"an independent online kurdish website

tuba_alissiئەوەی کە ژن بە درێژایی مێژوو لە ژێر باری نایەکسانیدا ژیانی بەسەر بردووە، بەڵگەیەکی حاشا لێنەکراوە، بەڵام ئەوە بە واتای ئەوە نییە کە ژن بۆ خۆی هیچ ڕۆڵێکی لە درێژەدانی ئەو نایەکسانییەدا نەبووە. مەبەستی من لێرەدا ئەوە نییە کە چاوپۆشی بکەین.

لە هۆکارەکانی دیکە کە ڕۆڵی سەرەکییان هەبووە لە چەوسانەوەی ژنان لە کۆمەڵگا جیاوازەکاندا، چوون مێژووی هەر کۆمەڵگایەک شایەتی ئەوەمان بۆ ئەدات کە هۆکارە سەرەکییەکانی نایەکسانی نێوان ژن و پیاو دەگەڕێتەوە بۆ سیستەمی پیاوسالاری، واتە سیستەمیک کە لەوێدا پیاو خاوەنی دەسەڵاتی سەرەکییە و ئەوە کە یاسا و ڕێساکانی کۆمەڵگا دیاری دەکات. بێجگە لەوەش نابێت ڕۆڵی گرنگی کولتوور لە دروستکردنی ئەو نایەکسانییەدا نەبینین، لە کوولتووریشدا لە بیرمان نەچێت کە ئایینیش بەشێکە لە کوولتووری هەر کۆمەڵگایەک، لە هەمووی زیاتر پیاو لە بەر ئەوەی دەسەڵاتی سەرەکی هەبووە ڕۆلی سەرەکیشی هەبووە لە دروستکردنی کوولتووری هەر نەتەوەیەکدا.
هەمووی ئەمانە لە جێگەی خۆی، زۆر گرنگە کە ئێمە لە بیرمان نەچێت کە سەرژمێری هەر کۆمەڵگایەک، پێکهاتووە لە ژن و پیاو. هەروەها بۆ ئەوەی هەر سیستەمێک بەردەوام بێت پێویستە ئەندامانی ئەو کۆمەڵگایە پێڕەوی لە یاساکانی ئەو سیستەمە بکەن. یان بۆ ئەوەی هەر کولتوورێک جێگیر بکرێت و، پاشانیش بەرێوەی بەرن، هەر بەو شێوەیەش پێویستە ئەندامانی کۆمەڵگا بە ژن و پیاوەوە ئەو کارە بکەن. لێرەدا ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە ژنیش ڕۆڵی هەبووە لە بەڕێوەبردنی ئەو نایەکسانییەدا کە لە درێژایی مێژوودا بە دژیان بەڕێوەچووە. بەبڕوای من زۆر گرینگە کە ژنانیش بۆ خۆیان بە چاوێکی ڕەخنەگرانەوە بڕواننە ڕۆڵی خۆیان، ئەگینا ناتوانین بەو شێوەی کە پێویستە بە دژ ئەو نایەکسانییانەدا بچینەوە. ئێمەی ژن ئەگەر بێت و هەر بڵێین کۆمەڵگا یان پیاوان زوڵمیان لە ئێمە کردوە، ئیتر لە بیرمان دەچێت کە ئێمەش بۆ خۆمان بەشێکین لەو کۆمەڵگایە، و لەوەش زیاتر لە بیرمان دەچێت کە ئەرکی سەرەکی ئێمە بۆ کۆتاییی‌هاتن بەو نایەکسانییە چییە؟
لێرەدا من مەبەستم ئەوە نییە کە بڵێم بۆ کۆتاییی‌هاتن بە توندوو تیژی دژی ژنان تەنیا پێویستیمان بەوە هەیە کە ژنان بۆ خۆیان دان بەوەدا بنێن کە ئەوانیش ڕۆڵیان هەبووە لە بەرەو پێش بردنی توندووتیژییەکاندا. نەخێر ژنانیش پێویستە دژی ئەو شێوە بیرانەی کە یارمەتیدەرن بە بیری پیاوسالاری لە کۆمەڵگادا ڕاوەستن. بۆ نموونە کوڕ پەرەستی یان خۆشەویستی و بە کەم گرتنی کچ هەر لە سەرەتای لە دایکبوونییەوە، واتە بە چاوی یەکسانی سەیرکردنی کچ و کوڕ لە لایەن دایکەوە، بەربەست دروستنەکردن بۆ کچ لە لایەن دایکەوە، بەرهەڵەستی کردنی ژن لە بەرانبەر توندووتیژی پیاوان لە بنەماڵەدا، پشتگیری کردنی ئەو ژنانەی کە خوازیاری یەکسانی ژن و پیاون و، هەروەها هاندانیان لە کارەکانیاندا، کەمڕەنگ یان لە نێو بردنی کولتووری پیاو سالاری، کە بریتییە لە بیری بە کەم گرتنی ژن و دانی مافی بێئەملاو ئەولا بە پیاو لە هەموو بوارەکانی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیداو…هتد.
لە کۆتاییی بابەتەکەمدا پێمخۆشە ئاماژە بە سمینارێک بکەم کە لە ڕۆژی شەممە ٢٩ مانگی ئۆکتۆبردا هەمبوو، لە ئۆسلۆی پایتەختی نۆرویژ. شایانی باسە کە بەشێکی زۆ لە بەشدارانی سمینارەکە بە ژن و پیاوەوە هەر نەو شێوە باسی ئەوەیان ئەکرد کە ژن بۆ خۆی تاوانبارە لە مەڕ درێژەدانی ئەو نایەکسانییەدا کە دژی بەڕێوەدەچێت.
من لێرەدا پێم خۆشە ئاماژە بە کۆمەڵیک لەو شتانە بکەم کە ئەوان هێنایانە گۆڕێ، هۆکارەکەی ئەوەیە کە ئەوان داوایان لێکردم ئەگەر بگونجێت من بیخەمە بەرچاوی خوێنەران و بە تایبەتی ژنان بۆ ئەوەی بتوانن لە ژیان و خەباتی یەکسانیخوازی خۆیاندا لەبەر چاوی بگرن. یەکێک لەو خاڵانە کە لەوانەیە، زۆر کەسیش پێیان خاڵێکی دروست نەبێت کە من لێرەدا باسی بکەم، ئەوەیە کە ژن بۆ خۆی ڕۆڵی سەرەکی هەیە لە دروستکردنی قسەو قسەڵۆک بۆ ژنانی دیکە، واتە برێک جار لە ئاکامی قسەو قسەڵۆکی ژنان باوکێک، مێردێک، یان برایەک ناچار دەکرێت بە کوشتنی ژنێک، تەنیا لە بەر ئەو شێوە قسانەی ژنان. ئەمە ئەتوانێت جیگای وتووێژێکی زۆر بێت، کە بۆچی پیاوێک لە سەر قسەیەکی بێواتا ئەو کارە دەکات، بەڵام لە هەمانکاتدا ئەگەر وابێت ڕخنەیەکی گەورەشە بۆ سەر ژنان کە پێویستە واز بێنن لەو شێوە ئاخاوتنە کە بە دژی ژنانە و ئەبێتە هۆکاری توندووتیژی دژی ژنانی دیکە.
یەکێکی دیکە لەو خاڵانەی کە باسی لێوە کرا، توندووتیژی دایک بەرامبەر بە کچەکەی و هەروەها پشتیوانیکردنی دایک لە توندووتیژی باوک لە بەرانبەر کچەکەیدا. ئەمە بە بڕوای من لەوانەیە خاڵێک بێت کە بەشێکی هەرە زۆری کچانی کورد لە ژیانی خۆیاندا ئەزموونیان کردبێت.
ڕەخنەیەکی دیکەش لە ژنان ئەوە بوو، کە بەشێکی زۆری ژنان بە تایبەت لە دەرەوەی وڵات، هەلی باشیان بۆ هەڵکەوتووە بۆ ئەوەی بتوانن خۆیان باش پێبگەیەنن، چ لە باری دەرس خوێندنەوە و، چ لە باری کار و سەربەخۆیی ئابوورییەوە. بەڵام ژنان و کچان کەڵکی پێویست لەو هەلانە وەرناگرن و، بە پێچەوانە کاتی خۆیان زیاتر بۆ شتی لاوەکی وەک کڕینی جلوبەرگ و دەرمانی خۆ جوانکردن و لەو بابەتە بەکار دەبەن. من با شتێکی خۆمی پێ زیاد بکەم، ئەگەر لە بەشێکی زۆری کچان و ژنان بپرسی(ئەمە بەو واتایە نییە کە هەتمەن پیاوانی کورد لەم بوارەدا زۆر لە ژنان باشترن)، ناوی چەند کتێبێکت بۆ بڵێت نایزانێ، بەڵام هەموو مۆدە تازەکانی جلووبەرگ و دەرمانی خۆجوانکردن دەناسێ.
هەروەها یەک خاڵی دیکە کە باسکرا و، منیش زۆر بە باشی دەزانم ئاماژەی پێبکەم، ئەوەیە کە ژنان زۆر زوو دەکەونە ژێر کاریگەری پیاوانەوە. بۆ نموونە، کاتێک کچیک مێرد دەکات بە کوڕێک و بڕیک جاریش کوڕەکە لە نێوخۆی وڵاتەوە دێنێت، هەر زوو کچەکە دەکەویتە ژێر کاریگەری بیری کوڕەکەوە لە زۆربەی بوارەکاندا وەک، جلووبەرگ لەبەرکردن، مافی بڕیار دان و، هەروەها هەڵسووکەوتی ژیانەوەو، لە کاتێکدا کچەکە لە پێش مێردکردنی زۆر ئازادتر بووە لە بوارەکانی ژیانەوە.
لێرەدا کۆتاییی بە بابەتەکەم دێنم، هەرچەند لەو سمینارەدا شتی لەوە زیاتر باسکرا کە من بە پێویستی نازانم ئاماژە بە هەموو خاڵەکانی بکەم.
بەو هیوایە کە بە زووترین کات شاهیدی کۆمەڵگایەکی یەکسان بین کە لەوێدا ژن و پیاو وەک دوو مرۆڤی یەکسان و خاوەن کەسایەتی بەرز تێیدا بژین.

تووبا ئەلیاسی
25.11.2011 نۆرویژ


پیشمه‌رگه‌کان

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی