"an independent online kurdish website

لە دوای هێرشە تیرۆریستییەکەی کۆماری ئیسلامی (حکوومەتی مەلاکان) بۆ سەر هەرێمی کوردستان لە هەولێر (١٥-١-٢٠٢٤)، جیا لەوەی کاردانەوەی عێراقی، ناوچەیی و جیهانی بەدوادا هات،

دەرفەتێکی باشی خوڵقاند تا هەرێمی کوردستان بە ڕێگەی دامودەزگەی یاساییی خۆیەوە بتوانێت ناڕەزایەتی و داواکارییەکانی لە گشت بوار و بە ڕێگە و میکانیزمی جۆراجۆرەوە (لەوانە خۆپێشاندان لە ناوەوە و دەرەوە) گەڵاڵە بکات و بە گوێی جیهانی بگەیەنێت و، ڕای گشتی لە دەوری پرس و کێشەکانی خۆی ساز بکات، بەڵام پێویستە زۆر بە وریایی و وردییەوە هەنگاو باوێت و بزانێت تا کوێ بڕوات. بەڵام لە پاڵ ئەمانەدا باس لەوە کراوە کە “با کاڵای ئێرانی بایکۆت بکەین”، هەندێکیش بۆ ئەوەی لە دۆخەکە بەجێ نەمێنن و پەیڕەوی لە سیاسەتی ناڕێک و ناسیاسیی چاولێکەری و فیفتی فیفتی دەکەن و دەڵێن: “با کاڵای تورکییش بایکۆت بکەین”؟!

بایکۆتکردنی کەلوپەل شتێکی باشە و بە چەشنێک دەربڕینی ناڕەزایەتیی ئابووری و زەبرلێدانە لە نەیاران، بەڵام پرسەکە ئەوەیە، ئایا بایکۆت هەمیشە باشە؟ باشی و خراپیی بڕیاری وا پەیوەندی بە دۆخێکی دیارکراوەوە هەیە، کە ئاخۆ بایکۆکردن سوودی بۆ وڵات هەیە یان نا؟ یان ئەوەتا دەکرێت لە بڕی بایکۆت، بیر لە ڕێگەچارەی تریش بکرێتەوە؟

لەو پەیوەندییەدا ژووری بارزگانی و پیشەسازیی هەولێر لە ڕاگەیێندراوێکدا ئەو پەیامەیان دا: “بۆیە داوا لە سەرجەم بازرگانانی هەرێمی کوردستان و هاووڵاتیان بەگشتی دەکەین بایکۆتی هێنان و بەکارهێنانی کاڵا ئێرانییەکان بکەن و پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکان لەگەڵ ئێران هەڵپەسێرن.”

پرسیار ئەوەیە، ئایا هەرێمی کوردستان ناوەندێکی بەهێزی ئابووری و بەرهەمهێنانی کەلوپەلە سەرەتایییەکانی ژیانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و بێمنەتە لە کاڵای بیانی؟

بازاڕی هەرێمی کوردستان پڕە لە کاڵای تورکی، ئێرانی، سعوودی، چینی، ئۆردۆنی، ئەورووپی، ئەمریکی و دەیان و سەدان وڵات و ناوڵاتی تر، تەنانەت جلوبەرگی بەریش هەر تورکی، ئێرانی و هیی “وڵاتی کافرانە”! گەر بێتوو ئەو کاڵایانە لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا نەمێنن، تەنیا نیسک، ماش، گەنمەکوتە، برینج، نۆک، گەنمەشامی، ماست، پەنیر، لۆرک، شیرێژ، ساوار و … دەمێننەوە، بەداخەوە ئەم پێداویستییانەیش لەو ئاستەدا نین و تانوانن لە کاتی بایکۆتکردندا پێداویستیی بازاڕی ناوخۆ دابین بکەن. بۆیە پێم وایە ئەو شێوە “خەبات”ە، “”بایکۆتکردنی کاڵا” جا چ ئێرانی بێت یان تورکی، “کوتانی ئاوە لەناو دەسکاونگ”دا، چونکە لە هەرێمی کوردستان ئابووریی نەتەوەییمان نییە، کە بۆ ژیانی ڕۆژانە پشتی پێ ببەستین. دەبێ بیر لە شتی تر بکرێتەوە، هەروەها هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارێکدا شەڕی بۆ ناکرێت و پێی ناکرێت. بەڵام دەکرێت لەناوخۆی خۆیدا، خۆی بەهێز بکات، یەکگرتوو بێت و میکانیزمی بەرگریی لە ناوخۆ و دەرەوەی خۆیدا گەلێک بەهێز بکات!

کاتێک کە کالای وڵات یان چەند وڵاتێک بایکۆت دەکەیت، دەبێت بیر لە شوێنگرەوەی ئەو کاڵایانە بکرێتەوە، بۆیە لە دۆخی وادا پێویستە بیر لە بەهێزکردنی ئابووریی نەتەوەیی بکرێتەوە، واتە بە ڕێگەی بایکۆتی یەک یان چەند وڵات، بوار بۆ فرۆشتن و ڕمێنی کاڵای وڵاتی خۆت لە بازاڕی نەتەوەییی خۆتدا خۆش بکەیت، تا هاووڵاتیان ڕووی تێ‌ بکەن. بە واتایەکی تر، بایکۆت بەو مانایەیە کە تۆ کاڵای وڵاتێک ناکڕیت و هەر بەو پێیەیش زەبر لە ئابوورییەکەی دەدەیت، هاوکاتیش بەشێک لە ئابووریی وڵاتی خۆیشت بەهێز دەکەیت.

نەک وەکوو سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر کە سەبارەت بە “جێگرەوە بۆ کاڵای ئێرانی”، دەڵێت: “جێگرەوە زۆرن، بۆ نموونە تورکیا، سعودیە و ئوردن”. ئەم بۆچوونە هاوکات کە باس لە دەستکورتیی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە هەندێک کاڵا و لاوازیی لە ڕاددەبەدەری ئابووریی هەرێمی کوردستان دەکات، هاوکاتیش ڕێکلامێکی بازرگانییە بۆ تورکیا، سعوودیا و ئوردن. کەواتە لەو هاوکێشەیەدا هەرێمی کوردستان چی پێ دەبڕێت، بێ شک هیچ!

ڕێگە و میکانیزم بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ دەوڵەتانی ناوچەکە زۆرن، کە بیریان لێ بکرێتەوە تەنانەت لە کردەوەدا بڕشتیشیان هەیە، وەکوو دابی دیپلۆماسی، بانگکردنی سەرکۆنسوڵی وڵاتێک لە هەولێری پایتەخت و پێڕاگەیاندنی ناڕەزایەتیی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە دەستدر‌ێژییەکانی وڵاتەکەی، یان ئەوەتا دەکرێت یارییەکە بۆ بەغدایش بگوێزرێتەوە و ڕاستەوخۆ لەوێ پەیام و وریایییان پێ بدرێت و ….!

بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر شێوازەکانی خەبات بدرێت و کەرەسەی خەباتیش هەڵبژێردرێت، پێویستی بە بیرکردنەوە و هەڵسەنگاندنی دۆخەکە هەیە، کە ئاخۆ چەندە سەرکەوتن مسۆگەر دەکات و چەندە بەرژەوەندیی گشتیی وڵات دابین دەکات، ئەویش بەو مەرجەی کەمترین تێچووی بۆ وڵات هەبێت، بۆیە بیر لە شتێکی دیکە بکەنەوە، بەڵام هەر دەبێ عەقڵ یار و پشت و پەنای بڕیار بێت!

دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەوروبەری کوردستان زۆر ئاگراوی و شەڕانییە، بۆیە پێویستە هەرێمی کوردستان ئاگاداری خۆی و وریا بێت.

هەر ڕاوەستاو بێت کوردستان!

هەر شەکاوە بێت ئاڵای وڵات!

بابەتی پەیوەندی دار

سپای تێرۆریستی پاسدارانی ئێران، هێرشێکی ترسنۆکانەیان کردە سەر هەولێر

سری کە بە سنگ خورد ” ارتش پاکستان واکنش نشان داد ”، فرخ نعمت‌پور

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی