"an independent online kurdish website

لە ساڵی ١٩٨٨ کۆمەڵکوژییەکی گەورە بە فەتوای خومەینی و بە فەرمانی لێژنەیەکی چوارکەسی کە بە “لێژنەی مەرگ” ناوبانگی دەرکردووە، لە بەندیخانەکانی ئێراندا ڕووی دا.

 لە دەرەنجامدا زیاتر لە ٣٠ هەزار کەس لەژێر ئەشکەنجەی بێبەزیییانە و بە تیرباران و هەڵواسین بوون بە قوربانی.

ئەم کۆمەڵکوژییە لە ئاستی جیهانیدا بە کۆمەڵکوژی دژ بە مرۆڤایەتی و بە تاوانی جەنگی هەژمار دەکرێت.

ئەم تاوانە دەچێتە ژێر بڕگەی “پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان کە تاوانی جەنگیشی پێ دەوترێت” و بە یەکێک لە تاوانە هەرە گەورەکان هەژمار دەکرێت، چ لە گۆشەنیگای نێونەتەوەییەوە و چ لە ئاستی یاسادانانی سویدەوە.

وڵاتی سوید پاڵپشتی لە بڕگەکانی مافەکانی مرۆڤ دەکات و دەسەڵاتی دادوەریی گشتگیری هەیە بۆ تاوانەکانی دژ بە یاسا نێودەوڵەتییەکان یان تاوانی جەنگی، هەر لەبەر ئەوە بۆی هەیە ئەگەر کەسێک لە وڵاتێکی تر تووشی ئەو تاوانانە ببێت و بێت بۆ سوید، سوید بیگرێت و دادگاییی بکات.

“لێژنەی مەرگ” کە لە ئێراندا فەرمانی ئەو کوشتنە دژ بە مرۆڤایەتییەی دەردەکرد، پێک هاتبوو لە چوار کەس. یەکێک لەوان ئیبراهیمی ڕەئیسی سەرۆککۆماری ئێستای ئێران بوو. یەکێکی تریان جەلاد، حەمید نووری بوو.

حەمید نووری، جەلادی ٦١ ساڵەی ئێرانی، لە نۆڤەمبەری ٢٠١٩دا کە بەتەما بوو بە سەردانێک بێت بۆ سوید لە فڕۆکەخانەکەی ستۆکهۆڵم لەلایەن پۆلیسی سویدەوە دەستبەسەر کرا و نێردرا بۆ دادگا بۆ دادگاییکردن.

ئەمە یەکەم جارە کە تاوانبارێکی ئێرانی کە لە کۆمەڵکوژیدا چنگی بە خوێنی خەڵکی بێتاوان سوور بووە لە دەرەوەی وڵاتدا دادگایی بکرێت. هەر بۆیە ئەم دادگاییکردنە، بوو بە دادگاییکردنێکی مێژوویی بۆ وڵاتی سوید.

هەموو ڕۆژنامە و ڕاگەیاندنە سویدییەکان ئەویان بە جەلاد ناودێر دەکرد. حەمید نووری، تۆمەتبار بوو بە: تاوانی گەورەی جەنگی و کوشتن بەهۆی تێوەگلان لە لەسێدارەدانی بەکۆمەڵی زیندانیانی سیاسی لە ساڵی ١٩٨٨.

هەموو ئەو ڕۆژانەی کە حەمید نووری لە ستۆکهۆڵم دادگایی دەکرا، سەدان کورد و ئێرانی و گەلێک ڕۆژنامەوان و هەواڵنێر لە بەردەم دادگاکەدا کۆ دەبوونەوە. چرکە بە چرکە و ڕۆژ بە ڕۆژ دادگایییەکەیان پەیگیری دەکرد. دەیانویست بزانن کەسێک کە فەرمانی ئەشکەنجەکردن و زەبروزەنگ و کوشتوبڕی ئەوانەی دەدا کە تەنیا لە ڕووی بیروبۆچوون و بیروباوەڕی ئایدۆلۆژی و ئایینیەوە لەگەڵ دەوڵەتی تیۆکراتی ئێران ناکۆکییان هەبوو، چۆن دادگایی دەکرێت.

بەپێی وتەی داواکارانی گشتی و شایەتحاڵەکان، حەمید نووری یاریدەدەری جێگری داواکاری گشتی بوو لە زیندانی گۆهەردەشت و لە نزیکەوە کاری لەگەڵ ئەو کۆمەڵە کەسە دەکرد کە فەرمانی لەسێدارەدان دەردەکەن، ئەو گرووپەی کە بە “لیژنەی مەرگ” بەناوبانگ بوو.

بەپێی شایەتحاڵەکان، حەمید نووری پێگەیەکی پێشەنگی لە زیندانەکەدا هەبووە.

ڕۆژنامەی ئافتۆنبلادێتی سویدی، لە کاتی دادگاییکردنەکە لە جوولای ٢٠٢٢، لەو بارەوە نووسیبووی:

بەپێی تۆمەتەکە، حەمید نووری، لێکۆڵینەوەی لەگەڵ زیندانییەکان کردووە، ئەشکەنجەی داوە، هەڵیبژاردووە کێ بخرێتە بەردەم لیژنەی لەسێدارەدان.

ناوی ئەو خەڵکەی بانگ دەکرد کە بڕیار بوو بکوژرێن. لە پێشدا وای دەکرد کە چاوی زیندانییە مەحکوومکراوەکان ببەسترێت، ببرێن بۆ شوێنی لەسێدارەدان و لەوێ هەم سەرپەرشتیی تیربارانەکان و هەمیش سەرپەرشتیی هەڵواسینەکانی دەکرد.

ئەم ڕۆژنامەیە لە بەشێکی تر لە ڕاپۆرتەکەیدا دەنووسێت:

بەپێی شایەتییەکان، حەمید نووری پێشتر بۆ ئەو کەسانەی کە بڕیار بوو هەڵواسرێن، ڕوونی دەکردەوە کە خودی خۆی بە لەقە دەدا لە تەختەکەی ژێرپێیان بۆ جێبەجێبوونی هەڵواسینەکە.

ڕۆژنامەکە هەروەها دەڵێت:

زۆرجار کارمەندانی بەندیخانە بە خواردنی کێک ئاهەنگیان بۆ لەسێدارەدانەکان دەگێڕا. بەپێی شایەتیی زیندانیانی پێشوو، حەمید نووری خۆی کێک بەدەست بە ڕێڕەوەکاندا دەهات و دەچوو.

حەمید نووری بە تاوانی کوشتن و تاوانی گەورەی جەنگی لە ساڵی ١٩٨٨ لە ئێران، واتە کوشتنی بەندییە سیاسییەکان لە بەندیخانەکانی ئێراندا، دادگایی کرا. بۆ هەڵواسینی لایەنگرانی موجاهدینی خەلق لە لایەک و لە لایەکی تریش لایەنگرانی گرووپە چەپییە جۆربەجۆرەکانی تر.

لە دادگاییکردنەکەدا بەڵگەی بەهێز خرایە بەردەست، بۆ وێنە لێپێچینەوە، ڕاپۆرت لەلایەن ڕێکخراوە مرۆڤییە بێلایەنەکان، هەروەها وتار و بیرەوەریی بەندییە پێشووەکانی بەندیخانەی گۆهەردەشت.

حەمید نووری لەو بەندیخانەیەدا کاری دەکرد کە گەلێک لە هەڵواسینەکان لەوێ جێبەجێ دەکران.

ڕۆژنامەی ئافتۆنبلادێت لە درێژەی باسەکانیدا سەبارەت بە دادگایییەکەی حەمید نووری دەنووسێت:

ئەو پیاوە تەمەن 61 ساڵە سزای زیندانی هەتاهەتاییی بەسەردا سەپێنراوە و لە حوکمەکەدا پاساوی بڕیارەکە ئەوەیە کە ئەو بەشداریی لە کردەوە تاوانکارییەکاندا کردووە کە ژمارەیەکی زۆر زۆری خەڵک بەهۆی هەڵوێستی سیاسی یان ئایینییەوە لەسێدارە دراون.

دادگاییکردنەکە ماوەی ٩٢ ڕۆژ بەردەوام بوو و بەگشتی نزیکەی ٧٠ داواکار و شایەتحاڵ لە ناوچە جیاوازەکانی جیهاندا لێپرسینەوەیان لەگەڵ کراوە.

یەکێک لەوانەی کە لە کاتی کۆمەڵکوژیەکەدا لە زیندانەکە بووە و ئەو کەسەی کە وەک یاریدەدەری جێگری داواکاری گشتی زیندانەکە کاری کردووە، بە “سادیست” و “توندوتیژ” وەسف کردووە.

دادگای بەراییی ستۆکهۆڵم زیندانی هەتاهەتاییی بەسەر حەمید نووریدا سەپاند. ئەو دوای تێپەڕاندنی سزاکەی، دیپۆرت دەکرێتەوە بۆ ئێران – و گەڕانەوەی بۆ سوید قەدەغە دەکرێت. و هەروەها دەبێت قەرەبووی کەسوکارەکان و ئەو کەسانەش کە زیندوو ماون و لەو کارەساتەدا نەمردوون بکاتەوە.

بێگومان وەها دادگاییکردنێک کاردانەوەی جیهانیی لێ کەوتووەتەوە و تەنانەت مەترسیی دەبێت بۆ هەموو ئەو کەسانەی تریش کە ئەندامی ئەو لێژنەیە بوون کە پێی دەوترێت “لێژنەی مەرگ”. بۆ وێنە سەرۆککۆماری ئێران ڕئیسی. کە خۆی وتوویەتی کوشتنە بەکۆمەڵەکان ڕەوا بوون چونکە فەتوای بۆ دەرچووە.

ئەم بڕیارە دانپێدانانێکە بۆ ئەو ئێرانییانەی کە وڵاتی ئێرانیان بەجێ هێشتووە و ئەوان ئەو مافەیان هەیە کە ئێران وەک ڕژێمێکی دیکتاتۆری چاو لێ بکەن.

سوید

وڵاتی سوید وڵاتێکە کە ئەشکەنجەکردن و سزای مەرگ تێیدا ڕێپێنەدراوە. یەکێک لەو وڵاتانەیە کە دەسەڵاتی ئەوەی هەیە کە تاوانبارە جەنگییەکان دادگایی بکات. هەوڵی داوە خاڵەکانی مافی مرۆڤ خاڵ بە خاڵ جێبەجێ بکات. خەڵکەکەی وا بار هێناوە کە ڕێز لە مافی مرۆڤ بگرن و هەموو بیروبۆچوونێک ڕێپێدراوە. کەس لەسەر بیروبۆچوونی سزا نادرێت و بەندیی سیاسیی نییە. ئەوانەش کە لە وڵاتەکانی تر گیانیان لەبەر هەر هۆکارێکی ئایینی، ڕەگەزی، زایەندی، بیروبۆچوون و ئەندامبوون لە پارت و حیزبێک، تەنانەت شوودانی زۆرەملێ گیانیان لە مەترسیدایە پەنا دەدات. دوابڕیاری گرنگی سوید ئەوە بوو کە لەبەر ئەو ستەمەی کە تالیبان لە ئەفغانستان لە ژنی دەکات، بە هەموو ژن و کچێکی ئەفغان پەنابەری دەدات. واتە تەنیا ژنبوون یان کچبوون بەسە کە ئەفغانێک لە سوید پەنابەری بگرێت.

لە زیندانەکانی سویددا سەردانی ڕێکخراوە خێرخوازەکانی وەک مافی مرۆڤ و خاچەسوورە و هتد ئازادە و ئەوان بەئاسانی سەردانی بەندیخانەکان و بەندییەکان دەکەن بۆ ئەوەی لە حاڵ و تەندروستیی و قسە و دەردەدڵی بەندییەکان ئاگادار بن.

لەم ڕۆژانەدا وتەبێژی دەسەڵاتی دادوەری (سخنگوی قوه قضاییە)ی ئێران، مەسعوود ستایشی، لە ڕاگەیاندن و چاپەمەنییەکانی ئێراندا بە درۆ و بێ شەرمکردن هەرایەکی ناوەتەوە کە گوایە سوید هەموو جۆرە ئەشکەنجەیەکی حەمید نووریی کردووە و ناهێڵن لەگەڵ بنەماڵەکەیدا پێوەندیی هەبێت.

هەروەها لە درۆیەکی تریدا دەڵێت: لەم دواییانەدا پیاوێکیان هێناوەتە ناو ژووری بەندیخانەکەی بۆ ئەوەی ئەو ئەشکەنجەی ڕۆحی بکات و هەروەها ئەو لە بەردەم زیندانوانە ئافرەتەکان ڕووت دەکەنەوە.

ئەو کەسەی بە سیستەمی سوید ئاگادار بێت دەزانێت کە لە سوید ئەشکەنجە نییە. ژنان مافیان وەک ئافرەت بەتەواوی پارێزراوە، چ لەسەر کار و چ لەناو کۆمەڵگە و خێزاندا. بەهیچ شێوەیەک یاسا ڕێگە نادات کە ژنەکارەمەندێکی بەندیخانە سووکایەتیی پێ بکرێت و پیاوێک بەڕووتی لە بەردەمیاندا بهێنن و ببەن.

ئەم چیرۆکانە تەنیا لە بەندیخانەکانی ئێراندا دەوەشێتەوە کە بەپێی بەڵگە متمانەپێکراوەکان بەندییەکان دەستدرێژیی جنسییان دەکرێتە سەر. لە شارە کوردنشینەکان بەندییە ژن و پیاوەکان بەرانبەر یەکتر ڕووت دەکرێنەوە. بەندکراوەکان لە کاتی ئەشکەنجەکردندا دەستدرێژیی سێکسییان دەکرێتە سەر، فیلمیان لێ دەگیرێت، بۆ ئەوەی دواتر بێدەنگیان بکەن.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕادیۆ فەردا:

٢٨ زیندانیی سیاسیی زیندانی تارانی گەورە لە بەیاننامەیەکدا کە کەوتووەتە دەست ڕادیۆ فەردا، نووسیویانە “ئەوەی لەم فیلمانەدا لە شێوەی ئەشکەنجەی ڕووت و جەستەیی، زەلیلکردن و هەراسانکردندا نیشان دەدرێت، تەنیا بەشێکە لە واقیعی بینراوی ئەو ئەشکەنجەیەی کە دەسەپێنرێتە سەر بەندییەکان و خێزانەکانیان لە ئێراندا. بەڵام ئەشکەنجەدانی دیکەش هەن کە لە هیچ کامێرایەکدا تۆمار نەکراون”.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت: “وێنە ڤیدیۆیییەکانی بەندیخانەی ئێڤین ئەشکەنجەدانی سیستماتیکی لە زیندانەکانی ئێران پشتڕاست دەکەنەوە.”

حکوومەتی سوید لە ڕاگەیاندنێکدا دەڵێت:

لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا دەسەڵاتدارانی ئێران چەندین جار هێزی زیادەڕۆیییان لە دژی خۆپیشاندەرانی ئاشتیخواز بەکار هێناوە. ڕێکخراوەکانی ئێم ئاڕ باس لەوە دەکەن کە نزیکەی ٤٥٠ کەس کوژراون و ژمارەیەکی زۆری دیکەش بریندارن و زیاتر لە ١٨ هەزار کەسیش دەستگیر کراون. دوو کەس لەسەر ئەو کارانەی پەیوەستن بە خۆپیشاندانەکانەوە لەسێدارە دراون، ئەمەش شتێکە کە سوید و یەکێتی ئەوروپا بە تەواوی هێزەوە ئیدانەیان کردووە.

سەیر لەوەدایە کە ئێران بەو هەموو ئەشکەنجە و ملهوڕی و مرۆڤکوژی و سەرکوتکەرییەوە هاتووە ڕادەگەیەنێت کە سوید مافی جەلاد حەمید نووریی پێشێل کردووە.

هەروەها لەبیرمان نەچێت کە بەپێی یاسای ئێران هەر کەسێک کە دژی حکوومەت ڕاپەڕێت بە تاوانی “محارب”، “بغی” و “مفسد فی الارض” سزا دەدرێت کە زۆر جار هەڵواسین، لەخاچدان، بڕینی دەستی ڕاست و پێی چەپە. ئیتر با لەوە لادەین کە زۆر کەس ناگاتە ئەو سزایە و هەر لە سەرەتای دەستبەسەربوون لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی خۆی لەدەست دەدات.

سەیرە سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی حکوومەتێکی وا شەرم ناکات و بە درۆ و دەلەسە و بۆ گۆڕینی ڕای گشتی ڕەخنە لە سوید دەگرێت. سەرکوتەکانی ئەم دوایییە بەسە بۆ دڕندەبوونی حکوومەتی ئێران کە بێشەرمانە لە بەرچاو کامێراکانی دنیاوە ئەو تاوانە وەحشییانە ڕووبەڕووی خەڵک دەکەنەوە و تەنانەت لە کوشتنی ژن و منداڵیش دەست ناپارێزن. 

لە بەندیخانەکانی ئێراندا زیاتر لە ٤٥ جۆر ئەشکەنجە بەرانبەر بە زیندانییە سیاسییەکان دەکرێت وەک:

قامچیلێدان، کوشتوبڕ، هەڵواسین بە بەرزییەکەوە، سووتاندن، بردنی شتی تیژ بەناو جەستەدا، چزاندنی ئاسنی داخ بە جەستە، کێشانی نینۆکەکان، دەرهێنانی قژ، دەستدرێژیی جنسی، دەرهێنانی چاو، بڕینی ئەندامەکانی جەستە، هەڵواسینی ساختە، دەستدرێژیی جنسی بە ژنان لە بەرچاو شووەکانیان، تیربارانکردنی ژنانی دووگیان، سووکایەتی پێکردن. لە بەندیخانەکاندا داوا لە بەندییەکان دەکرێت کە سیخوڕی لەسەر بەندییەکانی تر بکەن و ئەگەر ئامادە نەبن بەوە، ماوەی بەندیخانەکەیان درێژتر دەکرێتەوە. بەندییەکان ناچار دەکەن کە هاوڕێکانی خۆیان ئێعدام بکەن. زیندانییەکان لەبەر ئامادەنەبوون بۆ وتووێژی زۆرەملێ ئەشکەنجە دەکرێن. لەژێر ئەشکەنجەدا بەندییەکان ناچار بە دانپێدانان دەکەن. ئەوانەی کە دەگیرێن بە شەق و لێدان و زەبروزەنگ دەبرێن بۆ دەستبەسەرگە و ئەشکەنجەگەکان.

زۆر جێگەی سەرسوڕمانە کە مەسعوودی ستایشی بە بوونی ئەو هەموو جۆرە ئەشکەنجەیە لە ئێراندا هاتووە سوید دەباتە ژێر پرسیار و بە ئەشکەنجەگەریان ناو دەبات.

***

هیوادارین دادگاییکردنی حەمیدی نووری لە سوید ببێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی سەرانی دیکەی ئێران بە تاوانی مرۆڤکوژی و پێشێلکردنی بێبەزەیییانەی مافی مرۆڤ بکێشرێنە بەردەم دادگاوە.

نووسینی : ئیدریس هاشمی

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی