"an independent online kurdish website

بەرپرسێکی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران دەڵێت، بڕیاردراوە چواردەوری کامپی ئازادی لە کۆیە بە دیوار هەڵبچنرێت، بەڵام ئەوان لەو بڕیارە ناڕازین و

داوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کردووە. راوێژکارێکی بافڵ تاڵەبانیش دەڵێت، “ئەو بڕیارە لە چوارچێوەی رێککەوتنە ئەمنیەکەی نێوان بەغدا و تاراندا هاتووە”.

ئەمڕۆ هەینی، حەمەنەزیف قادری، بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، “بڕیاردراوە کامپی ئازادیی کۆیە کە کوردانی رۆژهەڵاتی کوردستانی تێدا نیشتەجێ کراون، چوار دەورەکەی بە دیوار هەڵبچنرێت، بەڵام بەڵام ئێمە قبووڵمان نەکردووە و لەگەڵ یەکێتی لە گفتوگۆداین”.

حەمەنەزیف قادری گوتی، بڕیارە لەم رۆژانەدا لەگەڵ یەکێتی کۆببنەوە و ئەو بابەتە تاوتوێ بکەن، ” ئێمە هەرێمی کوردستان بە لێڤەگەڕی نەتەوەیی دەزانین و تەنیا لەگەڵ سەرۆکایەتی و سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستانیش کۆدەبینەوە و داوای چارەسەر لەوان دەکەین، پارتی و یەکێتی دەتوانن رۆڵی باش بگێڕن و هەنگاوی پێویست بۆ ئەم بابەتە بنێن”.

بێستوون فایەق، راوێژکاری بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، “هەڵچنینی دیوار بە دەوری کامپی ئازادیدا، لە چوارچێوەی رێککەوتنەکەی ئێران و عێراقە کە بە ئاگاداری هەرێمی کوردستان و چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکانیش واژۆ کراوە”.

بێستوون فایەق گوتی، “جارێ روون نییە ئەو دیوارە دروست دەکرێت یان نا، بەڵام ئەگەریش بکرێت، ئەوە جێبەجێکردنی ئەو رێککەتنەیە کە پێشتر لەنێوان دوو دەوڵەتدا کراوە”.

حەمەنەزیف قادریش نەیشاردەوە کە ئەو بڕیارە لە رێککەوتننامەی ئەمنی بەغدا و تاراندا هاتووە و گوتی، “دیواربەندکردنی ئەو کامپە لە چوارچێوەی رێککەوتنەکە هاتووە، بەڵام بەو واتایە نییە کە هەرچییەک لەو رێککەوتنەدا هاتبوو قبووڵ بکرێت، بۆیە ئێمە لەگەڵ ئەوەدا نین کە هەر بڕیارێکی نەخوازراو درا، جێبەجێ بکرێت”.

کۆنووسی هاوبەش

رۆژی 19ـی ئاداری 2023 لە بەغدا، عێراق و ئێران کۆنووسێکی ئەمنیی هاوبەشیان واژۆکرد کە قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق و عەلی شەمخانی، سکرتێری ئەوکاتی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران واژۆکەیان کرد. یاداشتەکە هاوئاهەنگی لە رووی پاراستنی سنووری هاوبەشی نێوان هەردوو وڵاتی لەخۆگرتووە.

باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق رۆژی 28-08-2023 لە تویتێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند، “عێراق رێککەوتنی لەگەڵ ئێران واژۆ کردووە و تێیدا باس لە رێگریکردن لە دزەکردنی چەکداران، رادەستکردنی داواکراوان، چەک داماڵین و لابردنی سەربازگەکان کراوە و پابەندبوونەکانی خۆشی جێبەجێ کردووە”.

گوتەبێژی حکومەتی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، “گرنگترین بنەمای سیاسەتی دەرەوە بریتییە لەوەی نابێت عێراق لایەنێک بێت لە زیانگەیاندن بە دراوسێکانی. سەروەریی عێراق پێویستی بە لێکتێگەیشتنی ئەمنییە بۆ پاراستنی سنووری عێراق لە هەر پەلامارێک”.

قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، رۆژی 4ی ئەیلوولی 2023 سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لە هەولێر لەگەڵ رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان و  لە شاری سلێمانی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە؛ تووندوتۆڵکردنی سنوور یەکێک لە مژارەکانی نێوانیان بوو.

بڕیاری لیژنەکەی ئێران و عێراق

لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئەمنیی هاوبەش، رۆژی 19ی ئەیلوولی 2023 راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، “لەسەر بنەمای پابەندبوونی کۆماری عێراق و کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بەندەکانی رێککەوتننامەی ئەمنیی هاوبەش و لە رێگەی هەوڵی هاوبەشی حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم و لیژنەی باڵای هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات، بارەگاکانی گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ئێران لە نزیک سنووری ئێران بە تەواوی چۆڵکران و بۆ ناوچەیەکی دوور لە سنوور دوورخرانەوە و لە چەکیش داماڵدران. هەروەها هێزی پاسەوانیی سنوور لەو ناوچانە بڵاوکرانەوە و بە هەمیشەیی جێگیر کران و ئاڵای عێراقی بەرزکرایەوە”.

لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە کۆبوونەوەی هەولێر و بەغدا ئامادەبوو و پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ حکومەتی عێراق دەربڕی لە جێبەجێکردنی بڕگەکانی رێککەوتن کە لێڤەگەڕێکە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکی و هەر پێشلکردنێک کە روودەدات.

سیروان عەباس، رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوە: روداو

بابەتی پەیوەندی دار

دره‌و:  یه‌كێتیی له‌رێگای كۆمپانیایه‌كه‌وه‌ ده‌یه‌وێت دیوارێك به‌ ده‌وری قه‌ڵای دیموكراتدا له‌ كۆیه‌ دروستبكات.

“خەندەق”، شوورە یان شوورەیی!، قادر لوقمان خورشید

***

رێبەر ئەحمەد: هەرێمی کوردستان بۆ وڵاتانی دراوسێ سەرچاوەی هەڕەشە نییە

رووداو دیجیتاڵ 20240224

وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ”کردنە ئامانجی خەڵکی سڤیل لە هەرێمی کوردستان، نیشانەی لاوازیی دەستدرێژیکارانە.” هێرشەکەی ئێرانیشی بە “خستنە ژێرپێی” خاڵەکانی رێککەوتنە ئەمنییەکەی عێراق و ئێران ناوبرد.

رۆژی شەممە، 24-02-2024، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی چلەی ماتەمینی پێشڕەو دزەیی، سەرمایەداری کورد کە لە هێرشە مووشەکییەکەی سوپای پاسداران بۆ سەر هەولێر گیانی لەدەستدا، گوتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند، ”دوژمنانی ئارامی و ئاوەدانی، رێگەیان نەدا پێشڕەو دزەیی درێژە بە خواست و خولیاکانی لە پێناو پێشکەوتنی زیاتری شار و وڵاتەکەی بدات.”

رێبەر ئەحمەد ئاماژەی بەوە کرد، گیانلەدەستدانی پێشڕەو دزەیی نابێتە هۆی ساردبوونەوە و تۆقاندنی وەبەرهێنەران و سەرمایەداران لە کەرتی تایبەت و خاوبوونەوەیان لە هاوئاهەنگیکردن لەگەڵ کەرتی گشتی و حکومەتی هەرێمی کوردستان؛ گوتیشی، ”بەشێکی زۆری وەبەرهێنەران، لە رۆژانی سەخت و تەنگانەدا، جێ پەنجەیان لە هەرێمی کوردستان دیار بووە کە هاوکاری حکومەت و خەڵکی کوردستان بوون.”

شەوی 15-01-2024ـی سوپای پاسداران بە 11 مووشەک هێرشی کردە سەر هەولێر کە پێنج لەو مووشەکانە بەر ماڵی سەرمایەداری کورد پێشڕەو دزەیی کەوتن کە گیانلەدەستدانی خۆی و منداڵێکی تەمەنی کەمتر لە ساڵێک، لەگەڵ میوانێکی و کارگوزارێکی ماڵەکەی لێکەوتەوە؛ هەروەها 16 کەسیش بەهۆی هێرشەکەوە برینداربوون.

وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان گوتیشی، ”بەئامانجکردنی خەڵکی سڤیل، بەتایبەتی وەبەرهێنەران و خاوەنکاران بە پاساوی بێ بنەما لە هەولێر، نیشانەی لاوازی و بێ ئومێدیی دەستدرێژیکارانە.”

رێبەر ئەحمەد ئەوەشی خستەڕوو، “هەولێر و هەرێمی کوردستان هەموو کات وەک هێمای ئاشتی، ئارامی و پێکەوەژیانی ئاشتیانە دەمێننەوە و سەرەڕای هەموو ئاستەنگ و ئاڵنگارییەکان هەر لە پێشکەوتن و سەقامگیری بەردەوام دەبن.”

پاساوی ئێران بۆ هێرشە مووشەکییەکەی، هەبوونی بارەگەی دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل – مۆساد بوو لە هەولێر.  وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان گوتی، ”هیچ کات هەرێمی کوردستان نەبووەتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ هیچ وڵاتێکی دراوسێ و هەموو کات فاکتەری سەقامگیری و ئارامی بووە و رێگە نەدراوە خاکەکەی بۆ هەڕەشەکردن لە هیچ وڵاتێک بەکاربهێنرێت.”

هێرشەکانی ئێران کاردانەوەی نێوخۆیی و نێودەوڵەتییان بەدوای خۆیاندا هێنا. ئەمریکا، چین، بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، فینلاند و نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر ئاستی جیا سەرکۆنەیان کرد.

هاوکات حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراقیش دوای لێکۆڵینەوە لە شوێنی رووداوەکە، رایانگەیاند، ”بەپێچەوانەی بانگەشەکان، ئەم شوێنە بارەگای مۆساد نەبووە و تەنیا ماڵێکی خێزانی و شوێنێکی تەواو سڤیل بووە.”

هێڕشەکەی ئێران لەکاتێکدایە پێشتر لە 19ـی ئادارى 2023، قاسم ئەعرەجى، راوێژکارى ئاسایشى نەتەوەیی عێراق و عەلى شەمخانی، ئەمیندارى ئەو کاتی ئەنجوومەنى باڵاى ئاسایشى نەتەوەیی ئێران لە بەغدا رێککەوتنى ئەمنیی نێوان هەردوو وڵاتیان واژۆکرد. بەپێی رێککەوتنەکە، هەردوولا بە پاراستنی ئاسایشی وڵاتی بەرامبەر و هاوکاریی ئەمنی پابەند دەکرێن.

وەک رێبەر ئەحمەد گوتی، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی رێککەوتنی ئەمنیی نێوان عێراق و ئێران، سەرجەم پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە، ”بەڵام ئەم هێرشە مووشەکییە بە مانای خستنە ژێرپێی هەموو بڕگەکانی رێککەوتنەکە بوو.”

دوای هێرشەکەی سوپای پاسداران بۆ سەر هەولێر، حکومەتی عێراق بە فەرمی سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و لیژنەیەکی تایبەتی بۆ لێکۆڵینەوە و سەردانیکردنی ماڵی پێشڕەو دزەیی پێکهێنا. وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لەوبارەوە گوتی، ”هەر لە سەرەتای هێرشەکەوە، هەڵوێستی نیشتمانیی حکومەتی فیدراڵی جێگەی دڵخۆشی بوو، چونکە بۆ یەکەمین جار بە تووندی هاتە وەڵام و رێگەی دروستی لێکۆڵینەوە و پێشکێشکردنی یاداشتنامەی بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی گرتەبەر”.

رێبەر ئەحمەد داوای لە حکومەتی عێراق کرد ”بۆ رێزگرتن لە خوێنی شەهیدان و شکۆی هاووڵاتییانی عێراقی و سەروەریی خاکی عێراق، تا ئەو کاتەی مەرجەکانی راپۆرتی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە جێبەجێ دەکرێن، حکومەت لەسەر هەڵوێستی خۆی پێداگر بێت، کە پێچەوانەکەی، هیچ بەهایەک بۆ سەروەریی عێراق نامێنێت.”

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی