پەیامی کاک عەبدوڵلا ئۆجەلان بە بۆنەی سەری ساڵی میلادییەوە شتێکی چاوەڕوان کراو بوو، چونکە پێشتر میدیاکای تورکیە رایانگەیاندبوو

کە ئۆجەلان بۆ سەری ساڵ سەبارەت بە ڕۆژئاوای کوردستان پەیامێک بڵاو دەکاتەوە!! واتە کاتێک کە میدیاکانی تورکیە ئەوە بلاو دەکەنەوە نیشان دەدا کە میتی تورکیە هەموو ئامادەکاریێکی کردوە!.
هەرچەند لە سەر روانینی ئۆجەلان بۆ دنیای دەرەوە قسە زۆر کراوەوو بە پێویستی نازانم زیاتر بدوێم چونکە تا دێ ئۆجەلان بە پەیامەکانی پێگەوو ئیعتباری خۆی دەشکێنێ و تەنیا نیگەرانی ئەوەیە کاتێک تورکیە کاری پێی نەما لە زیندان بە پیلانێک دەیکوژێ و دەڵێ سەکتەی کرد بۆ ئەوەی هەموو شتێک گوم و گۆڕ ببێ.
بەڵام لە پەیامەکەی ئۆجەلان سەقەتتر پەیامی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان ک.ن.ک یە کە نوسیویە هەموو هێزوو لایەنەکان پشتگیری بانگەوازەکەی ئۆجەلان بکەن کە جیاوازی هەر لایەن و تاکێک یا شەخسی خۆم لە گەڵ ک.ن.ک لە بێ ئیرادەیی ئەو ناوەندەیە. دڵنیام جگە لەو کەسەی کە ئەو بەیانەی سەری ساڵی نوسیوە، ئەوانی دیکە نە بەیانەکەیان خوێندوەتەوە، گەر خوێندبێتیشیانەوە نە باوەڕیان پێیەتی.
لە پەیامی ک.ن.ک دا هاتوە کە پڕۆسەی ئاشتی لە باکور چارەسەرە بۆ هەموو کوردستان لە حاڵێکدا ئەو لێکدانەوەیەکی کرچ و کاڵی لەو چەشنە لە گەڵ ڕاستییەکانی سیاسی یەک ناگرێتەوە چونکە تورکیە ئەیەوێ لە ڕێگای ئۆجەلانەوە ئیرادەی ڕۆژئاوای کوردستان تێک بشکێنێ و ک.ن.ک خۆی لەم ڕاستییە دەدزێتەوە.
لە پەیامی ک.ن.ک باس لەوە دەکا کە ئاگربەست لە هەموو بەرەکاندا هەیە ئیتر باس لەوە ناکا کە ئەو خۆی هەڵوەشاندوەتەوە ئیتر ئاگربەستی چی؟ ئەگەر مەبەست ڕاوەستانی هێرشی تورکیە بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان بێ ئەوە بۆ هەندێ گۆڕانکاری لە ئاستی ناوچەیی و باندۆری هێزە نێودەوڵەتیەکان دەگەڕێتەوە نەک پڕۆسەیەک بە ناوی ئاگربەست.
بە نیسبەت ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە باس لە دامەزراندنی ناوەندی دیالۆگ وەک هەنگاوێکی ئەرێنی دەکا کە ئەوەش بە ئیبتکاری خوودی هێزە ڕۆژهەڵاتییەکان بەڕێوە چوو و نیشانی دا کە ک.ن.ک نەیتوانیوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەنگاوی ئەرێنی بنێ و لانی کەم متمانەی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ لای خۆی ڕابکێشێ.
تەنیا خاڵی پوزەتیڤ لە پەیامی ک.ن.ک بۆ پاراستنی ڕۆژئاوای کوردستانە کە هەر تاک و لایەنێکی کورد پێویستە ڕۆژئاوا بپارێزێ بەڵام هەموو خەمی تاک و لایەنی کورد ئەوەیە کە ئۆجەلان بە پەیامەکانی پشتی جەبهە لە ڕۆژئاوا بگرێ.
وەرگیراو لە لاپەڕەی فەیسبووکی نووسەر

دەقی پەیامی ک.ن.ک
”ئەوا ساڵێکی تر، ساڵی ٢٠٢٥ بە هەموو خۆشی و ناخۆشییەکانییەکانیەوە تێپەڕدەبێت. بەگشتی بۆ گەلەکەمان لە هەر چوار لای کوردستان ساڵێکی پڕ لە تێکۆشان بوو.
چارەسەری پرسی کورد لە باکوور چارەسەرە بۆ هەموو کوردستان
لە باکووری کوردستان تەواوی ساڵەکە بە گفتوگۆ و هەنگاونان بۆ چارەسەری تێپەڕی. لەماوەی ئەمساڵدا بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان بانگەوازی کرد و تەڤگەری ئازادییش هەنگاوی گرنگی ناوە. لە پەرلەمانی تورکیادا کۆمیسیۆنێک بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد دامەزرا. کۆمسیۆن گوێی لە زۆرێک لە لایەنە پەیوەندیدارەکان و شارەزایان گرت. لە دوایین جاردا لە ٢٤ـی ئەم مانگەدا چووە بەندیخانەی ئیمراڵی و گوێی لە بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان گرت. ئێستا کۆمسیۆن لەو بارەیەوە خەریکی ئامادەکردنی ڕاپۆرتێکە بیدات پەرلەمان. بەمەش پرۆسەکە دەچێتە قۆناغی یاساییەوە. هەرچەندە زۆر هەرچەند پڕۆشە زۆر لەسەرخۆ دەڕوات، بەڵام بەردەوامە. ئاگربەست لە هەموو بەرەکاندا بەردەوامە. بە گفتوگۆ لەسەر چارەسەر دەچینە ناو ساڵی نوێوە. چارەسەری پرسی کورد لە باکوور چارەسەرە بۆ هەموو کوردستان. بۆیە هەموو کورد چاوی لەسەر پرۆسەی چارەسەریی باکوورە.
ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر یەکڕیزیی پێویستە
لە باشووری کوردستان هەرچەندە پێگەی دەستووری فیدراڵی هەیە، بەڵام پێگەی ناوچە دابڕاوەکان (ناوچەی مادەی ١٤٠) ڕوون نییە. کورد لە کەرکوک و خانەقین و سەرجەم ناوچە دابڕاوەکان ئاوارە دەکرێن و دیمۆگرافیای ناوچەکە دەگۆڕدرێت. لە دوای هێرشی داعشەوە، شەنگال هێشتا نەهاتۆتەوە سەرخۆی و ئاوارەکانیشش نەگەڕاونەتەوە زێدی خۆیان. لە ماوەی پانزە (١٥) مانگی ڕابردوودا هەڵبژاردنی پەرلەمان لە باشوور بەڕێوەچووە، بەڵام تا ئێستا نە سەرۆکایەتی پەرلەمان و نە حکومەت و نە سەرۆکایەتی هەرێم هەڵنەبژێردراون. ئەم دۆخە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر دەستکەوتەکانی هەرێم دروست دەکات. جگە لەوەش قەیرانی ئابووری باشوور جدییە و گەلەکەمان ئاسوودە نییە. هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقیش لە کۆتایی ئەمساڵدا بەڕێوەچوو، بەڵام بە گشتی دۆخەکە ناڕوونە. عێراق بە گێژاوێکی گەورەدا تێدەپەڕێت. ئایندەی عێراق ناڕوونە. ئەم دۆخە مەترسی لەسەر هەرێمی کوردستانیش دروست دەکات. لە لایەکی دیکەشەوەوە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک لە باشوور درێژەیان هەیە. ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر یەکڕیزیی پێویستە. دەبێت بە بایەخدانی زۆرەوە چاودێریی دۆخەکە بکرێت و خەبات دژی داگیرکەران چڕتر بکرێتەوە.
کۆبوونەوەی هێزە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەنگاوێکی ئەرێنییە
لە ماوەی ئەمساڵدا خەباتی ئازادیخوازیی بە هەموو شێوەیەک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوام بوو. هەرچەندە ڕەنگە تا ڕادەیەک لاواز بووبێت، بەڵام رۆحی شۆڕشی ژن – ژیان – ئازادیی بەردەوام بوو. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە ماوەی ئەمساڵدا، هێزە کوردییەکان کۆبوونەوە و پلاتفۆرمێکیان بە ناوی ناوەندی دیالۆگ دامەزراند. ئەمەش هەنگاوێکی زۆر ئەرێنییە و دەبێت بەهێزتر بکرێت. دەوڵەتی ئێران لە ماوەی ئەمساڵدا درێژەی بە هێرشەکانی دژ بە گەلی کورد دا و ناوبەناو هێرشی دەکردە سەر باشووری کوردستانیش. لە ڕێگەی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە فشارێکی زۆری خستۆتە سەر حزبەکانی ڕۆژهەڵات و لە خاکی باشووردا دۆخی ئەو هێزانەی زەحمەتتر کردووە. هێرش بۆ سەر کۆڵبەران و فشار و دەستگیرکردنی خەڵک بەردەوامە. سیاسەتی لەسێدارەدانی نئۆپۆزیسیۆن بەردەوامە. لە لایەکی دیکەوە، ڕێژیمی ئێران چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوە بە قەیران و کێشەی گەورەدا تێدەپەڕێت. شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران لە مانگی حوزەیراندا پەرەی سەند و بوو بە شەڕێکی گەرم. ئێستا شەڕی گەرم وەستاوە، بەڵام دەکرێ سەرلەنوێ دەستپێبکاتەوە. هێزە پڕۆکسییەکانی دەوڵەتی ئێرانن لە ناوچەکەدا چەندین گورزی قورسیان بەرکەوتووە و لاواز بوون. ئەم دۆخە دەرفەتی بەهێزکردنی کار و خەبات دەڕەخسێنێت. هیوادارین ئەم دۆخە ببێتە هۆی ئاڵوگۆڕی دیموکراسی لە ئێران و هەروەها ببێتە هەوێنی ئازادیی و ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
خاوەندارێتی لە ڕۆژئاوا، خاوەندارێتییە لە هەموو کوردستان
لە رۆژئاوای وڵات، ئەوا ١٤ ساڵە ئەگەر دێفاکتۆش بێت قەوارەیەک هەیە. ئەمەش دەستکەوتێکی مەزنەو پێویستە بە هەموو شێوەیەک بپارێزرێت و بەفەرمی بکرێت. لە سوریا زیاتر لە ساڵێکە ڕژێمی بەعس لە دەسەڵاتدا نەماوەو و هێزە ئیسلامییە توندڕەوەکان لە دەسەڵاتدان. دۆخی سوریا بە گشتی نادیارە. ڕژێمی نوێ ناو بەناو هێرش دەکاتە سەر پێکهاتە جیاوازەکانی سوریا. لە ماوەی ساڵەکەدا کۆمەڵکوژییەکی بەرفراوان لە دژی عەلەوی و دروزەکان ڕوویدا. هەروەها فشارەکان لەسەر مەسیحییەکان و ئێزیدییەکان بەردەوامن. هەروەها هێرشی بەرفراوان دژی کورد ڕوویداوە و تا ئێستاش لە هەندێک ناوچەدا بەردەوامن. ڕۆژی ١٠ـی ئادار ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئیدارەی دیمەشق واژۆ کرا، تا ئێستا گفتوگۆ هەیە، بەڵام هێشتا بە تەواوی نەگەیشتوونەتە ئەنجام. بۆیە دۆخەکە هەستیارە و دەبێت لە هەموو ڕوویەکەوە بە وردی چاودێری بکرێت. بەڕێوەبەری سیاسی و ئیداریی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریاش لە کاری دیپلۆماسی فراوان و هەمەلایەن بەردەوامە. ڕۆژئاوا تا دێت لە ئاستی نێودەوڵەتیدا زیاتر قبوڵ دەکرێت. ڕۆژئاوا بە هەموو شێوەیەک پێویستی بە یارمەتی هەیە. پێویستە هەموو لایەنەکان و هەموو خەڵکی کوردستان و هەموو دۆستانی کورد لە چالاکیی و هەوڵدان بۆ پاراستنی ڕۆژئاوادا بەشدار بن. خاوەندارێتی لە ڕۆژئاوا، خاوەندارێتییە لە هەموو کوردستان.
سەرکردایەتی سیاسیی و ئیداری لەناو خەباتێکی بەرفراوانی دیپلۆماسیدان. ڕۆژئاوا لە ئاستی نێونەتەوەییدا هەر دێ و زیاتر پەسەند دەکرێت و حیسابی بۆ دەکرێت. ڕۆژئاوا پێویستی بە هەموو شێوەیەکی هاوکاری و کۆمەک هەیە. دەبێ هەموو لایەنەکان و تەواوی گەلی کوردستان و دۆستەکانمان لە پێناو پاراستنی ڕۆژئاوا، هەمیشە لەناو چالاکی و خەباتدا بن.
