"an independent online kurdish website

بۆ بیر و ڕای گشتی! 

بە ئاگاداریی هەموو لایەک ڕادەگەیەنین سەر لە ئێوارەێ ئەمرۆ پێنج شەممە ٢٥ی خەزەڵوەری ١٤٠٢ی هەتاوی (١٦ی نوامبری ٢٠٢٣ی زایینی) سۆهراب ڕەحمەتی،

ئەندامێکی چالاکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پارێزەر و نیشتەجێی شاری هەولێر و ئەندامی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان لە شوێنی ژیانی لە بەردەم “هانا سیتی” تەقەی لێ کراوە و بەتوندی بریندارە.

سۆهراب ڕەحمەتی کادری پێشووی حیزبی دێموکرات کە پارێزەری چەند پەروەندەی وەک تێرۆری شەوی یەلدای بەردەم دەفتەری سیاسیی حیزب (١٣٩٥- ٢٠٠٦)، پەروەندەی تێرۆری شەهید قادر قادری (١٣٩٦-٢٠٠٨) و پەروەندەی تێرۆری مووشەک‌بارانی بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکرات (١٣٩٧-٢٠١٨) بووە، پێشتریش بە بەردەوامی لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە هەڕەشەی کوشتنی لێ کراوە،

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای مەحکوومکردنی ئەو کردوە تێرۆریستییەی کۆماری ئیسلامی ڕادەگەیەنێ کە هێرشی تێرۆریستی بۆ سەر سۆهراب ڕەحمەتی دەزگای تێرۆری کۆماری ئیسلامیی ئێرانی لە پشتە و، چاوەڕوانیی لە دەزگای داد و  ناوەندە ئەمنیەتییەکانی هەرێمی کوردستان هەیە بەدواداچوون بۆ ئەو کردەوە تێرۆریستیە بکا، بکەرانی ئەم جینایەتە بدۆزێتەوە و لەگەڵ لە قاودانی ئەم جینایەتە تاوانبارانی سەرەکی بە سزای تاوانەکانی بگەیەنێ.

زانیاری و ورەکاریی زیاتر لە ڕاگەیەندراوەکانی داهاتوودا بڵاو دەکەینەوە.

 حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوندی تەشکیلات

٢٥ی خەزەڵوەری ١٤٠٢

****

رووداو دیجیتاڵ ، لە هەولێر تەقە لە پارێزەرێکی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان کرا

لە هەولێر لە بەردەم ماڵەکەی خۆیدا، دەسترێژی گوللـە لە پارێزەرێکی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان کرا و بەپێی زانیارییەکانی رووداو دوو گوللـەی بەرکەوتووە و رەوانەی نەخۆشخانە کراوە و تەندروستی جێگیرە.

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 16-11-2023، سۆهراب ئەسەدوڵڵا رەحمەتی، پارێزەری خەڵکی شاری بۆکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کە ماوەی 15 ساڵە لە هەولێر دەژی، پارێزەرە و ئەندامی سەندیکای پارێزەرانی کوردستانە تەقەی لێکرا.

هەڵەبجە سەعدوون، پەیامنێری رووداو لە بەردەم نەخۆشخانەی ئێمیرجنسیی هەولێر گوتی، نزیکەی دوو کاژێر پێش ئێستا سۆهراب ئەسەدوڵڵا رەحمەتی دەسترێژی گوللـەی لێکراوە و دوو گوللـەی بەرکەوتووە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، بەگوێرەی پزیشکانی نەخۆشخانەکە تەندروستی جێگیرە.

ئامانج زیبایی، جێگری بەرپرسی پەیوەندییەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران – حدکا بە پەیامنێری رووداوی راگەیاند، “سۆهراب ئەندامی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانە، تائێستا ناسنامەی تەقەکەرەکان دیار نییە. ئێمە کەیسەکەمان بۆ لایەنە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان جێهێشتووە لێکۆڵینەوە بکەن. بەڵام ئەمە کارێکی قێزەونە بەرامبەر بە کەسێک دەکرێت هەوڵی چەسپاندنی یاسا دەدات.”

باس لەوە دەکرێت پێشتر پارێزەرەکە هەڕەشەی کوشتنی لێکراوە. ئامانج زیبایی لەبارەی هەڕەشەکردن لە پارێزەرەکە گوتی، “ساڵێک دەبێت کە هەڕەشەی لێدەکرێت، گومان دەکرێت ئەو کەسانەی هەڕەشەیان لێدەکرد لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە پاڵپشتی بکرێن.”

ئەو بەرپرسەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران باسی تەندروستیی سۆهراب رەحمەتی کرد و ئاماژەی بەوەکرد کە ئێستا تەندروستی جێگیرە و پزیشکان ئامادەکاری دەکەن تاوەکو نەشتەرگەری بۆ بکەن.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی