"an independent online kurdish website

دوێنێ2023-12-30   بەداخەوە کاک رەسوڵ قادری برا چووکەی رێبەری شەهید دوکتۆر سادق شەڕەفکەندی دوای ماوەیەک نەخۆشی لە پاریس کۆچی دوایی کرد و لە کۆتایی ساڵی 2023 دا، خەمی خستە ناو کۆڕی بنەماڵەی و دۆستانی.

ئێمە وەک سایتی پێشمەرگەکان، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەس و کاری دەکەین و هیوادارین ئاخرین خەمیان بێ. روحی کاک رەسوڵ شاد بێ.

هاوڕێ کاک مەلا حەسەن لە پەیامێکی دەنگی دا، پرسەی خۆی ئاڕاستەی بنەماڵەکەی دەکات.

دەنگ

هەر لەم بارەوە هاوڕێ کاک حەسەن شەڕەفی پەیامێکی بڵاو کردەوە.

خەمبارم بە لەدەستدانی هاورێ، برا و دۆستی دێرینەم کاک رەسوڵ قادری، یاد و بیرەوەریەکانی چ ئەو کات وەک دڵسۆزێکی حیزبی دێموکرات لە دەفتەری نوێنەرایەتیی حیزب لە پاریس (کە ئەرکی خۆی بە لێوەشاوەی و دڵسۆزیەوە بەرێوەدەبرد)، چ دواتر وەک دڵسۆز و نەتەوەپەرستێک  کە لە خەمی چارەنووسی نەتەوەکەیدا بوو، لە دڵ و هزرماندا بە زیندووی دەمێنێتەوە.

بەو بۆنەوە سەرەخۆشی لە

هاوسەری بەرێزیان مەنیژە خانم، کوور و کچی ئازیزی (دیاکۆ و ماندانا) دەکەم. یاد و ناوت هەرمان  برا و دۆستی دێرینم

حەسەن شەرەفی

***

جەمیلە حەسەن خاڵێ: بە داخ و کەسەرێکی زۆرەوە خاڵی خۆشەویست و دڵسوز و مێهرەبانمان خاڵە رەسووڵ قادری لە دوایین رۆژەکانی ساڵی ٢٠٢٣،  رۆژی شنبە ٣٠دیسامبەر لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری پاریس لە تەمەن ٨١دا کۆچی دوایی کرد و تاسەدار و خەمباری کردین.

خاڵە ڕەسووڵم رۆشبیرێکی بیرکراوە، خەباتکارێکی بەوەفای رێبازی دێموکرات، هاوڕێ و یارێکی بەوەفای ڕێبەرانی شەهید دوکتور قاسملوو و شەرەفکەندی و ڕێبەرانی حیزبی دێموکرات بوو. بەشێکی زۆری ژیانی و تواناکانی وەک سەربازێکی ون بۆ خزمەت بە ڕێبازی دێموکرات و لە پێناوی خەبات بۆ دێموکراسیی ئێران و مافی نەتەوایەتی کوردستان تەرخان کردبوو.

خاڵە رەسوڵم بۆ ئێمە ڕێنوێن و ڕێنیشاندەرێکی دڵسۆز بوو و یادی هەمیشە لە ناو دڵی هەمووماندا بە زیندوویی دەمێنێتەوە.

بە خەم و پەژارەیەکی زۆرەوە هەواڵی جەرگبڕی کۆچی دوایی خاڵی خۆشەویستم  رەسوڵ قادری لە رۆژی 30/12/2023 لە شاری پاریس بە هەموو خزمان و ئازیزانمان رادەگەیەنم. ناو و یاد و یادگاری هەتاهەتایە لە بیر و هزرماندا بەرز رادەگرین.

****

کوردستان مێدیا: کاک ڕەسووڵ قادری، برای دوکتور سادق شەرەفکەندی کۆچی دوایی کرد

ڕۆژی شەممە، ٩ی بەفرانباری ١٤٠٢ی هەتاوی، کاک ڕەسووڵ قادری، شۆڕشگێڕی ماندوونەناسی ڕێگای کوردایەتی، لە تەمەنی ٨١ ساڵیدا، لە نەخۆشخانەیەکی پاریس کۆچی دوایی کرد.

کاک ڕەسووڵ برای بچووکی دوکتور سادق شەرەفکەندی، سکرتێری پێشووتری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوو.

ناوبراو هەر لە منداڵییەوە کەتووەتە ژێر کاریگەریی بیری کوردایەتییەوە و فێری خەبات و کاری سیاسی و تێکۆشان و کۆڵنەدان لە ڕێگای ڕزگاریی کورد و کوردستان بووە.

کاک ڕەسووڵ ساڵی ١٣٣٧ی هەتاوی لە دانشسەرای ورمێ وەرگیراوە و دواتر پێوەندیی بە ڕیزەکانی حیزبی دیمۆکراتەوە گرتووە و وەکوو ئەندامێکی کارا دەستی بە چالاکیی حیزبی و سیاسی کردووە.

کاک ڕەسوڵ بە هۆی چالاکییەکانییەوە لە ساڵی ١٣٤٥ی هەتاوی، لەلایەن دەزگای ساواکەوە دەسبەسەر و دواتر بۆ شاری کەرەج دوور خراوەتەوە.

ناوبراو لە ساڵی ١٣٤٦ی هەتاویدا لە کۆلێژی حقوقی سیاسیی زانکۆی تاران دەستی بە خوێندن کردووەتەوە و ساڵی ١٣٥٨یش، چووەتە فەرانسە و لە زانکۆکانی نانتێر و سۆربۆن حقوقی سیاسیی خوێندووە.

کاک ڕەسوڵ قادری لە دەفتەری نوێنەرایەتیی حیزب لە فەرەنسە ڕۆڵێکی بەرچاوی دەبینی و لە دامەزراندنی ئەنستیتۆی کورد لە پاریسیش لە هیچ پشتگیرییەک درێغی نەکردووە.

کوردستان میدیا: پەیامی هاوخەمیی کاک مستەفا هیجری، بەبۆنەی کۆچی دوایی کاک ڕەسووڵ قادری

هەواڵی کۆچی دوایی کاک ڕەسووڵ قادری لە فەڕانسە جێگای داخ و پەژارەمانە.

کاک ڕەسووڵ یەکێک لە ئەندامانی پێشووی حیزبی دێموکرات و برای شەهید سادق شەرەفکەندی، سکرتێری پێشووتری حیزبی دێموکرات بوو کە بە بنەماڵەش وەک بنەماڵەیەکی کوردپەروەری شاری مەهاباد ناسراون.

سەرەتای ناسیاری و دۆستایەتیی من لەگەڵ خوالێخۆشبوو دەگەڕێتەوە بۆ کۆتاییەکانی دەیەی ٥٠ی هەتاوی کە لە تاران مامۆستای قوتابخانە و خوێندکاری زانستگای تاران بووین.

بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە مەنیژە خانمی هاوسەری، منداڵەکانی، خزم و کەس و دۆستانی کاک ڕەسووڵ دەکەم و خۆم بە هاوبەشی خەمیان دەزانم.

مستەفا هیجری

بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١٠ی بەفرانباری ١٤٠٢

***

حەسەن قارەمانی: بەبۆنەی كۆچی دوایی كاك رەسوڵی قادری !
کاتێک بیر لە لەدەستدانی هاوڕێیەکی خۆشەویست، کاک ڕەسووڵی قادری دەکەمەوە. ئامادەبوونی ئەو تەنیا وەک ئەندامێکی دڵسۆزی حیزبی دێموکرات نەبوو، بەڵکو وەک مۆدێلی کارامەیی و خۆبەخشی لە نووسینگەی نوێنەرایەتیی حیزب لە پاریس بوو.
کاک ڕەسووڵی قادری زیاتر لە هاوکارێک یان ناسیاوێک بوو؛ ئەستێرەیەکی درەوشاوە بوو . پابەندبوون و بەشداریکردنی بە حیزبی دێموکرات وەک بەشێکی لەبیرنەکراوی مێژووی حیزبی دێموکرات دەمێنێتەوە. هەوڵەکانی نەک هەر کاریگەر بوون بەڵکو هێمای ڕەسەنایەتی و خۆبەخشی بوون.
کاک ڕەسووڵی قادری پیاوێک بوو کە زۆر زیاتر لە نازناو و دەستکەوتەکانی هەڵگرتبوو. کەسێک کە هەموو ساتێکی بە حیکمەت و گەرمی دەوڵەمەند دەکرد. هیچ بوارێکی بۆ گومانی نەهێشتەوە لە پەرۆشی خۆی هەم بۆ کارەکانی و هەم بۆ پەیوەندییەکانی. هەموو کردارێک، هەر قسەیەک، بەڵگەی هێز و یەکپارچەیی ناوەوەی بوو .
بە هەستێکی قووڵی لەدەستدان و خەمبارییەوە سەرەخۆشی لە هاوسەری بەرێزیان مەنیژە خانم، کوور و کچی ئازیزی کاک ڕەسووڵی قادری(دیاکۆ و ماندانا) دەکەم. بە تایبەتی لە خوشکی گەورەم جەمیلە حەسەنخاڵی دەکەم و خۆم بە شەریکی خەمیان دەزانم.
.
لەگەڵ ڕێزێکی گەرم .حەسەن قارەمانی
***

هەواڵی کۆچی دوایی کاک رەسووڵ قادری  برای شەهید دوکتوور سادق شەرفکەندی

لە فەڕانسە هەموو ئەندامانی حیزبی ئێمەی ماتەمبارکرد. 

کاک ڕەسووڵ قادری ئەندامی پێشووی حیزبی دێموکرات و برای شەهید سادق شەرەفکەندی، سکرتێری پێشووتری حیزبی دێموکرات  و برای شاعیری گەورەی نەتەوەکەمان، مامۆستا هەژار، لە بنەماڵەیەکی کوردپەروەری گوندی تەرەغە لە دایک بوو  پاش تەواو کردنی خوێندن سەرەتا لە تاران و پاشانیش لە شاری سەردەشت دەستی بە وانەگوتنەوە  کرد، لە ماوەی مانەوەی لە سەردەشت دەبێتە ئەندامی حیزبی دێموکرات و بە هۆی کەسایەتیی شۆڕشگێڕی و عیلمی و بنەماڵەیی یەکێک لە مەعەلیمە جێگای ڕێز و خۆشەویستەکانی ئەم شارە بوو.

کاک رەسووڵ لە وێستگەیەکی دیکەی تەمەنی دا کە هەتا ماڵئاوایی لە ژیانی خایاند کاڵەی غەریبی لە وڵاتی فەرانسە دەکاتەوە و ماوەیەکی دوور و درێژ لە دەفتەری نوێنەرایەتی حیزب کار دەکات

بە ماڵئاوایی کاک رەسووڵ لە ژیان گەلی ئێمە مێرخاس و ڕووناکبیرێک و حیزبی ئێمە ئەندامێکی کۆن و دۆستێکی بەوەفای لە دەست دا

بەم بۆنەوە کومیتەی حیزب لە سوئێد وێرای حەسانەوە بۆ ڕووحی نەسرەوتووی کاک رەسووڵ، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی گەورەی شەڕەفکەندی و قادری و حەسەنخاڵی دەکات و هیوادارین بە ڕووخانی کۆماری ئیسلامی و دەستەبەر بوونی ئازادی، ئاوات و ئارەزووەکانی کاک ڕەسووڵ و هەمووگۆرغەریبان بێتە دی.

ڕووحی شاد بێت و ئازیزانی خۆش بن

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران – کومیتەی سوئێد

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی