، هەڵوێستی زلهێزەکانی جیهان بەتایبەتی ئەمریکا و ئەوروپایە.

بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی ئیدارەی بایدن لەبەرامبەر زیاتر لە 80 هێرشی گرووپەکانی نزیک لە ئێران تەنیا چەند جارێک وەڵامی داوەتەوە، ئەوە پرسیارێکە کە ئایا ئەگەر ئیسرائیل شەڕ فراوان بکات لەسەری دەکات یان نا؟ پێدەچێت ئەمریکاش حەزی لەشەڕی ئێران نەبێت بەتایبەت کاتێک کە بەرەو هەڵبژاردن دەڕوات. وادیارە ئیسرائیلیش نایەوێ بە تەنیا شتی وەها بکات، بۆیە سەرەڕای راپۆرتێکی واڵ ستریت جورناڵ لەسەر تێوەگلانی ئێران و پلاندانانی هێرشەکە لە بەیرووتەوە، هەردوولا دەڵێن هێشتا بەڵگەمان نییە کە دەستی ئێرانی تێدا بێت. هەڵبەت ئێران بۆ خۆیشی رەتیدەکاتەوە.

بۆیە بەئەگەری زۆرەوە ئیسرائیل لە ماوەی کورتخایەندا دەیەوێت ئەم شەڕە زۆر فراوان نەبێت، بەڵام تا ماوەیەک درێژەبکێشێت. بەڵام پرسیاری پێچەوانە ئەوەیە؛ ئەی ئەگەر لایەنی بەرامبەر بەنیازی فراوانکردنی شەڕ بێت؟ بۆیە دۆخەکە هەستناکە و ئاڕاستەی شەڕەکەش بۆ هەردوو ئەگەرەکە کراوەیە.

لێکەوتەکانی شەڕ

رێککەوتنی ئابراهام و دانوستاندنەکانی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و سعودیە لەم چەند ساڵەی دواییدا پرسی فەلەستینی تاڕادەیەک پەراوێز خستبوو. بێجگە لە ئێران، ئوردن و قەتەر، پرسی فەلەستین کەمتر لە ساڵانی پێشوو لە گوتاری سەرکردەی وڵاتاندا لە کۆبوونەوەی گشتیی ئەمساڵی نەتەوە یەکگرتووەکان رەنگی دابووەوە، بەڵام شەڕەکەی ئەمساڵ نەک تەنیا سەرنجی بۆ سەر پرسی فەلەستین و غەززە، راکێشا بەڵکو حەماسیشی وەک هێزی سەرەکی لە جیاتی فەتح، دەرخستە پێش.

کاردانەوەی تورکیا، سعودیە، ئیمارات و تەنانەت میسریش بەجۆرێکە کە دەیانەوێت هاوسەنگییەک رابگرن، بەڵام بە ئەگەری زۆرەوە بابەتی ئاساییکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ سعودیە لانیکەم تۆزێک خاو دەبێتەوە.

براوەیەکی ئەم شەڕە ئێرانە، کە لە ماوەی ساڵانی رابردوودا بە هۆی شەڕی سێبەرەوە ئیسرائیل گورزی زۆری لێدابوو. هەر لە کوشتنی زانا ئەتۆمییەکەیەوە بگرە هەتا بردنی بەڵگەنامە نهێنییەکانی و بۆردوومانەکانی لە سووریا، ئیسرائیل لە دژی ئێران کاری زۆری کردبوو، بۆیە ئەم دۆخەی ئێستای ئیسرائیل بابەتێکە بە دڵی تاران. ئەم دۆخە، ورەی هێزەکانی نزیک لە ئێران لە عێراقیش بەرز دەکاتەوە، بۆیە پێدەچێت بە دەنگێکی بەرزتر دژی ئەمریکاش قسە بکەن. خۆ ئەگەر شەڕەکە فراوانیش بێت، بێگومان عێراقیش دەبێتە گۆڕەپانێکی ئەو شەڕە، تەنانەت ئەگەر شەڕی راستەوخۆش نەبێت وەک چۆن بە هۆی هەبوونی هەندێکیان لە سووریا بە ئاسانی دەتوانن بگەنە سنوورەکانی ئیسرائیل.

ئەگەر شەڕی ئۆکراینا پێویستی ئەوروپای بە چەتری ئەمنیی ئەمریکا دەرخستبێت، ئەوا شەڕەکەی ئەمجارەش ئەوەی بە بیری ئیسرائیل هێنایەوە، لەڕووی ئاسایشەوە پێویستی بە ئەمریکایە، چونکە ئەگەر حەماس جارێک کارێکی وای سەرخستبێت ئەوا جاری دووەمیش دەتوانێت شتی وا بکات، یان لانیکەم ترسی دووبارەکردنەوەی دروستبکات.

لە دوای داخرانی دۆسییەی قەرەباخ لەنێوان ئەرمینا و ئازەربایجان، ئەویش لەکاتێکدا، کە یەریڤان بەلای رۆژئاوادا بایداوەتەوە، هەروەها لە پاش گوشارە ناوچەیی و ناوخۆییەکان لەسەر هەرێمی کوردستان، هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوا، تووشبوونی ئیسرائیل بەم دۆخەی ئێستا، دیمەنی هەبوونی گوشارێک لەسەر هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دیار دەبێت، ئەمەش وادەکات، لە قۆناخی داهاتوودا ئەمریکا ناچاربێت هەنگاوێک بۆ دڵنیاکردنەوەی هاوپەیمانەکانی بنێت ئەگەر بەنیازی مانەوە لەم ناوچەیە بێت. 

لە کۆتاییدا، ئەگەر لە روانگەیەکی فراوانترەوە سەیر بکەین، ئەم شەڕە دەتوانێت گۆڕانکاری لە پرۆژەی رێگەی بەهاراتیش دروستبکات، کە لە دوایین کۆبوونەوەی سەرانی G20ـدا راگەیێندرا. شەڕەکەی حەماس دەریخست؛ تەنیا هەبوونی وڵاتانی کەنداو بەس نییە بۆ پاراستنی ئەو رێگایە. بۆیە بەبێ رەزامەندیی تورکیا یان ئێران، بابەتی دابینکردنی ئاسایشی ئەو پرۆژە جیۆستراتیژییە کارێکی ئاسان نییە، کە لە بەندەری هەیفای ئیسراییلەوە دەڕواتە ئەوروپا.

سەرچاوە: روداو

شەڕی حەماس و ئیسرائیل لە روداو

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی