”شەو هەتا بەیان، تەرمێک لە نێوان من و کاک سۆران، تەرمی ئازیزێک، برا گەورەمان، زانا و قارەمان، زۆر جوان و جەوان، پێکراوی گوڵلە لەڕێی کوردستان، ئامان سەد ئامان…”

*
كه‌مێك سه‌رووتر له‌و باسكه‌ی شه‌ومان لێ كردۆته‌وه ڕۆژ، تیشكی هه‌تاو له ڕووكاری ڕۆژهه‌ڵاتی ترۆپكی چیای ”گۆڕمووسا”ی داوه. یه‌كه‌م نیگای ئه‌م به‌یانی‌یه‌م له سه‌ر ترۆپكی چیاوه، به‌بێ نێو‌بڕ بۆ خواره‌وه، تا جێ‌خه‌وی خۆمان ده‌گوێزمه‌وه. نیگام له سه‌ر كه‌واوپاتۆڵی خوێناوی، ڕوخساری تۆزاوی و شه‌مزاو‌و، چاوی هه‌روا نیوه‌كراوه به‌ڵام نه‌وه‌ك جاران گه‌ش و، بێ به‌ش له ورشه‌ی ڕوانینی ئه‌و هاوڕێیه‌ی ڕووبه‌ڕووی یه‌ك، نزیك كۆمه‌ڵه به‌ردێك ڕاكشاوین، ده‌گـیرسێته‌وه.
لـــه مـــاوه‌ی چاوتروكانێك‌دا ئه‌وه‌ی له دوێنێ به‌یانیی ٢٦ی گه‌لاوێژی ١٣٦٣وه تا ئێستا به‌سه‌رمان هاتوه، له‌پڕ وه‌بیرم دێنه‌وه و خورپه‌م له دڵی هه‌ڵده‌ستێ.
دوێنێ هه‌ر كه دیمه‌نی جه‌رگبڕی شه‌هید بوونیم له چه‌ند سه‌دمیتریی خۆم‌دا بینی، له لایه‌ك له پێش چاوی ئه‌و هه‌موو قاره‌مانانه‌ی گاڵته‌یان به مردن دێ، نه‌مویست جڵه‌و بۆ هه‌ستی خۆم شل كه‌م و به ئه‌ژنۆی خۆم داده‌م. له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی چاره‌نووسی یه‌كجاریی شه‌ڕگه به قازانجی خۆمان و به زیانی ئه‌و هێزه زۆر‌و زه‌وه‌نده‌ی هێرشی كردبووه سه‌رمان، ببڕێته‌وه و بیر له هیچی دیكه نه‌كرێته‌وه، نه‌متوانی بۆ شه‌هید بوونی یه‌كێك له خۆشه‌ویستترین هاوڕێیان و به‌رپرسانی ئه‌و پێنج ساڵه‌م، تێرتێر بگریم. له تاریكانی دوێنێشه‌وه تا نیوه شه‌وی ڕابردوو، ته‌رمی ئه‌و و هاوڕێی شه‌هید مه‌حموودی فه‌یزیمان له‌سه‌ر كانیی جاندارانه‌وه تا ئه‌م به‌رزاییە به نێو دڕكه‌ڵان و بزنه‌ڕێ و هه‌ورازی سه‌ختدا، ڕاگوێزتوه. له‌و ساوه‌ش له‌به‌ر ماندوویی و هیلاكی و خه‌م و مەینەت، سه‌رمان وه‌سه‌ر قۆنداغی چه‌كه‌كانمان كردوه و نه‌مانزانیوه چلۆن ڕۆژمان لێ‌بۆته‌وه.
له‌و لای ته‌رمی به‌رپرسی كومیته‌ی شارستانی ڕه‌به‌ت، ”سۆران”(د.سوڵتان مام قادری) كه وه‌ك من له یه‌كیه‌تیی لاوانه‌وه بووه به ئۆگری كاك ڕه‌حمان و هه‌ر به‌بۆنه‌ی خۆشه‌ویستیی ئه‌وه‌وه، مانگ‌و نیوێكه هه‌واری تێكۆشانمان بۆ ئه‌م ناوچه‌یه هێناوه، له‌سه‌ر جێ‌وبانی خۆی، كه زه‌وی دۆشه‌ك و ئاسمان پێخه‌ویه‌تی، دانیشتوه. به چاوی فرمێسكاوییە‌وه له یه‌كتر و له سیمای ئه‌و هاوڕێیه‌مان كه به‌بێ گیانی دواشه‌وی سه‌ر ئه‌م دنیایه‌ی له نێوانی هه‌ردووكمان‌دا تێپه‌ڕ كردوه، ڕاده‌مێنین و به زمانی بێ‌زمانی ـ به چاومان ـ یه‌كتر ده‌دوێنین.

**
”به سه‌ر پشتی وڵاغه‌كه‌ی پێشه‌نگه‌وه،
ته‌رمی شه‌هید،
دوو ده‌ستی شۆڕ به‌ره‌و زه‌وی
هۆ پنچكی قژ خۆڵاوی،
ئه‌مه زامێكی تازه‌یه، وێی نه‌كه‌وی”
هه‌مووی سێ‌مانگ نابێ له‌گه‌ڵ هاوڕێی شاعیرم ژاكاو له ”كانیی مێو” له خێوه‌تی كاك هاشمی كه‌ریمی‌دا، بۆ یه‌كه‌م جار شێعری تازه‌ی ماڵاواییی مامۆستا شێركۆ بێكه‌سم گوێ لێ‌بووه. ئه‌وا ئێستا به چاوی خۆم ئه‌م دیمه‌نه ئاساییە‌ی ژیانی پێشمه‌رگایه‌تی ده‌بینم. به‌سه‌ر پشتی ئه‌سپێكی كوێته‌وه ته‌رمی شه‌هید ڕه‌حمان له چیای گۆڕمووساوه به‌ره‌و ئاوایی گه‌رۆر ده‌به‌ین. ڕێگای سه‌ره‌ولێژمان به نێو هه‌وار و مووچه و مه‌زرا‌و لێره‌واردا ڕاده‌برێ. سۆران جڵه‌وكێشی ئه‌سپه‌كه‌یه و من له دواوه‌ی سواری پێكراو ده‌ڕۆم. تایه‌ك له كه‌وشه ئادیداسه خوێناوی‌یه‌كه‌ی له پێی دایه، تایه‌كه‌ی دی له پێی ده‌رهاتوه، هه‌ڵم گرتووەته‌وه، به ده‌ستمه‌وه‌یه، دڵم نایه فڕێی بده‌م. شوان و گاوان، كچ و كوڕ‌و پیره‌پیاوی سه‌ر مووچه ومه‌زرا، كه به لایاندا ڕاده‌بوورین و ده‌مانبینن، ڕاده‌چڵه‌كن، دێنه‌پێشێ و به په‌ككوو گوتن و ”ده‌ك سندانم گاتێ” له خه‌مماند‌ا ده‌بنه هاوبه‌ش.
له‌ژێرسێبه‌ری پیره‌داره‌كانی گۆڕستانه‌كه‌ی گه‌رۆردا تا گۆڕه‌كان هه‌ڵ‌ده‌كه‌نرێن، به وه‌رددانه‌وه‌ی بیره‌وه‌ری‌یه‌كانم له‌گه‌ڵ كاك ڕه‌حماندا‌و به ورد بوونه‌وه له تایبه‌تمه‌ندی‌یه‌كانی و هۆیه‌كانی خۆشه‌ویستیی بێ‌سنووری له‌نێو خه‌ڵك و هاوڕێیانی‌دا، خۆم خه‌ریك ده‌كه‌م:
خه‌ڵكی‌و خاكی بوو، شانازیی به‌وه ده‌كرد كه كوڕی ”سۆفی ڕه‌سووی گاچۆله‌كه”یه و له بنه‌ماڵه‌یه‌كی زه‌حمه‌تكێش‌دا له‌دایك بووه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی خه‌ڵك ده‌ستیان ڕاده‌گرت تا ئه‌و مامۆستایه‌ی جاران و ئه‌م پێشمه‌رگه‌یه‌ی ئێستا به‌سه‌ری‌دا بڕوا، فه‌خری به‌سه‌ردا نه‌ده‌فرۆشتن، له هه‌ر ماڵێك لای‌دابایه، وه‌ك كوڕی ماڵێ ڕه‌فتاری ده‌كرد، داری ورد ده‌كرد، قه‌ندی بۆ ده‌شكاندن، سفره‌ی له‌گه‌ڵ كۆ ده‌كردنه‌وه، چای تێ‌ده‌كرد، بۆخۆی جێ‌وبانی خۆی هه‌ڵ‌ده‌گرت.
هونه‌رمه‌ند بوو. كه ده‌تڕوانیه ئاڵبۆمه‌كانی‌و ده‌تدیت چۆن قۆناغه جۆراوجۆره‌كانی زۆر له بواره‌كانی ژیانی كورده‌واریی وه‌ك ئاژه‌ڵداری و كشتوكاڵ به دووربینه‌كه‌ی، وێنه گرتوون، ده‌تگوت وێنه‌گرێكی كه‌م هاوتایه.
خۆشنووسێك بوو، حه‌زت ده‌كرد چی تراكت و ئاگاداری و سه‌ربه‌رگی بڵاوكراوه‌كانه، وه‌ك ته‌خته به‌رده پانه‌كه‌ی ده‌م ڕێگای چه‌كۆ ـ میراوێ كه دروشمی ”دێمۆكراسی بۆ ئێران و خودموختاری بۆ كوردستان”ی له‌سه‌ر نووسیبوو ولە فیلمی ”نان وئازادی”دا، چاومان پێی دەکەوێتەوە، به خه‌تی ئه‌و بنه‌خشێندرێن.
له بواری ته‌بلیغات و ڕاگه‌یاندن‌دا، كه‌م كادری حیزبیی هاوته‌مه‌نی تۆزیان ده‌شكاند. به زمانی ساده و پاراوی و به‌و شاره‌زاییە سه‌رنج ڕاكێشه‌ی ئه‌و منداڵه‌ی شاری، له كۆمه‌ڵناسی و ده‌روونناسی و پێوه‌ندی‌یه‌كانی خه‌ڵكی لادێ هه‌یبوو، مه‌به‌سته‌كانی خۆی و حیزبه‌كه‌ی، به هاسانی له‌نێو خه‌ڵك‌دا ده‌برده پێش. له خۆڕایی نه‌بوو له ”مانگه‌كانی دیفاع له ئازادی و هێرش بۆ سه‌ر دوژمن”دا، دابینکردنی به‌شێكی زۆر له هێزی پێشمه‌رگه‌ی حیزب و هێزی پشتیوانیان له ناوچه‌ی پیرانشار‌و سه‌رده‌شت به‌و سپاردبوو.
له هه‌ر كۆبوونه‌وه و سمینار‌و كۆنفرانسێك‌دا، كه له سه‌ر كار‌وباری ته‌شكیلاتی ده‌دوا، ئه‌وه‌نده‌ی ئیده و پێشنیار و گه‌ڵاڵه‌ی نوێ و لێزانانه دینایه گۆڕێ، سه‌رنجی هه‌مووانی بۆ لای خۆی ڕاده‌كێشا. ئه‌گه‌رچی وه‌ك پسپۆرێكی كاری ته‌شكیلاتی له ئاستی حیزب‌دا ناوی ده‌ركردبوو، له ئازایه‌تی و نه‌ترسی و شه‌ڕكه‌ری‌دا، له هیچ قاره‌مانێكی مه‌ڵبه‌نده‌كه‌ی خۆی، پیرانشار، نه‌ده‌مایه‌وه.
نووسینه‌وه‌ی یادداشته‌كانی ڕۆژانه، ئه‌و له نێو یه‌كیه‌تیی لاوان و دۆستانی كادر‌و پێشمه‌رگه‌ی‌دا كردی به داب. سه‌داقه‌ت، ڕاشکاوی، ساده‌یی، هه‌ستكردن به به‌رپرسایه‌تی، ماندوویی نه‌ناسی، دانه‌بڕان له كتێب و خوێندنه‌وه له هیچ هه‌لومه‌رجێك‌دا، بڕوابه‌خۆبوون، ڕووخۆشی و، ده‌روه‌ستی هیچ شتێك نه‌بوون جگه له ڕه‌زامه‌ندیی خه‌ڵك و حیزبه‌كه‌ی ، له تایبه‌تمه‌ندیی‌یه‌كانی بوون.
***
ماوه‌یه‌ك له به‌خاك سپاردنی تێپه‌ڕیوه. كاك كه‌ریم لێی ڕاسپاردووم كه‌لوپه‌له‌كانی براجوانه‌مه‌رگه‌كه‌ی بۆ بنێرم. بۆ دواجار چاو به ده‌فته‌ری یادداشته‌كانی ڕۆژانه‌ی‌دا ده‌خشێنم. لاپه‌ڕه‌كانی ٢٥‌و ٢٦ی گه‌لاوێژی هه‌روا سپین، فریانه‌كه‌وتوه پڕیان بكاته‌وه و چۆنیه‌تیی به‌ڕێوه‌بردنی ڕێوڕه‌سمی ٣٩ ساڵه‌ی دامه‌زرانی حیزبه‌كه‌ی له پشت ماڵی جانداران و هێرشی ڕۆژێك دواتری هێزه‌كانی كۆماری ئیسلامی‌یان تێدا بنووسێ. ناچارم ده‌فته‌ری ژینی كورت و پڕشانازیی كه له ٢٥ به‌هار تێ‌نه‌په‌ڕیوه، ببه‌ستم. دوو وته له گوێم‌دا ده‌زرینگێنه‌وه و لێیان ده‌وێم دواپه‌ڕی ژیانی ئه‌و لاوه شۆڕشگێره‌یان پێ بنه‌خشێنم:
یەکەم، قسه‌كه‌ی دایكی شه‌هید حوسێن شه‌مامی له سه‌ر گڵكۆی ئه‌و و جوانه‌مه‌رگه‌كه‌ی دیكه (شه‌هید مه‌حموود فەیزی)، كه به‌ڕێكه‌وت ڕۆژی به‌خاك سپاردنی ئه‌و دووانه له گه‌رۆر بوو: ”لێم گه‌ڕێن، دایكیان لێره نین، با له‌جیاتی ئه‌وانیش بۆیان بگریم”؛
دوویەم، دوایین پاراگرافی ڕاگه‌یه‌ندراوی ده‌فته‌ری سیاسیی حیزب: ”خوێنی هه‌زاران شه‌هیدی حیزبه‌كه‌مان كه ناوی ڕه‌حمانی سۆفی‌زاده كاروانه درێژه‌كه‌یان درێژتر ده‌كا، نابێ به‌فیڕۆ بچێ. ڕێژیمی خوێنمژی خومه‌ینی كه خوێنی لاوی شۆرشگێر‌و به‌نرخی وه‌ك ڕه‌حمانی سۆفی‌زاده ده‌ڕێژێ، ده‌بێ بڕووخێ‌و گه‌لانی ئێران ده‌بێ له‌و ڕێژیمه پڕنه‌گبه‌تی‌یه ڕزگاریان بێ.”
(*) ئەم بابەتەم زیاتر لە بیست ساڵ لەمەوبەر لە بیرەوەریی شەهید بوونی هاوڕێی خۆشەویستم کاک ڕەحمان سۆفیزادە، بەرپرسی کۆمیتەی شارستانی رەبەتدا نووسیوە. دەزانم زۆر لە خوێنەرانی ئەم سالانەی دوایی نەیاندیتووە و نەیانخوێندووەتەوە. ئەمڕۆ لە ٤١ ساڵەی شەهیدبوونی کاک ڕەحمان سۆفیزادە و کاک مەحموود فەیزیی هاوڕیی کاتی شەهیدبوونیدا، بڵاوی دەکەمەوە.
بابەتی پەیوەندی دار