لە بەرامبەر ئەم دۆخە هەستیارەدا ستراتیژییەکی هاوبەشیی کوردستانیی پێویستە
لە رۆژهەڵاتی ناوین، دوو ساڵ زیاترە شەڕێکی سەخت و دژوار هەیە. سەرەتا شەڕەکە لە فەلەستین دەستیپێکرد، دوای ئەوە پەڕییەوە لوبنان و دواتر کەوتە ناو سوریاوە. ئەم شەڕە لهەر بەو ناوچانەوە ناوەستێ و پەیتا پەیتا خۆی دەگەیەنێتە عێراق و ئێران و یەمەنیش. ئەم شەڕە هەر بە هێزە هەرێمییەکانەوە سنووردار نییە، بەڵکو شەڕێکی جیهانییە. شەڕێکە هاوشێوەی شەڕی جیهانی سێهەمینە و زۆر جاریش وەها بەناو دەکرێت. دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان ئەگەر راستەوخۆش نەبێ، بەڵام بە شێوازی جۆراو جۆر بەشدار و لایەنێکن لە لایەنەکانی ئەم شەڕە. ئەم شەڕە بۆ گەل و نیشتمانەکەمان دۆخێکی نوێی لە ناوچەکەدا خوڵقاندووە و مەترسی و دەرفەتیشی لەگەڵ خۆی هێناوە. لەم رۆژگارە هەستیارەدا، دەبێت هێزە کوردستانییەکان بەرپرسانە مامەڵە لەگەل دۆخەکە بکەن و بە قووڵی بیخوێننەوە و تاوتوێی بکەن. ئەم دۆخە پێویستی بە یەکدەنگی هەیە. کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان بە هەموو شێوەیەک هەوڵ دەدات هێزە کوردستانییەکان کۆبکاتەوە تاکو بتوانین هەموومان بە یەکەوەو و لە بەرامبەر ئەم دۆخە هەستیارەدا ستراتیژییەکی هاوبەشیی کوردستانیی بئافرێنین و پیادەی بکەین.
دەبێت دەنگی زیندانیان ببیسترێ
دۆخی زیندانیانی سیاسیی کوردستانیی، ئەوانەی لە زیندانەکانی تورکیا و ئێراندان خراپە. لە زیندانەکانی ئێراندا ئەشکەنجەدان و لەسێدارەدان بەردەوامە. لە زیندانەکانی تورکیاشدا ئەشکەنجە و فشار لەسەر زیندانیەکان کەمتر نەبووە. هەرچەندە لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان کۆبوونەوە هەبووە و گۆشەگیریی لەسەر ئۆجالان کەمتر کراوە، بەڵام تا ئێستا گۆشەگیریی کۆتایی نەهاتووە. لە هەمان کاتدا بەڕیز ئۆجالان بە ناوی بزووتنەوەوە لەگەڵ دەوڵەت دانوستان دەکات. بۆ ئەوەی بتوانێت ئەم ئەرکە بەجێبهێنێت، دەبێت ئازاد بکرێت. لەبەر ئەم دۆخە بە پێشەنگی دۆستانی گەلی کورد زیاتر لە دوو ساڵە کەمپینێک بەناوی ” بۆ ئۆجالان ئازادیی – بۆ پرسی کورد چارەسەری”ی دەستیپێکردووە و بەردەوامە. دەبێ دەنگی زیندانیان ببیسترێ، دەبێ هەر کەس خاوەنداریی لە زیندانیان بکات. ئێمە لە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان بە هەموو هێزەوە بەشداری ئەم کەمپینە دەبین و پشتگیریی لە داواکاریەکانی زیندانیان دەکەین.
لە ئێستادا پرۆسەیەکی زۆر گرنگ لە باکووری کوردستان هەیە. هەرچەندە بەو شێوەیەی ئێمە دەمانەوێت بەرەوپێش نەچووە، بەڵام هێشتا بەردەوامە. هەروەها هێزی دژبەرمان خۆی ناچار ئەبینێت کە ئەم پرۆسەیە بەرەو پێشەوە ببات. ئێمە وەک نەتەوەی کورد ئامانجمان ئەوەیە کە بتوانین دەرەنجامێکی باشی لێ بەدەست بخەین و بە دیالۆگ کێشەکە چارەسەر بکەین. دەرئەنجامێکی دیکەی ئەم پرۆسەیە ئەوەیە کە هێزە کوردییەکان لەیەکتر نزیکتر دەکاتەوە. ئەمەش بنەمای کاری یەکێتی نەتەوەیی بەهێزتر دەکات. بەم پرۆسەیە دەچینە ناو ساڵی نوێوە. هیوادارین ئەم هەوڵە، ئەم بانگەوازە، ببێتە هۆی چارەسەرێکی ئاشتیانە و بەردەوام.
پێویستە هەموو هێزە کوردستانیەکان پشتگیری بانگەوازیی ئۆجالان بکەن
لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٥ـدا ئەگەر خوێندنەوەیەک و هەڵسەنگاندنێکی ناوخۆیی بکرێ، لەگەڵ هەموو ئێش و ئازار و قوربانیەک و هەروەها هەڵە و کەمتەرخەمیی کە لە خەبات و تێکۆشاندا روویانداوە، دیسانەوە تێکۆشانی ئازادیی سەرکەوتوو بووەوە بەرەوپێش چووە. هێرشەکانی دوژمنان پووچەڵکراونەوە. ئیدی هێزە کوردستانیەکان بە هەر رەنگێک بێت ، دەبێ بە دیالۆگی ناوخۆیی پرس و کێشەکانی خۆمان چارەسەر بکەین، بە رێککەوتن و بە هاوکاریی یەکتر هەوڵەکانی دوژمنان و داگیرکەران بوەستێنین.
پێویستە هەموو هێزە کوردستانیەکان پشتگیری بانگەوازیی ئۆجالان و پرۆسەی ئاشتی بکەن و لە پێناو سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیەدا تێبکۆشن.
هیوادارین، ساڵی نوێ ی ٢٠٢٦ ببێتە ساڵی سەرکەوتن، ببێتە ساڵی بەدەستهێنانی هەموو مافەرەواکانی گەلی کورد و کوردستان”.
***

دەقی پەیامی ئوجەلان
”با ساڵی نوێ ببێتە ساڵی ئاشتی، نەوەک ساڵی شەڕ
پێ دەنێینە نێو ساڵێکی نوێوە، دیسانەوە ناچارین بەبیری خۆمانی بهێنینەوە، چۆن لە سەدەی ڕابردوودا، هێرشە ئیمپریالیستییەکان و پەرەسەندنی ناسیۆنالیزم، پێکەوە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستییان خستە نێو شەڕ و ئاژاوەی دژوارەوە. ئەم شەڕە ڕێگەی بۆ وێرانکاریی و داڕمانی کۆمەڵایەتی خۆشکرد. ئەو تایفەگەریی و ناسیۆنالیزمە نەژادییەی ئەمڕۆ هەرێمەکەی داگرتووەتەوە، ڕیشەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەم مێژووە نزیک و پڕ ئازارە. بەداخەوە، ستراتیژی ”پەرتکە و زاڵبە”ـی سیستەمی هەژموونخواز هێشتا بە شێوازی جۆراوجۆر بەردەوامە.
ڕێک لەبەر ئەم هۆکارە، دیدگای ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک کە ئێمە پێشنیارمان کردووە، تەنها بژاردەیەک نییە، بەڵکوو ناچارییەکی مێژووییە. گەر تێگەیشتن و هەڵسەنگاندنی باش بۆ ئەم دیدگایە هەبێت، ئیتر ڕێ لە شەڕ و پێکدادان دەگیرێت و هەموو نەتەوەکان دەتوانن بەشێوەیەکی یەکسان و ئازاد پێکەوە بژین. سەرهەڵدانی یەکێتیی گەلان، دەبێتە دژەژەهری شەڕ و پێکدادانەکان. لەم سەردەمەدا، بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی کەوتووەتە ئەستۆمان: پێویستە ڕێ لە شەڕ و پێکدادانەکان و ئاکامە کارەساتبارەکانی بگرین.
قووڵبوونەوەی قەیران و ناکۆکییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەرئەنجامێکی حەتمییە بۆ گەیشتن بە بنبەستی شارستانییەتی دەوڵەتی زۆردار و دەسەڵاتخواز کە هەزاران ساڵە درێژەی بە خۆی داوە.
پرسی کورد چەقی ئەم قەیرانانەیە. چارەسەری ئەم پرسەش تەنها بە ئاشتییەکی کۆمەڵایەتی و ڕێککەوتنێکی دیموکراتیک دێتەدی. پرسەکە بە شەڕ و پێکدادان و ڕێبازی سەربازیی و ئەمنی چارە نابێ، بەڵکوو لەسەر زەمینەیەکی دیموکراتیک چارەسەر دەبێت کە ئیرادەی هەموو گەلان بەبنەما بگرێت، ڕوانینی لەم شێوەیە بۆ پرسەکە، گرنگییەکی ژیانیی هەیە.
لەبیرمان نەچێت، تاوەکو ژن ئازاد نەبێت، کۆمەڵگەش ئازاد نابێت، هەرگیز ڕێی تێ ناچێت. تا کێشەی زیهنیەتی پیاوسالاری چارەسەر نەکرێت، کەلتووری شەڕ کۆتایی نایەت و ئاشتی درێژە ناکێشێت. هەر بۆیە ئازادیی ژنان، وەک بنیاتنەری کۆمەڵگەی دیموکراتیک و پرەنسیپێکی حاشاهەڵنەگر دەبینم.
ڕەوشێکی پڕ لە ئاژاوە سووریای گرتووەتەوە. ئەم ڕەوشە بە ڕوون و ڕەوان پێویستی بە چارەسەری دیموکراتیکە. ئەو زیهنیەتی حکومڕانییەی کە ساڵانێک لەسەر بنەمای پاوانخوازیی و فشار و نکۆڵیکردن لە ناسنامەکان بەردەوام بوو، چیتر ناتوانێت بەردەوام بێت؛ ئەمەش خواستی یەکسانی و ئازادیی کورد و عەرەب و عەلەوی و هەموو گەلانی بەهێزتر کردووە. ڕێککەوتنی ١٠ـی ئادار لەنێوان قەسەدە و حکومەتی دیمەشق واژۆکرا، ئەو داواکارییانەی لە چوارچێوەی ئەم ڕێککەوتنەدا خراونەتەڕوو، گوزارشتە لە مۆدێلێکی سیاسیی دیموکراتیک بۆ خۆبەڕێوەبردنی هەموو گەل و نەتەوەکان. هەروەها ئەم نزیکایەتییە دەبێتە بنەمایەک بۆ دانوستان لەگەڵ حکومەتی ناوەندیی دەربارەی ئینتیگراسیۆنی دیموکراتیک. جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ١٠ـی ئادار ڕێخۆشکەرە بۆ خێراکردن و بەرەوپێشبردنی ئەم پرۆسەیە.
زۆر گرنگە تورکیا لەم پرۆسەیەدا کارئاسانی و ڕێخۆشکەریی بکات بۆ بەرەوپێشچوونی دیالۆگ. ئەمە بۆ ئاشتیی هەرێمەکە و پتەوکردنی ئاشتیی ناوخۆییش چارەنووسسازە.
مێژووی هاوچەرخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەزۆریی مێژووی ”شۆڕشی نێگەتیڤ”ـە. مێژووی شەڕ و زۆرداری و نکۆڵی و وێرانکاریی… لە بەرانبەر ئەمەدا، ئێمە ”شۆڕشی پۆزەتیڤ” پێشنیاردەکەین. واتە بنیاتنانەوەی کۆمەڵگە بە شێوازی دیموکراتیک و ئاشتییانە و ئەخلاقی. ئەو ئاشتییەی پێداگریی لەسەر دەکەین، دەرئەنجام نییە، بەڵکوو دەسپێکێکی نوێیە. تێکۆشانی ماف و دادپەروەریی و دیموکراسی لەنێو کەشوهەوای ئاشتییانەدا، دەبێتە مایەی سڕینەوەی ڕق و کینە و دوژمنایەتی و تووڕەیی، دەرگای ژیانێکی نوێ بەڕووی هەموواندا دەکاتەوە.
بەم تێگەیشتنەوە، بەهیوام ساڵی نوێ لەبری شەڕ و وێرانکاری و دابەشبوون، ببێتە ساڵی لێکتێگەیشتنێکی دیموکراتیک و ئاشتییانە و ئیرادەی بنیاتنانی ئاییندەیەکی هاوبەش بۆ هەموو گەلان.
ئومێدەوارم ساڵی نوێ ببێتە مایەی ئاشتی و ئازادی و ئاییندەیەکی دیموکراتیک لە تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان. سەری ساڵ لە گەلانی تێکۆشەر و هەموو دۆستان پیرۆزدەکەم.
بەهیوام ساڵی نوێ ئاشتی و ژیانێکی شکۆمەند بۆ تەواوی گەلەکەمان بهێنێت، سڵاو و خۆشەویستی خۆم بۆ هەمووان دەنێرم.
ئەم سەردەمە بە ئازادیی ژنان بەهێزتر دەبێت، گەلان لەنێو ئاشتییدا و بەشێوەیەکی دیموکراتیک یەکدەگرن.
٣٠ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥
عەبدوڵا ئۆجالان
ئیمراڵی”.