مستەفا هیجری سەرۆكی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران ڕایدەگەیەنێ بڕیاری خەباتی چەکداریان لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران نەداوە و لەبەر هەرێمی كوردستان ئەوە ناكەن.
دەشڵێ ئێران ئەوەندەی بۆی بکرێ دژایەتی سەربەخۆی كوردستان دەكات و ئاژاوە دەنێتەوە.
هیجری لەبارەی دەستپێکردنەوەی خەباتی چەکداری حیزبی دیموکرات دژی ئێران، لە لێدوانێکیدا بۆ (باسنیوز) گوتی لە یەکەم ڕۆژەوە بڕیارمان دا خەباتی چەکداری ڕابگرین خەباتی چەکداریمان ڕەت نەکردووەتەوە، بەڵکو وەکو شێوەیەک لە خەبات بەکاری دێنین بۆ بەدەستهێنانی مافەکانمان لە ڕۆژهەڵات.
گوتیشی “بەهۆی هەلومەرجی سیاسی لەلایەک و هاتنە پێشەوەی بارودۆخێکی تر لە هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران کێشە بۆ هەرێمی کوردستان دروست نەکات، بەشێوەیەکی جیدی خەباتی چەکداریمان ڕاگرتووە“.
هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە بەهۆی هەلومەرجی هەرێمی کوردستان و ئێران، سەركردایەتی حیزبی دیموکرات گەیشتە ئەو بڕوایەی پێشمەرگەکانیان بنێرنەوە نێوخۆی کوردستان، نەک بۆ شەڕ، بەڵکو بۆ تێکەڵاوبوون لەگەڵ خەڵک و بەرەو پێشبردنی ئامانجە سیاسییەکانی حیزب، لەو کاتەشدا ئەگەر ئێران هێرش نەکاتە سەر ئەو گرووپە، ئێمە نامانەوێت شەڕی چەکداریان لەگەڵ بکەین. بەپێچەوانەوە ئەگەر بیانخەنە ژێر هێرش، بێگومان ئەوان بەرگری لە خۆیان دەکەن.
مستەفا هیجری ئاماژەی بەیەک نەگرتنەوەی هەردوو باڵی حیزبی دیموکرات و نەبوونی بەرەیەکی یەکگرتوو لە نێوان حیزبەکانی ڕۆژهەڵات دا و بۆ چەند هۆکارێكی گەڕاندەوە. بەڵام گوتیشی “ئێستە بەشێوەیەکی گشتی لەناو هێزە کوردییە ئۆپۆزسیۆنەکانی ڕۆژهەڵات کێشە و جیاوازی بیروبۆچوون نییە لە بارەی پەیوەندی لەگەڵ ئێران، بەڵكو لەبارەی مافەكانی نەتەوەی کوردەوە هاوڕاین و لە زۆر شتیشدا هاوکاری یەکترین“.
هەروەها گوتی “ئێمە وەکو بەرەیەکی یەکگرتوو نین، بەڵام هیچ کێشەیەک لەنێوانماندا نەماوە. ئێستەش لەگەڵ حیزبی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ڕۆژهەڵات هاوپەیمانیمان هەیە“.
هیجری گوتی “لەلایەکی تریشەوە ناکرێت هەموو بەرنامەکانمان ڕابگرین تا ئەو لایەنەی کە لە حیزبی دیموکرات جودابووەتەوە لەگەڵیان یەک بگرینەوە یان تا ئەو کاتەی بەرەیەک پێک بێت. بەڵکو پێمان وایە کە دەبێت هەر کامێکمان بەپێی بەرنامەکانی خۆمان بچینە پێش لە دژی ئێران. لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵ بدەین بۆ لێک نزیکبوونەوەی زیاتر لەگەڵ ئەو برادەرانەی کە لەئێمە جودابوونەتەوە و لەگەڵ لایەنەکانی تریش دەبێ هەردوو تێکۆشان بەیەکەوە بچێتە پێشەوە“.
سەبارەت بە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە کوردستان لە داهاتوودا و دەستێوەردانی ئێران لەو مەسەلەیە، مستەفا هیجری گوتی ئێران دژی مافەکانی کوردە لە هەر بەشێکی کوردستان بێت، ئەوەندەی بۆی بکرێت دژایەتی دەکات و هەوڵ دەدات ئاژاوە بنێتەوە بۆ ئەوەی نەتوانن ئەو ئامانجە بگاتەجێ. بۆ ئەوەش ئێمە دژی هەموو بەرنامەیەکی ئێرانین کە بەپێی ئایدۆلۆژیای خۆی دژی ئازادی و ئاشتی و سەقامگیریە بەتایبەت دژایەتی کردنی مافەکانی کورد لە باشووردا.
سەرچاوە: باس نیوز، محهمهد دهرگهڵهیی