زمانی هەڕەشە و گوڕەشە و، ئەو وتارانەی بۆنی خوێنیان لێدێ و .. وتارە زیاتر ورووژێنەر و فیتدەرەکانی مامۆستایانی پێشنوێژی مزگەوتەکان، لە نوێژەکانی رۆژانی هەینیدا و .. لێدوانەکانی سەرکردەکانی مانگرتووەکان و .. هەڕەشەی بە کارهێنانی چەک لە لایەن سەرکردەکانی هۆزە عەرەبە سونییەکانەوە لەلایەکەوە .
. قسە و لێدوان و هەڕەشەکانی مالیکی و هاوشیوەکانی لە لایەکی ترەوە .. بوونەتە هۆی، خوێن بە فیرۆدان و ، گیان لە دەستدانی هاوڵاتیان و ، خزبوونەوەی وڵاتیش بەرەو تاریکی و بێسەرەوبەرەیی و لە دەستان .. هەر وەکو چۆن خەونەکانی خەڵکی ، لە حکومەتی بەش بەش و ، گەنەڵی و ، شکسهاتوو ، ونبوون و نەهاتنەدی.
ویژدانە زیندووەکان ، هاواردەکەن و داوا لە هەمووان دەکەن ، ئەوە بێننەوە یادتان کە ئێوە رۆڵەی گەلێکن و ، خاوەنی هیوا و مێژوو و ئایینێکن ، کە خوێنڕشتنی بە ناهەقی حەرام کردووە .. سوپاکەشتان سوپای عێراقە و ، سوپای مالیکی نییە هەروەکو هەندێ کەس وای ناوی دەبەن .. نووری مالیکی دەگۆڕێت و نامێنێت ، بەڵام مادام عێراق ماوە سوپاش دەمێنێت .
لەسەر رۆڵە جوامێرەکانی عێراق پێویستە ، بواری ئەو هەلپەرستانە نەدەن ، کە بارو دۆخەکە بقۆزنەوە و ، سوپا لە ڕێ دەرکەن و ، تووشی شەڕێکی ناوخۆیی بکەن و ، هەمووانی پێوەی بگلێنن و ، بکەوینە ململانێ و بەربەرەکانی یەکتری .
عێراق داواتان لێدەکات ، غیرەتان هەبێ و ، خوێنڕشتن رابگرن .. وا دە ساڵە ، وڵات لەت لەت دەبێ .. بە فیڕۆ خوێنی هاوڵاتییان دەڕێژرێ و ، بەبێ نرخ دەمرن .. نە پرۆژەی ژێرخان و بنیاتنان هەیە ، نە ئاوەدانی و گەشەکردن بوونیان هەیە .. سامان و خێروبیری ئەم وڵاتە ، بەشی هەژاران .. لەلایەن سیاسییەکان و سەرکردە تایفییەکان و سەرکردکانی کوشتن و بڕین و تاوانەوە ، دەدزرێن .. هەر وەکو سیاسەتمەدار دکتۆر (عادیل عەبدولمەهەدی ـ جێگری پێشووی سەرکۆماری عێراق ) وەسفی دەکا و دەڵێ: “حکوومەتێکی بێدەسەڵات ، کە لە دابینکردنی ئاساییش و لە خزمەتگوزاری و لە کۆمەڵایەتیدا شکستی هێناوە ..”
وەکو ئەرکێکی نیشتمانی و رەوشتی ، داوا لە هەمووان دەکەین ، لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا بیڕووخێنن .
داوا لە هەموو رۆڵە سەربەرزەکانی وڵاتی دووڕووبار دەکەین ، کە ئاگری شەڕ و بەربەرەکانی تایفی بکوژێننەوە ، ژیرانە رەفتاربکەن و ، بەزەییتان بە خەڵکی بێتاوندا بێتەوە .. با چیتر تەڕ و وشک پێکەوە نەسووتێن .. برایەتی راستی و هاووڵاتیبوونتان بێننەوە بەرچاوتان .. کە هەموو رۆڵەکانی ئەم گەلە یەک دەخات .
داواش مالیکی دەکەین کە بە خۆیدا بچێتەوە و ، ئاقڵ بێت و ، بە دەنگی ئەو هەوڵ و دەستپێشکەرییانەوە بچێت ، کە دەیانەوێ بارودۆخەکە هێوربکەنەوە .
پێویستە سوپای عێراقیش ، لە ململانییە سیاسییەکان و لە لێدانی گەل و لە لایەنگیریی تەرفێک و ، لە توندوتیژی و ، لە بە کارهێنانی چەک بۆ سەرکوتکردنی هاوڵاتیان خۆی بە دوور بگرێت و لە ئەرکی نیشتمانیی سۆپا لانەدات و ، خۆی نەخاتە لیستی رەشەوە .
ئەو تاوانانەی کە ( سەدام ) ی دیکتاتۆر ، دەرهەق بە گەلی عێراق کردنی ، ئەمە لە مالیکی قبووڵ ناکەین .. با مالیکی چارەنووسی رەشی دیکتاتۆری گۆڕبەگۆڕ سەدام بێنێتە یاد و بەرچاوی خۆی .
(*) ئەم نووسینە ، لە نووسینی ( فلاح المشعل) ە ، کە لە ( ٢٨ / ٤ / ٢٠١٣) دا ، لە ماڵپەڕی ( کتابات ) دا ، بە زمانی عەرەبی بڵاوی کردۆتەوە .. بە کەمێک دەستکارییەوە گۆڕیومەتە سەر زمانی کوردی .