لە شیکردنەوە ڕەخنەیی گوتاردا، لەقاودانی ئەو ئایدۆلۆژیایەی خزمەتی بەرژەوەندیی دەسەڵاتێکی تایبەت دەکات ئامانجی سەرەکییە.

«ئیسلامی دیموکراتیک« لە رواڵەتدا، لەوانەیە بۆ زۆربەی خەڵکی موسوڵمانی رۆژھەڵاتی ناوەراست لێکدراوێکی جوان و گونجاو بێتە بەرچاو. بەپێی بەستێنی کولتووری، مێژوویی و کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگەی موسڵمان لەلایەک، و باو و زاڵبوونی سیستەمی دیموکراتیک لە دنیادا، ھەردووک وشەکە، واتایەکی ئەرێنییان بۆ زۆربەی وەرگرانی ئەم لێکدراوە ھەیە. بەڵام، ئەمە کە چ جۆر ئیسلامێک( شیعەکەی لە شێوەی ئێران /سوننەکەی لە شێوەی تاڵەبان و تورکیا) دەبێت، و چ جۆر دیموکراتیکێک(شێوەی تورکیا، کۆماری دیموکراتیکی کۆریای باکوور، بیلارووس، ڤێنزوئێلا یان کانادا، فەرانسە و ئەمریکا)یە؟ دەبێت ساڵەھا دەمەتەقێی لەسەر بکەین ھەتا شەویلکەمان شل دەبێت.
لەوە گرنگتر، ئەوەیە بۆچی «ئیسلامی دیموکراتیک»؟ کێ قازانجی لێدەکات؟ ئەم زاراوەیە کە لە زمان ئیلیتێکی کوردەوە، بە میدیایی دەکرێت و وەک داھێنانێکی گەوەرەی تری، لەرێی پرۆپاگەندایەکی میدیایی و رێکخراوەییەوە بڵاودەکرێتەوە، پێوەندی بەکام مافی پێشێلکراوی کوردەوە ھەیە؟ زمان، کولتوور؟ دەسەڵاتێکی ھاوشان وەک موسوڵمانی تورک، عەرەب، فارس؟ خاوەن بوون لە سروشت، ژینگە و سەرچاوەکان؟ دەستراگەیشتنی ھاوشان بە تریبوونە جیھانییەکان؟
کورد ئەگەر بیھەوێ شەویلکەی خۆی لەسەر ئەمە شل بکات، دەبێت دەست لە چی ھەڵبگرێت؟ مێژووەکەی؟ زمان و کولتور و کوردستانەکەی؟ کام خەلیفە، ئیسلامەکەی بەرێوەدەبات؟ ئەردۆغان، خامنەیی؟ نەوەکانیان؟
دەتوانی زۆر شت بە زمان بکەی؛ خەڵکی پێ بریندار بکەی، پێ ھان بدەی، زانیاری پێ بدەی ، بەلاڕێیدا بەری، بیگەمژێنی و سەرقاڵی بکەی بۆ ئەوەی لە شتێکی دیکەی کە بە ھۆیەوە دەناڵێت، دووری بکەیەوە. زۆر جار دواندنی کەسێک یان کەسانێک تەنیا بۆ دەرھێنانیانە لە دۆخێکەوە بۆ دۆخێکی دیکە. بەشێکی زۆری ئاخاوتنەکانی ڕۆژانەی ئێمە بۆ سەرقاڵکردن، دواندنێکی کڵیشەیی لە شێوەی چاکوچۆنی کردنن. ئەرکیان، ھەر پێوەندیکردن و کردنەوەی سەرەباسێکە بۆ مەبەستی تر.مەبەستەکە تەنیا لای قسەکەرە و گوێگر و خوێنەر لە پێڤاژۆ و رەوتی بەرەو پێشچوونی ئاخاوتنەکەدا لە ڕێی چەمکاندن(مفھوم سازی)یەوە بە گرێدانەوەی بە ئەزموون زەینییەکان، بەستێنە کوکتووری و کۆمەڵاتییەکان دەتوانێت ھێندێک تێگەیشتنی ھاوبەش، بەشێوەیەکی ڕێژەیی بەدی بھێنێت.
لە«کۆمەڵگەی دیموکراتیک»ەوە بۆ «ئیسلامی دیموکراتیک»، بە بێ ئەوەی ھێشتا جەوھەری ئەوەی تریان وشک بێتەوە، و بزانین چۆنە و لە کوێ ھەیە و کام مۆدێلێتی، و لە کوێ دەتوانین پیادەی بکەین، کردنەوەی سەرەباسێکە بۆ ئەوەی بکەوینە فەلسەفە چنین. ئەمەش، لەو کڵیشە سواو و باوانەیە کە لە شێوەی چاک و چۆنین. وەک ئەوەیە کە لە وێستگەی پاسێک وەستا بیت، و لە تەنیشتەوە کەسێکی تریش ھەبێت نایناسی. تەنیا بۆ ئەوەی ناراستەوخۆ، سەری قسەی لەگەڵ بکەیەوە، دەڵێی: «ھەوایەکی خۆشە!». یان دەڵێیت «بارانێکی خۆش دەبارێت!» و لە جۆرانەیە. ھەر ئەو دوو وشەیە، بەسە بۆ ئەوە پێرەوانی تواوەی نێو تەریقەتەکە لە ھەوا بیقۆزنەوە و قووتی بدەن و مەنزڵ بە مەنزڵ «زیکر» بکەن. جا وەرە و بیساوە و تیف تیفەی بدە. بەشی چەندین نەوەمانی تێدایە کە بەدوایدا سەرگەردان بین.
زاراوەی ئیسلامی دیموکراتیک یەکەمجار ریفۆرمیستە ئیسلامییەکانی ئێران لە سەردەمی خاتەمی دایانھێنا، پێیان دەگوت«مەردم سالاریی دینی».
ھەموو زاراوەسازی(تێرمینۆلۆجی)یەکانی چەند کڵیشەیەی بێ باوی بێ تەن و ئاماژەیەکی دیاریکراون، لە دەوری قیبلەی ئەردۆغان دەسوورێن.
لە مێژووی میللەتی کورددا نەبووە، ڕەوتێک بە ناوی ئازادیخوازی و کوردبوونەوە ، ئاوا گاڵتە بە ئەقڵی میللەتی خۆی بکات.
وەرگیراو لە لاپەڕەی نووسەر
ڕەحیم سورخی
وتەی مەلایەکی شۆڕشگێڕ لە کۆنگرەکەدا، روداو
دەقی پەیامی ئوجەلان
