ئەوە کە دەسەڵاتی بەعس کەرەسەی قڕ کردنی هەڵەبجەی خستە گەڕ نە جێگەی گۆمان و نە ئینکار کردنە.
لە تەنیشت ئەم ڕاستیەدا هەندێ ڕێخۆشکەر و بکەری نادیاری تر هەبوون کە بە ئانقەست یان لە ڕووی مەبەست ڕۆمەتی خۆیان پەردە پۆش کردوە.
لە بەرەبەری خۆ بەدەستەوە دانی هێزەکانی بەعس دا، مووسەوی سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی ئێران ٣٠ مانگی ڕەشەمەی ١٣٦٦بە جلوو بەرگی کوردی خۆی دەگەیێنێتە پاوە و دواتر قەراغ هەڵەبجە. پاش دڵنیابوون بە پاشەکشە و شکستی عێراقیەکان لە پەیامێکدا بۆ خۆمەینی خوازیاری تەکلیفی شەرعی بەرانبەر ئەم بە ڕواڵەت سەرکەوتنە و جووڵان هەمبەر شارەکە دەبێت.
لە وەڵامدا خۆمەینی دەڵێ؛
“بســــم تعالــــی ، صدام حسین در خرمشهر چە کرد؟”
ئەم وەڵامە دەستی تاڵانچیانی مسڵمانی هێرشکار وەک سپاکەی عەوڵای کوڕی حەزرەتی عۆمەری خەتاب کاتی (بە وتەی مێژوو) بۆ تاڵانی شارەزوور و هۆرامان پەلاماری ناوچەکەیان دا جووڵانەوە. لەشکری ئێسلام پەنای تاران ئەم جارە ئامانجی بەربڵاوتریان لەپێشە.
کورد لە ڕوانگەی ئەوانەوە وەک نەیاری سیاسی، ئایینی [سونە] بە دەستی خۆی ڕێگای بۆ خۆش کردوون تا بە ئارەزووی خۆیان مەبەستە شاراوەکانیان بەرنە پێش.
هەلێکی لەبارە تا خەلکی ناوجەکە هەم وەک کورد وهەم وەک سونەمەزەو و هەم وەک “دژە شۆڕش ــ لە نەوسوود” قەڵاچۆ بکرێن.
لە پەنای قڕکردنی دانیشتوانی هەڵەبجە بە کەڵک وەرگرتن لە نێوەرۆکی فەرمانی ئیمامەکەیان ئاشکرایە تۆڵە سەندنەوەی خوڕەم شار کە پێشتر لەشکری سەدام پێی هەستابوو هەلێکی لەباری بۆ ڕەخساندبوون.
ئیتر پێویست نەبوو لە هیچ کۆسپێک سڵ بکەن.
فەرماندەرانی قەرارگای بدەر،
قەدر و فەجر لە وەلفەجری ١٠ فەرمانی جەپاوهەی چەپاو بۆ ئەندامەکانیان سەلا دەدەن. کەسانی وەک شۆهانی یەک لە فەرماندەران بە کامیۆن کڵاشی دەس چنی ژنە کرێکارەکانی هەڵەبجە بەرەو ئەسفەهان دەگوازنەوە. سەرگورد ئەنوەر ئەحمەدی مەڕی بێ ساحەب کەوتووی خەلکی هەڵەبجە بۆ بە خێو کردن لە ئاوایی قشڵاخ بە خزمان دەسپێرێ. ئەم شێوە تاڵان وبرۆیە تا ئاستی کانتێنێری زبڵ کە لە کامیاران دیتراوە پەرە دەستێنێت!
تاڵان چیان تەنێ بە ئەمە ڕازی نابن.کۆماری ئێسلامی شەریکە دزەکانی لە ناوچە هان دەدات هەچ کەرەسەیەکی بە کەڵکی نێوشار تا ئاستی کێبڵی کارەبا لە بن عەرز دەر بهێنن وئاودیوی ئێرانی بکەن. بەر پرسە خۆجێیەکان هاوشان دەستە ئەژنۆ نابن وبە نۆرەی خۆیان هەنێ پارووی چەور هەڵدەبژێرن!
ئێنجا نۆرە بە پاشماوەی شۆڕشی خۆڕاگری ڕۆژهەڵات لە؛
گوندەکانی دەرەتفێ ، هاوارە کۆن ، ڕێشاو، هانە گەرمەڵە ، نەوسود،و تەختەی جام و دەوروبەری بە سەدان بنەماڵە وێرای ژنو منداڵی پێشمەرگەکانی حێزبی دێمۆکرات دەگات.
نەیارانی کورد پەنا بۆ هەر فڕو فێڵێک دەبەن تا سەدان پێشمەرگەی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران مڵ بە شوورەیی خۆ بەدەستەوەدان بدەن. بەڵام کوڕانی خاوەن ورە نەک هەر بەرەنگاری قارامانانەیان پەلاماری دوژمن لەم بەرەیە دەشکێنن زەبرێکی مێژوویی باشیش لە هێرشکاران دەوەشێنن.
مەخابن ژن و منداڵی خەڵک و پێشمەرگەی جێگر لەم دەڤەرە گوندە سنووریەکان لە ژێر کاریگەری و بەڵێنی لایەنە کوردە هاوبەشەکانی هێرشەکە ڕازی دەبن تا چارەیەکی “مرۆیی یان بۆ بدۆزنەوە!!”
چەند رۆژی نەخایاند سەرکۆماری ئەوکات ڕەفسەنجانی ڕایگەیاند هەشت سەت دژە شۆڕش لە نەوسود بە دەستی لەشکری ئێسلام ئەسیر کراون. ئەمانە ئەو ژن ومنداڵانە بوون کە دەبوایە بە گوێرەی بەڵێنی پێشوو لە مەیدانی شەڕدا دەربازیان بکەن!؟
وەک پێشتر بە بۆنەی ساڵوەگەر هەمدیس ئیشارەی پێکراوە، هەر ئەوەندە ئاماژە کفایەت دەکات کە بانگەوازی لەشکریانی ئێسلام لە مزگەوتی جۆمعەی شاری پاوە بخرێتەوە بیر کە لە بڵێندگۆی مزگەوت بە هێنانی نێوی بەرپرسانی دێمۆکرات لە ناوچەکە پرسیاری نامووسەکانیان دەکەن کە لە کوێن!؟ واتە ئەو ژن ومنداڵە بە دیل گیراوە لە چنگی لەشکری عەبدوڵای کوڕی “حەزرەتی عۆمەر” ــ ی سەردەم بەڵام شێعە مەزەوی تاران یەخسیر بوون.
مەخابن کارەسات و ئەو بەڵایە بەسەر دیلەکان، یەکەم داعش (داعشی تاران) هێنای، بوو بە ڕێپیشاندەر بۆ داعشیەکانی شەنگاڵ بە چەشنێک کە تا هەنووکە ئاسەوارە دەروونیەکانی لە سەر ڕۆح وجەستەی دیلەکان لە بڕانەوە نەهاتوە.
٢٩ی ڕەشەمەی ١٣٦٦ کۆمەڵێک لە بەرپرسانی حکوومی پاوە وێرای ئیمامی جومعەی ئەمشارە سەردانی نەوسود، تەو ێڵە و بیارە(عێراق) لە ناوجەی وەلفەجری ١٠دەکەن.
لە پڕ گرووپێکی پاسدار بە جلووبەرگی کوردی و سەروو پەچکی تۆزاوی لە قەراغیان تێ پەڕدەکەن. یەک لەوان بەرەو لای ئیمام جومعەی پاوە ڕێگاکەی دەگۆڕێت. پاش کەمێک تێدەگەن ئەو کەسە محسن ڕفیقدوست وەزیری سپای پاسدارانە. نەقڵ لە کتێبی[تاریخ سیاسی احتماعی پاوە. لاپەڕە ٧٩٥ بهرام ولد ببیگی]