لە مێژووی هەر میللەتێکدا، ”بڕیارێکی چارەنوسساز” رێڕەوی ژیانیان دەگۆڕێت.

بۆ نمونە:
”بنگریۆن”و ”وایزمان” لەسەروەختی دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیلدا، لەبڕیاڕێکی چارەنوسسازدا رایانگەیاند:
هیچ حزبێک ”بەحزبو رێکخراوەکەی خۆشیانەوە”، مافی ئەوەی نییە هێزی چەکدارو ”فەوجو لیوای تایبەت” بەخۆی هەبێت.
ئەوان هاتن چەکو هێزی چەکداریان لەچوارچێوەی سوپایەکی نیشتیمانیو پیشەیدا یەکخستو یەک ئەرکی ستراتیژیشیان پێسپارد: بەرگریکردن لەخاکو لەسەروەریو لەسنووری ئیسرائیل.
بەم بڕیارە، هێزە سەربازییو ئەمنیەکان خرانە ژێر رکێفی یاساوەو بەتەواویی لەزۆرانبازی سیاسیو کێشمەکێشی حزبەکان دوورخرانەوە.
بنگریۆنو وایزمان، نەهاتن دەسەڵاتی خۆیانو خێزانو حزبەکانیان ”بەهێز”و کۆمەڵگەی ئیسرائیلیش ”لاوازو پەرتەوازە” بکەن.
بەپێچەوانەوە هاتن هەموو کۆمەڵگەی ئیسرائیلیان بەهێزو ئامادە کرد تا توانای رووبەڕووبوونەوەی ئەو مەترسییە گەورانەی هەبێت کە دەوری دابوون.
ئەوان پایەکانی ئیسرائیلیان لەسەر بنەماکانی ”دیموکراسی، شەفافیەت، دەستاودەستکردنی دەسەڵات، فرەییو پێکەوەژیان، سەروەری یاساو دامەزراوەی راستەقینە” دامەزراندو پێداگرییان لەسەر ئەوە کرد کە ”دەسەڵات تەنها دەبێت بۆ چاکەی گشتی بەکاربهێنرێت، نەک بۆ بەرژەوەندی تایبەتی”.
ئەمەیە لە١٩٤٨ەوە تا ئەمڕۆ، ئیسرائیلو سوپاکەی کردووە بەئەفسانەیەکی لەشکان نەهاتوو…
خاڵی هەرە بەهێزی ئیسرائیل، سوپاو هەواڵگرییەکی تۆکمەی نیشتیمانیو جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانو دامەزراوەکانی ”لێپرسینەوە”یە، هەربۆیە ئێستا کە هەموو ناوچەکە بەدەست نەتانیاهۆوە زەلالیەتیو دوژمنە دەرەکیەکانی هێناوەتە سەر چۆک، کەچی خۆی لەناوخۆی ئیسرائیلدا بەدەست لێپێچینەوەی دادگاوە گیری خواردووە!
بەکورتییەکەی ”نەتانیاهۆ شێری دەرەوەو رێوی ماڵەوەیە!”.
نمونەی دووەم:
بڕیارە چارەنوسسازەکەی ”بارزانی”و ”تاڵەبانی”یە، پاش راپەڕینی ١٩٩١.
بارزانیو تاڵەبانی هاتن بەپێچەوانەی رەوتی پێشکەوتنی هەموو گەلانی دنیاو هەموو قۆناغەکانی گۆڕانکاریی مرۆڤەوە، کە لەقۆناغی خێزانو بنەماڵەوە گەشەیان کرد بۆ خێڵو پاشان بۆ شارو شارستانیو ئنجا بوون بەدەوڵەت، ئەمان ئەم هاوکێشەیەیان تەواو تەواو پێچەوانە کردەوەو کوردستانیان گەڕاندەوە بۆ قۆناغی حوکمڕانیی ”بنەماڵە”کان!
لەو وەرچەرخانە مێژووییەدا بڕیاریان دا: هەر حزبەو هێزی چەکداری تایبەت بەخۆی هەبێت!
بارزانیو تاڵەبانی هاتن هەموو ژیانی سیاسیو سەربازیو کۆمەڵایەتیو ئابوری کوردستانیان بەجۆرێک تەرتیب کرد کە خزمەت بەدەسەڵاتی خۆیانو حزبەکانیانو… لەکۆتاییشدا هەر تەنها خزمەت بە”بنەماڵە”کانیان بکات.
پێکهاتەی عەقڵی سەرکردایەتی کورد (ئەوساو ئێستاش)، بەو ئەندازەیە شارستانی نەبوو بچنە کێڕکێیەکی یاساییو پەرلەمانییەوەو کار بۆ پێکەوەژیانی جیاوازییەکانیان بکەن، کە یەکێکە لەئامڕازەکانی سیستەمی دیموکراسیو گەشەی سیاسیو شارستانی هەر کۆمەڵگەیەک دەردەخات.
ئەم بڕیارەی ئەوان لە ١٩٩١ەوە تا ئێستا تارمایی وا بەسەر کوردستانەوە…
هێزەکانی پارتیو یەکێتی، جگە لەوەی بوون بەئامڕازی سەپاندنی دەسەڵاتی حزبو ئامڕازی شەڕی ناوخۆو سەرکوتکردنی ناڕەزایی خەڵک، بوون بەئامڕازی خزمەتکردن بەپڕۆژەی وڵاتە ”دەرو دراوسێکانیشیان”!
هێزەکانی یەکێتیو پارتی چەند لەناوخۆدا ”گەورەترو بەهێزتر” خۆیان نمایش کردبێت، ئەوەندەش لەدەرەوە ”بچوکترو لاوازتر” سەیرکراونو مەحاڵە بەم هێزانە شەڕی نیشتیمانی گەورەو شەڕی ئەم سەردەمەی ”زیرەکی دەستکرد” بکرێت.
لەسایەی تەوریسی سیاسیشدا، کە ”پارتیو یەکێتی” کران بە”حزبی ئەمنی”، ژمارەیەک هێزی تۆقێنەر داهێنران، بەزەبری چەک بڕیاری سیاسیو سەربازیو ئابورییان زەوت کردو ئێستا بڕیاڕدەرو فەرمانڕەوای راستەقینە هەر خۆیاننو ئامادەشن بەسەر کەلللەی خەڵکدا بڕۆن تا دەسەڵاتەکەیان بپارێزن.
کەواتە ئەگەر ئەوەت بەلاوە سەیر بووبێت لە”لالەزار” روویدا، ئەوا دڵنیابە لەم وڵاتە تێناگەیت کە تیا دەژیت!
لەوەش تێناگەیت کە بۆچی خەونی ئیسرائیل ئەوەندە گەورەیە لە١٩ ساڵیدا سوپای چوار وڵاتی عەرەبی تێکدەشکێنێتو سیناو جۆلانو قودس دەگرێت، خەونی دەسەڵاتی کوردیش ئەوەندە بچوکە کە لە٣٥ ساڵیدا ”لالەزار”ت بۆ دەگرێت؟!
سەرچاوە:ئینتەرنێت
وتارەکان تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی
***
بابەتی پەیوەندی دار
لالەزار: گەمارۆ، نهێنییەکان، پرسیارە بێ وەڵامەکان
سێ هێزی تایبەتی یەکێتی بەشێوەیەکی بازنەیی گەمارۆی کۆمەڵگەی لالەزاریان دا کە ڕووبەرەکەی چوار هەزار مەتر دووجایە
ئا: وریا حسێن
لەدووری کەمتر لەسێسەد مەتر لەدەروازەی کۆمەڵگەی لالەزارەوە، دیمەنێک بەرچاو دەکەوێت کە قسەی زۆری پێیە: ئۆتۆمبێلێکی سووتاو لەسەر شەقامەکە جێماوە. لەناو کۆمەڵگاکەشدا، دەیان خانووی وێرانو ڕیزێک ئۆتۆمبێلی سووتاوی دیکە هەن. ئەم دیمەنە بەڕوونی ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم ناوچەیە تازە لەگۆڕەپانی جەنگێکی سەخت هاتووەتە دەر.
لەم کۆمەڵگایەدا ماڵی لاهور جەنگی بورهان، ناسراو بەلاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل بوو. شەوی ٢٢ی ئەم مانگە، بەبیانووی ”هەڵهاتن لەیاسا”، هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی گەمارۆیان دا. پاش سێ کاتژمێرو نیو لەشەڕێکی قورس بەچەکی جۆراوجۆر، ناچار کرا خۆی ڕادەست بکاتو ئێستا لەزینداندایە.
مەبەستمان بوو سەردانێکی مەیدانیی ماڵەکە بکەین بۆ زانینی وردەکارییەکان، بەڵام لەنزیک دەروازەی ماڵەکەوە چەند پاسەوانێک ڕێگرییان لێکردین. لەدووری نزیکەی ٥٠ مەترەوە، پاسەوانەکان ئاماژەیان بەوە کرد کە نابێت زیاتر بێنە پێشەوە. کاتێک خۆمان وەک پەیامنێری ئاوێنە ناساند، ڕایانگەیاند: ”وێنەگرتنو سەردانی ئەم شوێنە قەدەغەیە”. تەنانەت ڕێگەیان نەدا لەنزیکەوە گفتوگۆشیان لەگەڵدا بکەین.
ئەوە ڕوون بوو کە چوونە ناو ئەم ناوچەیە، تا کاتی تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان، کارێکی مەحاڵە. بۆیە ئاوێنە بڕیاری دا دەست بکات بەکۆکردنەوەی زانیاری دەربارەی لایەنە جیاوازەکانی هێرشەکە، بەبێ ئەوەی بکەوینە ژێر کاریگەریی هیچ لایەنێکی ململانێکان.
هێزە ئەمنییەکان لەقسەکردن لەسەر وردەکارییەکان بەتەواوی بێدەنگن. بەڵام یەکێک لەسەربازە گەنجەکانی بەرەی پێشەوەی شەڕەکە، شەڕەکەی بە”زۆر قورسو گەرم” وەسفکرد.
ئەو ئاماژەی بەوە دا کە سێ هێزی تایبەتی یەکێتی بەشێوەیەکی بازنەیی گەمارۆی کۆمەڵگەی لالەزاریان داوە، ڕووبەرەکەی چوار هەزار مەتر دووجایە.
ئەو وتی ”کاتژمێر شەشی بەرەبەیان، هێزی (تیر یەک)ی کۆماندۆ، کە ڕاهێنراوترین هێزی تایبەتی کۆماندۆن، چوونە ناو کۆمەڵگاکەوەو دەستیان کرد بەدەستگیرکردنی ئەو پاسەوانانەی بۆ پشتیوانی لاهوور شێخ جەنگی شەڕیان دەکرد.”
دیمەنی دەستگیرکردنی دیلەکانو ”سوکایەتیپێکردنیان” لەسۆشیال میدیادا کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە. کامەران عوسمان، نوێنەری ڕێکخراوی سی پی تی ئەمریکی، پێیوابوو کە مامەڵەیەکی ”نامرۆییانە” لەگەڵ ئەو دیلانەدا کراوە.
لەگفتوگۆیەکدا لەگەڵ پەیامنێری ئاوێنە، کامەران عوسمان ڕایگەیاند بەوردی چاودێری دۆخی مرۆیی پێکدادانەکەی لالەزاریان کردووەو بۆیان دەرکەوتووە کە ”پێشێلکاری گەورە” لەو ڕووداوەدا هەبووە.
ئەو وتی ”ئەو ڤیدیۆیانەی بڵاوکراونەتەوە، کە لێدانو سوکایەتیپێکردنو تۆمارکردنیان بەڤیدیۆ پیشان دەدات، تاوانە بەرامبەر ئەو کەسانە کراون.”
پەیامنێری ئاوێنە بەدواداچوونی وردی بۆ جۆری ئەو ڤیدیۆیانە کرد کە لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراونەتەوە. لەگرتەیەکدا، کۆمەڵێک چەکدار تا ناو قەدیان ڕووتکراونەتەوەو پاشان کەسێک ڤیدیۆیان دەگرێتو سوکایەتییان پێدەکات. گرتەی دیکەش هەن کە چەکدارەکان پیشان دەدات لەکاتی هێرشی زمانی کردنە سەر چەکدارەکانی تر.
نوێنەرەکەی سی پی تی بڕوای وایە ”تۆمارکردنی گرتەی دەستگیرکردن لەبنەڕەتدا پێچەوانەی یاساو مافی کەسییە.”
بۆ وەڵامی ئەو پرسیارەی کە بۆچی هێزە ئەمنییەکان مامەڵەی لەو جۆرەیان لەگەڵ دیلەکاندا کردووە؟
پەیوەندیمان بەلیوا ئەحمەد لەتیف، وتەبێژی هێزەکانی ٧٠ی پێشمەرگە، کرد. بەڵام ناوبراو هیچ زانیارییەکی لەو بارەیەوە نەداو تەنیا وتی ”هیچ قسەیەک لەسەر کەیسی لالەزار ناکەین.”
ناچار گەڕاینەوە لای سەربازە گەنجەکە. ئەو پەردەی لەسەر لایەنێکی شاراوەی ڕووداوەکە لاداو وتی ”هۆکاری ڕووتکردنەوەی ئەو کەسانە ئەوە بوو کە ئەوان جلی هێزە هێرشبەرەکانیان لەبەرکردبوو، بۆیە ناچار بووین جلەکانیان داکەنین تاوەکو لەگەڵ هێزەکەی خۆمان تێکەڵاو نەبن، پاشان کەلەپچە کران.”
سەبارەت بەبڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆییەکانیش، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆییەکان سەرجەمیان ”کەسی” بووەو هیچ فەرمانێکی سەربازی لەپشتیانەوە نەبووە، ئەو وتی ”هیچ کام لەو هێزانەی کۆماندۆ کە چوونەتە ناو لالەزارەوە، مۆبایلیان پێنەبووە.”
ئێستا لالەزار بەچەند یەکەیەکی کەمی سەربازییەوە پارێزگاری لێدەکرێت، بەڵام پەیامنێری ئاوێنە زانیاری ئەوەی دەستکەوتووە کە لەگەڵ بەرەو پێشچوونی لێکۆڵینەوەکان لەگەڵ دەستگیرکراوانی لالەزار، ”شتی سەیرتر” بۆ هێزە ئەمنییەکان دەردەکەوێت. بوونی چەکێک کە هێزە ئەمنییەکان زۆرجار وەک ”ناوچەی ٥١ی ئەمریکا” وەسفی دەکەن.
بالانبۆ محەمەد، ئەندامی پێشووی لیژنەی ئاسایشو ناوخۆیی پەرلەمانی کوردستان لەپشکی یەکێتیی نیشتمانیو کەسێکی ئەزمووندارە لەبواری سەربازیدا. ئەو ڕوانگەیەکی ڕوونو ئازاربەخشی بۆ لالەزار هەیەو بڕوای وایە ”دەبوو ئەو کەسانەی داواکرابوون لەلالەزارو هێزە ئەمنییەکان داوایان کردبوون، خۆیان ڕادەست بکەن، تاکو دۆخێکی بەئازار دروست نەبێت”.
سەرباری ئەوەش، جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ”دەبوو بۆ گەڕانەوەی ئاسایش، ئەو لانە سەربازییەی لالەزار دروستکرابوو تێکبدرێت.”
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری ئاوێنە، هێشتا هێزە ئەمنییەکان بەردەوامن لەلێکۆڵینەوە لەبەشە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی لالەزارو بەردەوامن لەدۆزینەوەی بەڵگەی زیاتر. بەڵام ئەوەی تا ئێستا دۆزراوەتەوە لەچەکو چۆڵی سەربازی، مەترسیدارترینیان (چەکی بێدەنگ، قەناسی ئەمریکی، پەناگەی سەربازیی شاراوە)یە، کە هێزە ئەمنییەکانی تووشی سەرسوڕمان کردووە لەچۆنیەتی کڕینو گواستنەوەو هەڵبەستنیان، ڕیشەی لێکۆڵینەوەکەی زۆر بەرفراوان کردووە. وا چاوەڕوان دەکرێت لەم چوارچێوەیەدا دانپیادانانی چەند کەسێک بڵاوبکرێتەوە کە وەک بەرپرسانی یەکێتی دەڵێن سەرۆکی ”بەرەی گەل” تێوەگلاوە لە”پیلانی هەوڵی تیرۆرکردنی بافل تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانەوە”.
بالانبۆ محەمەد، پشتڕاستی زانیارییەکانی کردەوەو وتی ”بە گوێرەی یاسا، هیچ حیزبێک بۆی نییە چالاکی سەربازیو نیمچە سەربازی ئەنجام بدات.”
وتیشی ”لەناوچەیەکی ئارامى وەک سەرچنار، درۆنو چەکی خۆکوژو نیشانەشکێننت بۆچییە؟ یان دەیانویست خەڵک بترسێنن کاتێک دەیانوت ٤٠٠ سەربازمان هەیەو سلێمانی دەبێتە گۆمی خوێن، کە ئەمە پێچەوانەی یاسایە.”
لەبەرامبەردا، بەرەی گەل، کە سەرۆکەکەی و چەکدارەکانی لە زینداندان، لەڕاگەیەندراوێکدا هێرشەکەی بە”تیرۆرستی”و ”ناشارستانی” وەسف دەکات و پێیوایە ”سەرۆکەکەی ستەمی لێکراوە.”
شادومان مەلا حەسەن، سەرکردەی دیاری ”بەرەی گەل” کە ئێستا لەهەولێر دادەنیشێت، بەنیگەرانییەوە بەئاوێنەی وت ”نازانم کاک لاهور چی کردووە تا بگیرێت؟! گەر بێتە سەر تۆمەت هەڵبەستن، ئێستا منیش دەتوانم تۆمەتێک بۆ تۆ هەڵبەستمو دەڵێم؛ قورسترین تاوانی کردووەو بەقورسترین ماددە سزای بدەن. هەموو ئەوەی دەربارەی کاک لاهورو لالەزار دەوترێن ئەسڵو ئەساسیان نییەو دوورن لەڕاستییەوە”.
وتیشی ”بەڵام سەرباری ئەو هەموو ستەمکارییو کارە ناشارستانییەی دەرهەق بەئێمە کراوە، بەرەی گەل بەردەوام دەبێتو پاشەکشە ناکات”.
شادومان هەموو ئەو تۆمەتانەش رەتدەکاتەوە کە لەلایەن بەرپرسانی یەکێتییەوە دەخرێتە پاڵیانو بە”پاساوهێنانەوە بۆ کوشتارەکەیانو بۆ بێدەنگکردنی خەڵکی ناڕازی” ناویدەبات، ئەو وتی ”سەرۆکی حزبێک بەزەبری هێزێکی گەورەو بەهێنانی تانکو زریپۆش، کاک لاهوری گرتووە دوور لەیاساو رێساکان، ئەو سەرۆک حزبە هەستاوە کۆمەڵێک میلیشیای کۆکردووەتەوە ئەو شەڕە نابەرابەرەی پێکردوونو نەک هەر سیمای شارو هەرێمی کوردستانی شێواندووە، بەڵکو ئەتکیشی کردووە”.
وتیشی ”ئەگەر یاسا بەڕاستی سەروەر بوایە، ئەگەر سەرۆکی حزبێک بەزەبری چەکو هەڕەشەو تۆقاندن خۆی نەکردایە بەحاکمی تاقو تەنهای ئەو شارە، ئەوا ئەو گرژییەی سلێمانیو پەلاماردانی لالەزار رووینەدەداو ململانێی سیاسی بەهێزی جەکدار یەکلایی نەدەکرایەوە”.
لەکاتێکدا تۆزی شەڕ لەسەر لالەزار نیشتووەو دیوارە وێرانبووەکانو پاشماوە سووتاوەکان چیرۆکی توندوتیژییەک دەگێڕنەوە، پرسیارە گەورەکانو بێ وەڵامەکان وەک خۆیان ماونەتەوە: ئایا ئەوەی روویدا تەنها ململانێیەکی ناوخۆیی هەرێمی کوردستانە یاخود بەشێکی بچووکە لەگەمەیەکی گەورەتر کە لەئاستی ئەم ناوچەیەدا لەئارادایە؟ ئایا ئەم ڕووداوە تەنها پەڵەیەکی ڕەشە لەسەر مێژووی شارێکدا کە لەململانێو پێکدادان بێزار بووەو بەزەبری چەک ناڕەزاییو ئازادی رادەربڕینی تیادا بێدەنگ دەکرێت، یان نیشانەی دەستپێکی سەردەمێکی نوێیە بۆ سەروەری یاساو کۆتاییهێنان بەدیاردەی چەکداری نایاسایی؟
تێپەڕبوونی کات ڕوونتر وەڵامی ئەم پرسیارانەمان پێدەڵێن.
سەرچاوە: ئاوێنە