"an independent online kurdish website

لێرەدا حەز دەکەم  یەکێک لە بیرەوەرییەکانی سەردەمی پێشمەرگایەتی خۆم بگێڕمەوە، کە تیایدا هاوڕێیانی پێشمەرگەمان بەو پەڕی قارەمانییەتی و بوێرییە توانییان رووبەڕووی هێزەکانی دوژمن ببنەوە و گورزێکی کاری لە هێزەکانی رێژیم بدەن.naci_feqi121

 ئێمە وەکوو بەشی نیزامی هێزی ئاگری بڕیارمان دا عەمەلیاتێک لە دژی رێژیمی کۆماری ئیسلامی بەڕێوەبەرین، بۆ ئەم مەبەستەش کۆبوونەوەیەکی فەرماندەکانی نیزامیمام بە هاوبیری کادرەکانی ناوچەی سەلماس-شپیران لە سنووری نێوان ئێران و تورکیە ساز کرد. لە کۆبوونەوەکەدا لە سەر گرتنی پایگای گوندی لولکی خواروو لە ناوچەی  سەلماس-شپیران رێکەوتین. 

ئێمە دەبوایە بۆ ماوەی دوو شەو لەسەر سنووری نێوان ئێران و تورکیە بە رێگاوە بین هەتا دەگەیشتینە شوێنی مەبەست. یەکەم شەو بەڕێکەوتین و گەیشتینە شوێنێک و بە شێوەیەکی نهێنی لەو شوێنە  ماینەوە، پاش نیوەڕۆی هەمان رۆژ فەرماندە نیزامییەکان لەگەڵ ئەو پێشمەرگانەی شارەزای ناوچەکە بوون کۆبوونەوەیەکی نیزامییان سازکرد و لەم کۆبوونەوەیەدا تەرحی بەڕێوەبردنی عەمەلیاتێکیان بۆ گرتنی پایگای لولکی خواروو لە رێکەوتی ٧-٥-١٣٧١ داڕشت کە بەم شێوەیە بوو:  تیمی یەکەم وەکوو تیمی پشتیوان دیاریکرا بۆ ئەوەی بچنە سەر ئەو بەرزاییانەی بەسەر لولکی سەروو و خواروو و هەروەها ناوچەی سەلماس-شپیراندا دەیانڕوانی.

تیمی دووهەم دیاریکرا بۆ ئەوەی بچنە سەر بەرزاییەکانی پشتی پایگای گەردیان کە زاڵە بەسەر جادەی سەلماس-شپیران دا. دوو تیمی دیکەش دەستنیشانکران کە یەکێکیان تیمی ئاتەش و ئەوەی تریان تیمی هێرش بۆ سەر پایگا بوون. دوو تیمی تریش دەستنیشانکران بۆ ئەوەی لەسەر جادەی نێوان سەلماس-شپیران کەمین دابنێنەوە. 

هەتا ئێوارە پشوومان وەرگرت و ئیوارە سەر لە نوێ بەڕێکەوتین بۆ شوێنی مەبەست. ئێمە شارەزایی تەواومان لەسەر ناوچەکە نەبوو، لەبەر ئەوەی ماوەیەکی بەرچاو بوو نەچووبووین بۆ ئەو شوێنە. هەمان ئەو شەوە دەوروبەری کاتژمێر چواری بەیانی بە هەڵە بەو شوێنەدا تێپەڕین کە دەکەوتە بەرچاوی پایگا، واتە ئەو پایگایەی بڕیاڕمان دابوو بیگرین. ئەوانیش کە ئیمەیان بینی تەقەیان لێمان کرد و ئێمە گەڕاینەوە دواوە و کۆبوونەوەیەکمان گرت و هەر تیمەی چووە شوێنی دیاریکراوی خۆی، بۆ ئەوەی لەسەر تەرحی عەمەلیاتی خۆمان کە پێشتر لەسەری رێکەوتبووین بەردەوام بین.{jcomments off}

بەڵام پایگا زانیبووی کە ئێمە پێشمەرگەین، هەر بۆیەش دەمودەست پەیوەندییان بە ئیتلاعاتی سەلماسەوە گرتبوو و ئاگادارییان کردبوونەوە کە پێشمەرگەیان بینیوە. من لەگەڵ ئەو تیمە بووم کە بڕیار بوو لەسەر جادەی نێوان سەلماس-شپیران کەمین دابنێینەوە، ئێمە چووینە سەر ئەو جادەیە و کاتژمێر ١٠ی بەیانی لە لایەنی دیدەبانی خۆمانەوە ئاگادار کراینەوە کە ئەوە نەیسان پاترۆڵێک بەرەو تیمەکەی ئێوە دێت. ئەو ماشینە بەرپرسی ئیتلاعاتی سەلماس-شپیرانی تیادا بوو، کە ناوی مرتضوی بوو و هەروەها بەرپرسی کارگوزینیی تیپی یەکی سوپای پاسداران “یەعقووب خودادوست” لە نێو کوژراوەکان دابوو.

زۆری پێنەچوو کەوتە ناو کەمینی پێشمەرگەکانەوە، ژمارەیان ٨ کەس بوو کە هەموویان کوژران و نەیسان پاتڕۆڵەکەشیان ئاگری تێبەردرا. لە ناو کوژراوەکان دا بەرپرسی ئیتلاعاتی سەلماس-شپیران واتە “یەعقووب خودادوست”یشی تیادا بوو کە کەسێکی جێگەی متمانەی رێژیم و مایەی ئەزییەت و ئازاری خەڵکی ناوچەکە بوو. ئەو بە مەبەستی ئاگاداربوون لە شوێنی پێشمەرگە هاتبوو، چونکە ماوەیەک بوو رێژیم بڕیاری دابوو نەهێڵێت بە هیچ شێوەیەک پێشمەرگە بێنە ئەو ناوچەیە. لەو کاتەدا ژمارەیەک “تەئمین جادە”ش لەسەر جادەکە بوون کە ئێمە تەقەمان لێکردن و ئەوانیش رایانکرد.

هەر لە هەمان کاتدا بوو کە تیمی “ئاتەش” کە بۆ ڵیدان لە پایگای لوولکی خواروو دیاریکرابوو، لە پایگایان دا، پاش ماوەیەک لە لێدانی پایگا لە لایەن تیمی “ئاتەش”ەوە، تیمی “هێرش” بە مەبەستی گرتنی پایگا هێرشیان کردە سەر پایگاکە، بەڵام جێگەکەی زۆر نالەباربوو، بۆیەش پاش چەندین هێرش هەر نەیانتوانی دەست بەسەر پایگاکەدا بگرن، بەڵام شوێنی خۆیان جێ نەهێشت و هەر لەوێ مانەوە. ئێمەش لەسەر جادە چاوەڕێی هاتنی هێزی تری دوژمنمان دەکرد.

پاش ماوەیەک چاوەڕوانی هیچ هێزێک نەهات و لە لایەن “شەهید هەمزە بێهنام”ەوە بێسیممان بۆکرا کە بێن بۆ یارمەتیدانی ئەو تیمانەی لەسەر پایگای لوولکن. ئێمە جادەمان جێ هێشت و لە ناکاو هەر لە لایەن “کاک ئەبووبەکر ئیبراهیمی” لە تیمی پشتیوانەوە ئاگادارکراینەوە کە ماشێنێکی “ئای فای”ی ئەرتەشی لە گوندی “دەراو”ەوە بەرەو شوێنی ئێوە دێت. ئێمە زۆر لە جادەکە دوور نەکەوتبووینەوە کە بینیمان ماشێنەکە گەیشتە ئەو شوێنەی ئێمەی لێ بووین و بە جێمان هێشتبوو، ماشێنەکە پڕ بوو لە سەرباز.

ئێمە بە دۆڵێکدا سەردەکوتین بەرەو لای پایگاکە، بەڵام هێشتا زۆر لە جادەکە دوور نەکەوتبووینەوە و هەربۆیەش سەربازەکان ئێمەیان بینی و دوامان کەوتن و دەستیانکرد بە تەقەکردن لە ئێمە. لەو کاتەدا من بێسیمم بۆ کاک ئەبووبەکر کرد و پێیم گوت کە ئەوە ئێمە لە دیدی سەربازەکان داین و تەقەمان لێدەکەن. تیمی پشتیوان بە بی کەی سی لە سەربازەکانیان دا و سەربازەکانیش خۆیان نەگرت و رایانکرد.

ئێمەش بەرەو لای پایگای لوولک سەرکەوتین، بەڵام لەگەڵ گەیشتنمان بۆ خاکریزی پایگا، دیسان لە لایەن شەهید هەمزەوە ئاگادار کراینەوە کە پێشمەرگەکان دەوروبەری پایگایان چۆڵکردووە. بۆیەش ئێمە کەوتبووینە بەردەستی پایگا و بە زەحمەت و هەوڵێکی زۆر خۆمان دەرباز کرد.

پاشان تیمەکەی ئێمە و تیمەکانی سەرپایگا بەرەو لوولکی سەروو کەوتینەڕێ. کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆ گەیشتینە لوولکی سەروو. ‌هێندەی پێنەچوو لە لایەن تیمی پشتیوانەوە ئاگادار کراینەوە کە دوژمن لە لای ناوچەی “سۆما” و گوندی “خەرەگۆش”ەوە بە هێزێکی یەکجار زۆر بەرەو لای ئێمە دێت، کە پێکهاتبوو لە زیاتر لە ٧٠ ماشێنی نیزامی و چەک و تەقەمەنی قورس. هەروەها لە لای “گەردیان” و “تەمراوا”وە هێزێکی تری دوژمن بەورەو ئەو بەرزاییە دێت کە تیمی ئێمەی تیادا بوو. ئێمەش زوو لە گوندەکە دەرچووین و بەرەو زنجیرە شاخی نێوان “سۆما” و “شپیران” لە پشتی گوندی “کێلەشین” بەڕێ کەوتین.

ئێمە فیشەک و موهیماتێکی زۆرمان پێ نەمابوو. کاتژمێر یەک گەیشتینە سەر ئەو بەرزاییانە. بینیمان هێزێکی یەکجار زۆری دوژمن لە نزیک شوێنەکەی ئێمە لە پشتەوەی گوندی “خەرەگۆش”ەوە بەرەو لای ئیمە بەڕێوەن. لەو کاتەدا بوو من گوێم لە دەنگی ماشێنێک بوو، بینیم لە دۆڵەکەی خوار شوێنەکەی ئێمەوە تیوتایەک پڕ لە جاش بەرەو گوندی “کێلەشین” دێت. کاک ئەبووبەکرم لە مەسەلەی ئەو تیوتایە ئاگادارکردەوە. تیوتای جاشەکان هاتە شوێنێکی تەختایی و لەوێ بینیان کە پێشمەرگە بە بەرزاییەکانەوەن، هەربۆیەش خۆیان لە تیوتاکەوە فڕێدایە دەرەوە و هێندێکیان تەقەکرد و رایانکرد بۆ سەر ئەو گردەی لە پشتەوەی خۆیان بوو.

ئەوانەی لەسەر تیوتاکە مابوون ویستیان تیوتاکە بەرن بۆ گوندی کێلەشین، بۆ ئەوەی نەکەوێتە دەستی پێشمەرگە. بەڵام پێشمەرگەکان دوایان کەوتن و بە بی کەی سی تەقەیان لێ کردن و تیوتاکە پەنچەر بوو و لەوێ گیری کرد، جاشەکانی تریش کە پێشتر رایانکردبوو، چووبوونە پشتی گردەکە و لەوێوە تەقەیان لە پێشمەرگەکان دەکرد، بۆ ئەوەی پێشمەرگەکان نەتوانن بگەنە تیوتاکە. بەڵام پێشمەرگەکان توانیان بگەنە تیوتاکە و لە ناو تیوتاکەدا دوو کەسی تیادا بوو کە شەڕێکی زۆریان لەگەڵ پێشمەرگە کرد، بەڵام هەر دووکیان لە لایەن هێزی پێشمەرگەوە کوژران.

ئەم دوو کەسە یەکێکیان ناوی “یونس” بوو کە فەرمادەی گروه زەربەتی سەلماس-شپیران بوو، ئەوەی تریان ناوی “نایب عەلیپوور” بوو کە جاشێکی یەکجار پیس بوو کە دەستی فراوانی هەبوو لە ئازار و ئەزییەت و ئەشکەنجەی خانەوادە و بنەماڵەی پێشمەرگەکاندا. جێگەی ئاماژەیە “نایب عەلیپوور” پێشتر لە شەڕی پێشمەگەدا قاچێکی خۆی لەدەستدا بوو، کەچی بە یەک قاچەوە دیسانیش شەڕی پێشمەرگەی دەکرد. بەڵام ئەمجارەیان لە لایەن هێزی پێشمەرگەوە کوژرا. تیوتاکەش هەر لەوێ لە لایەن پێشمەرگەکانەوە ئاگری تێبەردرا.

