لە کولتوری سوێدی دا ژمارەی ١٧وەک ژمارەی١٣لە کولتوری کوردەواریدا نەحس و ناحەز و نەویستە .ئەگەر لە نەهاتێک یا کەسێک تووڕە بن نەفرین و جنێو دژنێوی گرانیان ١٧،خوتۆنە .

مەلا حەسەن شیوەسەڵی
سەیرە بۆ منی کورد ئێستا نەک هەر ژمارەی ١٧ و ١٣ بەڵکو ژمارە ١٦ شی هاتۆتەسەر. ئەم ژمارەی ١٧ و ١٦ لە ژمارە ١٣ نەک هەر نەحسترن. بەڵکو ناخۆشەویستترن، ڕەنجاوەرترن، دژن، دوژمنن،… ١٧ی سێپتامبری ١٩٩٢ زایینی ڕۆژی شەهیدکرانی ڕێبەری هەرە لێهاتوو و لێوەشاوەی کورد دوکتور سادقی شەرەفکەندی و هەفاڵانییەتی لە بەرلین. ١٧ ی ١٣٩٧ هەتاوی ڕۆژی هێرش دەکرێتە سەر پۆلێک لە کادر و پێشمەرگەکانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێرانە لە دەروازەی شاری کۆیە. لەم ڕۆژە دا لە جەنگەی نیوەڕۆدا خوێن دەبێت بە ئاو و دۆست بە نەیار و برا بە دوژمن و بە بەرچاوی خەڵکی شارێکەوە شەهید دەکرێن. … ١٦ی ئۆکتوبێری ٢٠١٧ کارەساتی شەهیدکرانی جەستەی دایکی نیشتمان و بە دەستەوەدانی یەک لە سێی خاک و خەڵک لە باشوور کوردستان. کارەساتێک کە بوو بە زامێکی قووڵی نیشتمانی و ڕووشان و خرۆشانی هەست و نەستی نەتەوەیی. نەنگێکی نەتەوەیی بە گرانی سەنگیی زەوی و مانگ و ئەستێران، ئازارێکی هەزار ساڵەی خاک و پاک و ئاو و ماوی هەموو بست بە بستی نیشتمان و هەموو تاکێکی کورد. ١٦ی دێسامبری ١٩٨٧( ۱٦ی سەرماوەزی ۱۳٦٦ی هەتاوی) ڕۆڵەی نەسرەتوو و پێشمەرگەی هەمیشە سەرکەوتوو کاک مەلا حەسەن شیوەسەڵی هێرشی تێڕۆری دەکرێتەسەر و ئەوە ٣٠ ساڵە هەموو چرکەی کاتژمێران، هەموو کاتژمێرانی شەو و ڕۆژان، هەموو ڕۆژانی هەفتە، هەمووهەفتەی مانگان، هەموو مانگی هەموو ساڵان و ساڵان بە سی… شەهید دەکرێت و زیندوو دەبێتەوە… شەهیدێکی زیندوو، زیندوویەکی شەهید… بەڵام بۆتە قارەمانێکی ڕاستەقینەی ئازا و شیاوترو سەربەرز و ئینسانیتر… لە هەموو قاڕەمانە ڕاستەقینە و ئەفسانەکانی نەتەوەکانی جیهان کە بوونەتە سێمبولی لێهاتووی نەتەوەی خۆیان و جیهان. ئەمڕۆکە هەموو ئەو بوونەوەر دوو پێیەی کە ناوی ئینسانی لەسەرە چ مردوو و نووستوو و چ زیندووی ئەم جیهانە دەزانن شەهیدەکان هەر هەمان کەس و هی هەمان نیشتمانن و بکوژەکەش هەر هەمان بکوژە!
شیوەسەڵی! تۆ! ئازای ئازایان ئێرەییت پێ دەبەن، ئەوەندە شەهید بووی شەهادەت شەرمەزارتە. ئەوەندەت ئازار کێشاوە ئازاریشت بەزاندوە و لە دەستت بێزارە . تۆ هەر زیندووی، هەر ماوی و هەر دەمێنێ…

ئەحمەد کاکەمەمی
2017/12/13