لە کاتی شەڕەکانی سەر ڕێگای ”سەردەشت ـــ بانە”، بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی و قورساییەکی زۆر کەوتە سەر شانی هێزەکانی ”شەهیدانی وردی” و ”موعینی”.

هەر بۆیەش لە کۆنگرەی پێنجەمی حیزبدا پێشنیار کرا کە بۆ بەهێزکردنی هێزی شەهیدانی وردی، لە لایەن هێزەکانی دیکەی حیزبی دێموکرات و بە سەرپەرستی کاک هەژار (١)، ئەو ناوچەیە بەهێز بکرێت. شەڕە بەناوبانگەکانی ”دارساوێن” بە یەکێک لە گەورەترین نموونەکانی بەرگری و پارێزگاریی پێشمەرگە لە خاک و نیشتمان دادەنرێت.
ناردنی هێزی پشتیوانی بۆ بانە
لەسەر بڕیاری کۆمیتەی شارستانی پیرانشار و فەرماندەیی هێزی ئاوارە (قەندیل)، لکی ۳ی ئەو هێزە لە مانگی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٦١ی هەتاویدا، بە مەبەستی هاوکاری و یارمەتیدانی هێزی شەهیدانی وردی لە ناوچەی بانە، ڕەوانەی بەرەکانی شەڕ لە ڕێگای بانە ـــ سەردەشت کران. پێشمەرگەکانی لکی ۳ لەو ماوەیەدا لە چەندین چالاکیی قارەمانانەدا بەشدارییان کرد و بوونە قەڵایەکی پتەو بۆ پارێزگاری لە نیشتمان و پشتیوانێکی بەهێز بۆ هاوسەنگەرانیان.
بنکەی لکی ۳ لە گوندی کانییەسێو
پێشمەرگەکانی لکی ۳ بنکەکانیان لە گوندی ”کانییەسێو” بوو. لە ڕێکەوتی ١٣٦١/١/٢٧ی هەتاویدا، زانیارییان پێگەیشت کە هێزەکانی سوپا، جاش و پاسدار هێرشێکی بەربڵاویان بۆ هەژدە دۆڵان و کۆخان و زەروا و گەردەنەی ”حەوتەوانە”، گوندی ”بەردەڕەشان”، ”سیاومە” و دەوروبەری دەست پێ کردووە. لەو هێرشەدا، پێشمەرگەکانی لکی ۳ی هێزی ئاوارە و هێزی شەهیدانی وردی تا درەنگانی ئێوارە بە توندی ڕووبەڕووی هێزەکانی داگیرکەر بوونەوە.
ئەو شەڕە، وەک هەموو بەرگرییەکانی دیکەی پێشمەرگە لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بۆ دوژمن بێوەڵام نەمایەوە. پێشمەرگەکان بە باوەڕێکی پۆڵاینەوە تا تاریکیی شەو بەرگرییان کرد؛ لە چەندین قۆڵەوە پاشەکشەیان بە سوپای نەیار کرد و زیانێکی زۆری گیانی و ماڵییان پێ گەیاندن. لە ئەنجامی ئەو نەبەردەدا، ١٨ تەرمی دوژمن لە مەیدانی شەڕدا مانەوە و کڵاشینکۆفێک و تیربارێکی ژــ۳ لەگەڵ هەزار فیشەک لە لایەن لکی ۳وە دەستی بەسەردا گیرا.
بەداخەوە لەم داستانە قارەمانانەیەدا، ۳ پێشمەرگەی لکی ۳ شەهید بوون و ۲ پێشمەرگەی تریش بریندار بوون.
ناوی شەهیدە نەمرەکان:
• شەهید ئەبووبەکر شەریفی؛ خەڵکی گوندی سۆغانلوێ.
• شەهید ئەحمەد قوربانی؛ خەڵکی گوندی شیناوێ.
• شەهید عەوڵای مەلامینە؛ خەڵکی گوندی سۆغانلوێ.

تەرمی پیرۆزی ئەم سێ شەهیدە گەڕێندرانەوە بۆ ناوچەی پیرانشار و لە گوندی سۆغانلوێ، لە نێو ئاپۆڕای گەرمی هاوسەنگەرانیان و خەڵکی ناوچەکەدا، بە خاکی نیشتمان ئەسپێردران.
سڵاو لە گیانی پاکی ئەو شەهیدانە و تەواوی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان.
(١) سەروان ئەحمەد جاویدفەر ناسراو بە کاک هەژار: فەرماندەی هێزی پێشەوا بوو. ئاکار و کردەوە جوانەکانی کاک هەژار لە پێشمەرگەیەکی ئاسایی جیا نەدەکرایەوە؛ بەرگ و خواردن و خەوتنی وەک هەر پێشمەرگەیەک بوو. هەڵسوکەوتی، سادەیی و بوێرییەکەی نموونەی پێشمەرگەیەکی ڕاستەقینەی ناو مەتەرێزی شەڕەف بوو.
لە کۆنگرەی پێنجەمی حیزب (١٥ تا ١٨/٩/١٣٦٠)، شەهید د. قاسملوو، کاک هەژاری لە ناوەندی کوردستان، کاک شاپووری لە باشووری کوردستان و کاک غەنیی بۆ باکووری کوردستان بە بەشدارانی کۆنگرە ناساند، بۆ ئەوەی ڕێبەری حیزب بۆ هەموو ڕۆژهەڵاتی کوردستان پەل باوێت. کاک هەژار تەنیا سێ چوار ڕۆژ دوای کۆنگرە و ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حیزب لەو مێژووە (٢٢/٩/١٣٦٠)، لە ناوچەی بانە شەهید کرا و تەرمی پیرۆزی لە ئاوایی ”لاچین”، لە نێو خەم و پەژارەی خەڵک و هاوسەنگەرانیدا، بە خاکی پاکی کوردستان ئەسپێردرا.
سەید عەلی هاشمی