من و “کاک مەجید خەلیفەزادە” و چوار پێشمەرگەی تر لەسەر تەپۆڵکەیەک بووین کە کەوتبووە رووبەڕووی هێزەکانی دوژمن. تەپۆڵکەکەش نزم بوو و هیچ شوێنێکی خۆحەشاردانی تێدا نەبوو. لەم کاتەدا بوو “کاک ئەبووبەکر ئیبراهیمی”، “کاک محەمەد روزانە” و “کاک لاوە نەبیزادە” لەگەڵ چەند پێشمەرگەیەکی تردا لە لای لوولەکەوە هێرشیان کردە سەر هێزەکانی دوژمن بەڵام کەوتنە رووبەڕووی دوژمن، دوژمنیش ئەوانی دایە بەر تۆپ و خۆمپارە  و لە ئێمەیان دابڕاندن.

لە هەمانکاتدا تیمێکی تری چوار کەسی کە پێکهاتبوو لە “کاک عیسا ئیراندوست”، “کاک نوسرەت ئەحمیزادە”، “کاک لوقمان فولادی” و “|کاک محەمەد تاهیر” لە لایەکی ترەوە هێرشیان کردە سەر هێزەکانی دوژمن، بەڵام پاش ئەوەی هێندێک پێشڕەوییان کرد، گەیشتنە چەند بەردێک کە رێک دەکەوتە بەرامبەر هێزەکانی دوژمن و لەوێدا گیریان کرد، ئیتر نە دەیانتوانی پێشڕەوی بکەن و نە دەشیانتوانی بۆ لای ئێمە بگەڕێنەوە، واتە بە تەواوەتی کەوتبوونە موحاسەرەی دوژمنەوە، دوژمنیش بە تۆپ و خۆمپارە لێیان دەدان و بە شێوەی زەمینیش بەرەو لایان دەهاتن و لێیان نزیک دەبوونەوە.

تیمەکەی کاک ئەبووبەکر و ئەوانیش لە ئێمە دابڕێنرابوون، تیمەکەی شەهید هەمزەش لە ئێمە دابڕابوو، بۆیە ئەوانیش نەیاندەتوانی بێنەوە بۆ لای ئێمە. “کاک کاوس عەزیزی” لەگەڵ فیلم بەرداریش لە ئێمە دابرابوون و لە شوێنێکی تر گیریان خواردبوو. تیمی ئەسڵی پشتیوانیش پەیوەندی لەگەڵ ئێمەدا نەمابوو. لەم کاتەدا ٣ هیلۆکۆپتری کۆبڕا هاتبوونە سەرمان و دوژمنیش بەرەو ئێمە دەهات و تا دەهات لە تیمەکەی کاک عیسا و ئەوانیش نزیک دەبوونەوە، لە هەمان کاتدا بە تۆپ و خۆمپارەش لێیان دەدان. لەم کاتەدا کاک محەمەد حەقداریش گەیشتە لای ئێمە.

لە لایەکەوە ٣ هیلۆکۆپتەر راکێتبارانیان دەکردین، لە لایەکی دیکەشەوە دوژمن هێرشێکی سەختی بە پشتیوانی تۆپ و خۆمپارە لە هەموو لایەکەوە بۆ ئێمە هێنابوو، کات هێشتا زوو بوو، موهیمات و تەقەمەنیمان یەکجار کەم بوو، لە هەمانکاتدا جێگەکەمان یەکجار نالەبار بوو و هیچ رێگەیەکی دەربازبوونمان نەبوو. هێسترێکمان هەبوو کە لە لای شەهید هەمزە بوو و هیلۆکۆپتێر بە ٦٠ تیر دوای کەوتبوو هەتا بە برینداری گەیشتە لای ئێمە. بەڵام هیلۆکۆپتەر بە هۆی نزیکبوونەوەی زۆری دوژمن لە ئێمەوە نەیدەتوانی لێمان بدات.

هێرشەکان بە ڕادەیەک قورس و هەموو لایەنە بوو کە ئیتر هیچکەس ئاگای لە کەس نەمابوو، کەسمان نەماندەزانی کێ ماوە و کێ شەهید بووە. هیلۆکۆپتەرەکان بە رادەیەک نزم ببوونەوە کە ئیتر هەستمان دەکرد رێک لەسەر سەرمانن. لەم وەختەدا بوو کاک محەمەد حەقدار لە ناکاو هەستایەوە و بە کلاشینکۆف یەک رەگباری لە هیلۆکۆپتەرەکە دا. هەندێک لە پارچەکانی هیلۆکۆپتەرەکە کەوتنە خوارەوە، ئیتر ئەوە بوو هەر سێ هیلۆکۆپتەرەکە رایانکرد و یەکێک لە هیلۆکۆپتەرەکان کە گولەی بەرکەوتبوو لە نزیک شاری ورمێ دەکەوێتە خوارەوە و چەند کەسێکی تیادا دەکوژرێن.

هەوڵێکی زۆرمان دا بۆ ئەوەی ئەو چوار نەفەرەی لە محاسەرەدا گیریان کردبوو دەربازیان بکەین، پاش هەوڵ و تێکۆشانێکی زۆر بە قەناسە و بی کەی سی هێرشمان کردە سەر دوژمن و ئەوانمان ئاگادار کردەوە کە ئەگەر ئێستا خۆتان دەرباز نەکەن ئیتر هەر لەوێ دەمێننەوە. بۆیەش بە هەرچی چەک و تەقەمەنی هەمانبوو هێرشمان کردە سەر دوژمن و ئەمەش دەرفەتی بە هاوڕێیان دا خۆیان دەرباز بکەن، بەڵام کاک عیسا بە سوکی بڕیندار ببوو. خۆشبەختانە هەرچۆنێک بێت گەیشتنە لای ئێمە، ئەگەرچی هەموویان بە هۆی شەپۆلی دەنگی تۆپ و خۆمپارەوە تووشی سەرەگێژە ببوون. ئەو هاوڕێیانەمان رەوانەی لای شەهید هەمزە کرد. ئێمەش لەو گردەدا ماینەوە و لە بەرامبەر هێرشەکانی دوژمندا وەستاین و شوێنی خۆمان بە جێ نەهێشت، هەوڵمان دەدا بە تەک تیر تەقە لە دوژمن بکەین.

لێرەدا بە پێویستی دەزانم ئاماژە بە قارەمانییەتی “کاک مەجید خەلیفەزادە” بکەم کە زۆر نەترسانە و دڵسۆزانە ئەرکی پێشمەرگایەتی خۆی لەم عەمەلیاتەدا بە جێ گەیاند. کاک مەجید نەک هەر نەترس بوو، بەڵکو پێشمەرگەیەکی یەکجار بە پرەنسیپ، ئەرکناس، گیان لەسەر دەست و قارەمان بوون، کە لەم عەمەلیاتەدا هەموو ئەم تایبەتمەندییانە بە شێوەیەکی بەرچاو لە کاک مەجید دا بەدی دەکران. ئەو رۆژە هەتا نزیک ئێوارە هەر لەو تەپۆڵکەیە ماینەوە و شەڕمان کرد، نزیک ٦ی ئێوارە بوو کە “شەهید هەمزە بێهنام” بێ سیمی بۆ من کرد و داوای کرد لەوێ پاشەکشی بکەین و بچینە لای ئەوان، منیش پێموابوو ئەوان شوێنێکی ئەمنیان دەست کەوتووە و لەوێدان.

ئێمە چووینە لای شەهید هەمزە و لەوێ کۆبووینەوە، هێشتا چەند کاتژمێرێک لە رۆژ مابوو، ئێمە ئەو شوێنەمان جێ هێشت، بەڵام پاش ٥ خولەک دوژمن هاتە ئەو شوێنەی ئێمە لێی کۆببووینەوە و بەجێمان هێشتبوو، بەڵام دوژمن نەیزانی ئێمە بۆ کوێ چووین. ماوەیەکی زۆر دوژمن بە دوای ئێمەدا دەگەڕا و هەموو ناوچەکەی تەنیبوو، بەڵام هەرچۆنێک بێت ئێمەیان نەدۆزییەوە. دواتر هێزەکانی دوژمن بەرەو گوندی کێلەشین چوون و لەوێ تەقەیەکی توندیان کرد و ئیتر پاشەکشێیان لەو ناوچەیە کرد.

من چوومە سەر شاخێکی بەرزی پشت گوندی لولک کە شوێنی هێزی پشتیوانی ئێمە بوو بۆ ئەوەی پەیوەندی بە هەموو ئەو تیمانەوە بگرم کە لە ئێمە دابڕابوون، لەوێ توانیم پەیوەندی بە تیمی کاک ئەبووبەکر و کاک محەمەد روزانە بگرم، بەڵام نەمتوانی پەیوەندی بە هێزی پشتیوانەوە بگرم، چونکە ئەوان بە تەواوەتی لێمان دابڕابوون. لەم شەڕەدا زیاتر لە ٥٠ کەس لە هێزەکانی دوژمن بریندار بوون و کوژران، کە لە ناویاندا چەندین فەرماندە و بەرپرسی ئیتلاعاتیشی تیادا بوو.

ئێمە لەم شەڕە قورس و بەربڵاوەدا کە بە رۆژی درێژی هاوینە بوو ژمارەمان بە هەموو تیمەکانەوە نەدەگەیشتە ٣٠ کەس و رێژەی تەقەمەنی و موهیماتیشمان یەکجار کەم بوو، بەم حاڵەشەوە خۆشبەختانە شەهیدمان نەدا و تەنها یەک کەسمان بە سووکی بریندار ببوو، لە هەمانکاتدا زەربەیەکی کاریشمان لە دوژمن دا. ئێوارەی هەمان رۆژ ئێمە لە شوێنێک کۆبووینەوە و بەرەو مەسیری دیاریکراو رێکەوتین.

بەڵام بە هۆی ماندووبوونەوە نەمانتوانی بگەینە ئەو مەسیرەی دیاریمان کردبوو، بۆیە ناچاربووین لە شوێنێک خۆمان بشارینەوە، دوژمنیش جارێکی تر لە هەموو لایەکەوە هێرشیان کردەوە سەر ناوچەکە، بەڵام ئێمەیان نەدۆزییەوە. دواتر ئێمە بەرەو گوندی “ئاچەقەڵ” رێکەوتین، کاک محەمەد رووزانە وەکوو تیمی کەمین شکێن لە پێشەوە دەڕۆیشت، منیش لە پشتەوەڕا لەگەڵ بریندارەکە بووم کە لەسەر پشتی هێسترێک بوو.

ئێمە گەیشتینە ناو گوندی ئاچەقەڵ، بەڵام تیمی کەمین شکێنی ئێمە لە گوندی ئاچەقەڵدا کەوتە ناو کەمینی دوژمنەوە، بەڵام تیمی ئێمە لێیاندانەوە و توانیان ٦ کەسیان لێ بکوژن و بریندار بکەن و خۆشمان بە سەلامەتی دەرباز بین. لەگەڵ دەستپێکردنی تەقەکەدا هەموو پێشمەرگەکان سەنگەریان گرت و هێستریش بە بریندارەکەوە رایکرد، بەدوای بریندارەکە کەوتم کە لەسەر پشتی هێسترەکە مابوو، بۆیەش چوومە ناو گوندی ئاچەقەڵ، لەوێ بینیم ‌هێسترەکە خۆی فڕێدابووە ناو حەسارێکەوە، بریندارەکە هێشتا لەسەر پشتی بوو، کاک عیسا بە بریندارییەوە دەمانچەیەکی لە دەست بوو و ئامادە بوو بۆ ئەوەی ئەگەر دوژمن هات تا دوا گولە تەقە بکات.

من هەرچیم کرد بەو شەوە تاریکە دەرگای حەسارەکەم نەدۆزییەوە، بۆیەش بە ناچار دیواری حەسارەکەم رووخاند و چوومە ناو حەسارەکەوە، پاش ئەمە بریندارەکەم دەربازکرد و چووینەوە لای هاوڕێیان. دوژمن تۆپبارانی دەست پێکردبۆوە و هەموو رێگاکانیشی گرتبوو، بۆیەش ناچار بووین رێگەی خۆمان بگۆڕین و بچینە جێگایەکی تر، هەتا ئێوارە داهات و ئێمە لە رێگەیەکی ترەوە دەرچووین و دەرباز بووین. پاشان زانیمان ئەو هاوڕێیانەی تریش کە لە ئێمە دابڕابوون، ئەوانیش بە سەلامەتی دەرباز ببوون.

گێڕانەوەی ئەم رووداوانە لە هەمانکاتدا بیرهێنانەوەی قارەمانییەتی و نەترسی هاوڕێیانی پێشمەرگەمانە کە ساڵیانی ساڵ گیان لەسەر دەست لە پێناو ئازادی و سەربەستی خاک و گەلی خۆیاندا خەباتیان کردووە.  

naci_fe12_3naci_fe12_4

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی