مرۆڤ تا ئێستا جگە لە لایەنی بیۆلۆژیی، هیچ وڵامێکی گشتگیریی بۆ پرسیاری ژیان و مەرگ پەیدا نەکردووە. هەر کەس وڵامی خۆی هەیە، ئەوە سەرجەم بیرمەندان و فیلسووفان و ئایینباوەڕان دەگرێتەوە. هەر کەس بە پێی تێڕوانینی خۆی لە ئینسان، ژیان و مەرگ دەڕوانێ و چۆنیەتی ژیانی خۆی دیاریی دەکات.
بۆ کەسێکی وەک من کە لە تەمەنی پێنجساڵانەوە، ڕووبەرووی مەرگی هاوتەمەن و هەواڵ و خزمی خۆم بووم و لە تەمەنی شازدەساڵانەوە بەردەوام نزیکترین ئازیزانم دوور لە دوا دیدار لە دەست داوە و گەلێک ڕەفیق و دۆستی نزیک و هاوکارم لە حکوومەتی ئیسلامی ئێراندا کوژراون، دەبێ مەرگی ئازیزان و دۆست لە چەشنی سیروس مانای چ بێت؟!
کەم نین ئەو فەیلەسووفانەی کە ژیان لە فۆڕم و ناوەرۆکی تایبەتدا دەبیننەوە. کەسانێکی وەک “دیوگنیس” پشت لە هەموو سەروەت و سامان و جێگە و پێگەی کۆمەڵایەتی و زانستی خۆیان دەکەن و ژیان لە ناو سروشتی دوور لە دەستکرددا، هەڵدەبژێرن. ئەو کاتەی ئەسکەندەری مەزن لە کەلاوەکەیدا سەردانی دەکات و لێی دەپرسێ” چ داخوازییەکت لە من هەیە؟”، دەبێژی” داوام ئەوەیە بەر خۆرەکەم لێ بەردەی”! ئەوە هەمان ئەسکەندەرە کە بەشێکی زۆری ئورووپا و ئاسیای خستبووە ژێر پێ و دەسەڵاتی خۆی. کەسانی وەک سوقرات و گالیلە، کە ژیانیان لە پارێزگاریی لە ڕاستیدا دیتبووە و مەرگیان وەک سەلماندنی ڕاستی بیروباوەڕیان دەزانی، ژیانیان بە مەرگ واتە ژیانی هەتاهەتایی گۆڕییەوە. وەک هەلاج و قازی کە مەرگیان لە پارێزگاریی لە ماف و ئازادی و سەلماندنی بیروباوەڕیاندا دیتبووە.
سورین کیرکەگاد تێگەیشتنەکەی لە سەر “پەیداکردنی ڕێگای حەقیقەت” بوو، حەقیقەتی ئینسان، ژیان. ئەو و کەسانی وەک کافکا، نیچە، شوپێنهاوەر بە تێگەیشتن لە مەرگ دەژیان و دەیانزانی ئەو کەسانەی مەرگ لە ژیانی ڕۆژانەدا دەبینن “ئازاد دەژین”، ئازاد لە هەر چەشنە گرێدانێکی فریودەرانەی ژیان و ئینسان.
بە باوەڕی من، ژیان لە مێشکەوە دەست پێدەکات. ئینسانبوون، ئەوین، خۆشەویستی، چێژوەرگرتن، ئازارکێشان، ئازادی، سەربەستی، هیوا، ساخی هەمووی لێرەوە دەست پێدەکات. تا ئەو کاتەی مێشک دەژی، ئینسانی بێ دەست و لاق و گوێ و چاو دەتوانێ بژیی، بەڵام کام ژیان؟ ژیانی ئۆبیەکتیڤ یان سوبێکتیڤ؟ یان هەر کیان؟
نزیک چل ساڵ پێش لە تەک سیروس و دۆستەکەی، کەسێکی هاوتەمەنی بە ناوی عەموئۆغلی ئاشنا بووم. یەکیان لە دایکبووی تەورێز و ئەوی دی لە دایکبووی کرماشان. دوو شار کە بۆ من لە دوو شاری ئاواڵدوانەی کوردستانی پێش زایین دەچوون. دوو شاری کۆن کە بە قووڵایی لە یەک گرێدراون بە بێ ئەوەی زۆر لە ئێمە بزانین. گەڕەکەکانی ئەو دوو شارە و دانیشتووانی هێندە لە یەک دەچن، کە دەبنە پرسیار. ئەوەش کە ئەم دوو شارە بە ڕێگا دوور لە یەک، بۆچی هێندە لە گەڵ یەک تێکەڵاون و بۆچی هێندە خزمایەتیان لە گەڵ یەک هەیە و بۆچی سیمای ژن و پیاوەکانیان هێندە لە یەک دەچن، بەردەوام پرسیار بووە، بە تایبەت بۆ من کە لە دەبیرستان لە تەورێز بە کوردی کرماشان دەناسرام.
دۆستایەتی لە تەک سیروس و عەموئوغلی کە سیمای وەک یەکیان هەبوو، هەرکیان زیندانی سیاسی ڕژیمی شا و نەیاری ڕژیمی ئیسلامی بوون و هەرکیان خۆیان لە شاری کۆڵن دیتبووە، شارێک کە زۆر لە گەڕەکە کۆنەکانی لە گەڕەکە کۆنەکانی کرماشان و تەورێز دەچێ، بۆ من و هاوسابوون لە گەڵ یەک لەوان، کورد گوتەنی “ئەیامێکی زێڕین” بوو.
سیروس ئینسان بوو، ئازادبیر، کراوە، هێمن و لە سەرخۆ . سیمای سیروس خەمی لێدەباری کە قەت نەیدرکاند، بە بیر و جەستە، مرۆڤێکی کۆمەڵایەتی و خەمڕەوێن بوو. دواجار بەیەکەوە سەردانی دۆستێکی هاوشارییمان کرد کە خۆی دوکتور، بەڵام تووشی نەخۆشی سەرەتان ببوو، مرۆڤێکی ئازادیخواز کە کاتی ژیانی لەم دیو و ئەو دیوی کوردستان لە گەڵ پارتیزان و پێشمەرگە دەرباز کردبوو و لە ئاڵمانیش خەمخۆری هاووڵاتیانی بوو.سیروس بەو دیدارە زۆر چووە ناو خۆیەوە.
سیروس بە ئارامی دەژییا و ئەهلی هەڵا و هەنگامە و نان بەقەرزدان نەبوو. فێرکار و موعەلیمی فێرگەکانی کرماشان شەو هەتا بەیانی تاکسی لێدەخوڕی و بەر لەوەی بچێتەوە ماڵ، هەموو ڕۆژێ بەیانان دەهاتە دیداری من لە نەخۆشخانەی شاری کۆڵن، ئەو کاتەی کەلاکی بریندارم لە دهۆکەوە گەڕاندرابووە کلینکی زانستگای کۆڵن. سیروس گەلێک نهێنی وای لە ژیاندا بوو کە منداڵەکان و دۆست و ئاشنا ئاگاداری نەبوون.
ئێستا بە پانتای جیهان مرۆڤ لە سەردەمی ساردوسڕیدا دەژیی. پێوەندییەکان زۆربە مادیی و ئۆبیەکتیڤ و سەرسەریی و سۆسیال مێدیایی و ڕووکەشی و مەزندەیین، هەتا قوول و پشتئەستوور بە تێگەیشتنی قوول و پایبەندبوون بە پڕێنسیپ، هەربۆیە لە دەستدانی کەسانی وەک سیروس، یان دوکتور فیروزی فەڕوخ کە ژیانی بۆ سەربەستی و ئازادیی نەتەوەکەی تێپەڕ بوو، خەسارێکی گەورەیە بۆ کۆمەڵگای کورد بە گشتی و کۆمەڵگای سیاسی کوردستان.
برایم فەڕشی
سێ ڕێبەندان ٢٠٢٥