شەوی ٣٠ی رەزبەری ساڵی ١٣٦١ی هەتاوی مۆڵگەی ”خەتای”یان گەماڕۆدا و ئاوربارانیان کرد.
هەڵمەتی دڵێرانەی پێشمەرگە کانی هێزی شەهید ”پێشەوا” قینی خەڵکی ناوچەکەی لەسەر پشتی دوژمن کردە گڕ و گەلێک مۆڵگە و حەشارگەیان بەسەردا رووخاندن .
بەرەو رۆژ فەرمانی پاشەکشەیان دا ، لە گەڕانەوەدا هاورێیەکی ئیسماعیل بە گوللەی دوژمن پێکرابوو . هەر بۆیە وێرای دوو هاورێیتری هەوڵی ڕاگواستنیاندا . لە دەورەی سەنگەرەکان هەرسێکیان کەوتنە بەر گوللەی دوژمن و بریندار بوون . بەیانی بە برینداری دوژمن چاویان دەکا و پەلاماریان دەدا و بەڵام کوڕە بریندارەکانی چۆمی مەجیدخان ڕەوەی پەلاماردەرانیان تێک شکاند ، بە شکاوی لە دوورەوە بە تۆپ و خومپارە سەنگەری پێشمەرگە لە خوێن شەڵاڵەکانی هێزی پێشەوایان گوللە باران کرد .
ئەوان جارێکی دیکەش بریندار بوونەوە ، بەڵام بە ورە و ئیمان بە خەباتی رەوایان هەروا گەرم و گوڕ بوون و بە زام و برین سارد نەبوونەوە هەموویان دەستەملانی تفەنگەکانیان دوا گوللەکانیان کردە میوانی گیانیان و خاکی ” خەتایی” بۆیان بوو بە سەنگەری ماڵاوایی . کە شەهید بوون بە بەژن و باڵا بۆ نیشتمانەکەیان بوون بە ئاڵا و خاش خاشی داوێنی خەتایی ، گوڵی خوێنی شەهیدانی لەسەردا .
ئەو بەیرەقە پشتوێنی گزنگی لە کەمەردا ، ڕوانی لەسەر کەسکی زەمەن تیشکی هەتاوی ، وێنەی نەبووە و نابێ لە مەڵبەندی سەفەردا .