په‌یوه‌ندیی نێوان پارت و ڕێکخراوه سیاسییه‌کانی کوردستانی ئێران، هه‌روه‌ها گیروگرفتی سیاسی، فکری و شه‌خسیی ئه‌وان، له‌م پله و قۆناغه‌دا نییه که به‌ره‌ی کوردستانی لێ بێته به‌رهه‌م.
نزیک به ده ساڵ ده‌بێت، که پارت و ڕێکخراوه سیاسییەکانی کوردستانی ئێران له دۆخێکی لێکترازان و دابڕان‌دا ده‌ژین. ئه‌م دۆخه کارێکی وایکردووه، که مه‌وداکان دوورتر ببنه‌وه. ئه‌م که‌شوهه‌وایه وا ڕه‌خساوه، که په‌یوه‌ندییه‌کان نائاسایی بن و دیالۆگ له بوارێکی گه‌لێک ته‌سک و داخراو، دوو قۆڵه یان چه‌ند قۆڵه، ئه‌ویش له مه‌یدانێکی گه‌لێک بچووک و نه‌زۆکدا به‌ڕێوه بچێت.
ده‌سنیشانکردنی (یار)ێک بۆ دیالۆگی سه‌ره‌تایی و سنووردار، ڕێک په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه هه‌یه که ئه‌م (یار)ه تا چ ڕاده‌یه‌ک له خه‌نیمه‌که‌ی ئه‌ویتر دوور که‌وتۆته‌وه. ئه‌م دیارده‌یه‌ش دروست په‌یوه‌ندی به‌و دابڕان و جیابوونه‌وانه‌وه هه‌یه، که چه‌ند ساڵێکه به‌ربینگی به پارت و رێکخراوه‌کانی کوردستانی ئێران گرتووه.
هەر ئێستا لە کوردستانی پارچەی ئێران، دوو دیموکرات، چوار یان پێنج کۆمەڵە، دوو ڕێکخراوی خەبات و چەند ڕێکخراوی بچووکی چەند کەسیش هەن، کە هەندێک لەوان باس لە خەباتی چەکداری دەکەن! لەلایەکی تریشەوە، ڕێکخراوی (پژاک) هەیە، کە زۆربەی ڕێکخراوەکانی تر، (پژاک)یان قبووڵ نییە پێیان وایە “لقی پەکەکە”یە و (پژاک)یش ئەوان قبووڵ ناکات، هەروەها ناوی “ئۆردوگانشین”ی لە دیموکراتەکان و کۆمەڵەکان ناوە!
به له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییانە، گرینگی‌دان و وه‌ڕێخستنی دیالۆگ و دانوستان به مه‌به‌ستی ئاسایی‌کردنی په‌یوه‌ندییه‌کان بۆ لێک نزیکبوونه‌وه و بۆ نه‌هیشتنی کولتووری پاوانخوازی، خۆبه‌زلزانی و مۆنۆلۆگ، دیالۆگ له‌سه‌رووی گشت به‌رنامه و پلانه‌کانه. له گۆڕه‌پانی ئه‌مڕۆی کوردستانی ئێران‌دا، ئه‌وله‌وییه‌ت به دیالۆگ و پێکه‌وه په‌یڤینه. هەوڵدان بۆ پێکهێنانی بەرە تەنیا بەفیڕۆدانی وزە و شێواندنی زیاتری دۆخەکەیە.
“بەرەی کوردستانی”
هه‌ر له‌م سۆنگه‌یه‌وه، پێویستە باس له هه‌ولێک بکرێت که نزیک به شه‌ش حه‌وت ساڵێکه به‌رده‌وام باسی لێوه‌ده‌کرێت، ته‌نانه‌ت له هه‌ندێک لایه‌نیشه‌وه به‌ته‌واوی تواناوه هێزیان بۆ ته‌رخانکردووه و ده‌یکه‌ن، ئه‌ویش “به‌ره‌ی کوردستانی”یه، بەڵام تا ئێستا هیچ به‌رهه‌مێکی نه‌بووه. ئه‌م باسه‌ش “به‌ره‌ی کوردستانی” له کاتێکدا گڕی گرت، که ڕه‌وتی لێک جیابوونه‌وه و که‌ڵکوه‌رگرتن له زمانێکی له‌ڕاده‌به‌ده‌ر ناسیاسی و بۆچوونی ناعه‌قڵانی، هه‌روه‌ها پێکهه‌ڵپڕژانی سیاسی و جه‌سته‌یی، گشت سنووره‌کانی به‌زاندن.
به‌ره، “به‌رزترین” شکڵی کاری هاوبه‌ش
له ئه‌ده‌بیاتی سیاسیی شێسته‌کان و حه‌فتاکانی زایینی سه‌ده‌ی ڕابردوودا، “به‌ره” به مانای “به‌رزترین شکڵی ڕێکخستن له کاری هاوبه‌ش”دا باسی لێوه‌ده‌کرا. ڕاده‌ی لێک نزیکبوون و به‌ڕێوه‌بردنی کرده‌وه‌ی هاوبه‌ش لە بوار و بۆنە جۆراوجۆرەکاندا، هه‌ندێک له بنه‌ما و پێشمەرجەکانی ئه‌م دیارده‌یه بوون. وه‌ڕێخستنی دیالۆگی به‌رده‌وام، لێک نزیکبوونه‌وه و به‌ڕێوه‌بردنی یه‌کێتی له کرده‌وه‌دا، ئه‌و میکانیزمه سه‌ره‌تایییانه‌ن که بۆ پێکهێنانی “به‌ره” پێویستن. له کوردستانی ئێران‌دا ئه‌م دیالۆگ، نزیکی و کاری هاوبه‌شه به‌دی ناکرێن.
یه‌کێک له گرفته سه‌ره‌کییه‌کانی ئه‌م چه‌ند ساڵه ئه‌وه بوو، که به‌شی هه‌ره زۆری باس و لێدوانه‌کان بۆ به‌ره ته‌رخان کرابوون و له کرده‌وه‌شدا هیچ بایه‌خێک به دیالۆگ و شێوه‌کانی تری کاری هاوبه‌ش، که ده‌ست پێڕاگه‌ییشتن به‌وان ئاسانتره، نه‌ده‌درا. به‌موتڵه‌قکردنی “به‌ره‌ی کوردستانی”، گشت فۆرمه‌کانی تری خستنه په‌راوێزی خۆیه‌وه و ده‌رگه‌ی باس و لێدوانیشی به‌سه‌ردا داخستن.
پرسیارێکیش که له‌م پەیوەندییەدا دێته گۆڕێ، ئاخۆ بۆ به‌ر‌به‌ره‌کانی به دژی کۆماری ئیسلامی و بۆ چاره‌سه‌رکردنی پرسی کوردستان، هه‌ر ده‌بێت به‌ره بێت، ئایا شکڵه‌کانی تری کاری هاوبه‌ش هیچ چه‌شنه بایه‌خێک و بڕشتێکیان نییه؟
بۆ ئاماژه‌پێکردن و وه‌بیرهێنانه‌وه‌ش بێت، پێویسته باس له‌وه بکرێت، که هه‌ر کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک به گوێره‌ی سروشتی سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی، کولتووری و کارتێکه‌ریی ئایینی و ڕاده‌ی خه‌ستبوونی عه‌قڵی حیزبایه‌تی، چاره‌سه‌ری خۆی گه‌ره‌که و له‌وانه‌یه بۆ گه‌ییشتن به ئامانج، گه‌لێک قۆناغی جۆراوجۆر ببڕێت. بۆ به‌ڕێوه‌بردنی هه‌ر کامێک له فۆرمه‌کانی کاری هاوبه‌ش (ئیئتیلاف، یه‌کێتیی کرده‌وه، به‌ره‌ی کوردستانی، ئیئتیلافی دوو قۆڵه و چه‌ند قۆڵه پێویسته:
بۆ به‌دیموکراتیکردنی په‌یوه‌ندییه‌کان و پێکهێنانی که‌شوهه‌وایه‌کی عه‌قڵانیی بۆ لێک نزیکبوونه‌وه و کاری هاوبه‌ش، پێویستە باس و لێدوان و ڕه‌وانبێژی له ئارادا بێت. بڵاوکردنه‌وه‌ی گه‌ڵاڵه‌کان، باس، لێدوان و لێکۆڵینه‌وه له‌م باره‌یه‌وه له ئامرازی ڕاگه‌یاندنی گشتیدا، بنه‌ما سه‌ره‌کییه‌کانی دیالۆگن که رێگا بۆ لێک نزیکبوونه‌وه خۆشده‌که‌ن. یه‌کێك له بنه‌ماکانی کاری هاوبه‌ش و پێکهێنانی که‌شوهه‌وا بۆ لێک نزیک بوونه‌وه، زمانی سه‌رڕاست و دروستکردنی بوارێکی عه‌قڵانییه که دیالۆگ پێکدێنێت. بەڕەسمی ناسینی یەکتر، پێشمەرجێکی ترە.
هونه‌ری پێكهێنانی به‌ره یان شێوه‌كانی تری كاری هاوبه‌ش ئه‌وه‌یه، كه زۆرترین خه‌ڵك به چین و توێژه‌كانیه‌وه له خۆ كۆبكاته‌وه، نه‌ك هه‌ر له سه‌ره‌تادا خه‌ڵك و لایه‌نه‌كان لێ بپرینگێنه‌وه، یان بوار بۆ مه‌ودا دروستكردن بێنێته كایه‌وه. لێك نزیكبوونه‌وه بۆ كاری هاوبه‌ش، پێویستی به كه‌شوهه‌وایه‌ك هه‌یه كه له‌ودا خاڵه هاوبه‌شه‌كان و پێویستییه‌كان ده‌ستنیشان بكرین. بۆیه بەدیموكراتیكردنی په‌یوه‌ندییه‌كان، یه‌كێك له هه‌نگاوه سه‌ره‌تایی و سه‌ره‌كییه‌كانی لێك نزیكبوونه‌وه‌یه، ئه‌ویش به‌ڕێگای دیالۆگ، وتووێژی عه‌قڵانیی و ساتوسه‌ودادا دێته كایه‌وه. بۆ گه‌ییشتن به‌ئاساییکردنی په‌یوه‌ندییه‌کان و کاری هاوبه‌ش، ده‌بێ ده‌رگه داخراوه‌کان بکرێنه‌وه.
کۆبه‌ند
هه‌نگاونان به‌ره‌و ناسینی گرفت و کێشه‌کان و ئاسایی‌کردنی په‌یوه‌ندییه‌کان، گرنگترین و سه‌ره‌کیترین کاره بۆ گه‌ییشتن به لێک نزیکبوونه‌وه. بینینی ئه‌و ڕاستییه‌ش که ڕه‌وتی لێک‌دابڕان و جیابوونه‌وه (تجزیه) له ناو پارت و ڕێکخراوه سیاسییه‌کانی کوردستانی ئێران، له‌مێژه ده‌ستی پێکردووه و تا ئێستاش درێژه‌ی هه‌یه، واته ڕه‌وتی ساخبوونه‌وه هه‌روا به‌ڕێوه‌یه. ده‌بێ ئه‌م ڕاستییه‌ش ببینین که مه‌ودا، گرژی، سڕینه‌وه و نکۆڵیی سیاسی یه‌کتر، کێشه و گرفتی سیاسی و شه‌خسیی له نێوان پارت و ڕێکخراوه سیاسییه‌کانی کوردستانی ئێران‌دا گه‌لێک زۆره. خاڵه هه‌ره لاواز و پانیه‌ی ئاشیلی بزووتنه‌وه‌ی سیاسیی کوردستانی ئێران، نه‌بوونی پرۆژه و مه‌یلی به‌رفراوان بۆ ناسینی کێشه و گرفته‌کانه. نه‌بوون و گرینگی نه‌دان به دیالۆگ، یه‌کێک له گرفته‌کانه.
به له‌به‌ر چاوگرتنی ئه‌م تێبینییانه، من هیچ چه‌شنه ئاسۆیه‌ک بۆ سه‌رگرتنی پلانی لایه‌نگرانی به‌ره‌ی کوردستانی نابینم. له گۆڕه‌پانی ئه‌مڕۆی کوردستانی ئێران‌دا، ئه‌وله‌وییه‌ت به دیالۆگ و پێکه‌وه په‌یڤینه. پارت و ڕێکخراوه سیاسی و مه‌ده‌نییه‌کانی کوردستانی ئێران بۆ گه‌ییشتن به لێک نزیکبوونه‌وه، ده‌بێ له‌گه‌ڵ خۆیاندا بپه‌یڤن. په‌یوه‌ندیی نێوان پارت و ڕێکخراوه سیاسییه‌کانی کوردستانی ئێران، هه‌روه‌ها گیروگرفتی سیاسی، فکری و شه‌خسیی ئه‌وان، له‌م پله و قۆناغه‌دا نییه که به‌ره‌ی کوردستانی لێ بێته به‌رهه‌م.
قەرەنی قادری / کوردستان 2012-02-16 {jcomments off}qer