"an independent online kurdish website

گۆڤاری ئاڵای سووری کوردایەتی، بەرگی یەکەم ژمارەکانی ١ـ١٦

چاپی یەکەم کوردستان ٢٠٢٢

[پێش ئەوەی ھەر شتێ بین دەبێ کورد بین]]

“ئاڵای سووری کوردایەتی “

{{چەکی بێ بیروباوەڕ سێدارەی جەماوەرە}}

ژمارە (١٢) ڕێبەندانی ٢٥٩٣ کانوونی دووەمی ١٩٨٢

ئەم بەرگە خنجیلانەیەی تری گۆڤاری ئاڵای سووری کوردایەتی ، ھەشت باسی ھەمەڕەنگی فکری و سیاسی و ئەدەبی لەخۆ گرتووە..

[سەروتار].. ساڵی کوردایەتی

وتارێک باسی لەوە دەکات کورد دەرفەتی ھەڵگیرسانی شەڕی عێراق و ئێران ناقۆزێتەوە و وەک وڵاتانی خوداپێداو یاد و یادگاری دەمژمێر و رۆژ و ھەفتە و مانک و ساڵ ناکاتەوە… لە دنیای دەرەوەی دنیای کوردیدا ھەرشت بەھای خۆی ھەیە، لای کورد بەداخەوە زۆرشت بێ بایەخ کراون بەھۆی ئاین و ئایدلۆژیای حیزبییەوە..

وتارەکە دەیەوێ نەفرەتێکی خەست و گران بکات لەساڵی ١٩٨١ شەڕی براکوژی و کوردکوژی.. ھاوکات دەست بۆ ئەوەش ڕادەکێش ھێندەی براکوژیمان کردووە گەر شەڕی داگیرکەرانمان بکردایە ھێندەی وڵاتی ( نەمسا و لوکسمبۆرگ) ناوچەی رزگارکراومان دەبوو.. لە وتارەکەدا ھاتووە:

[ ئێمە دەزانین تا تاپۆی{ کوردایەتی!} لە باخەڵی کوردایەتی پارە و پوول ئاخنراوی مۆتەکە کلاسیکی و مێردەزمەکانی سەر کۆڵەی سنگی کورددا بێت، ئەمەش پینەکرێت، لە لایەکی ترەوە ھەر ھەڵدەتەقێت]..

دواتر پەیامێکی روون و ئاشکرا بۆ سووتەمەنی شۆڕش پێشمەرگە دەنووسێ . پێشمەرگە ئەو تاکەی کە بە ژیانی خۆی پارێزگاری لە نیشتمان دەکات و رۆحی پێ دەبەخشێ:[ بۆیە روو دەکەینە پێشمەرگە چونکە بێ ئەوان ئەو بازرگانانە دەبێ دوکانەکانیان داخەن و سەری لووتی خۆیان ڕەش کەن]..

بەکورتی داوا دەکات نەھێڵدرێ چاوبەستەکێ لە میللەت بکرێ و بۆ ئامانجی گڵاو بەھەڵەدا ببرێ.. دوا دێڕی نووسینەکە بەم ئایەتە کۆتایی ھاتووە:

” ان اللە لا یغیر ما نقوم حتی یغیروا ما بأنفسھم”. میللەتێک خۆی خۆی نەگۆڕێ خوا نایگۆڕێ…

کەواتە ئەرکی میللەتیشە ھوشیاری ھەبێت بە بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی تاوەکوو بتوانێ ئایندەیەکی بە فەڕتر بۆ رۆڵەکانی مسۆگەر بکات…

[کۆپلە شیعرێ]..

پێمان ڕووتە.. دڕک و داڵە

دەممان وەک گەڵای داری ” بی”,

تفتوتاڵە

بەڵام ئەڕۆین.. چونکە ئامانج!

تیشووی ھەر چوار وەرزی ساڵە

لێرەدا دروشم و مەشخەڵ و ئاوات و باوەڕی ھاوبیرانی نەتەوەیی و وزەی کوردایەتی بەرجەستە بووە.. دوژمن چەند دڕندە بێت، باوەڕی ئێمە نەلەقیوتر دەبێت!…

بیری رزگاری نەتەوەیەک ھەرگیز ناکوژێتەوە…

[ڕازێکی کوردانە].. ” ڕاستبوونەوەی دوای گلان”..

وتارێکی سیاسی و فیکریی لە کۆنتێکسێکی مێژوویدا.. بە دوو بڕگە پێناسەی شۆڕش دەکات :{ ئەگەر شۆڕش یاسایەکی گشتی و دەتوورێکی بنەڕەتی نەگۆڕی ھەبێت، ئەوەیە وەک ئاگرێک لە پریشکێکەوە دەکەوێتەوە تا دێت کڵپە دەسێنێ، مەودا و بارستایی مەشخەڵی فراوانتر و بەرین تر دەبێت}..

لام وایە لێرەدا بایەخی شۆڕش و ھێڵە گشتییەکانی خراوەتە ڕوو ئەوجا لە گۆشەنیگایەکی ترەوە درێژە بە گفتوگۆکردن لەسەر شۆڕش دەدات و دەڵێ:{ شۆڕشی ڕەسەن و ڕاستەقینە خەسڵەتی ھەر دیار و بەرچاوی ئەوەیە کە خۆی خالق و داھێنەری ڕووداو و پێشھاتەکانە، ھەر دەستەیەک چاوەڕوانی ڕووداو بکات وەک مەلەوانێکی نەزان خۆی بدات بەدەم خوڕی لافاو و شەپۆلەوە بۆ پەڕینەوە یان ئەو لافاوە ھەڵناسێ یان ھەڵیش بستێ لەباتی پەڕینەوە دەیبات و لە توونی بابای توند دەکات}..

ئینجا بەراوردێکی ئەو شێوە شۆڕشە بەوەی کوردستان و بەتایبەت لە باشووردا دەکات.. بە کارەساتی دەچوێنێ… شۆڕشی باشوور دەیداتە بەر نەشتەری ڕەخنە… بە کورت و کرمانجی ڕوو لە جەماوەری دڵسۆز و پێشمەرگەی جەنگاوەر دەکات و دەڵێ{ ئاوی ئێوە نەبێت، ئاشی ئەو بازرگانانە زوو لە گەڕ دەکەوێ}…

سەرنج بدە ھەر وتارێکی ئاڵای سوور چەندین جار زیگنال و شەیپووری ھوشیاربوونەوە لێدەدات بۆ ھێزی پشمەرگە و دڵسۆزانی شۆڕش.. بنۆڕن خەمی پاسۆک چەند گەورە بووە! چەند لە پەرۆشی دۆزە پیرۆزەکەی کوردایەتیدا بووە!.. دەنا پاسۆک بۆ خۆی حیزب بووە و ئەگەر بەس دوای مەرام و بەرژەوەندی خۆی بکەوتایە!ئەم ھەموو دڵسۆزییەی نەدەنواند!…

[ ئێمە ناڵێین سوود لە تاقیکردنەوەیخەڵکی وەرناگرین، بەڵام قۆپییەی کەسیش نین]…

[بانگێ لە سەنگەری پاسۆکەوە.. برا پێشمەرگەکەم ]

سڵاوی ئازادی و یەکسانی..

پێشمەرگەی کەرەسە و سووتەمەنی شۆڕشە، پێشمەرگە داینەمۆی شۆڕشە. ئەگەر رۆژگاری سەرەتای خەباتی کوردمان بێتەوە یاد وا دەزانین ناو و پێگەی پیشمەرگە بە دەستێ جلی خاکی و چەکێکی سادە و جووتێ پێڵاوی لاستیکی دڕاو و گیرفانی بەتاڵەوە چەند پیرۆز و جێی خۆشەویستی میللەت بوو.. بەڵام رۆژگارێک تێپەڕی کەوا ھەر چەک لەسانکردن و پحشینگ جلی خاکی کەسێک ناکاتە پێشمەرگە، ئاخر بەداخەوە جاشیش ھەمان دیمەنی ھەیە! کەواتە دەبێت خەسڵەتی پێشمەرگە چی بێت؟!..

پرستارێکی قورس و ھەستیار، لێ سادە و خۆشڕەوان..

ئەوەی لەسەنگەری نەتەوەکەیدا بێت و ناپاکی لە نیشتمان نەکات و بۆ سەربەخۆیی ئازادی و دادپەروری تێبکۆشێ و بخەبتێ ئەوە پێشمەرگە و شۆڕشگێڕە…

وێستگەیەکی قێزەونی شۆڕش و مێژووی کورد بە براکوژی پڕ کراوەتەوە، ھەمویشی لەسەر ھەژماری ناوی پیرۆزی پێشمەرگە و دۆزی نەتەوەیی کورد..

ئەم نامە کراوەیەی لێرەدا ئاڕاستەی پێشمەرگە کراوە، بۆم بکرایە بە ئاوی ئاڵتوون دەمنووسییەوە.. نامەیەک لە ھەست و مەعریفەیەکی پاک و جیھانبینییەکی واقعی گیانی بەرپرسیارێتییەکی دڵسۆزانەوە ڕووی دەم کراوەتە پێشمەرگە ھوشیار بێت، ئەرکی خۆی بزانێ، ڕۆڵی خۆی بگیرێ!…

لە بانگەکەدا ھاتووە:[ بەڵام برای پێشمەرگەم لەھەر سەنگەرێکدایت و سەر بەھەر کۆڕ و کۆمەڵ و بیر و باوەڕێکی مادام کورد شۆڕشگێڕ و ھاوسشنگەری منی ، بانگت ڕاھێڵم پێکەوە ھەر یەکەمان لای خۆیەوە دەست لەسەر ئەم سوێندی شەرەفی پێشمەرگایەتی بۆ یەکدی بخۆین، کە بەسەر ناھەقی و لادانو خراپەدا ڕانەبووریین و لە ھیچ کەموکوڕی و ناتەواوی و بەلادا بردنێکی ئانقەست خۆش نەبین و پەنجەی شۆڕشگێڕی بکەین بە چاوی ناھەقی و جادوگەریدا. فشس( تأویل) و (منطقی گێڕ)و (بیرکردنەوەی چەوت)و ( مەبەست گۆڕین) لە کەس قبوڵ نەکەین، ئەگەر ئەو کەسە خۆشمان یان ھاوبیرێک ، ھەڤاڵێک ھاوڕێیەکی خۆمان یان لێپرسراومان بێت]..

ڕوون و زەلالی ئەم بۆچوون و داواکاری و چاوەڕوانییە ھەر لە تاکێکی دڵسۆز و قارەمانی کاریگەریی سەر گۆڕەپانەکە درکرێ کە باویپێشمەرگەیە. دواتر وتارەکەش زرنگانە دێتە سەر کرۆکی مەبەست و سەر ئەم خاڵە و دەنووسێ:{ ئەم بارە گڵاوەش تەنھا بە تۆ و برا پێشمەرگەکەت ڕاست دەبێتەوە}…

ئاڵا لە دووتوێی خۆیدا بە وتار و بانگەوازەکانی گەلێ جاران ئێخەی پێشمەرگەی گرتووە، تاوەکو بە ھوشیاری و تێگەیشتنی دروستەوە چەکی بکاتە شان و گیانی خۆی ببەخشێ..

[قوتابخانەی پاسۆک].. ” گرەو”!!..

وتارێکی تیشک دەخاتە سەر ئەوە گەمە سیاسیی و گرەوە دۆڕاوانەی بەناوی کوردایەتییەوە دەکرێ.. بانگەواز دەکات لەپێناوی سەرخستنی ئەم دۆزە ڕەوایەی کوردایەتیدا وزە و توانای خۆمان یەک بخەین و یەکگرین.. ئاخر داگیرکەران بەھێز و دڕندەن و دوژمنان بەردەوامن لەسەر دژایەتی کورد و کاولکردنی کوردستان..

وتارەکە زۆر بەپێز و چڕە و من لێرەدا بۆم ناکرێ سەرلەبەری ڕاگوێزم. بەڵام بڕگەیەکی لێ دەخەمە بەرچاو وەک مشتێ نموونەی خەرمانێکە، بەشی تێگەیشتنی تەواوی ئێوەی خوێنەری بەڕێز دەکات.[ دەبا ھەموومان یەکگرین و حساباتە کۆن و قین و کورسی و پاوانخوازی و گومڕایەکان ھەڵگرین بۆ ئەو کاتەی کە لەژێر کێردی قەسابە داگیرکەرەکانی کوردستاندا رزگارمان دەبێت و نەتەوەکەمان لە مەترسی ھەرەسێکی تر دوور دەخەینەوە ئەو کاتە ڕوو دەکەینە جەماوەر،کاڵای کێی لا پەسەند تر بوو باجەژنی خۆی ببڕێ وماڵی کێی پێ قەڵب بوو با بیداتەوە بەسەر خاوەنەکەی دا]…

وتارەکەی ئاڵای چەند لۆژیکانە شرۆڤەی دۆخەکە دەکات و ڕێگا ڕاستەکە دەسنیشان دەکات.. بێ ئەوە یەک داوای بە سوودی خۆی ھەبێت و حەز و دروشمێکی داسەپێنێ..

[ شادەمارە سەرەتاکانمان]..” ١١-باوەڕمان بە مافی چوونیەکی پیاو و ژن ھەیە لەو بوارانەدا کە چوونیەکن”.

وتارێکی فکریی و سیاسی و رۆشنبیریی گشتییە لەمەڕ ئەم باسە ھەستیارەی نێو جڤات و تێکڕای جیھانەوە.. بایەخی ئەو بابەتە و خستنە ڕووی وەک شادەمارێکی سەرەکی بیر و ڕێبازی پاسۆک ، باشترین بەڵگەی سەنگینی ئەوەیە ناچوونیەکییەکی نادادپەروەرانە لەنێو ئەو دوو ڕەگەزەی مرۆڤدا ھەیە و پێویستە کۆتایی بێت.

دیارە باسەکە فرە ڕەھەندە و لە ئەوروپای پێشکەوتووشدا ھێشتا ژنان بە تەواوی مافەکانی خۆیان شاد نەبوون.. بۆیەکا کاروانی خەباتی پەرلەمانی و دیموکراسی و سیاسی لەم ڕووەوە بەردەوامە.. ژنانیش بە ھێز و باوەڕ و ھوشیاری خۆیان زۆر چوونەتە پێشێ و باشتر خۆیان سەلماندووە..

نێر و مێ هەردوو بە جووتە هەوڵێ نەدەن

دوورە دەرچووی ی لە دیلی،مەل بە باڵێ نافڕێ

هەڵی ڕاستی هەردوو لا ئامانجی میللەت سەرئەخا

چونکە مەعلوومە بە یەک دەس چەپڵە قەت لێ نادرێ

بێکەس

[فەرھەنگۆک]

چەپکێ زاراوە بەسەر کراونەتەوە کە ئەو رۆژگارە و دواتریش لە ئەدەبیاتی سیاسی کوردی و رۆژنامەوانیدا بەرچاو دەکەوتن.. لەوانە:

“ئەنتەرناسیۆنال/ نێونەتەوایەتی، ئەنتەرناسیۆنالیستی یەکەم، ئەنتەرناسیۆنالیستی دووەم، ئەنتەرناسیۆنالیستی سێیەم، کۆمێنفۆڕم، ئەنتەرناسیۆنالیستی سۆشیالیستی، ئۆتۆکراسی، ئەرستۆکراتی، ستالینیزم “

[[ ماڵاوا ]].. بیری دوا ڕۆژ

ئانیشتاین دەڵێ: { زیاتر لە ڕابووردوو من ئارەزووی ئایندە دەکەم، چونکە ئەو شوێنەیە کە بیری ژیانی تێدا دەکەمەوە}..

بەقسەیەکی گەلەریی دەست پێ دەکات: ” خوا تا دەرگایەک دادەخات دە دەروازە ئاوەڵە دەکاتەوە” باس لەوە دەکات کورد تا ھەڵگیرسانی شەری ئێران و عێراق ١٩٨٠—١٩٨٨ لە دۆخێکی خراپدا بووە. ئەو شەڕە ھەردوولای لاواز کرد بۆیە پێویستە سوودی زۆری لێوەرگیرێ.. ئەمەش بە گفتوگۆ و بەرنامەڕێژی و سیاسەتێکی حەکیمانە ئەنجام دەدرێ!…

پاسۆک رووی دەمی دەکاتە گشت لایەنەکان داوا دەکات بیرێک لە دواڕۆژ بکەنەوە..

بەسەرکەوتنی لایە! ڕووخاندنی ھەردوولا؟ ڕاگرتنی شەڕەکە و ھەموو ئەگەرەکانی دیکەی بەردەم ئەو دۆخە!..

ئەمەش لە پێناوی ئەوەی لە کۆتاییدا نەگەینە ئەوەی کە: { بەدەستی خۆمان و بە ئانقەست گرەوی دۆڕاو لەسەر ئەسپی دۆڕاو دەکەین}.. وەک رێکەوتنامەی جەزائرمان بەسەردا بھێنرێتەوە…

وتارەکە زادەی ئاوزانی فیکری و سیاسی و نەتەوەییە، پەرۆشە بۆ ئایندەیەکی بە فەڕتر و باشتر . لێرەدا دوو بڕگەی تری وتارەکە ڕادەگوێزین کە پڕە لە ئاماژەی گرنگ.

{ ئێمە کورد ھەموومان لەبەردەم یەک چەقۆی قەسابداین و جیاوازی شین و سوور و مۆرمان ناکات و لە ملی ھەر کامێکمان ترازا ملی ئەوی ترمان دادەبڕێ}..

دوادێریش بە خەتێکی تۆخ نووسراوە:

{ جیاوازی نێوان پێشمەرگە و جەردە ئەوەیە کە پێشمەرگە دەزانێ بۆچی چەکی لە شانە و جەردە نازانێ بۆ؟!}…

لەم وێستگەیەدا لەگەڵ ئێوەدا دەڵێم ماڵئاوا تا ژمارەیەکی تر..

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی