یادنامەیەکە بۆ ٨٠ ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە لە لایەن بەشی چاپەمەنی و بڵاوکراوەکانی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزب ئامادە کراوە.

کۆمەڵەوتارێکی بەنرخ کە من بەش بە حاڵی خۆم سوودم لێوەرگرت. جێگەی خۆیەتی سپاسی مامۆستا عەلی بداغی و سەرجەم هاوڕێیانی ناوەندی ڕاگەیاندن بکەم کە بەڕاستی بەم کارەوە ماندوو بوون!
تکایە بۆ داگرتنی کتێبەکە ئیرە کلیک بکەن
یەکێ لە بابەتەکانی ئەم کۆمەڵەوتارە، لە ژێر سەردێڕی ”حیزبی دێموکراتی کوردستان: داهێنەر و پێشەنگی گوتاری نەتەوەیی” بە قەڵەمی من نووسراوە کە کۆی وتارەکە لێرە دادەنێم.
حیزبی دێموکراتی کوردستان: داهێنەر و پێشەنگی گوتاری نەتەوەیی
حیزبی دێموکراتی کوردستان، لە کاتی دامەزراندنی لە ساڵی ١٩٤٥ەوە، وەکوو داهێنەر و پێشەنگی گوتاری نەتەوەیی کورد، ڕۆڵێکی ناوازەی لە پێناسە کردنەوە و چەسپاندنی شوناسی نەتەوەیی کورددا بینیوە. ئەم حیزبە، بەرەنگارییە پەرشوبڵاو و تا ڕادەیەکی زۆر عەشیرەیی لە جوغرافیای بەرفراوانی کوردستاندا گۆڕی بۆ گوتارێکی نەتەوەیی یەکگرتوو کە بە هێماکانی وەک ئاڵا، سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب، کۆمار، دیاری کردنی مافی چارەنووس، پێشمەرگە و جەختکردنەوە لەسەر زمانی کوردی، پێناسە کرا.
ئەم گوتارە کە لە بیاڤی گوندی و هۆز و عەشیرەتییەوە چووە نێو شار و چینی مامناوەند، بە جێگۆڕکێی ڕووناکبیرانی ئۆرگانیک لەجێی سەرکردە نەریتییەکان (شێخ، ئاغا و سەرۆک عەشیرەت)، شوناسێکی مۆدێرن و گشتگیری بە کورد بەخشی. لە ماوەی هەشتا ساڵی ڕابردوودا، خەڵکی کوردستان وەک فاکتەری سەرەکی ئەم گوتارە، نەک هەر بە پشتیوانییەکی تەواو و کارا ئەم گوتارەیان پاراستووە، بەڵکوو لە نەبوونی فیزیکی حیزب لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە هۆی سەرکوتی سیاسی و سەربازییەوە، ڕۆژبەڕۆژ ڕیشەدارتریان کردووە. ئەم خۆڕاگری و ڕاکێشەرییە پەرەسەندووە دوای دەیان ساڵ، کە لە دروشمەکانی خەڵکدا لە وەسفی ئەم حیزبە و سەرکردە کاریزماکانیدا دەرکەوتووە، دەرئەنجامی هۆکارگەلێکی چەندڕەهەندییە کە دەکرێ لە ڕوانگەی تیۆرییە سیاسی و کۆمەڵناسییەکانەوە شی بکرێنەوە، بەتایبەتی لە تیۆری ”سەرمایەی کۆمەڵایەتی”ی ”ڕابێرت پاتنام”. ئەم وتارە بەدواداچوونێکی خێرایە بۆ شکڵ گرتن، بەردەوامی و ڕێشەداربوونی ئەم گوتارە نەتەوەیییە و هەروەها ڕۆڵی خەڵک.
١- داهێنەری گوتاری نەتەوەیی: لە ڕابوونە هەرێمییەکانەوە بۆ شوناسی مۆدێرن
بەر لە دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بەرخۆدانەکان (ڕابوونە هەرێمییەکان) لە جوغرافیای بەرفراوانی کوردستان، لە باکوورەوە تا باشوور، بە شێوەیەکی سەرەکی لە لایەن سەرۆک عەشیرەتەکان، خانەکان و شێخەکانەوە لە چوارچێوەی نێوخۆیی و نەریتیدا سەرکردایەتی دەکران. هەرچەندە ڕەگ و ڕیشەیان لە بەرگری کردن لە شوناس و بەرژەوەندییە هەرێمییەکاندا بوو، بەڵام ئەم بەرخۆدانانە یەکگرتوویی ئایدیۆلۆژیکییان پێوە دیار نەبوو؛ لە جوغرافیایەکی دوور لە یەکتر و پچڕپچر و پەراکەندەدا بوون، جوغرافیایەکی سنوورداریان هەبوو و پەلکێشیان نەدەکرد بۆ شوێنەکانی تر، ڕەگئاژۆیان نەدەکرد بۆ ناو شارەکان و…
بەڵام حیزبی دێموکرات بە ناساندنی هەندێ کلیلوشەی سەرەکی و هێمای نەتەوەیی وەک سروودی نەتەوەیی، ئاڵا، پێشمەرگە و زمانی کوردی و هەروەها چەمکە سیاسییە مۆدێرنەکان وەک کۆمار، مافی دیاری کردنی چارەنووس و دێموکراسی، گوتارێکی یەکگرتوو و هاوچەرخی خوڵقاند کە شوناسی کوردی لە کۆت و بەندەکانی پێکهاتە خێڵەکییەکان ڕزگار کرد. هەرچەند، ئەگەرچی ڕابوونە هەرێمییەکان، پێکهاتەی خێڵەکییان پێوە دیار بوو، بەڵام وەک زۆربەی لێکۆڵەرانی بیانی ئاماژەیان پێداوە ئەم شۆڕشانە، دواجار دەبنە بناغەی پڕۆسەیەک بۆ ساز بوونی گوتارێکی مۆدێرنی نەتەوەیی!
لەم پرۆسەیەدا، دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە ساڵی ١٩٤٦دا بە ڕێبەرایەتی قازی محەممەد، خاڵی وەرچەرخان بوو. کۆمار وەک یەکەم ئەزموونی خۆبەڕێوەبەریی مۆدێرنی کورد، نەک هەر پرۆژەیەکی سیاسی، بەڵکوو هێمای نەتەوەیی کورد بوو، کە حیزبی دێموکرات وەک داهێنەری گوتاری نەتەوەیی، پێشکەشی کرد. لە ڕوانگەی تیۆرییەکانی نەتەوەسازی (nation-building)، حیزبی دێموکرات بە دروست کردنی ”شوێنەکانی یادەوەری” (وەک مەهاباد)، هێمای هاوبەش (ئاڵا و سروود) و زمانێکی نەتەوەیی (کوردی)، توخمەکانی ”نەتەوەیەکی خەیاڵی”ی – بە ڕاڤەی بنێدکت ئەندەرسۆن – پێکهێنا.
شوێنەکانی یادەوەری کە دەتوانن فیزیکی (وەک شوێنەوار یان شوێنە مێژوویییەکان)، هێمایین (وەک ئاڵا یان سروود) یان گێڕانەوە (وەک ڕووداوە مێژوویییەکان) بن، وەک خاڵەکانی سەرچاوە لە یادەوەرییە بەکۆمەڵەکانی نەتەوەیەکدا کار دەکەن. ئەوان نەک هەر ڕابردوو دەپارێزن، بەڵکوو بە دروست کردنی پەیوەندی سۆزداری و شوناسخوازانە لە نێوان نەوەکاندا، هەستی ئینتیما بە شوناسێکی هاوبەش بەهێز دەکەن. لە گوتاری نەتەوەیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا، شوێنەکانی یادەوەری ڕۆڵی سەرەکییان لە چەسپاندن و بەردەوامی شوناسی نەتەوەیی کورددا هەبووە. ئەم شوێنانە، بە بەرهەمهێنانەوە لە فەرهەنگ، ئەدەب و چالاکییە سیاسییەکاندا، ڕێگەیان بە خەڵکی کوردستان داوە تەنانەت لە نەبوونی فیزیکی حیزبیشدا، بە گوتاری نەتەوەیی وەفادار بمێننەوە.
ئەم گوتارە، هەر لە سەرەتاوە، بە پشتیوانی بەرفراوانی خەڵکی کوردستان، لە گوندەکان تا شارەکانەوە، بوو بە بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی- سیاسی کە هەم ڕەهەندی فکرییەکەی بەرچاو بوو هەم ڕەهەندە ڕێکخراوییەکەی. خەڵک لە ڕێگەی بەشدارییان لە چالاکی حیزبی، خۆپیشاندان و خەباتی پێشمەرگانە، ئەم گوتارەیان دەروونی کرد و بۆ بەرهەمهێنانەوەی هەوڵیان دا، ئەمەش پەیوەندی قووڵی حیزب لەگەڵ جەستەی کۆمەڵایەتی کوردستان، نیشان دەدا.
٢- ڕۆڵی ڕووناکبیرانی ئۆرگانیک لە بەرهەمهێنانەوەی گوتاری نەتەوەیی
بە پێی تیۆری هەژموونی فەرهەنگی گرامشی، ڕووناکبیرانی ئۆرگانیک، لە پێشخستنی گوتارە کۆمەڵایەتییەکاندا ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن. بە حوکمی ئەوەی ئەم ڕووناکبیرانە دوو تایبەتمەندی داهێنەری و شوێندانەرییان هەیە دەتوانن ئەرکی ئەم پێشخستنە وەستۆ بگرن. حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران توانی بە هۆی ئەم ڕووناکبیرانەوە کە زۆربەیان سەر بە چینی مامناوەندی شار بوون، گوتاری نەتەوەیی لە بیاڤی نەریتی و عەشیرەیییەوە بگوازێتەوە بۆ کەشی مۆدێرنی شار! پێشەوا قازی محەممەد (بە پێگەی مامۆستایەتی و دیدی مۆدێرن) و دوکتور قاسملوو (بە خوێندنی ئەکادیمی و ئەزموونی نێودەوڵەتی)، جێگای سەرکردە نەریتییەکانیان دەگرنەوە و گوتاری نەتەوەیی بە پێی دۆخی سەردەم تیۆریزە دەکەن. دواتر چینە جیاجیاکانی خەڵکی کوردستان، ئەم گوتارە وەردەگرن و لە بەرهەمهێنانەوەیدا بەشدار دەبن. بۆ نموونه، ڕۆڵی زمانی کوردی وهک سیاسیترین توخمی شوناس، ڕێگهی به خهڵک دا که لە چوارچێوە مۆدێرنەکاندا شوناسی نهتهوهیی خۆیان دەرببڕن. ئەم پشتیوانییە جەماوەرییە کە هەر لە سەرەتای دامەزراندنی حیزبەوە دەستی پێکرد، بووە هۆی چەسپاندنی گوتاری نەتەوەیی وەک هێزێکی دژەهەژموونی لە بەرانبەر گوتارەکانی دەوڵەتسەنتەردا. خەڵک لە ڕێگەی بەشداری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە چالاکییە جۆراوجۆرە حیزبییەکان و، بەرخۆدانی مەدەنی وەک خۆپیشاندان و مانگرتن و تەنانەت قوربانیدان، ئەم گوتارەیان کردە بەشێک لە شوناسی بەکۆمەڵی خۆیان.
٣- بە دامەزراوەیی کردن و هێماسازی: بنەماکانی بەردەوامی گوتار
حیزبی دێموکرات بە دروست کردنی ناوەندێک وەک هێزی پێشمەرگە و پێشخستنی هێماکانی وەک ئاڵا و سروود، کەرەستەکانی چەسپاندن و بەردەوامی گوتاری نەتەوەیی دابین کرد. پێشمەرگە، وەک هێزێکی سەربازیی ڕێکخراو، نەک هەر ئامرازێک بۆ بەرخۆدان لە دژی ستەم بوو، بەڵکوو بوو بە هێمای گیانفیدایی و شوناسی نەتەوەیی. ئاڵا بوو بە هێمای ئەو ئامانجە کە لەسەر بنەمای مافی دیاری کردنی چارەنووس و یەکگرتوویی کورد دامەزرا. هەروەها سروودی ”ئەی ڕەقیب”یش، بە تەوەرە تایبەتەکانی خۆیەوە، بوو بە ئامرازێکی سۆزداری بۆ بەهێز کردنی هەستی ئینتیمای نەتەوەیی. خەڵکی کوردستان، وەک کۆڵەکەی سەرەکی ئەم گوتارە، نەک هەر ئەو هێمایانەیان قبووڵ کرد، بەڵکوو لە ژیان و خەباتی ڕۆژانەیاندا بەرهەمیان هێنایەوە. لە ڕوانگەی تیۆری یادەوەری بەکۆمەڵدا، ئەم هێما و دامەزراوانە وەک ”شوێنەکانی یادەوەری” کاریان دەکرد کە پەیوەندی سۆزداری و مێژوویی خەڵکیان بە ئامانجە نەتەوەیییەکانەوە بەهێزتر دەکرد. شوێنەکانی یادەوەری، لە ژیانی ڕاستەقینە و تەنانەت لە دنیای خوازەکیدا (تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان)، ڕێگەیان بە خەڵک دەدا کە شوناسی نەتەوەیی خۆیان لە بەرانبەر گوشارەکانی دەوڵەتە جێگیرەکاندا بپارێزن. ئەم پشتیوانییە جەماوەرییە کە لە ماوەی هەشتا ساڵی ڕابردوودا بێپچڕان بەردەوام بووە، ئاماژەیە بۆ قووڵایی کاریگەریی گوتاری نەتەوەیی حیزبی دێموکرات لە کۆمەڵگەی کوردستاندا.
٤- ڕێبەرانی کاریزما و پەیوەندی سۆزداری لەگەڵ خەڵک
ڕێبەرانی کاریزمای حیزبی دێموکرات، بەتایبەت قازی محەممەد و دوکتور قاسملوو، لە چەسپاندنی گوتاری نەتەوەیی لە نێو کۆمەڵانی خەڵکدا، ڕۆڵی سەرەکییان بینی. قازی محەممەد، بە بەخت کردنی گیانی خۆی و دامەزراندنی کۆماری کوردستان، بوو بە هێمای خۆڕاگری و جۆرێ لە ئایدیالیزم. دوکتور قاسملوو بە ڕێبەرایەتی درێژخایەن، پەروەردەی ئەکادیمی و هەوڵەکانی بۆ بەجیهانی کردنی پرسی کورد، بوو بە کەسایەتییەکی ئیلهامبەخش بۆ نەوەکانی داهاتوو.
لە ڕوانگەی ماکس وێبێرەوە، کاریزمای ئەم ڕێبەرانە کە تێکەڵاوییەک بوو لە تایبەتمەندییە نەریتییەکان (وەک پێگەی کۆمەڵایەتی پێشەوا) و مۆدێرن (وەک زانستی سیاسی قاسملوو)، پەیوەندییەکی قووڵی سۆزداری لەگەڵ خەڵکدا دروست کرد. خەڵکی کوردستان، ئەم ڕێبەرانە نەک هەر وەک سیاسەتمەدار، بەڵکوو وەک سەمبولی گیانفیدایی و شوناسی نەتەوەیی، قبووڵ کرد. دروشمەکانی ئەمڕۆی لاوان بۆ ستایشی قازی محەممەد و قاسملوو، تەنانەت لەنێو ئەو جیلانەشدا کە هەرگیز ئەوانیان نەبینیوە، دەرئەنجامی ئەم پەیوەندییە سۆزدارییەن کە لە ڕێگەی گێڕانەوەی مێژوویی، ئەدەب و هونەر و ڕێوڕەسمی یادکردنەوە بۆ نەوەکانی دواتر گوازراوەتەوە. ئەم پەیوەندییە سۆزدارییە کە بە بەشداری خەڵک لە چالاکییەکانی حیزب و خەباتی خۆڕاگریدا بەهێزتر بووە، قووڵایی و بەردەوامی بە گوتاری نەتەوەیی حیزب بەخشیوە.
٥- هۆکارەکانی بەردەوام بوون و ڕیشەدار بوونی گوتارەکە لە نەبوونی فیزیکی حیزبدا
سەرەڕای نەبوونی فیزیکی حیزبی دێموکرات لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە هۆی سەرکوتی سیاسی و سەربازییەوە، گوتاری نەتەوەیی حیزبی دێموکرات زیاتر ڕیشەدار بووە و خەڵکی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە. ئەم دیاردەیە دەکرێ لە ڕوانگەی تیۆری ”سەرمایەی کۆمەڵایەتی”ی ”ڕابێرت پاتنام”ەوە شی بکرێتەوە، کە لەسەر ڕۆڵی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، متمانەی دوولایەنە و نۆرمە هاوبەشەکان لە بەهێزکردنی پەیوەندییە بەکۆمەڵەکاندا، جەخت دەکاتەوە. ئەم هۆکارانەی خوارەوە ئەم بەردەوامییە و زیاد بوونی سەرنجڕاکێشی ئەم گوتارە ڕوون دەکەنەوە:
ئا) سەرمایەی کۆمەڵایەتی و تۆڕە خەڵکییەکان
حیزبی دێموکرات، هەر لە سەرەتاوە، بە دروست کردنی تۆڕی ڕێکخراوەیی سیاسی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی (ڕەهەندی ڕێکخراوەیی)، سەرمایەیەکی کۆمەڵایەتی بەهێزی لەنێو کورددا دروست کرد. ئەم تۆڕانە، لە ڕێگەی جۆراوجۆرەوە، پەیوەندییەکانیان (ڕەهەندی فیکری) بە شێوەی ئاشکرا و هەندێک جاریش بە نهێنی لە سەردەمی سەرکوت کردندا، دامەزراند و ڕێگەیان بە خەڵک دەدا کە لە نەبوونی فیزیکی حیزبدا، گوتاری نەتەوەیی بەرهەم بهێننەوە. خەڵک بە بەشداری کردن لەم تۆڕانەدا، هەستی متمانە و هاودەنگی خۆیان بەهێزتر کرد. چالاکییە گشتی و نهێنییەکانی حیزب، ڕێوڕەسمی یاد کردنەوە و گواستنەوەی زارەکی گێڕانەوەی بەرخۆدان، یارمەتیدەری پاراستنی ئەم سەرمایە کۆمەڵایەتییە بوو و ڕەگ و ڕیشەی گوتاری نەتەوەیی لەنێو نەوەی نوێدا داکوتا.
ب) یادەوەری بەکۆمەڵ و بەرهەمهێنانەوەی هێماکان
گوتاری نەتەوەیی حیزبی دێموکرات وەک کۆمەڵێک لە ”شوێنەکانی یادەوەری” (وەک کۆماری کوردستان، ئاڵای کوردستان و قوربانیدانی پێشمەرگە)، لە مێشک و دڵی خەڵکدا دەروونی کراوە. ئەم یادەوەرییە بەکۆمەڵە کە لە ڕێگەی میدیای جۆراوجۆرەوە لە شێوەی ئەدەب، هونەر و شیکاری سیاسی و… دەگوازرێتەوە، ڕێگەی بە نەتەوەی کورد داوە کە پەیوەندی بە ئامانجە نەتەوەیییەکانی حیزبەوە هەبێ. هێما جۆراوجۆرەکان کە لە ژیانی ڕاستەقینەی مرۆڤەکان و لە دنیای خوازەکیدا بەرهەم دەهێنرێنەوە، هەستی ئینتیما بە نەتەوەی کوردیان بەهێزتر کردووە. خەڵک بە کەڵک وەرگرتن لەم هێمایانە لە ژیانی ڕۆژانەی خۆیاندا، چالاکانە بەشداری لە بنیاتنانەوەی گوتاری نەتەوەیی دەکەن.
پ) خۆڕاگری لە بەرانبەر سەرکوت کردن
سەرکوت کردنی بەردەوامی شوناسی کوردی لە لایەن دەوڵەتە ناوەندییەکانەوە، بەجێی لاوازکردن، هەستی شوناسی خۆڕاگری لەنێو کورددا بەهێزتر کردووە. حیزبی دێموکرات بە پێشکەش کردنی گوتارێک کە لەسەر مافی دیاری کردنی چارەنووس، دادپەروەری کۆمەڵایەتی و مافی نەتەوەیی جەخت دەکاتەوە، چوارچێوەیەکی بۆ بەرخۆدان بۆ خەڵک دابین کردووە. لە نەبوونی فیزیکی حیزبدا، ئەم گوتارە وەک هێزێکی دژەهەژموون کاری کردووە و خەڵک بۆ خەبات بۆ شوناس و مافەکانیان هان دەدا. نموونەگەلێکی زۆر لە دەیەکانی ڕابردوودا دەدیترێ کە نیشاندەری ئەمەیە کە ئەم گوتارە بۆتە کەرەسەی خۆڕاگری و بەرخۆدان لەهەمبەر دەسەڵات!
ت) بە جیهانی کردنی ئامانجی کوردی و دنیای خوازەکی
هەوڵە دیپلۆماسییەکانی دوکتور قاسملوو و ڕێبەرانی تری حیزب، پرسی کوردیان بە گوتاری جیهانی مافەکانی مرۆڤ و ئۆتۆنۆمییەوە گرێ دا. ئەم بە جیهانی کردنە هەستی شەرعییەت و ڕەوایی و شانازیی نەتەوەیی بە خەڵکی کوردستان بەخشی. لە سەردەمی هاوچەرخدا دنیای خوازەکی وەک ئامرازێکی بەهێز بۆ بەرهەمهێنانەوەی گوتاری نەتەوەیی کاری کردووە. پلاتفۆڕمە کۆمەڵایەتییە جۆراوجۆرەکان وەک ”ئیکس (تویتێری پێشوو)، ئینستاگرام و تێلێگرام” ڕێگەیان بە خەڵک و بەتایبەت بە لاوان داوە کە هێما نەتەوەیییەکان هاوبەش بکەن، ڕووداوە مێژووییەکان بگێڕنەوە، لەهەمبەر بچووکترین ڕووداوی پەیوەندیدار بە پرسی کوردەوە لەسەر هەست بن و دژکردەوەیان هەبێ و بەگشتی لەگەڵ ڕەوەندی کوردیدا پەیوەندی دروست بکەن. ئەم تۆڕە کۆمەڵایەتییانە جێگەی بوونی فیزیکی حیزبیان گرتووەتەوە و گوتاری نەتەوەیییان بە شێوەیەکی داینامیکی و ڕاکێشەر هێشتووەتەوە.
ج) نەرمی نواندنی گوتار
گوتاری نەتەوەیی حیزبی دێموکرات، بەهۆی نەرمی نواندن بە مانای لەبارتر کردنی دەرفەتەکان و توانایی خۆگونجاندن لەگەڵ پێداویستییە نوێیەکان، هەروا سەرنجڕاکێش ماوەتەوە. ئەم گوتارە، هەرگیز گوتارێکی چەقبەستووە نەبووە، بەڵکوو بە پێی ڕووحی سەردەم و دۆخی ناوخۆ، ئاڵوگۆڕی بەسەر خۆیدا هێناوە. بۆ وێنە لە زەمانگەلی جیاوازدا بە هەندێ چەمکی مۆدێرن وەک دێموکراسی، پلۆرالیسم، مافی مرۆڤ و یەکسانی جێندەری دەوڵەمەند دەکرێ و لەگەڵ نەوەی نوێ، بەتایبەت لاوان و ژنان، پەیوەندییەکی قووڵ دروست دەکا. ڕەنگە بەشداری بەربڵاوی ژنان و گەنجان لە چالاکییە سیاسی و فەرهەنگییەکانی پەیوەست بە حیزبەوە، ئاماژەیەکی گرینگ بێ بۆ نەرمی نواندنە ئەم گوتارە!
٦- بەردەوامی گوتار
هۆکارە سەرەکییەکانی بەردەوامی گوتاری نەتەوەیی حیزبی دێموکرات و پشتیوانی تەواوی خەڵک لە ماوەی هەشتا ساڵی ڕابردوودا، بەم هۆکارانەی خوارەوە بەندە:
– ئاوەزی گشتی: وەک جێگرەوەیەک لە نەمانی چەمکی ڕێبەرایەتی کاریزماتیکدا
– یەکگرتوویی ئایدیۆلۆژیک: تێکەڵ بوونی ناسیۆنالیزمی کوردی و پرەنسیپە دێموکراتیکەکان، گوتارێکی هەمەلایەنەی دابین کرد کە ڕووناکبیران و جەماوەری خەڵکی بۆ لای خۆی ڕاکێشا.
– گواستنەوەی نێوان نەوەکان: ڕاهێنان و پەروەردەی حیزبی، بڵاوکراوە و گێڕانەوەی مێژوویی، ئامانجە نەتەوەیییەکانیان بۆ نەوەکانی دواتر گواستەوە.
– خۆڕاگری لەهەمبەر سەرکوت: سەرکوت کردنی شوناسی کوردی، هەستی هاوپشتی و ئینتیما بە گوتاری نەتەوەیی بەهێزتر کرد.
– بە جیهانی کردنی ئامانجی کوردی: حەولەکانی دیپلۆماتیکی حیزب بۆ ئەم ئامانجە
– سەرمایەی کۆمەڵایەتی: تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و متمانەی دوولایەنە، لە نەبوونی فیزیکی حیزبدا، گوتاری نەتەوەیییان پاراست.
دواوتە:
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وەکوو داهێنەری گوتاری نەتەوەیی کورد، بە خوڵقاندنی هێماکان، دامەزراوەکان و چەمکی مۆدێرن، شوناسێکی یەکگرتوو و بەردەوامی بۆ کورد دروست کرد. ئەم گوتارە کە لە بەرخۆدانی پەرشوبڵاوی عەشیرەیییەوە پەرەی سەند و بوو بە بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی مۆدێرن، لە ماوەی هەشتا ساڵی ڕابردوودا بە پشتیوانی تەواوی خەڵکی کوردستان وەک گرینگترین فاکتەری، بەردەوام بووە و تەنانەت لە نەبوونی فیزیکی حیزبیشدا، قووڵتر ڕەگ و ڕیشەی داکوتاوە. سەرمایەی کۆمەڵایەتی بەهێز، یادەوەری بەکۆمەڵ، خۆڕاگری لەهەمبەر سەرکوت، بەجیهانی کردنی ئامانجی کوردی، کاریزمای ڕێبەرەکان و نەرمی نواندنی گوتار، ئەم ڕاکێشەری و بەردەوامییەی مسۆگەر کردووە. لە ڕوانگەی تیۆری سەرمایەی کۆمەڵایەتی ”پاتنام”ەوە، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، متمانەی دوولایەنە و نۆرمە هاوبەشەکان، ڕێگەیان بە حیزب داوە تا گوتاری نەتەوەیی لەنێو خەڵکدا دەروونی بکا. دروشمی لاوان لە ستایشی پێشەوا قازی محەممەد و دوکتور قاسملوو و بەکارهێنانی بەربڵاوی هێما نەتەوەیییەکان لە ژیانی ڕۆژانە و دونیای خوازەکیدا، بەڵگەن لەسەر ئەوەی کە گوتاری نەتەوەیی حیزبی دێموکرات نەک هەر ماوەتەوە، بەڵکوو بووەتە هێزێکی داینامیکی و سەرنجڕاکێش بۆ نەوەی نوێ!
_____________________
پەراوێز:
– بۆ نووسینی ئەم وتارە دەوری ” کۆمەڵەی ژێکاف”م لەبەرچاوە بووە و کۆمەڵەی ژێکاف بە بناغەی حیزبی دێموکراتی کوردستان دەزانم و وەک دەوترێ لەسەر داروپەردووی ئەم کۆمەڵەیە دامەزراوە! (بڕوانە نامیلکەی: عبدالرحمان ذبیحی، کاریزمایی ناتمام)
– گوتار، وەک چەمکێکی سەرەکی لە زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا، بە کۆمەڵێ بیرۆکە، ئایدیا و بایخگەلێ دەوترێ کە شوناسی گشتی یان ناسنامەی بەکۆمەڵی تاقمێک دیاری دەکەن و هەروەها ئاراستە سیاسی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکانی ئەم تاقمە.
گوتاری نەتەوەیی کورد لەسەر بنەمای شوناس و ناسنامەخوازی لە بەستێنی زمان وەک گرینگترین و سیاسیترین توخمی شوناس و کلتووری کوردی دامەزراوە و ئەم گوتارە لە ڕەوتی مێژوودا بە ڕەچاو کردنی ”دۆخی تایبەتی”خۆی لە لایکەم تا ئەوپەڕی مافی دیاریکردنی چارەنووس هەورازونشێوی بڕیوە. هەرچەند بەر لەوەی گوتاری نەتەوەیی کوردی خۆی لە قالبی ئەمڕۆیی و مۆدێرندا بدۆزێتەوە و کلیلوشەکانی ئەم گوتارە جێگیر بن، لە قۆناغەکانی ڕابردووشدا حەول بۆ زاڵ کردنی ئاماڵگوتارێکی هاوشێوە، لە ڕابوونە هەرێمییەکاندا دەدیترێ!
ئەم گوتارە کە ڕەگی لە ناو مێژووی دوورودرێژی خەباتی کوردەکاندایە، لەگەڵ دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ساڵی ١٩٤٦ دەگاتە لووتکە. شوێنێک کە کلیلوشەکانی ئەم گوتارە بۆ هەتاهەتایە لە ئەدەبیاتی سیاسی و ئۆرگانیزێشێنی بزووتنەوەی کوردیدا دەچەسپن و جێگیر دەبن. وەک:
کۆمار (هێمای خۆبەڕێوەبەری و سەروەری گەل، وەک ئەزموونی کۆماری کوردستان)،
سەربەخۆیی و ئیستیقلال (ئاواتی ئازادی لە ژێردەستەیی دەوڵەتە ناوەندییەکان و سەمبولی دیاری کردنی چارەنووس)،
سروود (سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب)
پێشمەرگە (نیشانەی بەرگری و پارێزەری شوناسی نەتەوەیی)،
ئاڵا (نیشانەی ناسنامەی نەتەوەیی و یەکگرتوویی کوردی) و
زمانی کوردی (وەک بنەمای ناسنامەی کەلتووری و سیاسی)
ئەم کلیلوشانە نەتەنیا لە دروشم و ئەدەبیاتی سیاسی کوردەکاندا، بەڵکوو لە یادەوەری بەکۆمەڵی ڕۆڵێکی سەرەکییان هەیە و قووڵی و مانا بە گوتاری نەتەوەیی دەبەخشن.