"an independent online kurdish website

نیزام مەردی کوردی ئەحمەد خەڵکی ئاوایی شێرەنی  و لە دایک بووی ساڵی ١٣٤٦ ی هەتاوی  .medeni_nizamsol

گوندی شێرەنی لە ڕووی ئیداری یەوە سەر بە شاری سەڵماسە و ئاواییەکی زۆر دێرنی ناوچەیە.  بەشێک  لە پێک هاتەی ئاوایی شێرەنی کە بنەماڵەی حاجی مەردەخانی گەورەیە کە لە ناوچەکانی شپیران ، سەڵماس و سۆما چەندین گوندی خۆیان هەیە  و بە هۆی بەربڵاویی بنەماڵەی حاجی مەردەخان ، ئێستا جگە لە پاش ناوی ” مەردی” پاشناوی دیکەی وەک : شەمۆزادە ، دێهقان، عەزیزی  ، فەقیپوور ، میرۆزادە ، چەرخی  و دریازی بەکار دەبردرێن.

 بنەماڵەی حاجی مەردەخان لە گوندەکانی : شیرەنی ، لۆرەشیرین( بەداخەوە لۆرەشیرین لە لایەن ڕێژیمەوە خاپوور کراوە و هەتا ئێستاش ئیزنی ئاوەدان کردنەوەی نەدراوە ١٣٧٠) کولۆران ، پیرانجوغ ، سۆلینک و سپیندارۆک ( ئەو دووانەش  ئاخریش هەر لە لایەن ڕێژیمەوە خاپوور کراون و ئیزنی ئاودان کردنەوەیان نەداوە هەتا ئیستاش ١٣٧٠)  سوڵتانی ، حەسەنی  و بەشیکیش بە هۆی چالاکیی سیاسی لە دەرەوەی وڵات دەژین(نووسەری ئەم دێرانە خۆی یەکێکیانە) سەرجەم لە بەینی٣٠٠ بۆ ٣٥٠ بنەمالەیان هەیە.

لە دامەزرانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان و دواتریش کۆماری کوردستان  ، بنەمالەی حاجی مەردەخانیش بەشدار بوون . کەسی هەرە فەعال و دیار کە بەشداری کۆماری کوردستان  و تێکۆشانی حیزب بوون ، حاجی برایم  و ئەحمەد (باوکی نیزام) بوون.

ئەحمەد لە سوپای میللی دا وەک دەرەجە دار خزمەتی کردبوو ، سەرەڕای ئەوەی کە لە باری تەمەنەوە زۆر لاو بووە .

دوای تێک چوونی کۆماری کوردستان ، حاجی برایم و برایم دەگیرێ و دوای ماوەیەک زیندانی کران ، ئازاد دەکرێ. بەڵام ئەحمەد ئامادە نابێ تەسلیم بە ڕێژیم بێ و ڕوودەکاتە شاخەکانی شپیران وباکووری کوردستان . دوای چەندین ساڵ دەکەوێتەوە بەر عەفووی ڕێژیمی پەهلەوی، بەڵام ئەو بەناو عەفوویەش وەک باقی قەوڵ  وبەڵێنەکانی دوژمنان ، بۆ لە داوخستنە و ئەحمەد بۆ ماوەی ٤ ساڵ دەکەوێتەوە زیندان.

 ئازاد بوونی ئەحمەد کەمێک بەرلە دەستپێکردنی خەباتی چەکداریی ١٨  مانگەی سالانی ٤٦.٤٧ ی حیزب بووە . بۆیە هەر کە نەحۆ پاشۆ و هاوڕێیانی لە ناوچەکانی شیمالیئ کوردستان دا دەست دەکەن بە جەولە و پەیوەندی کردن بە خەڵکەوە ، ئەحمەد هەست دەکا ڕۆژی ئەوە هاتووە کە دیسان دەست بکا بە خەباتی نەتەوایەتی ،  و هەر زوو پەیوەندی دەکا بە نەحۆ پاشۆ (بەداخەوە نەحۆ و هاوڕێیانی لە ٢٧ ی بانەمەڕی ١٣٤٦ لە گوندی ساکان شەهید بوون ) و یەکێک لە هاوکارە فەعال و چالاکەکانی هاوڕێیانی حیزبی دەبێ . بەڵام کاتێک کە نەحۆ و ئەوان شەهید دەبن ،بەر لە چەند ڕۆژێک  ئەحمەد لە لایەن نەحۆ پاشۆ وە بۆ کارێک نێردراوەتە لای مەلای دێلەزی . ئەو مەلا لە گەل ئەوەی بینایی نەبووە ، بەڵام نیشتیمان پەروەرێکی ناسراوی ناوچە و لە ئەندامانی ئەوکاتی حیزب بووە( نەقلی قەول لە بیرەوەریەکانی ئەحمەد مەردی) .

bizama_rahman
شەهید نیزام و شەهید عەبدورەحمان ئەنساری

ئەوەیە ئیدی دوای شەهید بوونی نەحۆ پاشۆ و ئاشکەرابوونی ئەو وەک فەعالێکی  تەشکیلاتی حیزب ، هەتا سەرکەوتنی راپەرینی گەلانی ئێران ، ئەحمەد بە تاقی تەنیا و بە تفەنگی بۆڕنۆی ١٧  ڕەقەمی خۆی ( بەو بۆڕنۆیەیان دەگوت: کچیک چاپ، زۆر کەسیش پێی دەگوت بۆرنۆی دێمۆکرات، واتە هی سەردەمی  کۆماری کوردستان )   لە شاخەکانی شپیران و بەشی زۆریشی لە سەرئەلباکی باکووری کوردستان تێپەڕ کرد.

ڕاست لە کاتێک دا کە ئەحمەد مەردی (عەکۆ) هاوکار  و هاوڕیی ئەو تیمە لە پێشمەرگەکانی حیزب بوو کە نەحۆی پاشۆ ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب بەرپرسیان بوو  و بەداخەوە شەهید بوون ، نیزام لە دایک دەبێ .

نیزام زیاتر لە ١٠ ساڵ تەنیا چەند جارێک باوکی دەبینێ ، بەڵام هاوکات دەرس دەخوێنێ تا ڕاپەرینی گەلانی ئێران بە دژی پاشایەتی سەرکەوت ، نیزام کلاسی پێنجی سەرەتایی تەواو دەکات و ئیدی مەدەرەسە نامێنێ .

ڕێژیمی شا رووخابوو ، خەباتی ئاشکەرای حیزب دەستی پێکردبوو ، تێکۆشەری دێرین سەننار مامەدی لە زیندان ئازاد بوو  و دە هەوڵی دەست پێکردنی خەباتی حیزبی بوو. یەکەم سەردانی سەننار مامەدی ، ئەحمەدیش بۆ زیندووکردنەوەی بیرەوەریی کۆماری کوردستان ، هاوڕێیەتیی سەننار مامەدی دەکا بۆ شاری مەهاباد. لەو سەفەرە دا کاک سەننار ڕێوشوێنی دەست پێکردنی خەبات لە گەل ڕێبەریی حیزب باس دەکا و ئەرک وەردەگرێ بۆ جێ بە جێ کردنیان.

ئەوەیە دیسان ڕۆژ  ڕۆژی ئەحمەدە و کۆتایی بە ژیانی تەنایی  دێت و لە گەل کاروانێک لە پێشمەرگەی دێمۆکرات روودەکاتە خەبات و تێکۆشان  و وەک ئینسانێکی بە ئەزموون  و شارەزا لە ناوچە  و پارتیزانێکی جەندین سالە ، ئەرکی نیزامیی پێ دەسپێردرێ و دەبێتەوە فەرماندەری دەستەیەک لە پێشمەرگەکانی هیزی قارەمانی ئەوکات.

کاک ئەحمەد تا ساڵی ١٣٦٣ درێژەی بە پێشمەرگایەتی دا و  بە هۆی پیری و دەست پێکردنی خەباتێکی سەختی پارتیزانی ، حیزب ئیجازەی دا کە بگەڕێتەوە نیو کەس و کاری ، کە وەک خۆی دواتر زۆر جار باسی کردووە  و دەڵێ : من لەو کاتەوە کە کۆتاییم بە ژیانی پێشمەرگایەتی هێنا مردووم( ئەحمەد ساڵی ٢٠١٠ کۆچی دوایی کرد).

هیندێک لە ئەسڵی باسەکە  دوور کەوتمەوە کە ژیاننامەی شەهید نیزام مەردی یە ، بەڵام ویستم ئەوە بە خوێنەر بگەیەنم کە نیزام لە بەر دەستی وەها بابێک دا پەروەردە ببوو  و ئەوە باگراوەندی نیزام و بنەماڵەکەیەتی.

ساڵی ١٣٦٥ ڕیژیم لە ڕەشبگیریی لاوانی کورد دا وەک سەرباز و ناردنیان بۆ بەرەکانی شەڕی ئێران و عێراق دا ، نیزام دەگرێ و دەنێرێ بۆ پادگانی قوشچی و بەشداری ئامووزش دەبێ. کاتێک لە ئامووزش تەواو دەبێ دەینێرن بۆ سەردانێکی بنەمالەکەی بکات و بچێتەوە بە قەول خزمەتی سەربازی.

کە نیزام دێتەو ەماڵ ، ئەحمەد دەڵێ : کوڕم هەر کات مورەخەستی یەکەت تەواو بوو ، بڕۆ پێشمەرگەکان بدۆزەوە و ببە پێشمەرگە. نیزامیش هەر ڕاست بە قسەی دەکا و لە گەلاوێژی ساڵی ١٣٦٥ لە هیزی ئاگری دا چەکی پێشمەرگایەتی دەکاتەوە شان.

نیزام بە هۆی ڕەفتار و هەڵس و کەوتی لە گەل هاوڕێیانی و ئەو باگڕاوەندەی کە هەیبوو ، لە لایەن هاوڕێیانی  وبەرپرسان و ئۆرگانەکانی حیزبی یەوە هەم ئیعتیمادی پێ دەکرا و هەم خۆشیان دەویست .

نیزام گەنجێکی ڕووح سووک ، بە نەزم ، دڵسۆز و فیداکار و دەم بە پێکەنین و مەجلیس خۆش بوو .

دوای ئەوەی کە دەورەی سەرەتایی پێشمەرگەی تەواو کرد ، کە گەڕایەوە هیزی ئاگری ، وەک کەسێکی باوەڕ پێکراو درایە بەشی گومرک و لە گەل مەدەنی جەهاندیدە کاری گومرکیان لە سنوورەکانی سۆما ئیدارە دەکرد. توانیبوویان لە ماوەیەکی کورت دا هەم کار بکەن ، هەم لە نێو خەڵک دا بناسرێن و ببنە جێی ئیعتیمادیش  .

بەڵام بەداخەوە بە هۆی کەمترە خەمی یەک کە خۆیان کردیان ، شەوی ١١ی گەلاوێژی ١٣٦٦ لە ئاوایی سوڵتانی ، مەدەنی جەهاندیدە و نیزام مەردی بە دیل گیران  و بردرانە زیندانی کەنار دەریا چەی ورمێ( گۆلمەخانە) .

لە ماوەی زیندانی کردن دا هەم نیزام و هەم مەدەنی دەکەونە بەر دڕندانەترین ئەشکەنجە و ئازارەوە. بەڵام هاوبەندەکانیان کە دواتر باسی دەکەن ، دەڵێن نە مەدەنی و نە نیزام  ئامادە نەبوون لە بیروو باوەڕیان و لە ڕێبازیان پاشگەز بنەوە  وهەمیشەش بەرەنگاری جەللادەکان دەبوونەوە. بۆیە ئەوانیش هەرچی نەوعی شکەنجە بووە لە سەر مەدەنی و نیزام جێ بە جێ کردۆتەوە.

بەداخەوە مەدەنی لە زستانی ١٣٦٧ و نیزامیش لە بەهاری ساڵی ١٣٦٨  و لە زیندانی ورمی ئیعدام کران.

ناو : نیزام مەردی

ناوی دایک و باوک : گوڵێ و ئەحمەد(ڕووحی هەردووکیان شاد بێ )

 شوێن و ساڵی لە دایک بوون: گوندی شێرەنی  سەر بە شاری سەڵماس ١٣٤٦

خوێندەواری : پێنجی سەرەتایی

ساڵی بوونە پێشمەرگە  و شوێنی خزمەتی: هاوینی ساڵی ١٣٦٥ هیزی ئاگری

ئەرکی لە حیزب دا : پێشمەرگەی بەشی گومرک

 ڕیکەوت و شوێنی ئەسیر بوون : ١١ی گەلاوێژی ١٣٦٦ گوندی سوڵتانی

چۆنیەتی شەهید بوون و شوێن و ڕێکەوتی شەهید بوون: ئیعدام ، لە شاری ورمێ ، بەهاری ١٣٦٨

شوێنی گڵکۆ : نادیار

یادی نیزام بەخێر

  —————————————–

medeni_qasmlo

 مەدەنی جەهاندیدە کێ بوو!

گوندی گۆدەل پێک هاتووە لە یەک بنەمالە ،واتە هەموو خەڵکی ئاوایی یەک بنەماڵەن کە پییان دەڵێن: بەگزادە و نەوە و نەتیجەی میری قەلای بێردووکن  . گەورەکانیان سەردەمانێک قەلایەکیان دروس کردووە کە ئیستا بەشێکە لە ئاسەوارەتۆمار کراوەکانی (UNSCO)و ئەوە لەم وێنانەش دا دەیبینن. ئەو قەڵایە نە تەسلیمی عوسمانیەکان بووە و نە سەفەوی ، بە داخەوە بەدەستی کورد و وەک ئەوەی باسی دەکرێ میری قەڵایەکی دیکەی کوردی(قەڵای خۆشەب) لە بەین براوە وپاشماوەی خەڵکی قەڵای بانەگێ( قەڵای بێردووک) دواتر گوندی گۆدەلیان لە چەند کیلۆمەترێک ئەولاتر دروست کردووە کە تا ئێستاش لەو شوێنەی باب وباپیرانیان ژیان بەسەر دەبەن.

مەدەنی جەهاندیدە کوری تەسلیم  و لە دایک بووی ئاوایی گۆدەل(جار وبارەش پێیان دەگوت شکۆ واتە شوکری) ، سەرەتای ڕاگەیاندنی  خەباتی ئاشکەرای حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران و پێک هاتنی ڕێکخراوەکانی حیزب لە شیمالی کوردستان ، ساڵی ١٣٥٨ روودەکاتەوە پێشمەرگایەتی و چەکی بەرگری لە ماف و کەڕامەتی گەلەکەیلە شان دەکا.

بنەمالەی مەدەنی لە نێو خەڵکی سۆما دا بنەماڵەیەکی ناسراو جێی ڕێز و متمانەی خەڵکی دەڤەرەکە بوون و هەن. بۆیە مەدەنی ەهر زوو وەک پێشمەرگەیەک لە نێو خەڵکی دا وەرگیرا و بووبە خۆشەویستی خەڵک.

مەدەنی نەخوێندەواربوو ، بەڵام بە هەموو وجوودیەوە هەستی بە ژێر دەستەیی و چەوساوەیی نەتەوەکەی کردبوو ، لە پێشمەرگایەتی د ائینسانێکی خاکی و بە پڕەنسیپ و دڵسۆز بوو. لە هەموو هەلومەرجێک دا لە گەل حیزبەکەی بوو و بە بێ هیچ چاوەڕوانییەک خەباتی دەکرد. لە سۆما و برادۆست ئەرکی پێشمەرگایەتی بەڕێوە دەبرد.

مەدەنی چەند جار لە شەڕ و بەرگری لە کوردستان دا بە سەختی بریندار بوو، بەڵام هەموو جارێ لەگەل ساڕێژ بوونەوەی برینەکانی ، دەگەڕایەوە سەنگەری خەباتی و ئەرکەکانی بەڕێوەدەبرد.

ساڵی ١٣٦٠ بەهۆی ڕووداوگەلێک کە حیزبی توودە و هیندێک دەرەبەگی ناوچە ، ومیوانێکی کوردی بزۆز و خۆ بەدەستەوە دەری خاوەن سابیقە، حیزب بۆ ماوەیەکی ناوچەکانی شیمالی کوردستانی بە جێ هێشت. دوای چەند مانگ بە هۆی ژمارەیەک لە تێکۆشەرانی بەوەفای دێمۆکرات دووبارە خەباتی حیزب دەستی پێکردەوە کە مەدەنی یەکێک لەو ژمارە کەمە تیێکۆشەرانەی دێمۆکرات بوو. هەتا ئێستاش خەڵکی ناوجە باس لە دڵسۆزی و لە خۆربوردووی مەدەنی دەکەن و بە ڕێزەوە یادی دەکەنەوە.

 (٣٠ جۆزەردانی ١٣٦٣) لە کاتێک دا هێرشێکی بەرین( عملیات لیلەالقدر) کرابووە سەر ناوچە ئازاد کراوەکانی شیمالی کوردستان ، مەدەنی لە گەل هاوڕێیەکی دیکەی بە دیل گیران بەڵام دوای چەند ڕۆژ بە جۆرێکی زۆر زیرەکانە خۆیان ڕزگار کرد و گەیشتنە هاوڕێیانیان .

مەدەنی ئاسەوارەکانی برینداری وای لێکردبوو کە ماوەیەک پەکی کەوت و لە ئاسیشگای حیزب دانیشت. بەڵام پاش چەند مانگێک دووبارە لە هیزی شەهید سەرگورد عەبباسیی ئەوکات دا خەباتی خۆی درێژە پیدا.

بەهاری ساڵی ١٣٦٥کاتێک مەڵبەندی شیمال پێک هات ، بەهۆی ئەوەی کە کاک عەلی کاشف پوور(شەهید عەلی) بەرپرسی مەڵبەند لە نیزیکەوە مەدەنیی دەناسی و زۆری متمانە پێبوو، بردیە مەڵبەند و وەک بەرپرسی پێشمەرگەکانی مەڵبەند خزمەتی دەکرد و زۆربەی مەئمووریەتەکان لە گەل کاک عەلی دەبوو.

سازماندەهی بەهاری ساڵی ١٣٦٦ مەدەنی دیاری کرا بۆ بەرپرسی گومرگی ناوجەکانی سۆمان و نیزام مەردیش یان وەک هاوکار بۆی دیاری کرد.

medeni_cehandide1

دوای ماوەیەک کار و خەبات لە بەشی گومرک ، بەداخەوە شەوی ١١ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٦٦ لە ئاوایی سوڵتانی بەهۆی کەمتەر خەمییەکی خۆیان و خاوەن ماڵ ، لە ماڵێک دا بەدیل گیران و بردرانە زیندانی ورمێ.

ئەوان بە دڕندانەترین شێوە ئەشکەنجە کرا. بەتایبەتی مەدەنی کە پێشمەرگەیەکی دێرین و هەزاران ڕازی حیزبی لە سینگی خۆی دا تۆمار کردبوو، ئەوەی ئەشکەنجە بوو لە سەری تاقیکرابووە وە، بەڵام مەدەنی وەک کیوی سەرکەش ڕاوەستا و تەسلیمی ویستی ئەوان نەبوو، تا سەرەنجام لە زستانی ساڵی ١٣٦٧ ئیعدام کرا و مەدەنیش چووە ڕیزی کاروانی شەهیدانی سورخەلاتی حیزب و گەل.

ناو: مەدەنی جهەنادیدە(شکۆ) 

ناوی باوک : تەسلیم

شوێنی لەدایک بوون: گۆدەل

شوێنی گیران: سوڵتانی

چۆنیەتی شەهید بوون: ئیعدام زیندانی ورمێ زستانی ١٣٦٧

گڵکۆ: نادیار

یادی مەدەنی بە خێر و ڕێگای خەباتی پڕ ڕێبوار بێ

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی