کاک خالید عەزیزی، وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران: ”سەرەڕای ئەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئامادەیی گەشەی ئیدئۆلۆژیی جۆراوجۆری هەیە،
بەڵام حیزبی ئێمە پێناسەی ئیدئۆلۆژیکی بەخۆوە نەگرتووە؛ ڕوانگە و ئیدئۆلۆژیی کۆمۆنیستی و سوسیالیستی تەشەنەی کردە ناو جووڵانەوەی کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستان و ئێمەی تا ڕادەیەکی زۆر لە جیهانی دێموکراسی دوور خستەوە”.
پێشمەرگەکان: لێرەدا کاک خالید پێداگری دەکا کە بۆچوونی خۆیەتی و ئەم بۆچوونەی کاک خالید لە سوسیال مێدیا کاردانەوەی زۆری بە دوای خۆی دا هێنا و تا ئێستا سەدان کەس بە لایەنگری و دژایەتی لە قسەکانی کاک خالید قسەیان کردوە و بابەتیان نووسیوە. بەتایبەت وڵامەکەی کاک هێمن سەیدی زۆرترین بینەری هەبووە و کە ئێمە هەر دوکیان لێرە بڵاو دەکەینەوە دەگەڵ نووسینی چەند دۆستێک کە هەمووی لە فەیسبووکی نووسەران وەرگیراوە.
هێمن سەیدی: باسێک لەسەر چەپ، کورد، حدکا و بۆچوونەکانی کاک خالید عەزیزی
****
”وەڵامێک بۆ کاک هێمن سەیدی لەسەر چەپ و پرسی کورد” حەسەن قارەمانی-
کاک هێمن سەیدی کە لە کایەی ئەکادیمیدا کار دەکات، لە ڕوانگەیەکی فرەلایەنە و شیکارییەوە لە پرسی کورد. ئەم پرسیارە، کە شوناس و چارەنووسی نەتەوەیی و ستراتیجی جیۆپۆلەتیکی زلهێزەکان لەیەکتردا تێکەڵ بوون، پێویستی بە لێکۆڵینەوەیەکی ڕەخنەگرانە هەیە بۆ هەموو ئایدۆلۆژیا و بزووتنەوە و ئەکتەرەکان،بە چەپی کوردیشەوە. نابێت هیچ نەریتێکی سیاسی لە دەرەوەی لێکۆڵینەوەی مێژوویی و سیاسی بێت.
بەرگرییە دووبارەبووەکانی کاک هێمن سەیدی لە چەپ و لقە کۆمۆنیستەکانی کورد، مەترسی ئەوە هەیە کە زیاتر لە وتارێکی بەرگری ڕەنگاوڕەنگی ئایدیۆلۆژی دەربکەوێت نەک شیکارییەکی بنەمادار بە ئەکادیمی. هەڵوێستێکی لەو شێوەیە ئاڵۆزیی ئەزموونی مێژوویی کورد کەمدەکاتەوە . بۆیە پێویستە بە دەقێک وەڵامی ئەمە بدرێتەوە کە لە ڕووی ئایدیۆلۆژییەوە فلتەر نەکراوە، بەڵکو لەسەر بنەمای شیکارییەکی مێژوویی و ئەزموونی و سیاسی دامەزرابێت.
لە بەرامبەر ئەم پاشخانەدا وەڵامێک پێویستە کە بە دڵسۆزی ئایدیۆلۆژی تایبەتمەند نەبێت، بەڵکو لەسەر شیکارییەکی مێژوویی ئاگادار، ئەزموونی لەنگەری و ڕەنگدانەوەی سیاسی وەستابێت.
چاویلکەی ئایدیۆلۆژی :
ڕەنگە کاک هێمن سەیدی زانا بێت، بەڵام شیکارییەکەی شکست دەهێنێت کاتێک خەباتی ڕزگاریخوازی کورد کورت دەکاتەوە بۆ دەربڕینێکی لاوەکی خەباتی گشتگیری چەپی نێودەوڵەتی بۆ ئازادی. وەها لێکدانەوەیەک چاوپۆشی لەو زەمینە مێژوویی و ستراکتوراڵییە تایبەتە دەکات کە پرسی کورد تێیدا پەرەی سەندووە. پشتگوێخستنی سروشتی زۆرەملێ و کۆلۆنیالیزمی ”سیاسەتی چارەنووسی خۆنووسین”ی یەکێتی سۆڤیەت و پراکتیکی ڕاستەقینەی حزبە کۆمۆنیستەکان، چاو لێکردنە بەرامبەر بە ڕاستییە مێژووییەکان. یەکسانکردنی ڕیتۆریکی لینین لەگەڵ ئازادی ڕاستەقینە بۆ گەلانی ژێردەستەی ڕووسیای تزاری، ئەوەندە چەواشەکارانەیە کە بانگەشەی ئەوە بکات کە ڕاپەڕینەکانی کورد لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی سەدەی نۆزدەهەمدا بەهۆی مارکس یان ئەنگڵسەوە بووە. هەوڵی کورد بۆ چارەی خۆنووسین، ڕەگ و ڕیشەی قووڵی لە واقیعێکی مێژووییدا داکوتاوە کە پێش هەردوو لینینیزم و مائۆیزمە هەبووە.
یاری دووانەی کۆمۆنیزم:
هەرچەندە لینین لە ڕووی تیۆریەوە بانگەشە بۆ مافی چارەی خۆنووسینی گەلان دەکرد، بەڵام ئەمە هەرگیز وەک پراکتیکێکی سیاسی یەکگرتوو یان ڕاستەقینە لە چوارچێوەی دەوڵەتسازی سۆڤیەتدا نەمایەوە. ئەو ”ئازادییە” سنووردارەی کە گەلانی غەیرە ڕووسیا لە چوارچێوەی یەکێتی سۆڤیەتدا بەدەستیان دەهێنا، لە پراکتیکدا مەرجدار بوو بە ملکەچبوونیان بۆ پێکهاتەی تاکڕەوانەی حیزبی کۆمۆنیست. بەم شێوەیە چارەنووسی خۆنووسین لە چەمکێکی ئامرازیدا کورتکرایەوە ، دراوێکی ڕیتۆریکی و تاکتیکی کە فۆرمێکی نوێی فراوانبوونی ئیمپراتۆری لە ژێر پەردەی ئایدۆلۆژیادا کرد.
ئەم نەخشەیە لە چەندین بزووتنەوەی کۆمۆنیستی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەرهەم هێنرایەوە، لەوانە پەیوەندیی حیزبی توودەی ئێران لەگەڵ ئەکتەرە کوردەکان. ئەم هاوپەیمانیانە زۆرجار لەجیاتی ئەوەی وەک سەکۆیەک بۆ ئۆتۆنۆمی کورد خزمەت بکەن، خزمەتی بەرژەوەندییە جیۆپۆلیتیکییە سەرتاسەرییەکانیان دەکرد.
چەپ و ئینکاری ناسیۆنالیزم:
کاک هێمن سەیدی هەرگیز باسی ئەو ڕاستییە ناکات کە پارتە چەپەکان و بزووتنەوە کۆمۆنیستەکان زۆرجار ناسیۆنالیزمیان بە ”کاردانەوە” یان ”بورژوازی بچووک” سەیر دەکرد. بۆیە زۆرجار لەناو چەپدا بە گومانەوە تەماشای ئەو بزووتنەوە کوردانە دەکرا کە جەختیان لەسەر جیاوازیی کولتووری و نەتەوەیی خۆیان دەکردەوە. بۆیە سەیر نییە کە بۆ دەیان ساڵ بە قبوڵنەکراو دادەنرا کە چالاکوانێکی چەپی کورد بە ئاشکرا خۆی بە ناسیۆنالیست ناوببات.لەو رەخنانەش کە لە سەر ئەحزابی چەپی وەک تودە و ئەکسەریەت و حیکمەتیستیان هەبۆ پەشیمان ببنەوە. ئەم بێدەنگکردنەی ناسنامەی کورد لەناو چەپدا، ڕاستییەکی مێژووییە کە ناتوانرێت بە ئاماژەدان بە نووسینەکانی لینین لە ژێر فەرشەکەدا بسڕدرێتەوە. هەوڵدان بۆ نۆژەنکردنەوەی ئەم هەڵوێستە لە ڕێگەی ئاماژەکردنی هەڵبژێردراو بۆ دەقەکانی لینین سەبارەت بە چارەنووسی خۆنووسین بەس نییە. ئەزموونی کورد شایەتحاڵی بێدەنگکردنی سیستماتیکی دەربڕینی نەتەوەیی لەناو چەپدا ، ڕاستییەکی مێژوویی کە پێویستی بە دانپێدانان هەیە نەک نەرمکردنی ئایدیۆلۆژی.
سەرمایەداری دۆست یان دوژمن؟
ئیدیعا کردنی بەشێوەیەکی ڕەسەن کە دەوڵەتە سەرمایەداریەکان هەرگیز بەرژەوەندیی کوردیان بەرەوپێش نەبردووە، هەڵوێستێکی مێژووییە کە ناتوانرێت بەردەوام بێت. بۆ نموونە دەستێوەردانەکانی ئەمریکا و ئەوروپا لە دوای شەڕی کەنداو لە ساڵی ١٩٩١ بەشدارییان کرد لە دامەزراندنی ناوچەیەکی ئارام بۆ هەرێمی کوردستان ، هەنگاوێکی چارەنووسساز کە ژیانی هەزاران کەسی ڕزگار کرد و پلەیەکی دیاریکراوی ئۆتۆنۆمی کردەوە. بەهەمان شێوە هاوکاری مرۆیی بەرچاو لە وڵاتانی ئەوروپاوە ئاراستەی پەنابەرانی کورد کراوە لە کاتی ململانێ جۆراوجۆرەکاندا. ئەم نموونانە ئەوە دەردەخەن کە ئەکتەرە ڕۆژئاواییەکان ئەگەرچی لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی خۆیان بن، بەڵام هەندێکجار بەگوێرەی پێداویستییەکانی کورد ڕەفتاریان کردووە.
جیاوازییەکی چارەنووسساز لە نێوان سەرمایەداری و هەندێک لە ئەکتەرە ئایدیۆلۆژییە چەپەکاندا لە پلەی کراوەییدایە. زۆرجار دەوڵەتە سەرمایەداریەکان بەبێ هیچ گاڵتەجاڕییەک بەپێی بەرژەوەندییە جیۆپۆلەتیکییەکانیان مامەڵە دەکەن. لەبەرامبەردا، زۆرجار خیانەتەکانی چەپ لە پشت ڕیتۆریکی هاودەنگی و ڕزگاریییەوە شاراوەتەوە، کە دەتوانێت وەهمێکی پشتیوانی دروست بکات و بەو هۆیەوە هەم بزووتنەوەی کورد و هەم هاوپەیمانەکانیان بەلاڕێدا ببات. ئەم دوو ستانداردە شایەنی لێکۆڵینەوەی ڕەخنەگرانە نەک پاساوی ئایدیۆلۆژی.
ئەرکی ئەکادیمیست:
ئەرکی ئەکادیمیست ئەوە نییە کە دوکتورینە ئایدیۆلۆژییەکان بەبێ ڕەخنە بگوازێتەوە، بەڵکو شیکردنەوە و کێشەسازی و کۆنتێکستکردنە. کاتێک کاک هێمن سەیدی گێڕانەوەی پڕوپاگەندەی سۆڤیەت دووبارە دەکاتەوە بەبێ ئەوەی سەنگ لە ڕاستییەکانی ستەم، دیپۆرتکردنەوەی زۆرەملێ، باڵادەستی نەتەوەیی لە ناو یەکێتی سۆڤیەت و یارییە دووانەی چەپەکان بەرامبەر بە کورد بکات .
پشتگوێخستنی پەیوەندییە دووفاقییەکانی چەپ بە چارەنووسی کوردەوە نەک هەر لە ڕووی فیکرییەوە ناپاکییە، بەڵکو مەترسیی تەمومژاویکردنی بەشێکی زۆری ئەو ئەزموونە مێژووییە هەیە کە تایبەتمەندی خەباتی گەلی کوردە.
کۆتا قسە:
خەباتی کورد بۆ زمان، شوناس، خاک و چارەنووسی دەبێ لەسەر دوو پێی خۆی بوەستێ ، کە ڕەگ و ڕیشەی لە ئەزموون و مێژوو و دیدگای گەل بۆ داهاتوودا هەیە. نوخبەی ڕۆشنبیر بە زانایانی وەک کاک هێمن سەیدی دەبێ بەرپرسیارێتی گەیاندنی ڕوانگەیەکی هاوسەنگ و ڕەخنەگرانە و واقیع لەسەر مێژوو لە ئەستۆ بگرن. تەنیا ئەو کاتە دەتوانین بزووتنەوەیەکی سیاسی کوردی بنیات بنێین کە چیتر لە سایەی ئایدۆلۆژیاکانی خەڵکی دیکەدا نەژی، بەڵکو ئایندەی خۆی لە دەستی خۆیدا هەڵدەگرێت. خەباتی کورد نابێت لە کارکردی ئایدۆلۆژیای زلهێزە گەورەکاندا کورت بکرێتەوە، جا ئینتەرناسیۆنالیزمی کۆمۆنیزم بێت یان بەڵێنەکانی مافی مرۆڤی لیبرالیزم. بەڵکو دەبێت هۆشیاری سیاسی کورد خاڵی دەستپێکی خۆی لە ئەزموونە مێژووییەکانی گەلی کوردستان و زەبر و زەنگی بەکۆمەڵ و دیدگاکانی داهاتوو وەربگرێت
.
.****……
چیا عەلیار: جەنایەتەکانی چەپی کۆمۆنیست و خیانەتی لینین لە مافی چارەی خۆنووسینی گەلان
وڵامێک بە قسەکانی کاک هێمن سەیدی.
پێش ئەوەی بچمە نێو باسەکەوە پێم خۆش بوو تەنیا ئاماژە بەوە بکەم کە ڕوناکبیری چەپ و سوسیالیست تا چ ڕادەیەک کوردی لە دواکەوتووی دا ڕاگرتوە، ئەوەی ئێمە ئێستا دەبوو باسی بکەین، تکنۆلۆژی و هۆشی دەسکرد و روحی دەسکرد و ئەو چەمکە نوێیانە بوو کە دنیا بەرەو پێش دەبا، بەالام بە جێگای ئەوە و چونکە ڕوناکبیرەکانمان تاریک بین بوون، ناچارین باسی شتێک بکەین کە نەماوە، باسی شتێک بکەین کە شکەستی خواردوە، دۆڕاوە، ئەوە خۆی نیشانەی ئەوەیە کە تا چ ڕادە لە جیهانی ئەوڕۆی خۆمان دورین و لە دواین.
سۆسیالیزم و کۆمۆنیسم هەرچەندە بە ڕواڵەت بە دروشمی فریودەرانەی وەک ”دادپەروەری کۆمەڵایەتی” و ”یەکسانی” هاتنە مەیدانەوە ، بەڵام بە کردەوە گۆڕا بۆ یەکێک لە سەرکوتکەرترین و خوێناویترین و دژە ئازادی ترین بزووتنەوە سیاسییەکانی مێژووی مرۆڤایەتی. کە لە سەروی هەموانەوە، ولادێمیر ئیلیچ لینین، دامەزرێنەری یەکێتی سۆڤیەت، نموونەیەکی ڕوونی دووڕوویی ئایدیۆلۆژی و خیانەت لە پرەنسیپە ئینسانی و نەتەوەییەکانە.
تاوانەکانی لینین: بناغەی دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا بە خوێن
پاش شۆڕشی ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩١٧، لینین سیستمێکی سیاسی دامەزراند لەژێر نێوی ”دیکتاتۆری پڕولتاریا”، بەڵام لە واقیعدا، بە دیکتاتۆری حیزبی کۆمۆنیست و خۆی کۆتایی هات. ناوبراو دەست بە جێ هەم ئازادی ڕۆژنامەگەری و هەم حیزبەکانی ئۆپۆزسیۆنی هەڵوەشاندەوە و شەپۆلی تیرۆر و لەسێدارەدانی لەلایەن ”چێکاوە” (پۆلیسی نهێنی کۆمۆنیست) دەستپێکرد.
بەپێی ئامارە مێژووییەکان، تەنیا لە چەند ساڵی یەکەمی سەرهەڵدانی بولشویکەکان بۆ سەر دەسەڵات، سەدان هەزار کەس لە سێدارە دراون یان ڕەوانەی ئۆردوگای کاری ئیجباری (گولاگ) کران. لینین بە ڕاشکاوی ڕایگەیاند کە توندوتیژی شۆڕشگێڕانە بۆ پێشخستنی ئامانجە سۆسیالیستیەکان پێویستە و هەر بۆیە کوشتن ئامرازی ڕەوای ئەو بووە.
ڕۆڵی لینین لە سەرکوتکردنی گەلان و خیانەت لە مافی چارەی خۆنووسین
یەکێک لە نموونە هەرە دیارەکانی خیانەتەکەی لینین لە ئازادی گەلان مامەڵەی لەگەڵ ئەو کۆمارانەی کە بەدوای سەربەخۆییدا دەگەڕان لە دوای ڕووخانی ئیمپراتۆریەتی ڕووسیا. لینین لە نووسینەکانیدا دروشمی ”مافی چارەی خۆنووسینی گەلان”ی بەرەوپێش دەبرد، بەڵام کاتێک گەلانی ژێر دەسەڵاتی ئیمپراتۆری تزار، وەک ئۆکراین، گورجستان(جۆرجیا)، ئەمەنستان، قەزاقستان و تەنانەت کۆماری کوردستان (کۆماری سۆڤیەتی کوردستان لە ساڵانی ١٩٢٠)، داوای سەربەخۆیییان کرد، بولشویکەکان بە هێزی نیزامی هێرشیان بۆ کردن و حکومەتەکانیان ڕوخاندن و بە زۆری سەرنێزە و چەک ئەو وڵاتانەیان خستە سەر یەکیەیی سەڤیەت و هەوڵی تواندنەوەیان دەدا
ئەم دوو ڕوییە ئاشکرایە، واتە بەرگری زارەکی لە مافی چارەی خۆنووسین و لە هەمان کاتدا بە شێوەیەکی کردەیی سەرکوتکردنی، ئەوە نیشان دەدات کە دروشمەکانی لینین و هاوکارەکانی تەنیا بەرگێکی ئیدئۆلۆژی بوون بۆ پەرەپێدانی ئیمپریالیزمی کۆمۆنیستی. لە ڕاستیدا لینین تەنها ئیمپراتۆریەتی تزاری بە ئیمپراتۆریەتی سوور گۆڕی، بەبێ ئەوەی هیچ ڕێزێک لە ئیرادە و ئیرادەی گەلان بگرێت.
سەرکوتی گەلان: لە قەفقازەوە تا ئاسیای ناوەڕاست
لە سەردەمی لینین و دوای ئەویش، گەلانی وەک تورکمان، ئۆزبەک، قێرقیز، تاتار، باشکر و گەلانی قەفقازی وەک چیچان و ئازەربایجان و گورجستان(جورجیا) کەوتنە ژێر نیزامیترین شێوەی سەرکوتکردن. زمانە ڕەسەنەکان سنووردار کران، سەرکردە ناسیۆنالیستەکان لە سێدارە دەدران و کولتوورە ناوخۆییەکان بە بیانووی “ئینتەرناسیۆنالیزمی پرۆلیتاریا” لەناو دەچوون. لە ڕاستیدا ئەو ”ئینترناسیوناڵە” کە چەپەکان دەیانخوێندەوە، کەرەسەیەک بوو بۆ ئەوەی روس محور بەهێز بێ و گەلانی دیکە و کولتورەکانیان لە ژێر هێژمونی روسی سۆڤیەت دا بتوێندرێنەوە
لینینیزم، پێشەکی ستالینیزم
لینین بە دامەزراندنی سیستەمێکی تاک حزبی و دەزگای ئەمنیەتیەکی وەحشی و دڕندە و ئیدئۆلۆژی بێزاری لە مالکیت( خاوەنداریەتی) و تاک ( فردگرایی)، بناغەی سەرکوتکردنی دڕندانەی ستالین دانا. ئەوەی ستالین کردوویەتی درێژکراوەیەکی سروشتی بوو بۆ ئەو پێکهاتەیەی کە لینین دیزاینی کردبوو. ملیۆنان کەس بەهۆی برسێتی پلان بۆ داڕێژراو و دیپۆرتکردنەوەی بەکۆمەڵ و لەسێدارەدانی بەکۆمەڵ گیانیان لەدەستدا. هیچ کام لەم کارەساتانە بەبێ بنەمای ئیدئۆلۆژی لینین نەدەکرا.
دەرەنجام: خیانەتی چەپ لە ئازادی گەلان
چەپی کۆمۆنیست، لەگەڵ هەموو بانگەشەکانی بۆ ئازادی و دادپەروەری، یەکێک لە گەورەترین دوژمنەکانی مافی چارەی خۆنووسینی گەلان بووە. لینین وەک سیمبولی ئەم بزووتنەوەیە، نەک هەر هۆکاری سەرکوتی ناوخۆیی و کوشتنی گەلان بوو، بەڵکو بە دامەزراندنی ئیمپراتۆریەتێکی ئیدئۆلۆژی، دەنگی گەلانی بێدەنگ کرد و جێگەی ئیمپراتۆریەتی ڕووسیای تزاری گرتەوە. ئەوڕۆ لە هەر شوێنێک سۆسیالیست و چەپی توندڕەو هاتنە سەر دەسەڵات، ئازادی گەلان و کەمینەکان دەبێتە قوربانی یەکەم.
ئەو بەڕێزە کاتێک یەک لایەنە باسی چەپ دەکا
باسی جەنایەتەکانی لینین، جەنایەتەکانی ستالین، جەنایەتەکانی هیتلێر و خەیمەرە سورەکان و کوبا و کورەی باکور ناکات!
🔹ستالین دەیان میلیون کەسی کوشت و تەنیا لە قاتی و قڕی ئوکڕاین دا ( هولودومور) چوار میلیون کەس بوونە قوربانی،
🔹ڕەنگە کاک هێمن نەزانێ و پێویستە وەبیری بهێنمەوە کە حیزبەکەی هیتلێر: حیزبی ناسیونال سوسیالیستی کرێکارانی ئاڵمان بوو کە سەرباری ئەو هەموو جەنایەتە ئەگەر ئەمریکا پێشی نەگرتبایە دنیای دەخوارد، حیزبێکی سوسیالیست و چەپ بوو( چەپ و فاشیست)
🔹لە کامبوج پۆلپۆتەکان بۆ دامەزرادنی کۆمەڵگایەکی لینینیستی، سوسیالیستی دو ملیون کەسیان لە حەشیمەتی هەشت میلیون کەسی ئەو کاتی کامبوج بە وەحشیانەترین شێوەکان کوشت.
🔹لە کوبا، لە وئنزوئیلا و ئێستاش لە کورەی باکور دیکتاتوری کۆمۆنیستی و سوسیالیستی چیها جەنایت ما کە نەیکەن !؟
لە بەرابەر دا دەسکەوتی مروڤایەتی و هەموو ئەو پێشکەوتنەی کە ئەوڕۆ ئێمە کەلکی لێ وەردەگرین، بە بێ ئیستسنا چەمکەکانی وەک: دێمۆکڕاسی، پلورالیسم، ئازدی بەیان، ئازادی ژنان، مافی مروڤ، سکولاریسم و لائیسیتە، سەرچاوەی هەموویان لیبرالیسمە، تەنانەت بە پێچەوانەی ئەوانەی پێیان وایە لیبرالیسم دژی مافی چارەی خۆ نوسینی گەلانە بە هیچ شێوە وا نیە، ئەو چەمکە واتە مافی دیاری کردنی چارەنوس لە سەدەی ١٨ و ١٩ و بە تایبەت لە شۆرشی فەرانسە دا لە لایەن جان لاک و لیبراڵەکانی دیکەوە هاتە گۆڕی هەرچەند لە سەدەی بیستەم دا هاتە نێو ئەدەبیاتی نێو نەتەوەییە و جان ستوارت میل و لیبراڵەکانی دیکە بە ڕوونی ئەوەیان ڕوون کردۆتەوە.
کاک هێمن دەبوە باش بزانێ کە لە کاتێک دا کە روسیەی تەزاری یەکێک لە دەوڵەمەندترین وڵاتانی جیهان بوو سیستمی کۆمۆنیستی وێرانی کرد و ئەمریکایەک کە تازە پێک هاتبوو بە سیستمی لیبڕاڵی و بازاری ئازاد بوو بە یەکەمی بێ ڕکەبەر چ لە بواری ئازادی و دێمۆکڕاسی و چ ئابوری و نیزامی و …
گەلی ئێمە ئێستا وشیار و زیتە و لە سایەی سەری لیبرالیسمەوە تکنۆلۆژیش ئەو مەجالەی داوە کە بە سێرچ کردنێک لە گووگل زانیاری زۆر وەدەست بهێنی و نادروستی قسەکانی کاک هێمن سابت دەبێ،
بەڵام سەرباری ئەو هەموە قسە ناحیسابی و ناڕاستە کە بەڕێزیان کردی، سەرەنجام ڕونی نەکردەوە کە ئەو سوسیالیسمە عەنتیکەیەی کە ئەو بڕوای پێیەتی کام وڵات لە جیهان بەو شێوەیە ئیدارە دەبێ تا خەڵک بزانن!!؟؟
من کە لیبرالیسمم پێ باشە ( بێ عەیب نیە بەڵام لەوانی دیکە باشترە) نمونە دەهێنمەوە کە وڵاتانی ڕۆژئاوایی کە بە وڵاتانی پێشکەوتوی جیهان ناسراون و هەموو ئوروپا و ئەمریکا دەگرێتەوە بەو سیستمە ئیدارە دەکرێن و ئەوە نمونەیە، خۆزگە کاک هێمنیش لەو دنیا پان و بەرینە دا بیتوانیبا نمونەیەکی سەرکەوتوی سوسیالیست بهێنێتەوە کە خەڵک بزانن، بێجگە لە کوبا و کورەی باکور کە خەڵک لە برسان دەمرن نمونەی دیکەت هەیە جەنابت !؟
دنیای ئازاد و ئەو گەلانەی بەدوای سەربەخۆیی و ئازادیدا دەگەڕێن، دەبێ ئەم ئەزموونە مێژووییەیان لەبیر بێت: لە پشت دروشمە جوانەکانی چەپەوە، هەندێک جار دڕندانەترین سەرکوتەکان شاراوەن.
تێبینی: ئەو نوسراوەیە، پێش ئەوەی دیفاع لە کاک خالید عەزیزی بێ، دیفاعە لە ئازادی و هەوڵدانە بۆ مودێرن بوون و بە دژی چەواشەکاریە و هەڵدانەوەی بەشێکی بچوک لە جەنایەتی گەورەی چەپ و سوسیالیستە
…….
دڵشاد هەورامی: چەپ ئەتوانێت لە قۆناخێکدا ڕێگا ساف بکات و بەربەست شکێن بێت وەک ئەزموونی کۆمار بەڵام هەموو شتێک نییە و نەبووە.
ڕاست دەتوانێت هەمان کاراکتەر بێت وەک ئەزموونی باشووری نیشتمان دوای ڕاپەرین، بەڵام لێرەیشدا تەنیا دەرفەتە و ئەوە دەمێنێتەوە و دەبێ بمێنێتەوە کوردە و کوردستان و سەربەستی.
پەراوێز کرانی کورد لە شەری چەپ و ڕاستدا
ئەوەندە تێگەیشتووم لە باسی چەپ و ڕاستدا کە جۆرێک بیانوو گرتن و لە ویژدانەترین لێکدانەوەدا حاڵی نەبوون لە کاک خالید عەزیزی بوو، تا ڕادەیەکی زۆر کورد بوون وەک پێوەر ونە.
حەقێقەت ئەوە بوو کە، کاک خالید باسی بۆچوونی خۆی وەک تاک دەکرد و ڕەوا نەبوو و نییە کە، ڕوانینی تاکێک سەبارەت بە پرسێک (لە کاتێکدا دەڵێت بۆچوونی خۆمە) هاوسان بکرێت بە سیاسەت و لێدوانی فەرمی حیزبێکی سیاسی.
دوو بۆچوونم بینی کە یەکتر ڕەد دەکەنەوە. گەر وتاری کاک ئیسمائیل شەرەفی کە لە ڕەدی قسەکانی کاک هێمن سەیدیدا نووسراوە و قسەکانی کاک هێمن لە ڕەدی نەزەری کاک خالید، بە بنەما و دەسبژێرێک لە کۆی ئەوەی نووسراو و وترا وەرگرم، ئەوە بزڕ بوونی ئیرادە و کاریگەری کورد (خاوەنی پرسەکە) لە پێکدادانی چەپ و ڕاستدا زیاتر هیچ نابینم.
کورد و بزوتنەوە سیاسی و چەکداری و ڕۆشنبیرییەکەی لەم شەرەدا بە ڕادەیەک لاواز و بێ شوێن پێ و نەبووە کە، بەشەر هەست دەکات ئەو دەریا خوێنە کە لە کورد ڕژاوە بۆ ئافەرینی مۆسکۆ و بزەی سەر لێوی واشینگتۆن بووە.
زەق کردنەوەی ڕوانگەی کارت بوونی کورد بۆ فشار خستنە سەر دەسەڵاتی داگیرکەر. فرۆشتنەوەی مامەڵە کردنی دەرد و مەینەتی کورد لە لایەن چەپ و ڕاستەوە و بە خزمەت و چاکەی ئەوان بە پرسی کورد حەسباندنی کە لە هێرشەکانی هەردوو بەرەدا بە پێوەر وەرگیراوە، غەدر و زوڵم و فەرامۆش کردنی خوێنی کورد و ڕەنجی کورد و فکری کوردە.
هەم لایەنگرانی چەپ و هەم ئەوانە کە ناسیونالیزمیان بە گیانەوە گرتووە، بێ ویژدانانە لە کۆی باسەکانیاندا کورد کاڵ و پاک دەکەنەوە. ئەوان بیری خۆیان دەبەنەوە کە بنەما و جەوهەر و بنەرەتی کۆی پرسی کورد لە زوڵم و داگیرکەری و هەست بە مەزڵوومیەتی میللەتێکەوە دەست پێ ئەکات. لەوەیش گرینگتر تێچووی ئەوەی لە سەر خاکی کوردستان ڕوویداوە لە سەر گیان و خاکی کورد بووە.
خاڵێکی دیکەی جێگای سەرنج کە من بە خۆڵ لە چاوی بیسەر و خوێنەر کردنی دەزانم، هەر دوو بەرەیش خۆیان لێ نەپاراستووە، دەست بردن و فاکت گرتنە لە خڕاپترینی ئەوی بەرانبەر و بە شەڕی پەتی وەسف کردنیەتی.
لە دوو بەرەی ئەم شەرە بە ناو فکرییەدا، گەشە و پێشەوە چوونی ژیان و جۆری تێروانینی بەشەر لە دنیای ئازددا پێوەر نییە، هەر وەک چۆن گەشەی ئابووری و حەوانەوەی شەش یەکی مرۆڤەکانی سەر زەوی لە چینی چەپدا بە پێوەر وەرناگیردرێت.
بەڵام
کورد وەک نەتەوەیەکی بێ دەوڵەت و نیشتمان داگیر کراو، دوو ڕێگای لە بەردەمە.
یەکەم. توانەوە لەوی داگیرکەردا و بوون بە ئەو (بوون بە ئینسانی بێ شوناسی خاوەن ماف)
دووەم. خەبات کردن بۆ دروست کردنی دەوڵەتی خۆ و دەرکردنی داگیرکەر.
لە هەر دووی ئەم ڕێگایەدا توولە ڕێ و قەوبڕ و لارێ زۆر و بۆر هەن بەڵام، گرینگ هەڵبژاردنەکە و سوور بوونە لە گەیشتن بە ئامانج. دوور کەوتنەوە لە مەقسەد (زەلیلی) تەنانەت هەنگاوێک خودی ڕزگاری و دەسپێکی گەیشتنە.
چەپ ئەتوانێت لە قۆناخێکدا ڕێگا ساف بکات و بەربەست شکێن بێت وەک ئەزموونی کۆمار بەڵام هەموو شتێک نییە و نەبووە. ڕاست دەتوانێت هەمان کاراکتەر بێت وەک ئەزموونی باشووری نیشتمان دوای ڕاپەرین، بەڵام لێرەیشدا تەنیا دەرفەتە و ئەوە دەمێنێتەوە و دەبێ بمێنێتەوە کوردە و کوردستان و سەربەستی.
……
د. میرۆ عەلیار: لە پەڕاوێزیی باسی ”چەپ” دا بە کورتی!
ماوەیەکە پرسی ”چەپ” و ئاسەوارەکانی لە جووڵانەوەی کورد دا لەسەر تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بۆتە هەوێنی قسە و باس.
ئەو باسە تێئوریک و نەزەریە، ئەگەر لە کەشوهەوایەکی سالم و دێموکراتیک و لەسەر بنەمای بەڵگە و ئیستدلال بەڕێوەبچێ و هەموو لایەنەکانی لەبەرچاو بگیرێ و تەنیا لە پرسی ئابووریی دا بەرتەسک نەکریتەوە، دەتوانێ بە قازانج بێ و ببێت بە هۆی بەرچاوڕوونی.
دەنا وەک زۆربەی باسەکانی دیکە، ئاکامەکەی دەبێتە شەڕەدندووکە و بە تانە و تۆمەتلێدان لە یەکتر و شەڕەجنێو دوایی پێ دێ و لە ئاخر دا کەلێنێکی دیکە دەخاتە بەینمانەوە. زۆرمان کەلێنی دەسکرد و بێبنەما بۆ خۆمان چێ کردووە، ئەوەشی لێ زیاد دەبێ!
هەروەها، ئەو باسە ئەگەر یەکجێ و گشتی درێژە پێ بدرێ، واتە بە لایەنگریی و پێداهەڵکوتن یان بە دژایەتیکردن و کوتانی ”چەپ”، بەلاڕی دا دەچێ.
ئەو باسە پێویستە شی و جیا بکرێتەوە: کام چەپ و چ چەپێک؟ چەپی ستالینیستی یان چەپی دێموکرات؟
یەک: بیروبڕوا و ئیدئولوژیی چەپی ستالینیستی کە حیزبە کومونیستەکانی پێش شەڕی سارد و هەرەسهێنانی یەکێتی سۆڤیەتی لە وڵاتانی سوسیالیستی نوێنەراتییەکان دەکرد. چەپێک کە بە نێوی دیکتاتوریی پڕۆڵتاریا دیکتاتوریی حیزبی و سیستمی تاکحیزبی ڕەوایی پێ دەدا، دژایەتی فرەچەشنی و پلوورالیزمی دەکرد و سەرکوتی جیاوازیی و جیاوازبیرکرنەوەی بەئەرک بۆ خۆی دیاریی و پاساویی دەکرد، یەک نەتەوەی لە حیزبێک و بیروبڕوایەک دا قەتیس و بە دیل دەگرت، پاوانخواز و موتڵەقگەرو تەواوییەتخواز بوو، پێداهەڵکوتن و فەردپەرستی و بەمەزهەبکردنی حیزب و حیزب پەرستی کردە باو، کولتووری جنێوفرۆشی و سووکایەتیکردن بە جیابیر و خەنیمی سیاسی تێکەڵ بە سیاسەت و حیزبایەتی کرد و سیاسەتی پێ ژاراویی و سەقەت کرد و سنووری نێوان جیابیر و دوژمنی شێواند.
بەڵێ ئەو ”چەپە” زیانی قورس و قەرەبوونەکراوەی لە جووڵانەوەی نەتەوەیی کورد وەشاند و میراتەکانی ئێستاش بەرۆکی کوردیان بەرنەداوە و ”رسوبات” و پاشماوەکانی ئەو بیروباوەڕە بۆتە گەورەترین کۆسپ لە پێش یەکگرتوویی و خەباتی هاوبەش و گەشەی سیاسی و دێموکراتیزەکردنی خەباتی کورد و جووڵانەوەی کوردی بە بارمتە گرتووە و بڕەستی لێ بڕیوە.
لەبەر ئەوەی هەتا ئێستا لە دوو وتار دا پەرژاومەتە سەر میراتە ڕووخێنەرەکانی چەپی ستالینیستی لە نێو جووڵانەوەی کورد، لێرە دا لەوە زیاتر لەسەری ناڕۆم.
دوو: چەپی دێموکرات و مودێڕن: چەپێک کە خۆی لە بەرانبەر و لە بەرەی دژ بە راستی دەمارگرژ و ئیفڕاتی دا پێناسە و تەعریف دەکا و بروای بە ئازادیی هەیە، دەروەستە بە پڕینسیپەکانی دێموکراسی و پلورالیزم، ڕێز لە بیروبۆچوونی جیاواز و دەنگ و ئیرادەی خەڵک دەگرێ، بڕوای بە ئازادیی و مافی یەکسان بۆ ژن و پیاو هەیە، حیزبی سیاسی وەک وەسیلە بۆ گەیشتن بە ئامانج دەبینێ، لە سیاسەت دا دیالۆگ و ڕێککەوتن بە بنەما دەگرێ و پابەندە بە ئەسڵی دابەشکردن و سنووردارکردنی ماوەی دەسەڵاداریی، بڕوای بە عەداڵەتی کۆمەڵایەتی هەیە و هەڵویستی مرۆڤادۆستانەی هەیە بەرانبەر بە ماف و پاراستنی پەنابەر و لێقەوماوان دەگرێتە پێش…
کورد بەتەبیعەتی خەباتە ڕزگاریخوازەکەی، ناتوانێ و نابێ دژ بەو چەپە بێت. وریا و لەسەر هەست بین، دژایەتی لەگەڵ ئەو چەپە دێموکرات و مودێڕنە نەمانخاتە بەرەی ڕاستی ئیفراتییەوە و خەباتەکەمان بنکۆڵ نەکا.
ئێمەی کوردی ڕۆژهەڵات ئەوڕۆ ڕاست لەگەڵ ئەو ڕاستە ئیفڕاتییە لە نێوخۆی ئێران و لە نێو ئوپوزسیون دا بەرەوڕووین کە وەک چەپی ستالینی دژی دێموکراسی و هوییەت و دەنگی جیاوازە، فرەچەشنی بە هەڕەشە بۆ خۆی دەزانێ و سەرکوتی دەکا، لەسەر بەردەوامبوونی سوڵتە و دەسەڵاتی یەک نەتەوە ویەک زمان پێ دادەگرێ، و بەگشتی، بەدژی ئازادیی و ئامانجەکانی ئێمە دەوەستێتەوە.
بەبڕوای نووسەری ئەو دێڕانە، دژایەتی لەگەڵ چەپی دێموکرات و مودێڕن نەک هەر ناتەبایە لەگەڵ رۆح و سروشت و ئامانجەکانی خەباتی نەتەوەیی کورد، بەڵکوو بۆ دواڕۆژ و داهاتووی کۆمەڵگای کوردستانیش کێشەخوڵقێنە.
****
لەم کێشەی چەپ و راستە دا هەندێک باس هاتە ئاراوە: ئارش ساڵح
لەم کێشەی چەپ و راستە دا هەندێک باس هاتە ئاراوە کە پیشان ئەدات کە هەموومان لەسەر واتا و مانای چەمکە بنەڕەتیەکان دا کۆک نین و هەرکەس واتایێکی تایبەتی لەو چەمکانە لە مێشک دایە. هەر بۆیە بە پێویستی ئەزانم کە وێڕای پرژانە سەر ناوەرۆکی باسەکە تا رادەیێک هەوڵ بدەم مەخرەجی موشتەرکێک کە لە دنیای ئاکادمیک دا لەسەر ئەو چەمکانە هەیە بێنمە بەر باس بۆ ئەوەی بزانین مەبەستمان لەو قسانە کە ئەیکەین چیە.
1- سەرەتا ئەبێ بڵێم کە وەرگرتنی هزری چەپ و سۆسیالیسمی دیموکراتیک لە لایەن حزبی دیموکراتەوە یەکەم هەنگاوی جیدیە بۆ مودیڕن کردنی خەباتی کورد لە مێژووی خەباتی ئەو گەلە لە هەموو بەشەکانی. یەکێک لە رەهەندە گرینگەکانی مودێرنیتەی سیاسی و دەسپێکی سەردەمی موێڕن بریتیە لە سەرهڵدانی ئایدۆلۆژیە سیاسیەکان وەکوو لیبێراڵیزم و سۆسیالیزم. بۆیە کاتێک کە حزبی دیموکرات لە نێوان خۆی و خەباتەکانی پێش خۆی وهاوکاتی خۆی کە چیەتی یان ماهیەتێکی خێڵەکیان هەیە دابڕانێک ساز ئەکات و سۆسیالیزمی دیموکراتیک وەکوو چوارچێوەی تیئۆریکی خۆی هەلئەبژێرێت، لە راستی دا خەباتی گەلی کورد پێ ئەنێتە سەردەمی مودێڕنەەو. واتە مودێڕنیتەی سیاسی کاریگەریەکانی ئەگاتە کوردستان. هەر بۆیە لە راستی دا داماڵینی حزب لە چوارچیوەی تیۆریکی خۆی گەڕاندنەوەی حزبە بۆ سەردەمی پێش مودیڕن و یەکەمین ئاکامی ئەوە ئەبێت کە حزبی دیموکرات ئەبێت بە کۆنفێدراسیۆنی خێل و عەشیرە. نموونەی ئەمە لە ناو ئەحزابی تری کوردی دا هەیە کە یان هەر لە سەرەتاوە بە هەڵنەبژاردنی چوارچێوەیێکی نەزەری مودێڕن لەو پێکهاتە پێش مودێرنە مانەوە یان یان لەم ساڵانەی دوایی بە هۆی لەدەس چوونی ئەو چوارچێوە هزریە گەڕانەوە بۆ پێکهاتەی بنەماڵە سەروەر و خێلەکی. هەڵبەت کەلتووری ئاغایی و ئاغاوەتی کە هەتا ئێستاش کاریگەری نەرێنی لە سەر کیشەکانی ناوحزب هەبووە پۆتانسیێلێکی ناو حزبە بۆ کردنی حزب بە کۆنفێدراسیۆنی خێڵەکان.
2- زۆرێک لەو چەمکانەی کە گەلی کورد لە نیوسەدەی رابردوو و هەتا ئێستاش داوخوازەکانی خۆی پێ فورمولە ئەکات هەڵقوڵاوی هزری چەپن. بنەمای سۆسیالیزم لەسەر بەرابەری کۆمەلایەتی و مافی کۆمەڵ دامەزراوە لە ناو دەزگای فێکری خۆی دا هەندێک چەمکی وەکوو مافی چارەی خۆنووسین، بەرابەری کۆمەڵایەتی و دیموکراسی پەروەردە کردووە کە هەتا ئیستاش لە کۆمەڵە چەمکە بنەرەتیەکانن و هەڵقوڵاوی ئەو هزرەن. لیبەرالیزم و بە گشتی راستی سیاسی لە کانتێکستی جیهانی دا هیچ شوێنێکی بۆ مافی گرووپ یان نەتەوەی بندەست نیە. ئەمە هۆکارەکەی بۆ ئەوە ئەگەڕێتەە کە لیبێراڵیزم لەسەر ئەساسی مافی تاک دامەزراوە. تاکێک کە لە ناو هزری لیبەراڵ دا رەشناڵە و ناوەندی جیهانە و کانتێکست بۆی گرینگ نیە واتە کولتووری جیاواز و نەتەوەی جیاواز هیچ گرینگیێکی بۆ ئەو تاکە نیە.
3- کە باس لە چەپ و راست و دەسکەوتەکانیان ئەکرێت پێویستە سکاندیناڤی و ئامریکا پێکەوە بەراورد بکرێت. بەرواردێکی بە تەواو ئابجێکتیڤ و بێ لایەنانە واتە بە پێی ژمارەکان. ئەگەر چاو لەو ئیندێکسانە بکەین کە پیشاندەری دۆخی مافی تاکەکان، ئازادیە سیاسیەکان، مافی کەمینەکان، بەرابەریە کۆمەڵایەتیەکان، قوولایی دیمکراسی، ئاسایشی کۆمەڵایەتی، تەندوروستی تاکەکان، و هەموو ئەو شاخێسانە بکەین کە باس لە پەرەپێدانی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەکەن، ووڵاتانی ئێسکاندیناوی تا رادەیێکی زۆر بەرچاو لەسەرووی ئامریکان. ئیندێکسی گەشەی مرۆیی یان HDI ئەگەر لە بەرچاو بگرین سوێد حەوتەم ووڵاتی دنیایەو ئەمریکا بیستو یەکەم، رێژەی درێژی ژیان یان Life Expectancy کە پێوەرێکە بۆ کوالیتی و کەیفیەتی ژیان لە سوید ٨٣ ساڵە و لە ئەمریکا بە رێژەیێکی زۆر بەرچاو لە خوارەوەیە کە ٧٦ ساڵە، سیستەمی تەندوروستی و بیمە یان ئینشۆرانس لە سوێد بە شێوەیێکی زۆر بەرچاو لە پێشەوەی ئەمریکایە، پەروەردە و دەسڕاگەییشتنی هەمووکەس بە فێرکاری بەرابەر و بەرابەری لە فێرکاری دا ئەگەر بگرینە بەرچاو سوێد تا رادەیێکی زۆر لە پێشەوەی ئامریکایە، زەریبی جینی Gini coefficient لە سوید نیوەی ئامریکایە واتە نابەرابەری ئابووری لە ئامریکا دووقاتی سویدە واتە بەرابەری ئابووری لە سوید زۆر زۆر لە دۆخێکی باشترە، لە دۆخی تاوان دا ئامریکا بە رێژەیێکی بەرجاو لە پێشەوەی وولاتانەی سکاندیناڤیە، لە پێوەری باڵانسی ژیان-ئیش کە یەکێکی تر لە پێوەرەکانی خۆش بژێویە و باس لەوە ئەکات کە مرۆڤەکان تا چ رادەیێکی کۆیلەی ئیش و کار و سیستەمن سوید و بە گشتی سکاندیناڤی بە شێوەیێکی بەرچاو لە پیشەوەی ئەمریکان و لەکۆتایی دا لە ئیندێکسی شادی دا سوید شەشمین ولاتی جیهانە و ئەمریکا لە پلەی ٢٣ دایە. هەندێک لەو بوارانەی کە ئامریکا لە دۆخێکی باشترە بە شێوەی گشتی یان کاریگەریێکی لەسەر ژیانی خەڵکەکە نیە، یان نابەرابەریەکان قووڵتر ئەکاتەوە یان گەورە بوونی لە ئاکامی زاڵ بوونی لۆژیکی بازاڕە و بە کاڵا کردنی شتە گرینگەکانە کە نابێت بە کاڵا بکرێن. بۆ وێنە لە رێژەی گەورەیی ئابووری لە ئابووری جیهانی دا ئامریکا لە دۆخێکی زۆر باش دایە کە خێرەکەی بەشیوازکی نابەرابەر ئەچێتە گیرفانی یەک لەسەدی کۆمەڵاگاوە و ئەبێتە هۆی بەربڵاوتر کردنی کەلێنی نیوان دەسەڵاتدار و بێ دەسەلات دا. یان بۆ وێنە رێژەی بەهێز بوونی ئەرتەش و هێزی سەربازی کە کاریگەریێکی لەسەر ژیانی خەڵک نیە. یان نموونەی تر بەرهەم هێنانی زانستە کە لە ئاکامی بەکاڵا بوونی لێکۆڵینەو ە و ریسرچە.
4- یەکێک لەو باسانەی کە هاتۆتە ئاراوە باسی پێوەندیەکانی دەرەوەیە. من پێم وانیە هەتا ئێستا پێوەندیەکانی حزب لەسەر ئەساسی ئایدیۆلۆژیک دامەزرابێتن. لە راستی دا حزب لەسەر ئەساسی بەهای هاوبەش زیاتر هەوڵی داوە بۆ پێوەندی گرتن و هەوڵی داوە لەگەڵ هەموو تەیفەکان دا لە پێوەندی دا هەبێت. لە لایەکی ترەوە پێم وایە هەرکەس تا رادەیێک بەدواداچوون بکات بۆ هەواڵەکان ئەگەرچی زۆری ئاشنای تیۆری نێوەدەوڵەتی نەبێت تێئەگات کە ووڵاتەکان پێوەندیەکانیان لەسەر ئەساسی بەرژەوەندی و دەسەڵات رێک ئەخەن و بە هیچ شێوە کاریان بەسەر ئایدۆلۆژی لایەنەکانەوە نیە. بەتایبەت ئەم دیاردەیە لە کاتی ئێستا دا بەرچاوترە.
5- بابەتی تر مەسەلەی چەپ و حزبی ئایدۆلۆژیکە کە لەگەڵ یەک تێکەڵ ئەکرێن. حزبی ئایدۆلۆژیک لە عورفی سیاسی دا بەو حزبانە ئەوترێت کە هەڵسووکەوتیان چ لە ناو حزبەکەدا و چ لە دەرەوەی حزبەکە و لە پێوەندی لەگەڵ لایەنەکانی تر بە شێوەیێکی توندووتوڵ لەسەر ئەساسی ئایدۆلۆژی بنیات نراوە. واتە لە ناوخۆی حزبەکە دا ئاراستەیێکی تۆتالیتر بۆ ئەوەی هەموو رەهەندکانی کاری سیاسی و ژیانی کۆمەڵایەتی لەگەل ئایدۆلۆژی ئێنتێباق بدریێت و لە دەرەوەش بە شێوازێکی موتەعەسێبانە خۆ ئەبوێرن لە هاوکاری یان هاوپەیمانی ساز کردن یان کاری هاوبەش لەگەڵ ئەو لایەنانەی کە وەکوو ئەوان بیر ناکەنەوە. ئەو جۆرە حزبانە بۆ هەمووشتێک خوێندەوەیێکی ئایدۆلۆژیکیان هەیە. چ لە بواری نێودەوڵەتی دا بێت هەموو شتێک لە چوارچیوەی بلۆکی ئایدۆلۆژیک دا دەبینن یان ئەگەریش لە بواری گۆڕانکاریە کۆمەڵایەتیەکان دا بێت هەموو گۆڕانکاریێک بەو بنەما تەحلیلیە لێک ئەدەنەوە کە ئایدۆلۆژیەکەیان بۆیان دابین ئەکات. بۆ وێنە کۆمەڵێک گرووپ و دەستە هەن کە ئەگەر لێوانێک لە سەر مێزێک ئەکوێت ئەوان ئەڵین خەتای دینە.
6- لە کۆتایی دا ئەبێ بڵێم کە گۆڕانکاری زۆر بابەتێکی پێویستە بەڵام ئەو گۆڕانکاریە ئەبێت دوو تایبەتمەندی هەبێت یەکەم ئەوەی کە زۆر هێواش و هەنگاو بە هەنگاو و جوزء بە جوزء بێت دووهەم ئەوەی کە هەر گۆڕانێک لەگەڵ پێشکەش کردنی ئاڵتێرانتیڤ بێت و ئەو ئاڵتێرانتیڤەش بە ووردی فێری ئەندامان و خەڵک بکریێت. هۆکارەکەش زۆر سادەیە، ئێمە نامانەوێ خۆمان بە لەحازی فێکری بێ چەک بکەین. ئەوەی کە ئێمە وەکوو ئەندامانی حزب لە دەوری یەک کۆ ئەکاتەوە چوارچێوەیێکی تیۆریک و کۆمەڵێک چەمک و دالن کە خۆیان گرێدراوی کۆمەڵێک چەمکی ناوەندیتر وەکوو مافی چارەی خۆنووسین و دیموکراسین کە لە دەزگایێکی فیکری چەپ دا پەروەردە کراون و واتاپەیدا ئەکەن. لە پرێک دا لە بنەڕەتی ئەو چەمکانە دان تەنیا ئەبێتە هۆی تەشەتۆت و لە ئاکام دا سەرلێشێواوی. لەبەر پێگەیێکی حزبی کە هەمە، ناتوانم ئاماژەی راستەوخۆ بە نموونە کوردستانیەکانی بکەم، بەڵام ئەبینن لە پەنای گوێمان نەبوون یان نەمانی هزری چەپ چۆن بۆتە هۆی لێکترازانی ماڵی حزب یان تەبدیل بوونیان بە کۆنفێدراسیۆنی عەشایێر. هەروەها ئەبینن لەبەر لێکترازانی ئەو شێوە روانینە موێرنە بە سیاسەت چۆن پرۆژەی دەوڵەتی نەتەوەیی ساز کردنیان ( کە بە دەلیلی وجوودی خۆشیانی ئەبینن) تووشی شکست و داڕمان بووە لە ئاکامی ئەو تەشەتۆتە و ئەو سیستمە کۆنفێدراسیۆنی عەشایێریە. لەم ناوەدا داواکاری من ئەوەیە بەرپرسان و میدیای حزبی لە بەرامبەر ئێنسێجامی فێکری تەشکیلاتی ئەندامان بەرپرسانەتر بجووڵنەوە و داواکاریەکانیان بۆ گۆڕانکاری بخەنە رێڕەوێکی عەقڵانیەوە.
****
قــســە، قــســە دێــنــێ، مەلا برایمی مەجید پور
ئـەوڕۆژانــە کاک خــالـیـد عـەزیـزی وتـەبـێـژی حیـزبی دێـمــۆکڕاتی ڕۆژهـــەڵاتی کوردستان لە سەر ( ئیسم و میسمەکان ) بۆچوونی خۆی وت. ئـەگەر کورت بیبڕمەوە دەکڕێ بڵێم هەمویان، زۆرینەیانی ڕەد کردوە .بەڕێزان کاک سمایل (شەڕەفی) و کاک ( چیـا عـەلیار و هیمن سەیدی) لە سەر ئەو بابەتە قسەیان کرد و بابەتیان نووسی. کاک سمایل وکاک چیا عەلیار بە ئەرێنی و کاک هێمن بە نەرێنی قسەیان لــە سـەرقسەکانی کرد. کاک سمایـل وکاک چیا وەک حیزبی، بەرگری توندیان لە کاک خالید کرد. کاک هێمن وەک کۆنـە حیزبی و ئێستا نازانم چیە بـە تـونـدی ڕەخنـەی لـێـگرتـ و دەکرێ بـڵـێـم بــە تەواوی ڕەدی کردەوە. منێش وەک پـیـرە حیزبـیـەک ڕای خـۆم لـەو بــوارەدا دەردەبڕم. وەک حیزبیەک بێگومان ىـڕیاراتی پـەسنـد کـراوی حێزبـی ئـەگەر بەدڵیشم نـەبێ بـەڕێـوەی دەبـەم، کـەمـیـنـەش دەبـێ هـەتـا ئـەو بـڕیارە هەڵنەوەشێندرابێتەوە ڕێزی لێبگرن. ئـەگـەر بـە دژی سیـاسەت و بـەرنـامـەی حیـزبی بێ، دەبێ حیزب لێی بپـرسرێـتـەوە. حیزب مــاڵێکی بــێـدەرک و دەروازە نـیـە بـەکوێـدا پـێت خۆش بوو بەوێدا بچیە ژورێ!! بەڕای من ئەو قسانە چ ئی حیزب بن یان ئی کاک خالیدی کاتی نەبوو. مەسەلەکە زۆر قوڵە و بازارەکە زۆر ئاڵۆز و هەستیارە. پێموایە دەبوو زوتر لە پلینۆمی حیزبیدا قسەی لەسەر کراباو بڕێـاری بڵاو کردنەوەی درابـا. دیــارە نازانم ئەوە کراوە یان نا، تەنیا بۆچوونی خۆمە. بە پێی ئـوسولی ئـازادی بـیـروڕا دەربڕین بـۆ ئـەنـدامـانی حیـزب و غەیـرە حیزبـیش ڕادەربـڕین مـافـە، بـە مەرجێک بێحورمەتی و پێڕێخستنی ماف و کەڕامەتی کاسانی تر نــەبێ.
لە پێشدا لەسەر قسەکانی کاک خاڵـیـد، سەرفی نەزەر لە چاکی و خراپی، دەیڵێمەوە کاتی نەبوو! وەک مەلا برایمی مجیدپور بە ڕاشکاوی دەڵێم: تائێستا نە ئیسلام و نە کمونیزم و سۆسیا لیزم هیچ خێرێکی بەرچاویـان بـۆ حیـزب نــەبـــووە و بـــە پێچەوانە لە ژیرناوی ئیسلام و بۆڕژوا، لێیان داوین. دیارە حیزب ڕەخنەشی لە سەرە، هەڵـە و پـەڵەشی هەبووە و هەیە و دەبێ. ئەوەندەی وەبیرم دێ زۆر کەم وابووە ئەوانەی لـە حیـزب چوونـــــە دەڕێ و ئەوانەی دژبەری سیاسیشن، بۆ جارێکیش باسی چاکە و دەسکەوتەکانی حیزبیان کوتبێ. تەنـیا لەکاتیکدا باسی چاکەی حیزبیان کردوە کە لە بەرژەوەندی حیزبەکەی خۆیان دابێ. بەڕای من بـۆیـە هـــیـچکام لـەو حیزبـە کوردیـــەکــان دێمۆکڕاتیان خۆش ناوی چونـکە ئــەو دەسکەوتـانـەی لـە ڕابـردو حیزب بــۆ گەلی کوردی وەدیهێناون گەلین و ئەوان تا ئێستاش نـیـانـە و بە کوردی ئـێـرەیی پـێ دەبەن. پێشەوای حیـزب بـە دنـیـای سەلماندوە تاکە ڕێـگای ڕزگاری کوردستــان و کـورد سەربەخۆیی کوردستانە.
با لانەدەم بێمەوە سەر باسەکە، ئەو ڕۆژانە قسەی زۆر لەسەر ڕاست وچەپ دکرێ هەرکەسە بە تێروانینی خۆی لێکیان دەداتەوە. ئەوەندەی من دەیبیسم ڕاست کراوەتە ڕێبازی ئاییندارەکان و بـە وتـەیـەکی تـر کۆنە پـارێزەکان. چەپیش نمونەی پێشکەوتن و نوێگرایەکانە و ململمانەیەکی توندیشیان لە نێودا هەیە و دنیایان لە خەڵک کردۆتە گۆڕەپانی شەڕو لێکدان. بـە کورتی بەڕاست و چەپەوە شیرازەی ژیانی هێمنانەی کۆمەڵگایان هەڵوەشاندوە. تەنانەت باب وکوڕیشیان بەگژ یەکتر دا کردوە باوەڕم وایە ڕاست و چەپی واقعی دەبێ دەستی یەک بگرن ببنە براو هاوکار بۆ باشتر کردنی ژیـان . بـروانن زۆر سـاکار دەڵێم : دەستی ڕاست و چەپ تەواوکەر و یاریدەدەری یەکترن هەر مـرۆیەک یــەکیانی نــەبێ پێی دەڵێن (نەقوستانە).
لەسەر قسەکانی کاک خالێد و هاوڕێیانی و کاک هێمن دەڵێم: لە قسەکانی کاک هێمن ڕا زۆر جـوان دیـاربـوو لـە ڕوی پێشینەیـەکەوە بــاسی کاک خالـیدی کردوەو ڕەنگە ڕەقێبی سیاسی یەکتریش بن، بەڵام هێنانە گۆڕی بابەتێکی ئاوا گەورە نابێ بە شەخسی بکرێ و بەرانبەرەکەتی بە خەیاڵ پێی بشکێنی. لە کۆتاییدا جیاوازی بیروباوەڕ شەرعیە، ئیدە و ئایینی هەر کەس و گروهێک جێگای ڕیزە. لەپێشدا کاک خالید خۆی چەپ بوو، کاک هیمنیش هەروا، بەڵام مخابن تا ئەوڕۆش نە چەپ و نـە ڕاست هـیـچ خزمەتـێکی گـەوەرەیـان بـە کـورد نەکردوە و تەنیا ئەگەر لـە جێگایـەک بــەرژەوەنـدی ئـەوان ئـەوەی ویـستـبـێ قسەیەکی باش بۆ کورد بکەن کردویانە و بەڵام ٨٥ ساڵم تەمەنە ، هیچیان لە سەر پێداویستی گەلەکەمان سور نـەبـوون !! نمـونــەی بـەرچـاو شـۆڕەوی کۆماری کوردستانیان بۆ دروست کردین و دوایە بە نەفت فرۆشتی بە ئێران، بە ئیزنی ئەمرێکا ، قازی لە سێدارە درا و زۆرتریش. بـۆیـە ئـەوەی پـێـویستی حەیـاتـمانــە پــێـکەوە ژیـــان و هــاوکاریـمـانـە. کوردبـوون و کوردستانی بوون ستڕاتێژیمانە، یارمەتی و سەرنجی وڵاتان تاکتیکە. بەداخەوە کلیلی دەرگای ڕزگاریمان گوم کردوە دیتنەوەشی هەر لە ئەستۆی خۆمانە. با ئێمە بە ناوی ڕاست و چەپ هێندەی تریش لەت و کوت و بێ هێز نەبین. چۆنکە وەک مەلا غەفور دەبباغی ڕەحمەتی دەڵێێ: دوکانی من لە چوار جورە مەتاع و جینسی تێدایە بەڵام چ بکەم نیە لەو عەسرەدا هیچکەس خڕیداری.
ئێمە موسوڵمان و ناموسوڵمان کومونیست و سۆسیالیست و هیترمان هەیە، بەڵام هیچیان قازانجێکیان بۆ دۆزی کورد نەبووە. جا بێژەری ئەو ئیدە و ئاینانە کاک خالید یان کا ک هێمن، یان من بم.
براتان مەلا برایمی مەجید پور
****