ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٦ی خەرمانانی ١٤٠٤، ٣٣ـەمین ساڵیادی تێرۆرکردنی دوکتۆر سادق شەرەفکەندی، سکرتێری پێشووتری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە دەستی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە.

٣٣ ساڵ لەمەوبەر لە وەها ڕۆژێکدا دوکتۆر شەرەفکەندی لە پەراوێزی کۆنگرەی ساڵانەی ڕێکخراوی ”ئینتێرناسیۆناڵ سۆسیالیست” لە بێڕلینی پێتەختی ئاڵمان، لە دانیشتنێک لەگەڵ کۆمەڵێک سەرکردە و کەسایەتییە دژبەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بەشداری دەکات.
دانیشتنەکە لە چێشتخانەیەک بە ناوی ”میکۆنووس” بەڕێوە دەچێت و تەنیا چەند خولەک پاش گەیشتنی دوکتۆر شەرەفکەندی، چەند تێرۆریستی سەر بە کۆماری ئیسلامی دەچنە نێو چێشتخانەکەوە و دوکتۆر سادق و سێ هاوڕێی دیکەی بە ناوەکانی فەتاح عەبدولی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و نوێنەری حیزبی دێموکرات لە دەرەوەی وڵات، هۆمایوون ئەردەڵان، نوێنەری حیزب لە وڵاتی ئاڵمان و نووری دێهکوردی، دۆستی حیزب، تێرۆر دەکەن.
پاش تێرۆرکردنی ڕێبەری پێشووی حیزبی دێموکرات، دەسەڵاتدارانی تاران هەوڵەکانی خۆیانیان بۆ ڕاگرتنی پڕۆسەی دادوەریی دۆسییەکە خستە گەڕ و سەدان بەڵگەی ساختەیان ڕادەستی دادگا کرد، بەڵام ناسەرکەوتوو بوون و لە کۆتاییدا دادستانیی فێدێڕاڵی ئەو کاتی ئاڵمان لە ڕێکەوتی ٢١ی خاکەلێوەی ١٣٧٦ی هەتاوی بۆ یەکەمین جار دادگایەکی نێودەوڵەتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بە ”تێرۆریزمی دەوڵەتی” مەحکووم کرد.
ژیانی سیاسیی دوکتۆر شەرەفکەندی بەتایبەتی پاش تێرۆرکردنی دوکتۆر عەبدولڕەحمان قاسملوو، ڕێبەری پێشووتری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و دەسپێکی کاری وەک سکرتێری گشتیی حیزب، یەکێک لە لاپەڕە زێڕینەکانی مێژووی حیزبی دێموکرات بوو.
دوکتۆر سادق شەرەفکەندی لەپێناو هاودەنگی و یەکگرتوویی لایەنە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامی هەوڵێکی بەرچاوی دا و لە ماوەیەکی کەمدا بە ڕۆڵی ئەرێنیی خۆی، ترسی خستە دڵی دەسەڵاتدارانی تارانەوە.

ڕاگەیەندراوی دەستەی کارگێریی حیزب بەبۆنەی ٣٣ ساڵەی تێرۆری د. سادق شەڕەفکەندی و هاوڕێیانی
26 خەرمانان 2725
خەڵکی خەباتکاری کوردستان!
هێز و لایەنە سیاسییە کوردستانی و ئێرانییەکان!
٣٣ ساڵ بەر لە ئێستا و لە ٢٦ی خەرمانانی ساڵی ١٣٧١ی هەتاویدا، دوکتور سادق شەڕەفکەندی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وێڕای کاک فەتاح عەبدولی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و نوێنەری حیزب لە دەرەوەی وڵات، کاک هومایون ئەردەڵان، نوێنەری حیزب لە وڵاتی ئاڵمان و نووری دێهکوردی، دۆستی حیزب، بە پیلانی پێشوەختە و پلان‌بۆداڕێژراوی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری بێرلین تێرۆر کران.
دەزگای دادی ئاڵمان دوای ئەم کردەوە تێرۆریستییەی کۆماری ئیسلامی کە پەروەندە و دادگای ئەو تێرۆرە دەوڵەتییەی کۆماری ئیسلامی بە مێکونووس ناوی دەرکرد، دوای لێکۆلێنەوەەیەکی وردی پێنج ساڵە، بەڕێوەبردنی ٢٤٧ دانیشتنی دادگا و بانگهیشتکردنی ١٧٦ کەس بڕیاری کۆتایی خۆی دەرکرد. بەگوێرەی بڕیاری دادگای بێڕلین کردنە ئامانجی دوکتور سادق و قوربانییانی دیکەی ڕووداوەکە، تێرۆرێکی سیاسی و دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە و بڕیاری ڕاستەوخۆی کاربەدەستانی هەرە سەرووی ڕێژیمی لە پشت بووە. حیزبی دێموکرات هەر ئەوکات بڕیاری دادگای بێرلینی بەرز نرخاند کە سەرەرای گوشاری زۆری سیاسی بەڵام سەربەخۆیی خۆی پاراست و بە دەرخستنی ڕاستییەکان ڕوخساری ڕاستەقینە و تێرۆریستیی کۆماری ئیسلامیی بۆ کۆمەڵگەی جیهانی ئاشکرا کرد.
مەبەستی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەو تێرۆرە بەئەنجامگەیاندنی کارێکی نیوەتەواو و ئاکام‌وەرگرتن لە بڕیارێک بوو کە چەند ساڵ پێشتر لە بەرزترین ئۆرگانی ڕێبەریی ڕێژیمەوە درابوو. ئەویش بەئامانج‌گرتنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ بەچۆکداهێنانی خەبات و خۆڕاگریی کورد، وەک دواسەنگەری بەربەرەکانی و ئازادیخوازی لە ئێران‌دا. بڕیارێک کە پێشتر بۆ تێرۆری د. عەبدولڕەحمان قاسملوو، سکرتێری پێشووی حیزبی دێموکرات درابوو، و بە ناوی وتووێژ پەلکێشی بۆسەی ڤییەن کرابوو؛ بەڵام کاتێک بڕیاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی زانییان د. شەرەفکەندی وەک جێگرێکی لێوەشاوەی د. قاسملوو زۆر بەباشی کەلێنەکانی بێ‌ئەویی لە ڕێبەریی حیزبی دێموکرات و جووڵانەوەی کورددا پڕ کردۆتەوە، ئەمجارەیان ئەویان کردە ئامانج. بێگومان تیرۆری دوو سکرتێری بەوەج و کاریگەری حیزبی دێموکرات و دواتریش چالاکترکردنی ماشێنی تیرۆر لە باشووری کوردستان بۆ کردنەئامانجی کادر و پێشمەرگە و خەباتکارانی حیزبی دێموکرات، دەربڕی ترسی ڕێژیم لە خەبات و شوێندانەریی ئەم حیزبە و ئاماژەیەکی ڕوونتر بوو بۆ لاوازکردنی حیزب و بزووتنەوەی کورد لە ئێران بوو.
ئەگەرچی تێرۆری دوو سکرتێری گشتیی حیزب ئەویش بە ماوەی سێ ساڵ زەبرێکی قورس لە پەیکەری حیزبی دێموکرات بوو، بەڵام هاوسەنگەران و قوتابییانی ئەم دوو ڕێبەرە بلیمەتە لە مەیدانی خەباتی بەکردەوەی ڕزگاریخوازیدا سەلماندیانەوە کە ئەم بزووتنەوە و خەباتە ڕەوایە لە هەناوی کۆمەڵگەی کوردستانەوە هەڵقوڵیوە و هەتا دێ هەر پتر گەشەی سەندوە. ئەمەش گرێدراوی گەشەی بیروهزری ئازادیخوازی و؛ هیوا و دووڕەڕوانیی تاک‌وکۆی کۆمەڵگەی کوردستان بۆ گەیشتن بە مافە مرۆیی و نەتەوەییەکانیەتی، ڕوانینێک کە بە وردی و بە ڕوونی لە خوێندنەوەی ڕێبەرانی شەهیدی وەک پێشەوا قازی محەممەد، دوکتور قاسملوو و دوکتور شەرەفکەندی و بەرێوەبەریی ئەم حیزبەدا ڕەنگی داوەتەوە.
دوکتور سادق ڕێبەرێکی لێهاتوو، هەڵکشاو لە قەڵافەتی پێشمەرگانە، ئاکادیمیسییەنێکی وردبین و شۆڕشگێڕێکی بەباوەڕو خاوەن پڕەنسیپی سیاسی و نەتەوەیی بوو. دوکتور سادق کەسایەتییەکی بەبڕشت بوو بە مانا بەربڵاوەکەی. ئەو لە بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکرات‌دا پێداگرییەکی تەواوی لە سەر هێڵە فکری و تەشکیلاتییەکانی حیزب دەکردەوە. دوکتور شه‌ره‌فکه‌ندی لە هەموو ماوەی خەبات و تێکۆشانی خۆیدا خەمی گەورەی بەربڵاوکردنی زیاتری جووڵانه‌وه‌ی سیاسی و نەتەوەیی کورد لە ئێران بە پشتبەستن بە پشتیوانی و خۆتێدادیتنەوەی زیاتری خه‌ڵک بوو. کەم نووسین و وتاری دوکتور شەڕەفکەندی هەیە کە لەواندا داوی لە خەڵک نەکردبێ جووڵانه‌وه‌کە به هی خۆیان بزانن و پشتیوانیی لە بزووتنەوەی سیاسی و نەتەوەیی خۆیان به‌ربڵاوتر بکه‌ن و پێویستە هه‌موو چین و توێژ و تاکه‌كانی کۆمه‌ڵگە له به‌رامبه‌ر چاره‌نووسی گه‌لدا خۆیان به به‌رپرسیار بزانن.
دوکتور سادق، لە پێگەی ئاکادیمیسییەنێکی سەرکەوتوو، زۆری گرینگی بە لایەنی تیۆری و مێژوویی بزووتنەوەی کوردستان و پرسە ڕەواکەی دەدا و بە نووسینی کتێب و وتار، ڕوانگە و بۆچوونەکانی خۆی سەبارەت بە پرسی نەتەوەیی و چارەسەری پرسی کورد شی دەکردەوە. بە تایبەت لە سەروبەندی ڕووخانی دیواری بێرلین و لەبەریەک هەڵوەشانەوەی یەکیەتیی سۆڤییەت و کۆتایی هاتنی جیهانی دووجەمسەری و شەڕی سارد و، له درێژه‌ی ئه‌و مێتۆده سه‌ربه‌خۆ و ڕه‌خنه‌گرانه‌یه‌دا که ساڵانێك بوو له حیزبی دێموکرات‌دا و لەسەر دەستی ڕێبەرانی وەک د. قاسملوودا نه‌هادینه کرابوو، خوێندنه‌وه‌یه‌کی نوێ و گونجاوی له‌گه‌ڵ دۆخی تازه‌دا دەکرد. لە پەیوەندی لە گەڵ پرسی نەتەوەیی، ڕوانگەیەکی کوردستانیی دیاریکراوی هەبوو. پێی وابوو کە کورد وەک کۆمەڵگە و کوردستان وەک نیشتمانێکی دابەشکراو، خاوەن ناسنامەی نەتەوەیی و شوناسی تایبەت بە خۆیەتی. ئەو بە شارەزایی و خوێندنەوەیەکی قووڵ کە لە مێژووی کورد و بزووتنەوە و ڕاپەرینەکانی کوردستان هەیبوو، گرینگییەکی تایبەتیی بە ناسنامەی نەتەوەیی و پرسی شوناسسازی دەدا. ئەم تایبەتمەندییەی دوکتور سادق وای کردبوو لە پەیوەندی لەگەڵ پێکهێنانی هەر جۆرە بەرە و هەواڵبەندییەک لە گەڵ لایەنە ئێرانیەکان، پرسی مافە نەتەوەییەکان بە بنەما و پێشمەرج وەربگرێت و بەشێکی سەرەکیی بێت لە گوتاری سیاسی ئەم ڕێبەرە مەزنە. بەڵام ئەم بنەمایە، نەبووە هۆی پشتگوێ خستنی پرسە هەستیار و بەها درێژخایەنەکانی دیکەی وەک پرسی دادپەروەری کۆمەڵایەتی ، ستەمی چینایەتی و پرسی ژنان و هتد.
سەبارەت بە دەوری کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵات و چین و توێژە جیاجیاکان و بەشدارییان لە بزووتنەوەی فرەجومگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕوانگەی تایبەت بە خۆی هەبوو. وێڕای گرنگیپێدان بە خەباتی پێشمەرگانە و بەرگریی ڕەوا و چەکداری، پێی وابوو خەباتی چەکداری ڕوانگەیەکە و خۆی گوتەنی ”بۆ خەبات چ زۆرە رێگا” و لە ئاکامدا پێداگریی لەسەر پێویستیی بەشداریی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردستان لە بزووتنەوەکەدا دەکردەوە.
ڕوانگەیەکی دیکەی دوکتور سادق، جەختکردنەوەی لە سەر پرسی سەربەخۆیی سیاسیی حیزبی دێموکرات بوو و بەردەوام پێی لەسەر ئەوە دادەگرت کە ”ئێمە بۆ خۆمان سیاسەتی خۆمان دیاری دەکەین، جا چ حیزبێکی بچووک بین یان گەورە، چ بەهێز بین یان بێهێز، سیاسەتی سەربەخۆیی خۆمان ناگۆڕین، چون ئێمە حیزبێکی سەربەخۆین”. هەروەها لە پەیوەندی لەگەڵ چارەنووسی نەتەوەی کورد لە رۆژهەڵات، پێداگریی لە سەر عاملییەتی نەتەوەی کورد دەکردەوە و پێی وابوو ئەوە تەنیا کوردەکانن کە دەتوانن بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆیان بدەن
تایبەتمەندییەکی بەرزی دیکەی دوکتور سادق، ڕوانگەی بۆ لێک‌نزیککردنەوەی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن و دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەر ئەساسی پڕەنسیپە نەگۆڕەکانی حیزبی دێموکرات وەک مافی نەتەوەیی و بابەتی دێموکراسی بوو. لەم پێناوەش هەوڵی زۆری دا کە سەرووتر لە ئاستی لایەنە ئێرانییەکان، پرسی کورد لە ئاستی ڕێکخراو و کۆمەڵە جیهانییەکان بێنێتە بەر باس و نێوەرۆکی پرسی کورد و سیمای ڕاستەقینەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە ڕای گشتیی جیهانیان بناسێنێت. بە داخەوە لە دوایین هەوڵەکانی و دوای بەشداریکردنی لە کۆنگرەی ئێنتیرناسیوناڵ سۆسیالیست، بە مەبەستی سازدانی پلاتفۆرمێکی هاوبەش لەگەڵ لایەنە ئێرانییەکان، کرایە ئامانجی تێرۆریزمی دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران و شەهید کرا.
٣٣ ساڵ بە سەر تیرۆری ڕێبەری هەڵکەوتوومان تێدەپەرێ. لەگەڵ بەردەوامبوون و لە گەشەبوونی بزووتنەوەی نەتەوەیی و جەماوەریی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، حیزبی دێموکرات لەسەر هێڵی نەتەوەیی و بەها و پڕەنسیپە سیاسییەکانی خۆی و ڕێبەرانی شەهیدی پێداگرە. ئەمە ڕێک پێچەوانەی ئەو بۆچوون و ئامانجە نگریسەی کۆماری ئیسلامییە کە ئیستاش پێێ وایە بە ڕێگەی تیرۆر و ڕەشەکوژی و ”نیعمەتی شەڕ لە کوردستان”، حیزبی دێموکرات و بزووتنەوەی نەتەوەیی دەسڕێتەوە. وەک چۆن دەبینین سەرەڕای ئەو هەمووە زەبرەی لەسۆنگەی تێرۆریزیمی کۆماری ئیسلامییەوە بەر حیزبی دێموکرات کەوتوە، ئەم حیزبە نەک هەر لەنێو نەچووە، بەڵکوو بیری نەتەوەیی و ئازادیخوازیی کوردستان و پرسە ڕەواکەی بەردەوام گەشەی کردوە و بەرفراوانتر بووە.
٣٣ ساڵ دوای تێرۆری مێکونووس ئەمڕۆکە لە ئاستی جەماوەری و کۆمەڵگەکانی سەر جوغرافیای ئێران‌دا، هێزو ویستی نەتەوە بندەست و هەرێمە نەتەوەییە پەراوێزخراوەکان، بووەتە هێزێکی شوێندانەری داهاتووی ململانێیەکان. لە ئاستی دەسەڵاتدا، ڕێژیم لەگەڵ زنجیرە قەیرانێکی تێکچڕژاوی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و بەرێوەبەریی بەرەوڕوو بۆتەوە کە دەربازبوونی لێیان مەحاڵە. لە ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا، تێرۆریزمی دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامی بە هەموو تۆڕ و هێزە پرۆکسییەکانی نەک هەر ئەوەی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لاوازتر دەبن، بگرە ئێستا قووڵایی بێهێزی و دەستەوەستانیی ڕێژیم پتر لە هەر کاتێک دەرکەوتوە. فراوانخوازی و زێدەڕەوییەکانی لەژێر ناوی هەناردەکردنی شۆڕش و پەرەپێدان بە بەرنامەی ئەتۆمی و مووشەکی و تێکدانی ئاسایشی ناوچەکە لەگەڵ ئاستەنگ و لەمپەری گەورە بەرەوڕوو بۆتەوە و لە کۆی ئەو گۆڕانکارییە نێوخۆیی و ناوچەییانەدا کۆماری ئیسلامیی ئێران چیدی ناتوانێ خۆی بگرێتەوە.
٣٣ ساڵ دوای تێرۆری مێکونووس ئەم ڕاستییە پتر لە هەموو کاتێک خۆی دەرخستوە کە ئەزموونی خەباتی دوورودرێژ بەڵام دەوڵەمەندی کوردستان کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا بزووتنەوەی ژینا لە نموونە بەرچاوەکانی بوو، ئەم ئەزموونە وێنای بەریەککەوتنی هێز و بەهاکانی ئازادی، مافی ژیان و کەرامەتی مرۆڤ و نەتەوەکانە بەرانبەر بە ئەزموونی شکست‌خواردووی ناوەندگەرایی و پاوانخوازی. بۆیەشە لە ساڵیادی تێرۆری دوکتور سادق و هاوڕێیانیدا، بە ورەی بەرز و بە هیواوە درێژە بە ڕێبازی پیرۆزی ئەو شەهیدە مەزنانە دەدەین و خوو و ڕه‌وشت و وانەکانی ئه‌و ڕێبه‌ره مه‌زنه هەروا مه‌شخه‌ڵی ڕووناك‌كه‌ره‌وه‌ی ڕێگای خه‌باتمان دەبێ. هاوکات لەسەر بنەمای مافە نەتەوەیی و دێموکراتیکەکان و بنیاتنانی ئێرانێکی دێموکراتیک و فیدڕاڵ، جەخت لە سەر هاوخەباتی و یەکڕیزیی هەموو نەتەوە بندەستەکان و هێز و لایەنە ئازادیخوازەکان دەکەینەوە.
سڵاو لە ڕۆحی پاکی شەهیدانی کوردستان
سڵاو لە ئیرادەی گشتیی و ڕوحی خۆڕاگری و خەباتکاریی خەڵکی کوردستان
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
دەستەی کارگێڕی
٢٥ی خەرمانانی ١٤٠٤

پوخته‌یه‌ک له ژیانی دوکتور محه‌ممه‌د سادق شه‌ره‌فکه‌ندی (سه‌عید)

دوکتور شه‌ره‌فکه‌ندی دووهه‌مین رێبه‌ری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانه که‌له وڵاتێکی ئورووپایی له‌سه‌ر مێزی وتووێژ، له‌لایه‌ن تیرۆریسته‌کانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانه‌وه شه‌هید کرا.
دوکتور شه‌ره‌فکه‌ندی پاش شه‌هید بوونی دوکتور قاسملوو به‌رپرسایه‌تییه‌کی گه‌وره که‌وته سه‌ر شانی. هه‌رچه‌ند که ماوه‌ی رێبه‌رایه‌تییه‌کی درێژه‌ی نه‌کێشا، به‌ڵام له‌و ماوه کورته‌شدا توانیی به باشی وڵامده‌ری به‌رپرسایه‌تییه مێژووییه‌که‌ی بێت.
دوکتور شه‌ره‌فکه‌ندی له کاتێکدا بوو به سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات که جه‌مسه‌ری کۆمۆنیستیی رۆژهه‌ڵات تێکـڕووخا و خولێکی نوێ له مێژووی مرۆڤایه‌تیدا ده‌ستی پێ‌کرد.
دادگایه‌ک که به‌ناوی دادگای میکۆنووس ناودێر کرا، رێبه‌رانی پایه‌به‌رزی رێژیمی ئێرانیان وه‌ک فرمانده‌رانی تیرۆری دوکتور شه‌ره‌فکه‌ندی و هاوڕێیانی مه‌حکووم کرد. حوکمێک که رێژیمی ئیسلامیی ئێرانی له‌گه‌ڵ قه‌یرانێکی جیدی به‌ره‌وڕوو کرده‌وه.
منداڵێک به هیوا و ئاره‌زوویه‌ک به به‌رزایی ”ته‌ره‌غه”
سادق شه‌ره‌فکه‌ندی، رێکه‌وتی 21ی به‌فرانباری 1316ی هه‌تاوی، به‌رانبه‌ر به 11ی ژانوویه‌ی 1938ی زایینی له بنه‌ماڵه‌یه‌کی نیشتمانپه‌روه‌ر له گوندی ”ته‌ره‌غه”ی بۆکان چاوی به ژیان هه‌ڵێنا.
له سه‌رده‌می منداڵی‌دا له نازی باوکی بێ‌به‌ش بوو و سه‌رپه‌رستیی که‌وته ئه‌ستۆی برا گه‌وره‌که‌ی، واته شاعیری گه‌وره‌ی گه‌لی کورد، مامۆستا هه‌ژار.
سه‌رده‌می منداڵیی نه‌مر دوکتور سادق شه‌ره‌فکه‌ندی، هاوکات بوو له‌گه‌ڵ گه‌شه‌ی خه‌باتی ئازادیخوازانه‌ی خه‌ڵکی کوردستان و دامه‌زراندنی کۆماری کوردستان، هه‌ر بۆیه راسپارده و رێنوێنییه‌کانی براکه‌ی و کۆمه‌ڵێک وێنا و رووداوی دیکه له‌و سه‌رده‌مه له بیر و هزریدا کاریگه‌ریی دانا.
ساڵی یه‌که‌م و دووهه‌می سه‌ره‌تایی له بۆکان و پاشان به کۆچی بنه‌ماڵه‌که‌یان بۆ شاری مه‌هاباد، خوێندنی سه‌رتایی، ناوه‌ندیی و دوا ناوه‌ندیی له‌و شاره کۆتایی پێهێنا و دوایین ساڵی خوێندنی دواناوه‌ندیی له شاری ته‌ورێز خوێند و له ساڵی 1338ی هه‌تاوی توانیی لیسانسی رشته‌ی شیمیی له په‌یمانگای به‌رزی تاران وه‌ربگرێت.
دوکتور سه‌عید له تێكـڕای قۆناخه‌کانی خوێندنیدا یه‌که‌مین یان یه‌کێک له باشترین خوێندکاران بووه.
دوکتور سه‌عید مامۆستایه‌کی لێهاتوو که به‌شی دوورکه‌وتنه‌وه بوو
له ساڵی 1338 وه‌کوو مامۆستای شیمی له شاره‌کانی مه‌هاباد و ورمێ ده‌ستی به کار کرد.
له ته‌واوی ئه‌و ماوه‌یه‌دا وه‌کوو مامۆستایه‌کی لێهاتوو، به مه‌به‌ستی بردنه سه‌ری ئاستی زانیاریی قوتابیانی کوردستان چالاکییه‌کی تایبه‌تی له خۆی نیشان دا، به‌جۆرێک که ژماره‌ی ئه‌و ده‌رچوانه‌ی که‌له ژێر ده‌ستی دوکتور سه‌عید ده‌رسیان ده‌خوێند رۆژ به رۆژ زیاتریان ده‌کرد.
سه‌رنجام ساواک (ده‌زگای هه‌وڵگری و سیخوڕیی رێژیمی پاشایه‌تی) درێژه‌ی خزمه‌تی کاک دوکتور سه‌عید له کوردستان به ره‌وا نابینێت و له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ل له مامۆستا هاوبیره‌کانی، بۆ شاره‌کانی ناوه‌ندیی ئێران وه‌ک ئه‌راک و که‌ره‌ج دوور خسته‌وه.
کاک دوکتور محه‌ممه‌د سادق شه‌ره‌فکه‌ندی، له ساڵی 1349 بۆ زانستگای تاران راگوێزرا و وه‌کوو به‌شی ته‌کنیکیی رشته‌ی شیمیی ئه‌و زانستگایه دستی به کار کرد.
پاش ئه‌وه‌ی که له‌و به‌شه‌شدا لێهاتوویی دوکتور شه‌ره‌فکه‌ندی ده‌رکه‌وت، به که‌ڵک وه‌رگرتن له بوورسیه‌ی وه‌زاره‌تی زانست له ساڵی 1351 چووه وڵاتی فه‌ڕانسه و پاش چوار ساڵ خوێندن له زانینگه‌ی ژماره 6ی پاریس، توانیی دوکتۆرای رشته‌ی شیمی وه‌ربگرێت.
دوکتور سادق شه‌ره‌فکه‌ندی ساڵی 1355ی هه‌تاوی گه‌ڕایه‌وه ئێران و وه‌کوو مامۆستای یاریده‌ده‌ری شیمی له زانینگه‌ی (تربیت معلم) ده‌ستی به کار کرده‌وه و له‌م قوناخه‌شدا به هۆی سه‌رکه‌وتنه‌کانی بوو به خۆشه‌ویستی مامۆستایان و خوێندکارانی ئه‌و زانستگایه، به جۆرێک که وه‌کوو مامۆستایه‌کی دڵسۆز و له هه‌مان کاتدا شۆڕشگێڕ وه‌سفیان ده‌کرد.
له ئاشنایه‌تییه‌کی ساکاره‌وه هه‌تا یارانی هاوچاره‌نووس
دوکتور سه‌عید له ساڵی 1352ی هه‌تاوی، واته کاتێک که‌له پاریس خه‌ریکی خوێندنی دوکتۆرا بوو، له رێگه‌ی رێبه‌ری گه‌لی کورد و حدک ئێران، دوکتور عه‌بدولـڕه‌حمان قاسملووه‌وه له‌گه‌ڵ به‌رنامه و سیاسه‌تی حیزبی دێموکرات ئاشنا بوو و داوای ئه‌ندامه‌تیی له حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کرد.
پاش گه‌ڕانه‌وه بۆ ئێران وه‌کوو پردی پێوه‌ندیی نێوان دوکتور قاسملوو و ئه‌ندامانی کۆنی حیزب له ناوخۆی وڵات، ئه‌رکی حیزبی خۆی به لیهاتووییه‌وه به جێ گه‌یاند و به جاران له جێبه‌جێ کردنی ئه‌رکه‌کانیدا گیان که‌وته مه‌ترسییه‌وه.
دوکتور سادق پاش تێکـڕووخانی رێژیمی په‌هله‌وی و ئاشکرا بوونی خه‌باتی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران له ساڵی 1358ی هه‌تاوی، وه‌کوو راوێژکاری کۆمیته‌ی ناوه‌ندی و له ره‌شه‌مهی 1358 له کۆنگره‌ی چواره‌می حیزب‌دا وه‌کوو ئه‌ندامی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی هه‌ڵبژێردرا و به‌رپرسایه‌تیی کۆمیته‌ی حیزب له شاری تاران که‌وته سه‌ر شانی.
له سه‌ره‌تای ساڵی 1359ی هه‌تاوی له‌لایه‌ن رێبه‌رایه‌تیی حیزبه‌وه بۆ کاری ته‌واو وه‌خت، بانگهێشتی کوردستان کرایه‌وه و له ره‌تی دانیشتنه‌کانی کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی حیزب له هاوینی هه‌مان ساڵ وه‌کوو ئه‌ندامی ده‌فته‌ری سیاسیی حیزب هه‌ڵبژێردرا. هه‌روه‌ها دوکتور سادق له کۆنگره‌کانی پێنج، شه‌ش، حه‌وت، هه‌شت و نۆیه‌م وه‌کوو ئه‌ندامی ده‌فته‌ری سیاسیی حیزب هه‌ڵبژێردراوه‌ته‌وه.
دوکتور سادق شه‌ره‌فکه‌ندی له ماوه‌ی رێبه‌رایه‌تیی له حیزب‌دا زیاتر به‌رپرسایه‌تیی به‌شی چاپه‌مه‌نیی وه‌ئه‌ستۆ بووه و له ساڵی 1365ی هه‌تاوی هه‌تا کاتی شه‌هید بوونی دوکتور قاسملوو، جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران بووه.
دوکتور محه‌ممه‌د سادق شه‌ره‌فکه‌ندی له یه‌که‌مین دانیشتنی کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی حیزب له پاش شه‌هید بوونی دوکتور قاسملوو، به تێکـڕای ده‌نگی ئه‌ندامانی کۆمیته ناوه‌ندی وه‌کوو سکرتێری گشتیی حیزب و هه‌روه‌ها له کۆنگره‌ی نۆیه‌م بۆ ئه‌و پۆسته هه‌ڵبژێردرایه‌وه و هه‌تا کاتی شه‌هید بوونی (26ی خه‌رمانانی 1371ی هه‌تاوی) ئه‌رکی قورسی سکرتێریی وه ئه‌ستۆ بوو.
سەرچاوە: کوردستان مێدیا