كۆڕبەندی ئەمساَلی دافۆس 55 وەك ساڵانی رابردوو لە چیاكانی ئەڵپ لە شارۆچكەی دافوس لە 20 بۆ 24ی ئەم مانگە لە ژێر دروشمی ( هاوكاری لە پێناو سەردەمی زیرەك ) , هاوكات لەگەڵ پرۆسەی سوێند خواردنی ترامپ برێوە چوو, ملیاردێرە بەشداربووەكانی دافۆس شاگەكە ببوون بە هاتنەوەی ترامپ.
ئەمساڵ كۆڕبەندەكە بە بەشداری زیاتر لە 3000 كەسایەتی لە ناویاندا 60 سەرۆك و سەرۆك وەزیران, زیاتر لە 1600 سەركردەی بازرگانی ، لەنێویاندا زیاتر لە 900 بەڕێوەبەری جێبەجێكار و سەرۆكی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی لە ئەندامان و هاوبەشەكانیكۆڕبەندی دافۆس، زیاتر لە 120 داهێنەر و پێشەنگی تەكنەلۆژیای جیهانی، و زیاتر لە 170 سەركردەی كۆمەڵگەی مەدەنی لە 130 وڵاتەوە بەشدار بوون.
دافۆس كۆبونەوەی ملیاردێر و سەرمایەدارە گەورەكانی جیهانە, كۆبونەوەی پاراستنی سەرمایەدارانی لیستی فۆربیسە, ئەوانەی سیاسەت و ئابووری و دارایی جیهان ئەمڕۆ بەڕێوە دەبەن.
سەرمایەداری جیهانی لە رێگای چەندین تۆڕەوە خۆیان رێك خستووە, یەكێكیان كۆڕبەندی دافۆسە.
زیرەكی دەستكرد و كاریگەرییەكانی لەسەر داهاتووی ئابووری جیهان, كاریگەری لەسەر كۆی بەرهەمی نەتەوەیی جیهان, لەسەر كار و ژیان, گۆڕانكارییەكان سوریا و لوبنان, جەنگی ئۆكرانیاو روسیا، جەنگی ئیسرائیل-غەزە و پرۆسەی ئاشتی ، هێرشی سەربازی ئەمریكا و بەریتانیا بۆ سەر حوسیەكانی یەمەن, گرتنی دەروازی باب المندەب لە دەریای سور, تەنگژەی دەریای باشووری چین و تایوان, شەڕی تەكنەلۆژیای چیپ لە نێوان ئەمەریكاو چین لە گرنگترین بابەتە سیاسییە گەرم و گوڕەكانی كۆڕبەندەكە بوون, لە 300 كۆبنەوە 200یان راستەوخۆ گواسترانەوە باسیان لێوە كرا.
لە كاتێكدا ئەمەریكا بۆ خۆی گەورەترین قەتڵگاكانی لە ماوەی 55 ساڵی رابردوو بەسەر جیهاندا سەپاندووە, هەڵگیرسێنەری زیاتر لە 80%ی جەنگە ماڵویرانكارییەكانی جیهان بووە, كەچی كۆڕبەندی دافۆس نیو سەدەیە لە ئاستیاندا لاڵ بووەو فزە ناكات, هیچكات جەنگەكانی ناكاتە بابەتی كۆڕبەندەكانی.
زیرەكی دەستكرد دەبێتە مامانی لە دایك بوونی شۆڕشی پێنجەمی پیشەسازی؟؟و زیرەكی دەستكرد رۆڵی كارەبا و ئەنتەرنێتی رابردوو دەبینێت ؟؟.
لێرە بەشێك لە بابەتی میحوەرەكانی كۆڕبەندەكە بریتی بوو لە ” سەرمایەگوزاری لە مرۆڤ, پاراستنی زەوی, دروستكردنەوەی متمانە, بازاڕی ئازاد….”, بەڵام خۆیان دژی هەموو ئەو پرنسیبانەن, پێشبینی دەكرێت 41% ی كۆمپانیاكان لە جیهان ئەمساڵ بەشێك لە هێزی كاریان بنێرنەوە بۆ ماڵەوە.
پارساڵ سەرۆكی تێسلا سەرمایەكەی بۆ 440 ملیار دۆلار بەرز بووە, كەچی داوای لە كرێكارانی تێسلا كرد لە پاڵ ماكینەكانی كاركردنەكەیان شەو بخەون
گەڕان بە دوای مرۆڤایەتیدا
گەڕان بە دوای مرۆڤایەتی بوون لە سستەمی سەرمایەداریدا محاڵە, لێ لێرە لەم دافوسە 55 ساڵە ئۆلیگارشیەكانی جیهان بە شێوازی خۆیان چیاكانی ئەڵپ بە دوای مرۆڤایەتی بووندا تەی دەكەن, وەلێ نەگەیشتن پێی نە دۆزیشانەوە, وەك جیهانی دیلمۆن و بەهەشتی عەدەن, چیرۆكی ئەفسوناوی بۆ دەهۆننەوە بەڵام هەر ناشی دۆزنەوە.
كۆنگرە دوای كۆنگرە هەر خودی ئەمانە نا یەكسانی زیاتر دەكەن ژینگە پیستر دەكەن و شەڕ بەرفراوانترو گەورەتر دەكەن و چەكەكانیان وێرانكەرتر دەبێت, سستەمیش مەترسیدارتر, دەزگاكانی دەوڵەت دەوڵەتی قوڵ و قولتر دەبێت, دەپرسین ئایا دافۆس ئەم شارۆچكە 10732 كەسییە بهەشتییە نوسخەیەكی باشتری سەرمایەداری پێیە بۆ مرۆڤایەتی؟, ئەم گەڕانەی سەرمایەداری بە دوای مرۆڤایەتیدا لە دافۆس شانۆگەرییەكەو لە ناچارییەوەیە, چونكە ئۆلیگارشییەكان هەست بەوە دەكەن بەهۆی خولقاندنی نایەكسانییەكەیانەوە ئابلوقە دراون لە جیهان, ئەمڕۆ راپرسییەكانی دەزگاكانی راگەیاندنی خۆیان دەریدەخەن نایەكسانی و پیسكردنی ژینگە و جەنگە یەك لە دوای یەكەكانیان بۆتە دێوەزمە, ناڕەزایەتییەكان لە دژیان رۆژو ساڵ لە دوای ساڵ رێكخراوترو رادیكاڵترو فراوانتر دەبن, ئەوانیش چارەسەریان تا ئێستا بۆ ئەم نەخۆشیە كوشندەیە نەدۆزیوەتەوە, تاكو ئەوان جیهان هەڵسوڕێنن ناشی دۆزنەوە, چونكە ڤایرۆسی دەردەكانی جیهان هەر خۆیانن, نەخۆشییەكە لە گیرفانەكانی ئەواندایە نەك لە چارەسەرییەكانیان.
نایەكسانی زیاتر دەبێتەوە
دافوس شوێنی یەكتر بینینی ئەوانەی هۆكاری كێشەكانی نایەكسانی و پیسی ژینگەو شەڕن. لەم 55 ساڵەی تەمەنی كۆڕبەندی دافوسدا ژمارەی دانیشتوانی زەوی لە 3,7 ملیاردەوە بۆ زیاتر لە 8,09% ملیارد زیادی كرد. لەو ماوەیەدا ژمارەی ملیاردێرەكان سەدان جار زیادی كرد, بۆ یەكەمجار لە مێژوودا 16 ملیاردێری خاوەند زیاتر لە سەت ملیار دۆلار هەیە لە جیهان, چواریان سەرمایەكەیان لە سەروی 200 ملیارەوەیە, یەكیان 440 ملیار دۆلار سەرماكەیەكی ئەویش ئیلۆن ماسكە, پارساڵ بیزۆس پاڵەوانی ژمارە یەكی سەرمایەداران بوون, ئەمساڵ رۆڵی خۆی دا بە ماسك, غەزە تەخت بووو ئۆكرانیا خوێنی لێ دەبارێت, بەفری گرینلاند توایەوەو ترامپ چاوی تێ بڕیووە, گەرمای هیندستان تینی سەند, خۆڵبارینی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سییەكانی لەكار خست, كەچی ئەمان هێشتا حەكایەتەكانی رابردوو دوبارە دەكەنەوە, باسی ژینگەو ئاشتی و یەكسانی دەكەن, تەنانەت بەخششەكانی گیتس و بافێت و 200 لە هەرە دەوڵەمەندەكانی ئەمەریكا هیچی لە دەردو بەڵاكانی سەرمایەداری وەك زەكاتەكەی لە مەڕ خۆمان چارەسەر نەكرد, بگرە قەیرانەكان توندتر بونەوە.
گیتس وێڕای بەخششەكانی لە دەیەی رابردو گەیشتە 45 ملیار دۆلار, كەچی 113 ملیار دۆلار قازانجی كردووە سەرمایەكەی بووە بە 166 ملیار دۆلار, رۆژانە داهاتی 1,3 ملیۆن دۆلارە. وارن یافتیش بەخششترین سەرمایەداری جیهانە سەرمایەكەی تەنها لە 4 ساڵی رابردوو 55 ملیار دۆلار زیادی كردوە بووە بە 145 ملیار دۆلار, هەرچەندە لەو ماوەیەدا 27,54 ملیار دۆلار بەخششی كردووە.
***
كۆڕبەندی دافۆس لە نێوان گوتار و كرداردا
عەلی مەحمود محەمەد بەشی دووەم
دافوس 55 ساڵە بۆتە ناوەندێكی كاریگەری بە لۆبیكردنی ئۆلیگارشییەكانی جیهان, بە وتەی خۆیان لە كۆڕبەندەكەیان گفتوگۆی چارەسەركردنی كێشەكانی مرۆڤایەتی دەكەن, كەچی ساڵ لە دوای ساڵ بە سەرمایەی زیاترەوە دێنەوە بۆ هەمان شوێن, كەچی هەموو جارەكان لە دوای خۆیان كێشەكان قولتر دەكەنەوە, لە نێوان كۆنگرەی 2019 بۆ كۆنگرەی ساڵی 2022 سەرمایەی ملیاردێرەكانی جیهان 4و7 ترلیۆن دۆلار زیادی كردووە, ژمارەشیان 573 كەس چووە سەر, ژمارەی هەژارانیش 260 ملیۆن زیادیان كرد, لەو لاوە نایەكسانی قولترو ژینگە پیستر و شەڕەكان زەبروزەنگتر و ماڵوێرانكەرتر دەبن, كۆمپانیاكانی بیمەو چەك و نەوت و تەكنەلۆژیا زەبلاحتر دەبن, لە پار ساڵەوە سەرمایەیان لە 13 ترلیۆن دۆلارەوە بۆتە 15 ترلیۆن دۆلار, ژمارەی ملیاردێرەكانی جیهانیش 204 كەس زیادی كردووە, كەچی ژمارەو رێژەی هەژارانی جیهانیش لە جێگای خۆیان چەقیون, بە پێی راپۆرتی نەتەوە یەكگرتووەكان 733 ملیۆن برسی هەبووە لە جیهان, 2,3 ملیۆن كەس ئاسایشی خۆراكیان نەبووە, كەچی 15 خولەك جارێك ملیۆنێرێك لە جیهان زیاد دەكات.
ئەوان نایانەوێ پەنجە بخەنە سەر سەرچاوەی كێشەكان و گوێ لە بیستنی چارەسەرە راستەقینەكان بگرن, كە هەموو دەردوو بەڵاكان سستەمەكەی ئەوانە, چارەسەریش تەنها سستەمێكە لەسەر بنچینەی هەر كەس بە پێی كارو بەرهەمەكەی … موچەی بنەڕەتی بۆ هەمووان, ئاشتی و دادپەروەری دامەزرابێت.
ئەوان كار ناكەن بۆ ئەوەی چۆركەكە گەورەتر بكەن بەشی هەموو مرۆڤایەتی بكات, نەخۆشی و نەخوێندەواری و هەژاری و داگیركاری چارەسەر بكەن, ئەوان دەیانەوێت چۆركەكە بە بچووكی بمێنێتەوە لێ هەر بۆ خۆیان بێت, ئەوان باوەڕیان بە هاوكێشەی سفری هەیە بۆ چارەسەر , یان هەموو یان هیچ, هەمووەكەش بۆ خۆیانە.
دافۆس و رەوشت
لێرە لەم دافۆسە بهەشتییە, زۆر باسی رەوشت و ئەخلاق دەكەن, كەچی خودی رێكخراوی رێكخەری كۆڕبەندەكە, كارمەندانەكانی چەندین كەیسی ئاكارییان لە ماوەی رابردوو تەقاندەوە, 6 ژنیان لە كاتی سك پڕیدا ناردۆتەوە بۆ ماڵەوە, بێ مووچەو بیمە لەكار دەریانیان كردووە, جیاكارییان بەرامبەر رەش پێستەكان كردووە, پەلاماری سێكسی لە لایەن بەڕێوەبەرە گەورەكانەوە ئەنجامدراوە, ئەمە بەهاو ئاكارو رەوشتی رێكخەرانی دافوسە كە وانەی چارەسەری بێكاری و رەوشت و یەكسانی بە جیهان دەڵێنەوە.
رۆژانی كۆڕبەند داڤۆس جمەی دێت لە زەوی ئۆتۆمۆبیلە گران بەهاكان لە ئاسمانیش فڕۆكەی بزنس مانەكان, لە زەوی و ئاسمانەوە ژینگە پیس دەكەن, ستێكی گۆشتی تایبەتی ئەرجەنتینی بە 150 دۆلارو خواردنەوەی مارتینی بە 40 دۆلار دەخۆن و دەخۆنەوە, لەناو هۆڵەكانیش باسی برسێتی و پاكی ژینگە دەكەن.
كلاوس شواب دامەزرێنەری كۆڕبەندەكە دەڵێت: ”ئێمە خۆمان لە جیهانێكی دابەش بوودا دەبینینەوە, كە دابەشبوونی كۆمەڵایەتی قووڵی تێدایە، متمانە نەماوەو بە هۆی ئەم دابەش بوونەوە, پێویستە متمانە بگەڕێنینەوە, شواب دیارە لێی تێك چووە یان خۆی لە گێلی دەدات, 55 ساڵە ساڵ لە ساڵی دواتر زیاتر متمانە لاوازتر دەبێت, متمانە كاتێك دێتەوە كە هۆكاری دابەش بوونەكە نەمێنێت, دابەشبوونی كۆمەڵایەتی كۆمەڵگا بەسەر هەژارو دەوڵەمەند, ژن و پیاو, وڵاتانی باشوور و باكوور……. لێرە چارەسەر ناكرێت.
لە كاتێك كۆنگرەی داڤۆس دەبەسترێت, خاڵێكی سەرەكی كۆڕبەندەكە ژینگەیە, گۆڕانكاری ژینگە ساڵانە هۆكاری مردنی 14,5 ملیۆن كەسە لە جیهان , لەوانە 8,5 ملیۆن كەس بەهۆی لافاوەوە, وشكە ساڵی 3,2 ملیۆن كەس و زیانی 5,12 ترلیۆن دۆلارە لە جیهان تا ساڵی 2050 .
بە پێی داتاكانی رێكخراوی (World Inequality Lab) لە ساڵی 2021, 1%ی هەرە دەوڵەمەندەكانی جیهان بەرپرسن لە دەردانی 17%ی دووەم ئۆكسیدی كاربۆن, 10%ی هەرە دەوڵەمەندەكەی جیهانیش بەرپرسن لە دەردانی 50%ی دووەم ئۆكسیدی كاربۆن لە جیهان, ئەمە جگە لە كارگاو كارخانەكانیان, بەڵایەكی دیكەشیان زیاد كرد, ئەویش دابین كردنی وزەی زۆرە بۆ ناوەندەكانی كۆگاكانی داتا, بۆ كاركردنی زیرەكی دەستكرد.
لە هەمووشی سەیرتر دافۆسییەكان شاگەشكە بوونە بە دەرچوونی ترامپ, لە لایەك باسی ژینگە دەكەن, لە لایەكی دیكە ترەمپ دوای دەستبەكار بوونی یەكەم بڕیاری دەرچوون بوو لە رێكەوتننامەی پاریس بۆ ژینگەو دەرچوون لە رێكخراوی تەندروستی جیهانی و…….
باسی ئاشتی دەكەن, دەركەوت مایكرۆسۆفت و گوگڵ بەشدارییان كردووە لە تاوانی جینۆسایدی غەزە و هاوكاری سوپای ئیسرائیلیان كردووە, باسی ئیلۆن ماسك و مانگە دەستكردەكانی مەكەن, فیتنە نییە تێی نەگلێت.
نایەكسانی لە سلیكۆن ڤالی
ئەمانە كە باسی چارەسەری و برسێتی دەكەن, كەچی هەر كۆڕبەند دەرگاكەی داخرا تا ساڵی داهاتوو, دەست دەكەن بە كەمكردنەوەی هێزی كار و بێكاركردنی كارگەران و كەمكردنەوەی كرێ.
دابەزینی كرێ تەنانەت كرێكاری سلیۆكۆن ڤالیشی گرتۆتەوە, كرێكارێك كە بڕوانامەی ناوەندی نەبێت لێرە 33000 دۆلار لە ساڵێك وەر دەگرێت كە سێیەكی موچەی خاوەند بڕوانامەی زانكۆیە.
بە پێی ئاماری ساڵی 2021, 23%ی كارگەرانی سلیكۆن ڤالی لە خوار پلەی هەژارین, 3% زیاتر لە چاو ساڵی 2019.
كەچی دە گەورە ملیاردێرە یەكەمەكەی جیهان, كە نۆیان ئەهلی سلیكۆن ڤالین, لەم ساڵدا هەر خولەكێك 3,7 ملیۆن دۆلار چۆتە سەر سەرمایەكانیان, رۆژانە هەر یەكەیان 100 ملیۆن دۆلار قازانجیان كردووە, پشكی ئیلۆن ماسك نزیك 6 جاری ئەم داتایەیە.
ئەگەر ئەوان 99%ی سامانیان لە شەو رۆژێكدا لە دەست بدەن, هەر بە ملیاردێری دەمێننەوە.
لە 23 رۆژی یەكەمی ئەمساڵ , 10 یەكەم دەوڵەمەندەكانی جیهان, كۆی گشتی 105 ملیار چووە سەر سامانیان, كۆی سەرمایەكانیان گەیشتە 2,1 ترلیۆن دۆلار.
لە كاتێك چارەسیاریان پێ نییە بۆ كۆتایی هێنان بە هەژاری, كەچی پێشبینی دەكرێت بۆ ساڵی 2027 جیهان ببێتە خاوەند حەوت ترلیۆنێر, كە ئێستا خاوەند 16 ملیاردێری سەروی سەت ملیارین, چواریان لەسەروی دووسەدەوەن, یەك لەوان ئەمڕۆ 434 ملیار دۆلار سەرمایەكەیەتی, تراپیش مژدەی كەمكردنەوەی 5800 ملیار دۆلار باجی پێیان داوە تا 10 سڵی داهاتوو.
لە كۆتاییدا ماوەتەوە بڵێین ئێستا ئەم ئۆلیگارشیانەی دافۆس مەترسین بۆسەر دەستكەوتەكانی رابردووی مرۆڤایەتی, جیهان بەرەو چارەنووسێكی رەش دەبەن, دەستوەردانەكانی ئیلۆن ماسك لە سیاسەت مرۆڤایەتی بردۆتە قۆناغێكی مەترسیدارەوە, دیموكراسیەتی لیبراڵی بردۆتە ژێر پرسیارەوە.
ماویەتی
009647503714620