لە وەڵامی هێرشەکانی سەر سعودیە؛ ئەمریکا وعەڕەبستاب هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی لە ٨ پارێزگای عێراق

دەستەی حەشدی شەعبی ڕایدەگەیەنێت لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆدا ۲۰ ئەندامیان کوژراون و ۳۲ی دیکەش بریندار بوون. هاوکات فەرماندەیی هێزەکانی ئەمریکا و وەزارەتی بەرگریی سعودیە ئاماژە بەوە دەکەن هێرشەکان وەڵامێک بوون بۆ پەلامارە درۆنییەکانی سەر دامەزراوە نەوتییەکان و بەرژەوەندییەکانیان.
بەغدا – 29ی 7ی 2026
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، 29ی 7ی 2026، زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانیی هاوبەش لەلایەن هێزەکانی ئەمریکا و سعودییەوە بۆ سەر بارەگا و سەربازگەکانی دەستەی حەشدی شەعبی لە هەشت پارێزگای جیاوازی عێراق ئەنجام دران.
زەرەر و زیانەکان و ناوچە ئامانجکراوەکان
دەستەی حەشدی شەعبی لە ڕاگەیێندراوێکی فەرمیدا ئاشکرای کرد، لە ئەنجامی ئەم هێرشانە کە بە “دەستدرێژیی هاوبەشی ئەمریکا و سعودیە” ناوی بردوون، تاوەکو ئێستا ۲۰ ئەندامیان کوژراون و ۳۲ی دیکەش بریندار بوون، جەختیشیان کردەوە کە ئەم ئامارە بەراییە و ئەگەری بەرزبوونەوەی هەیە.
بۆردوومانەکان بارەگاکانی حەشدی شەعبیان لە پارێزگاکانی (بەغدا، واست، نەینەوا، بەسرە، کەرکووک، کەربەلا، سەلاحەدین و دیالە) گرتووەتەوە. بەپێی زانیارییەکان، زۆرترین ژمارەی کوژراو لە دەشتی نەینەوا تۆمارکراوە کە تێیدا ۱۰ چەکداری لیوای ۳۰ی شەبەکی سەر بە ڕێکخراوی بەدر کوژراون.
دیارترین ئەو شوێن و گروپانەی کراونەتە ئامانج:
ڕێکخراوی بەدر، کەتائیبی حیزبوڵڵا و کەتائیبی ئیمام عەلی.
قەزای دێر لە پارێزگای بەسرە (کاژێر ۰۲:۰۰ی بەرەبەیان).
دەشتی نەینەوا لە پارێزگای نەینەوا (کاژێر ۰۳:۲۰ی بەیانی).
لیوای ۵۲ی تورکمانی لە قەزای ئامرلی (سەلاحەدین).
سەربازگەی ئەبو مونتەزەر محەممەداوی (دیالە).
قەزای مەدائین (بەغدا)، قەزای سوێرە (واست)، قەزای دووبز (کەرکووک) و چەند ناوچەیەک لە کەربەلا.
هەڵوێستی سعودیە و ئەمریکا: “وەڵامێکی تووند بوو”
لە بەرامبەردا، تورکی مالیکی، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی سعودیە ڕایگەیاند: “هێزە چەکدارەکانمان هێرشی جۆرییان کردە سەر چەند ئامانجێکی میلیشیا تیرۆریستییەکان لەنێو خاکی عێراق.” ڕوونیشی کردەوە کە ئەم هێرشانە وەڵامێک بوون بۆ ئەو دەستدرێژییانەی لە ڕۆژانی دووشەممە و سێشەممە کرانە سەر دامەزراوە نەوتییەکانی سەر بە ناوچەکانی ڕۆژهەڵات و ڕیازی پایتەخت.
هاوکات، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (CENTCOM) ڕایگەیاند کە هێرشەکان بە هاوبەشی لەگەڵ سعودیە ئەنجام دراون و ئامانج لێیان ئەو گرووپانە بووە کە لەلایەن ئێرانەوە پشتگیری دەکرێن. سێنتکۆم ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم کردەیە “وەڵامێکی تووند بوو بۆ زیاتر لە ۳۰ هێرشی درۆنی کە لە ۷۲ کاژێری ڕابردوودا لەلایەن سوپای پاسدارانەوە کرابوون.”
بەپێی ئامارەکانی سێنتکۆم، لە نێوان مانگی شوبات تاوەکو نیسانی ۲۰۲۶، زیاتر لە ٦۰۰ هەوڵی هێرشکردنە سەر هاووڵاتییان و دامەزراوەکانی ئەمریکا لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران لە عێراق تۆمارکراون.
کاردانەوە ناوخۆیی و هەرێمییەکان
عێراق: عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، فەرمانی دا ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی بۆ تاوتوێکردنی دۆخەکە ئەنجام بدات.
پەرلەمانی عێراق: مەهدی تەقی ئامرلی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری، ڕەخنەی تووندی لە بێدەنگیی حکومەت گرت و ڕایگەیاند: “تاوەکو کەی ئەم بێدەنگییە؟ کێ سەروەریی ئەم وڵاتە دەپارێزێ؟ بانگەشەی پاراستنی ئێمە دەکەن، کەچی هەر ئەوانەن کە دەمانکوژن.”
کوێت: وەزارەتی دەرەوەی کوێت سەرکۆنەی هێرشە درۆنییەکانی سەر سعودیەی کرد و پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ هەنگاوەکانی ڕیاز دەربڕی. کوێت ئاماژەی بەوە کرد کە ئاسایشی سعودیە بەشێکی جیانەکراوەیە لە ئاسایشی ناوچەکە و بەپێی مادەی ۵۱ی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان، سعودیە مافی ڕەوای بەرگری لە خۆی هەیە.
موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعی , عێراق زەوی پیرۆزییەکان و پایتەختی مەزهەبی پێغەمبەرە و ئەگەر ئەم خاکە گۆڕەپانی هێرش بۆسەر ئێران نییە، پێویست ناکات سوپای پاسداران بۆردوومانی بکات، هاوکات دەبێت “میلیشیا لەیاسا دەرچووەکان”یش پاساو نەدەن بە وڵاتانی کەنداو تا خاکی عێراق بە ئامانج بگرن.
سەرچاوە روداو
دوای چەند رۆژێک ئاشکرا بوو کە 5 ئەفسەر و راوێژکاری سوپای پاسدارانی ئیرانیش لە هێرشی ئاسمانیی ئەمەریکا و سعوودیە بۆ سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی لەناو عێراق کوژران.


