Hoppa till innehåll
Hem » بەسەرکردنەوەی سەید محەممەد تاهیری تێکۆشەرێکی دێموکرات

بەسەرکردنەوەی سەید محەممەد تاهیری تێکۆشەرێکی دێموکرات

پێشمەرگەکان: سەید محەممەد تاهیری کوڕی  نەمران سەید حەسەن و حەلیمە خانم، خەڵکی گوندی حەسەنی لە ناوچەی سۆمای ئۆرمیەیە و ئێستا ئەویش وەک هاوجیلەکانی خۆی لە سەردەمی خەباتی شاخدا چووتە نێو تەمەنەوە و لە وڵاتی سوئێد گیرساوەتەوە .

سەید محەممەد یەکێك لە تێکۆشەرانی دێڕینی حیزبە کە لە ڕیزی یەکەم کەسانێکە کەلە باکووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوونەتە پێشمەرگە. حیزب لە دوای شەڕی ٣ مانگە و بە دیاری کراوی زستانی ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی دەستی کردووە بە ناونووسیی خوازیارانی پێشمەرگایەتی و سەید محەممەدیش هەر ئەوکات یەکێک لەو لاوانە بووە کە ناوی نووسیوە و بۆتە پێشمەرگەی حیزب و سەرەتا لە هێزی قەهرەمانی ئەوکات  و پاشان لە ڕێکخستنەوەی سەرلە نوێی هێزی پێشمەرگە، لە  هێزی شەهید سەرگوردعەبباسی دا  خزمەتی کردووە و بەشداری زۆرترین داستانە مێرخاسییەکانی هێزی پێشمەرگە لە دەڤەری باکووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە و چەند جار بە سەختی بریندار بووە و  بە ساڕێژ بوونەوەی برینەکانی دیسان لە سەنگەری بەرخودان دا ئامادە بووە. ئەو یەکێک لە قارەمانانی شەڕ و داستانی مێرخاسیی جەتەرە کە لەو شەڕەشدا  بە سەختی بریندار بووە.

کاتێک ساڵی ١٣٦٠ بەهۆی دابڕانێکی تەشکیلاتی لە نێو حیزب و هاوکات  داسەپانی  شەڕێکی نەخوازراو لە لایەن میوانێکی بزۆز بە سەر حیزبدا، بۆ ماوەیەک حیزب لەو دەڤەرانە کشایەوە، بەڵام سەید محەممەد و پۆلێک لە هاوڕێیانی لەگەل خەباتکاری ناودار کاک عەلی کاشفپوور بەرەو ناوەندی کوردستان چوون و چەند مانگ لە نیزیک ڕێبەریی حیزب مانەوە تا دووبارە دۆخ گۆڕا و گەڕانەوە باکووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان. واتە  سەید محەممەد لەگەل ئەوەی تەمەنی زۆر گەنجیش بوو، ئامادە نەبوو  سەر بۆ دۆخێکی داسەپاوی دوژمناکارانە نەوی بکا و حیزب و ڕێبازەکەی هەڵبژارد. ئەو لە ناوچەی سۆما برادۆست دا تێکۆشەرێکی ناسراو و جێی موتمانەی خەڵكە هەتا ئێستاش کە ساڵانێکی زۆرە لە هەندەران دەژی.

لە ژیانی پێشمەرگایەتی دا سەید محەممەدیش وەک هاوڕێ و هاوخەباتانی ڕەنج و کوێرەوەریی زۆری بینی، زەحمەتی زۆری کێشا و فیداکاریی زۆری لە خۆی نواند. کام سەنگەری دوژمن قورس و قایم بوایە سەید محەممەد ڕووی لێ نەدەگێڕایەوە و سینگی خۆی دەکردە قەڵغانێک بۆ تێکشکاندنی هێزی دوژمن. ئەو مرۆڤێکی بوێڕ، دڵسۆز و قارەمان بوو. بۆیە هەمیشە هێزی ورە و بەرگری بوو بۆ هاوڕێکانی و ناهومێدیی نەدەناسی. ئەو  بە قارەمانیەتیی خۆی دەیان جار لە مردنی حەتمی گەڕاوەتەوە .

سەید محەممەد لە ژیانی پێشمەرگایەتی دا ئەرک و بەرپرسایەتیی زۆری نیزامی و تەشکیلاتیی  هەبووە.  سەرپەل ، جێگری دەستە ، فەرماندەری دەستە ، فەرماندەری لک لە دوو قۆناغی جیاواز دا، هاوکاری کادر لە کۆمیتەی ناوچەی سۆما  و ئەنزەل،کار لە بەشی گومرک و  زۆر ئەرکی تری حیزبی. سەید محەممەد وێڕای ئەرکی حیزبی، بەردەوامیش هەوڵێ دەدا بۆ خۆ پێگەیاندن و خوێندنەوە .

سەید محەممەدیش وەک بەشێکی زۆری هاوجیلەکانی دوای ١٩ ساڵ پێشمەرگایەتی ، ڕووی کردە هەندەران و ساڵی ٢٠٠٢ لە وڵاتی سوئێد گیرساوەتەوە و خۆی و بنەماڵەکەی وێڕای کار بۆ ژیانیان، لەگەل ئەوەی تەندروستیی باش نیە، وەک ئەندامێکی  دڵسۆز و وەفادار بە ڕێبازی حیزبەکەی، بەردەوامە لە کار و چالاکیی حیزبی. سەید محەممەد یەکێک لەو تێکۆشەرانەیە کە شاهیدی شەهیدا بوونی دەیان هاوڕێ و هاوخەباتی خۆی لە سەنگەری بەرگریدایە و زۆر جار بە گێرانەوەی بیرەوەریی هاوڕێیانی، ناتوانێ پێش بە فرمێسکەکانی بگرێ و لە دەروونی خۆیدا دەکوڵێ.

سەید محەممەد ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی لە گەل گولشا خانم  ژیانی هاوبەشی پێکهێناوە و خاوەنی ٤ مناڵن کە هەموویان گەنج و خوێندەواری ئاستی زانکۆن و ژیانێکی بەختەوەرانەیان هەیە.

ماڵپەڕی پێشمەرگەکان بۆ ئەوەی توانیبتی هەم تێکۆشەرێکی دێرین بەسەربکاتەوە و هەمیش لانی کەمی ئەو هەزاران ڕاز و بیرەوەریانەی کە ٤٥ ساڵە لە سینگی خۆیدا تۆماری کردوون، بە دەنگ و ڕينگ تۆماریان بکا تا جیلی ئێستا  و داهاتوو  لەگەل خەباتی سەختی دەورانێکی تەمەنی هەشتا ساڵی حیزب ئاشان بن ، چووە خزمەت کاک سەید محەممەد و ئەم دیدارەی لەگەل ساز کرد.

هیوامان تەمەندرێژی و تەندروستیی کاک سەید محەممەد و بنەماڵە کەیەتی.

نووسینی تێکست: کاووس عەزیزی، سایتی پێشمەرگەکان

ڤیدیۆ و مونتاژ: ساڵە نەڵۆسی بە هاوکاری هاوڕێ حامید درودی

ڤیدیۆ ، بەشی 1 

ڤیدیۆ 2