"an independent online kurdish website

پرۆژەی لە چاپدانەوەی بڵاوکراوەکانی – پاسۆک-

بەرگی یەکەم ژمارەکانی ١-١٦ چاپی ٢٠٢٢ کوردستان

پێش ئەوەی ھەر شتێ بین.. دەبێ کورد بین

چەکی بێ بیروباوەڕ.. سێدارەی جەماوەرە

ئاڵای سووری کوردایەتی

ئۆرگانی ناوەندی ھێزی پێشمەرگەی «پاسۆک»

ژمارە ١٠ گەڵاڕێزانی ٢٥٩٣/ تشرینی دووەمی ١٩٨١

ئەم ژمارە ٣٠ لاپەڕەتە و ٩ بابەتی تێدا جێ بۆتەوە…

[کۆپلە شیعرێ].. لە دوو بەیتیدا چەند وشەیەک دوو دێڕ شیعریان بەرجەستە کردووە، کە مانایەکی گەورە و مێژوویەکی دڵ تەزێنی لە خۆ گرتووە و دیمەنیێکی یەکجار قێزەون و مەرگەسات دەهێننە بەر زیهن و خەیاڵی خوێنەر..اوی شاعیر لەسەر شیعرەکە نەنووسراوە…

ئەوەی هەستی بەهێز بێت و شیری پاکی کوردایەتی خواردبێتەوە بەم وێنە و چیرۆکە ئازار دەچێژێ و پێی بریندار دەبێت و شەرم دایدەگرێ و ئەوی بێ هەست و مۆڕاڵیش بێت ، چەپڵە دەکوتێ بۆ براکوژی و بە خۆڕایی دوژمن دەحەسێنێتەوە!!….

باوکم بۆ کورد بوو چەکی لە شان کرد

گیانی خۆی خستە سەر لەپی دەستیی

ئێمەی بەجێهێشت بۆ ڕزگاری کورد

کەچیداخەکەم ئیمڕۆ کورد کوشتی!!

[سەروتار]

{لەیادی شۆڕشی ئۆکتۆبەردا}

تەرخانکردنی سەروتاری ئەم گۆڤارە و پیرۆزبایی لێکردن لە یادی شۆڕشێ کە بەری رەنجی کۆمۆنیستەکانە بۆ خۆی بەڵگەی زۆر شتە و وەڵامێکی نەفەسبڕیشە بۆ ئەوانەی بەزۆر دەیانەوێ زۆرەملێی لەگەڵ ڕاستیدا بکەن و تۆمەتی ھەڵبەستراو بۆ پاسۆک ساز بدەن بەوەی دابڕاو و ئەنتی کۆمۆنیست و دژی بەرەی سۆسیالیزم و تەنانەت لە سەنگەری ئیمپریالیزمدا ڕیزبەند دەکراین.

بەباوەڕی من ئەمە ئەوپەڕی گەشبینی و دیدە فراوانی پاسۆک بۆ واقعی سیاسی و تێگەیشتنی ئەقڵی سیاسی کامڵ و ھەست بە بەرپرسیارێتی کردنی پاسۆک بوو… بەداخەوە پێدەچێ ئەو ھەڵوێستە دۆستانە ڕاستەقینەی پاسۆک لای پارتی کۆمۆنیست وەک پێویست ڕەنگی نەدابێتەوە.. تەنھا “ئەحمەد بانیخێڵانی” وەک ئەمەک و ڕاستگۆییەک لە بیرەوەرییەکانیدا ئاماژە بەو پەیوەندیی و دۆستایەتییە دەکات و بەرز دەینرخێنێ..

ئەگەر بھاتایە ئەوانیش ھێندەی پاسۆک دڵسۆزانە و بە پەرۆشانە ھەنگاویان بەڕووی پاسۆک بنایە، ئێستا مێژوویەکی جوان و تژی لە شانازیمان لەبەردەستدا دەبوو.. ئەوەی گرنگ و گەوھەرییە، سەرباری جیھانبینی فیکری جیاوازی پاسۆک لەگەڵ کۆمۆنیستەکاندا، لێ پاسۆک ھیچ گیانی دژایەتی و ھەستیاریی و دوژمنایەتییەکی گەرم نەدەکرد و نەدەورووژاند.

پیرۆزباییەکە لە شۆڕشەکە و رابەرەکەیشی کرا و وەک بۆنەیەکی گرنگی مێژوویی لێرەدا یادی کرایەوە….{ ئێمە لەم یادە پڕ شکۆیەدا جارێکی دیکە ئەو ڕاستییە سەد بارە دەکەینەوە کە دۆستایەتی و ھاوچارەنووسی گەلانی چەوساوە و بەرەی سۆشیالیستخواز بە گشتی و یەکێتی سۆڤیەت بەتایبەتی و ھەموو بزووتنەوەی دیموکراسی جیھان مەرجی بنجی جیھانێکی بێ چەوساندنەوە و ھێمن و ئازادانەیە کە دەشێ لەسەر بناغەی ڕێزی بەرانبەری و پاراستنی سەربەخۆیی و تایبەتمەندێتی ھەموواندا ھەڵبچێ..}.

[ڕازێکی کوردانە] بەرەو تەبایی گشتی..

{ لێک نەچوون و جیاوازی بیر و بەرژەوەندی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی، دەستورێکی ھەمیشەیی و خەسڵەتێکی ژیانی کۆمەڵایەتییە.ئەم لێک نەچوون و جیاوازییە لە یەکەم شانەی کۆمەڵایەتی کە ” خێزان”ە دەردەکەوێتا دەگاتە دوا شێوە و شێوەکانی کە کۆمەڵگەت نەتەوایەتییە و سەرجەمیش ژیانی مرۆڤایەتی دەگرێتەوە}..

ئەگەر ھێز لە یەکگرتندا بێت، دەبێ کورد ئەم پەند و دروشمە بە ئاوی زێر بنووسێ و وەک مەدالیا بیکات بەسنگگ ھەر تاکێکی خۆیەوە..

یەک نەتەوەی داگیرکراو و ژێردەستی ڕاستەوخۆی چوار دەوڵەت و بە شەیتانکراوی ناو مێژووی جیھان لە ھەر لایەک زیاتر پێویستی بەم یەکگرتنەیە لەرووی یەکخستنی گوتاری نەتەوەی و ھێز و توانا بەفەڕەکان وەک وزە و سەرچاوەیەک بۆ خەباتی رزگاری و گەیشتن بە سەربەخۆیی و ئازادی

وتارەکە شەنوکەوێکی باشی ئەم پرسەدەکات و لەناو مێژوودا سەرگەرمی ئەم پرسەیە و دەیەوێ پەند و وانەتەکی بەسوودی بۆ واقعی ئێستا و ئایندەی نەتەوەکەمان لێ ھەڵھێنجێنێ.. { ئەمەش نایەتە دی تا دەست لە گومڕایی ڕاستڕەوانەی دۆڕاو و چەپڕەوی ھەرزانەی ” بەرزە ھەوایی” ھەڵنەگرێ و تایبەتمەندێتی ” کورد” ێتی خۆمان نەپارێزین}..

[بانگێ لەسەنگەری پاسۆکەوە] برا سەر لێشیواوەکەم!..

وتارێکە ئاڕاستەی تاکی کورد کراوە لەبەر ڕۆشنایی تاقیکردنەوەکانی گەلانی دنیا چەند نموونەیەکی لێ ھێنراوەتەوە. ھاوکات داوای گیانی بەرزی خۆشەویستی نەتەوە و نیشتمان لە ھەمووان دەکات! بەداخە بۆ ئەو وزە و ئەقڵانەی دوورن لەسەنگەری خەبات

ئەوەی گرنگە ھەلومەرجەکە ھێندە ناسک گەر زوو فریا نەکەون دەقەومێ و ژیانی کورد بەتەواوی دەکەوێتە بەر ھەڕەشەی ترسناکەوە…

بەیتە شیعرێ:

کوردم و مەردم فیداتم وەتەن، تا دەوامی بێ نەفەس

ھەرکەسێ خاوەن شەرەف بێ ، خاکی خۆی نادا بە کەس

[قوتابخانەی پاسۆک] …

{ئازادی }..

“ئازادی ئەمڕۆمان هیج نییە،جگە لە ئازادی تێکۆشان لە پێناوی ئازادی دا” . سارتەر

{ ئازادی جەوھەری بوونی مرۆڤانەی مرۆڤە. مرۆڤ بێ ئازادی لە ئاژەڵیش کەمتر و لارەمل ترە. چونکە ئاژەڵ ھۆش و بیرکردنەوەی ھۆشمەندانەی نییە، تا ھەست بە بوونی خۆی بکات }.

وتارێکی چڕوپڕی ھزری و فەلسەفی لەسەر چەمکی ئازادی و بایەخی ئەم چەمکە لە بوونی مرۆڤ دا… ھەرکاتێ مرۆڤ ئازادی لەدەست دا، نرخ و بەھای خۆیشی نزم دەبێتەوە.. مرۆ گەر ئازاد نەبێت، گەورەترین بەھای ژیانی لێ زەوت کراوە…

ئەبرەھام لینکۆلن دەڵێ: “جیھان پێناسەیەکی باشی بۆ چەمکی ئازادی نەدۆزیوەتەوە”. کەواتە ئازادی ھێندە پیرۆزە دوای ئەو ھەموو پێناسەیەش ھێشتا ھەقی خۆی پێ نەدراوە.

پوختەی باس: ئازادی تایبەتمەندیەکی خۆڕسک و سروشتی مرۆڤە،لەگەڵ لەدایکبوونی دا ئەم تایبەتمەندێتییە دێتە مەیدانەوە. ئازادی نە کەس دەیدات و نەکەس مافی لێسەندنەوەی ئەم تایبەتکارییەی لە کەسێکی تر هەیە.

وتەیەک ھەیە دەڵێ: “ھیچ دیکتاتۆرێ ھیچ شەڕانگێز و دەستدرێژکەرێ ناتوانێ بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ گەلێکی ژێردەستە بە زەبری چەک بچەوسێنێتەوە، ھیچ شتێک لە گەردووندا بەھێزتر و خۆڕاگرتر نییە لە ویست و خواستی ئازادی. دژی ئەم حەزە ھیچ حکومەتێک خۆی پێناگێرێ ھەروەھا بە کەمی دەسەڵاتێکی ستەمکار بە خۆی و سوپاکەیەوە بەرگەی دەگرێ”…

دەبنۆڕن ھێز و دینامیکی ئیرادەی ئازادی چەند بەھێز و تۆکمە پۆڵایینە.

[شادەمارە سەرەتاکانمان] :

٩- دژی ھیچ بەرەو لا و دەستە کۆمەڵێکی دەرەوە و ناوەوەی نیشتمان نین، لەمپەر نەبێت لە ڕێی کورددا.

وتارێک لەسەر ئازادی بیروباوەڕ و میکانیزمی ڕێزگرتن لەوی تری بەرانبەر ، دەبەستێتەوە بە دوو مەرجەوە کە نابێت دژی :

یەکەم :سوودی بەرژەوەندی کورد.

دووەم: مرۆڤایەتی.

ئەمەس پرنسیپێکە پانتاییەکی فراوانی خستۆتە بەردەم ھەڵگرانی ھەموو جۆرە بیروباوەڕێک و پەنجەرەیەکییشی واڵا کردووە بە ڕووی ئاسۆی بەخشندەیی و دیموکراسی و گوێگردن و قبوڵکردنی بیروڕای جیاوازدا..

ئەم شادەمارە لەتەک چەندانێکی تردا کۆڵەیەکی ڕاگری بنمیچی سەرەوەی پاسۆکە، بەو واتایەی باوەڕ و قەناعەتی تەواوی پاسۆک بەم پرنسیپە ھەبوو.

[فەرھەنگۆک]

بایەخی دەوڵەمەندکردنی زانیاری پێشمەرگە و پەروەردەکردن و شارەزابوون بە زاراوە سیاسیی و ئابووریی و کۆمەڵایەتییەکان ئەرکێک بوو پاسۆک و گۆڤاری ئاڵای سوور لەمێژ بوو خستبوویە سەر شانی خۆی.. ھەربۆیە بەپێی لوان چەند زاراوە و چەمکێک بەسەر دەکرایەوە و شرۆڤە دەکرا . لەم ژمارەدا ھەردوو زاراوەی [ئیمپریالیزم و ئەنارشیزم ] بەدوورودرێژی شیتەڵکراوەتەوە…

[شازادە]

“شازادە” بەرھەمێکی وەرگێڕدراوە و لەنێو ڕۆشنبیریی کوردیدا کتێبی شازادەی میکیاڤیللی بە “میر” ناسراوە.

پێموایە ئەم وەرگێڕانەی کاک ئازاد دەگەڕێتەوە بۆ نیوەی دووەمی ساڵانی حەفتای سەدەی ڕابووردوو . کاک ئازاد بە زنجیرە دەستی کرد بە بڵاوکردنەوەی کتێبی ناوبراو ..بەداخەوە بۆی نەلوا بیکاتە کتێب و بڵاوی بکاتەوە..بەو واتایەی پێدەچێ لە ڕووی مێژووییەوە ئەوە یەکەم وەرگێڕانی ئەو بەرھەمە بێت و دواتر کەسانی دیکە وەریانگێڕاو چاپ و بڵاویان کردەوە..

ئێمە ناچینە وردەکاریی بایەخی ئەم کتێبە کە لە ساڵی ١٥٣٢ دا نووسراوە، ھەتا ئێستا لەسەر ئاستی جیھانی لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێ و چاپ دەکرێ و بڵاودەکرێتەوە… بەڵام کاتێ بە زمانی کوردی بەردەستە، ئەوە بایەخی ھێندەی تریش بەرزکردۆتەوە.

کاک ئازاد رۆشنبیریی سیاسی و ئەدەبی ھێجگار بەرز بوو، بۆیە وەک ئەرکێک ئەم کتێبەی ھەڵبژاردووە و وەری گێڕاوە.. کە جێی دەستخۆشی زۆرە.

[لە کەلەپووری شۆڕشگێڕیدا]

کورتە پەخشانێک بابەتی مێژوویی ەسەر کردۆتەوە و دەقێکی شیعر بەناوی ” تابووتی زۆردار” کە ناوی خاوەنەکەی نەنووسراوە.

[ماڵئاوا]…

وتارێکی ڕەخنەییە لە ھەناوی مێژوودا کار دەکات و ڕەخنەی توند لە سەدامی شێرە فشی شەڕی قادسیەی دۆڕاوی نێوان عێراق و ئیران دەگرێ.. شۆڕەسواری ملشکاوی عروبە ئەو رۆژانە لەھەوڵی ئەودا بووە شاری سلێمانی, شاری ئەورەحمان پاشا و شێخی نەمر و عەولەسیس و بەکرەکۆڵ و دەیانی تر گەمارۆ بدا و سزا بدات..[ ئەو شارە قارەمانە زۆر لەوە گەورەترە چنگی خوێنینی بەچکە ھیتلەرەکان بتوانن لە مستی خۆی نێن و ڕەش و ڕووتەکانی: جوولەکان و خەبات و قالاوە و سەرشەقام و سابونکەران لە کۆڵانەپێچپێچەکاندا فێری کوردایەتی بوون و فرچکیان بە خۆڕاگری ھەڵدراوەتەوە و ناو پەلیان لە ڕەنج و زەحمەتدا قڵیشاوە. ئەوان ھێزی بنەڕەتی کوردایەتین، کوردایەتیش لە کێوەکانی کوردستان قایمتر و بڵندترە]..

تا دەستپێکی ژمارەیەکی نوێ و خوێندنەوەی ماڵئاوا…

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی