"an independent online kurdish website

 خوێنـدنەوە ئارەزوو نییە، بەڵکو یەکـێکە لە پێویستییە سەرەکـییەکانی رۆژانەمـان. لە دوای هەڵمـژینی هـەوای پاک و خواردن و خواردنەوە و پۆشـاک و جـێی حەسـانەوە و نووستن و یاریکردن،

 ریـزبەنـدی دێتە سەر خوێنـدنەوە. خوێندنەوە خۆراکی مێـشک و رۆحـمانە. پێـویستییەکی گـرنـگە بۆ زاخـاودان و گەشـەکـردنی هـۆش و هـزر و بـیر و زەینمان. خوێندنەوە کـلـیلی دەروازەی وەرگرتنی زانست و زانیاری و هەموو بەرنـامە ئاکادیمییەکانی ترە. هـۆکارێکی سەرەکی و گرنگە بۆ فـێربوون و خۆڕۆشنبیریکردن و بەرزکـردنـەوەی ئـاستی زانستی گـشـتی و هـۆشـیاریمـان. خـوێـنـدنەوە دەلاقـەیـەکە لە میـانـەیەوە دەتـوانـین زانسـتی و رۆشــنبـیری و داهـێـنان و زادەی ئەنـدێـشـە و بـیری کەسـان و گەلانی تر ببینیـن. خوێنـدنەوە پـلـیتێکی هـەرزانە و دەتـوانیین لە میانەیەوە گەشـت و گـوزەر بـۆ هـەرشـوێـنـێک بـکەیـن.

(فـرانسـۆ ڤـۆڵــتـێر) دەڵـێت:”جـەسـتە بەبێ خـۆراک گـەشـە ناکـات.. ئەقـڵـیـش بەبی خوێنـدنەوە و بیـرکـردنەوە گـەشـە ناکـات”.

(سـوکـرات) دەڵـێت:”کـۆمەڵـگایەک دەبێـت بە کۆمەڵـگایەکی دڵخـواز، کە خوێنـدنەوە بەشێک بێـت لە ژیـانی تاکەکـانی ئەو کـۆمەڵـگایە”.

(گابرێـل فرانک) یش دەڵێت:”ئەگەر پارەت نییە و دەتەوێت گەشت بە جیهاندا بکەیت، هـەر لاپـەڕەی پەرتـووکـێک کـۆڵانـێکی وڵاتـێکە”.

(گـیـم رون) دەڵـێت:”خوێنـدنەوە پێـویستە، بۆ ئـەو کەسـانەی هـەوڵی ئـەوە دەدەن کە باڵاتـربـن لەبـاو”.

(مارگـرێـت فـولـەر) دەڵـێـت:” ئەمـڕۆ خـوێنـەریـت و.. بەیـانی سـەرکـردەیـت”.  

لە ئەمڕۆدا لە هەموو کاتەکانی رابردوو، زیاتر پێویستیمان بە خوێندنەوەی پەرتووک و  بە خۆڕۆشنبیریکـردن هـەیە. لە راستیشدا تەکـنەلـۆژیا، زۆر کەسمانی تەمـەڵ کردووە، چونکە زۆر شـت و زانیاری بە ئاسانی و بێ بیـرکـردنەوە و بێ مانـدووبوون و گـەڕان بە دوایـانـدا لەبـەرسـتـمان دان. بەڵام لەگـەڵ ئەوەشـدا، پێـویستـیمان بە خـوێنـدنـەوەی پەرتـووک هەیە، چونکە هەموو شتێک بە شێوەیەکی دیجـیتاڵی لە بەردەستمانـدا نییە. 

 (رۆزفـێڵـت) دەڵـێت:”کـۆڵـەکەی پێـشکەوتـنی نـوێ.. پەرتـووک و رۆژنـامـەیە”.

گـرنگی و سـوودەکانی خوێنـدنەوە هـێنـدە زۆرن، بە نووسـینێک و دە نووسـین دیاری ناکرێـن. بۆیە لەم نووسینەمـدا زۆر بە کـورتی و بە چـڕی باسی هەنـدێـک لە سـوودە گـرنـگەکـانی خـوێنـدنەوە بـۆ خـوێـنـەران دەکـەیـن:

١ـ خوێندنەوەی رێکوپێک پرۆسەیەکی بایـۆلـۆژی دەمارییە، راهـێنانێکی زۆر باشە بۆ ماسوولکەکانی مێشک. چالاکـییەکانی مێشک بەهـێزتـر و باشتر دەکـات. خوێنـدنەوە وا لە خوێنەر دەکات کە مێـشکی لە بـوارە جیاوازەکانـدا کار بکـات. خـوێنـدنەوە وەرزشی مـێشک و رۆحمـانە، پارێـزگاری لە تەنـدروسـتی ئەقـڵمـان دەکات، هـەروەکـو چـۆن بە وەرزش پارێـزگـاری لە هـێز و جەستە و بەژنمان دەکەین. هـەر بەشێک لە بەشەکـانی جەستە و دەروونمـان بۆ ئەوەی بە تەنـدروسـتییەکی باشـەوە بمێـنێـتەوە، پێـویستی بە وەرزش و راهـێنان هـەیە.

٢ـ خوێندنەوە هـاوبەشە لە دروستکردنی کەسایەتی دروسـت و هـاوسەنـگی خوێنـەر. ئـەوەی حـەز بە خـوێنـدنەوە بـکات هـەمـوو شـتـێکی لـە بەردەسـت دایـە. دەتـوانـێـت لـەرێـی خوێندنەوەوە ژیانت بۆ باشتر بگۆڕێـت. هەمیشەش گەشبین و هیـواخوازبێت. بـڕوا و متـمـانەیەکی زیـاتـریشـت بە خـۆت هـەبـێـت. دان بە ئەســتەمیـشـدا نـانـێیـت.

(ئۆرهـان بامـوک) دەڵـێت:”رۆژێک پەرتـووکێکم خوێنـدنەوە.. هەموو ژیـانم گـۆڕا”.  

٣ـ خوێندنەوە چالاکییەکی خـۆشییە و هـۆکاری خۆشـنوودییە. ئـەو چـێژ و خـۆشـیـیەی کە لە خوێندنەوەدا هەیە، لە هـیج  شتێکی تردا نییە. خوێندنەوەی پەرتـووک یارمەتی دەروونی خوێنەر دەدات، لە کاتی خوێندنەوەدا هەسـت بە خـۆشی و بە شادییەکی زۆر دەکات. هەسـت بە تەنیـایی ناکـات و وادەزانێـت لەگـەڵ نووسـەری پەرتـووکەکە دایـە.

(ماری بێسون) دەڵێت:”کە فێری خوێندنەوە بووم، هەموو جیهان بە روومدا کرایەوە”.

(گین هامیڵتۆن) دەڵێت:”پەرتووک کلیلی جیهانی بەرینە. گەر ناتوانیت هیچ کارێکی تر بکەیـت تا دەتـوانیـت بخـوێـنـەوە”.

(یوسـف کۆنـراد) دەڵـێت:”نووسەر تەنها نیـوەی پەرتـووکەکەی دەنووسێت، نیوەکەی تـری خـوێنـەر دەینـووسـێـت”.

٤ـ خوێنـدنەوە ئارامی و هـێوری بە خوێنـەر دەبەخـشێت. خوێنـدنەوە رۆڵێکی گرنگ و سـەرنجـڕاکـێشی لە کـەمکـردنـەوە و لە چـارەسـەرکـردنی تـێکچـوونی بـاری دەروونی و جەسـتەییـدا هـەیە. کـاریگەریی لە کەمکـردنەوە و خـاوکـردنەوەی پەستانی خـوێن و فشاری دەروونی و دڵەڕاوکی و سترێسی و بێزاری و بێ هیوایی و خەمۆکی و تەنیاییدا هـەیە. خوێندنەوە سوودێـكی گرنگی تری هـەیە، رێگـری لە تـووشبوون بە نەخـۆشییە مـۆدێـرنەکـانی وەک لەبـیـرکـردنـەوە (زەهـایـمـەر) دەکـات. ئـەو کەسـانەش کە لەپێـش نووستندا خوێندنەوە بـووە بە نەریتیان، بە شـێوەیەکی باش جەستەیان بـۆ نووستنێکی تەنـدروسـت و خۆش ئامـادە دەبـێـت.

(ناتـالی بابیـت) دەڵێت:”خوێنەران بەخـتەوەرن.. هەرگـیز هەست بە بێـزای و تەنییایی ناکەن”

٥ـ خوێنەر لە رێی خوێندنەوەوە، زانست و زانیاری زیاتر بەدەست دەهـێنێت. شتێک لە هەموو شـتێـك فـێردەبێـت، هـەموو شتێکیش لە شـتێک فـێردەبێت. ئاسـۆی بیرکـردنەوە و خەیاڵ و توانای شیکـردنەوە و لێکـدانەوە و رەخـنەی لـۆژیکی و سەرنج و روانینین و تێگەیشتنی فـراونـتر دەبـن. تا بابـەتی هـەمەڕەنـگەی زیـاتر بخـوێنـێـتەوە، زۆرزانتـر و کراوەتر دەبیت و بانکگـراونـدێکی رۆشـنبیریی دەوڵەمەندتری دەبێت. ئاست و رێژەی  زرنـگی و زیـرەکی و هـۆشـیاری و سەرنـج وردی و هـەسـتـەکانت بەرزتـر دەکـاتەوە.

(ئەبـرەهـام لینکـۆڵـن) دەڵێت:” ئەو شتانەی کە دەمەوێت بیانـزانم لە پەرتووکـدا هەیە، خۆشەویسترین هـاوڕێـم، ئەو هـاوڕێیەیە پەرتـووکێکـم بۆ بێنێت کە نەمخوێندۆتەوە”. 

٦ـ دەشێت خوێندنەوە، خوێنەر بەرەو جیهانێکی نوێ پەلکێش بکات، بەرەو داهـێنان و ئافـرانـدن و بۆ بیرکـردنەوەیەکی قـووڵـتری بەرێـت. پەرە بە خەیـاڵ و داهـێنانی بـدات.

٧ـ لەرێی خوێنـدنەوەوە، فـەرهـەنگی وشەکـانی خۆێنـەر بە وشـە و بە زاراوەی تـازە دەوڵەمەنـتر دەبێـت، توانایەکی زمانی باشتری پێدەبەخشێت. پـەرە بە وشەسازییەکانی دەدات. باشـتر دەتـوانێـت گـوزارشـت لە بیـر و هـزر و ئەنـدێشـەی خـۆی بـکات. ئەو هەلەشی بۆ دەڕەخـسێنێـت کە بیـر و را و زانستیـیەکـانی بە کەسـانی تـر بگـەیەنێـت.

٨ـ خوێنەری هـەمیشەیی، شـان بە شانی خوێنـدنەوە، شـارەزاییەکی باشـتر و زیـاتری لە نووسیندا دەبێت. چونکە لەڕێی خوێنـدنەوەوە، ئاشنای رێباز و شـێواز و تەکـنیکی جیاوازی نووسەران دەبـێت. بە دڵـنیاییەوە سوود لەم رێباز و شـێوازانە وەردەگـرێت.

ئەگـەر بە ژیانـامەی کـەڵـە نووسـەرانـدا بچـینەوە، زۆربەیـان لە پێـشا خووگـرتـووی خـوێنـدنەوەی پەرتـووک بـوونە. بە سـەدان پەرتـووکـیان خـوێـنـدوونـەتەوە.

(شـا سـتیڤـن) دەڵـێت:” ئەگەر دەتەوێـت ببیـت بە نووسەر، پێویستە لەپێـش هـەموو شـتێکـدا، دوو شـت بکەیـت: زۆر بخـوێـنـەوە و زۆریـش بنـووسـە”.

٩ـ خـوێنـدنـەوە و نـووسـیـن، تـوانـای پەیـوەنـدی تـاکی خـوێنـەر، بە کەسـانی تـر و کۆمەڵگاوە باشتر دەکات. زانیـارییان دەربـارەی کولتوور و شێوازی ژیانی کەسان و گـەلانی تـر دەبێـت.

١٠ـ خوێنـدنەوە هـانـدەر و یارمـەتیـدەرە بۆ چـارەسەرکـردنی هـەنـدێ لە کێـشەکانی خوێنەر. لە جەنجـاڵی و مـشـتومـڕ و قـاوەقـاو و کات بە فـیڕۆدان دووری دەخاتـەوە.

١١ـ خـۆێنـدنـەوە هـۆکـارێـکە بـۆ خـۆنـاسی و خـۆهـەڵـسەنـگانـدن. خـۆناسـینیـش ئامانجـێکی گـرنگی خوێنـدنەوەیـە. خوێنـەر بۆ دەدرەکەوێـت کە لە چ ئاستێک دایە.

١٢ـ خوێنـدنەوە روانینی خوێنـەر بۆ ژیـان فـراوانـتر دەکـات. ئارەزوو و بەهـرەکانی باشـتر گەشـە دەکـەن. خـوێنـدنەوەش تەنیـا بـۆ خـوێنـدنـەوە نەبـێـت. بەڵکـو ئـەوەی دەیخـوێنیـنەوە، بە پـراکـتیکی پەیـڕەویی بـکەیـن.

(ڤـیکـتۆر هـۆگـۆ) دەڵـێـت:”خـوێنـدنـەوە و پـراکـتـیـزە نەکـردن.. وەک کـێڵان و تـۆو نەکـردن وایـە”.

١٣ـ تێگەیشـتن لە خوێنـدنەوە، هـێزێکی زۆری مێـشکی دەوێـت. خوێنـدنەوەش بەبێ بیـرکـردنـەوە و لـێکـدانـەوە و تـێگەیـشـتـن، وەکـو خـواردنی بـێ هـەرسکـردن وایـە.

١٤ـ خوێندنەوە یارمەتیی هـاوسۆزی خوێنـەر دەدات. هاوسۆزیش خەسڵەتێکی گرنگی کەسایەتییە. یارمەتیی خوێنەر دەدات بۆ ئەوەی پەیوەنـدیی ئەرێنی لەگەڵ کەسانی تردا هەبێت. هانی خوێنـەر دەدات میهـرەبان بێت و رەچـاوی هەستەکانی کەسانی تر بکات.

١٥ـ خوێنـدنەوە کۆمەڵگایەکی هـۆشیار و رۆشـنبیر پێکـدەهـێنێت، باوەڕی بە جیاوازی دەبێـت. دەبێتە یارمەتیـدەر بۆ ئـەوەی تاکـەکـانی ئـەم کۆمەڵگایە، زیـاتر لـێبووردەبن و جیـاوازییەکـانی یەکـتری قـبووڵ بـکەن.

تا ئەمـڕۆ پەرتـووک نەبووە بە هاوڕێی تاکی کورد، خوێندنەوەش نەبووە بە کوڵتوور و نەریـت و بە پێویستییەکی رۆژانـە و بە بەشـێک لە ژیانیـان. نەخـێر تا ئەمـڕۆش تـاکی کوردمـان خوویـان بە خوێنـدنـەوەوە نەگـرتـووە. رێـژەی خـوێنـەرانی خـووگـرتـوومان  لەچـاو نەخوێنـەرانەوە زۆر کەمـن. بێگـومـان چـەنـد هـۆکـارێک هـەیە، بۆ ئـەوەی کە تاکی کورد خـۆی سەرقـاڵی خوێندنەوە نەکـردووە. هەنـدێ لە هـۆیەکان بۆ خـودی تاکی کورد و بۆ خـێـزان و کـومـەڵـگا دەگـەڕێنـەوە. چـەنـد هـۆکـارێکی تـریش بـۆ دەسـەڵات دەگەڕێنەوە یا بۆ بارودۆخی سیاسی و ناسەقامگیری. هـەندێ هـۆکاریش بۆ هەژاری و سەختی گوزەرانی ژیانی تاکی کورد و نا ئاسوودەیی دەروونییان دەگەڕێتەوە. هـۆیەکان زۆرن کە وایـان کـردووە تـاکی کـوردمـان نەپـەرژێـنە سەر خـوێنـدنـەوە. بـەڵام لەگـەڵ ئەوەشدا نابێت ئەم هـۆیانە بکـرێن بە بیانوو و بە پاساو بۆ پشتکـردن لە خوێندنەوە و خۆڕۆشنبیریکـردن. چونکە کـۆمەڵگای کـەم خـوێنەران، بە کۆمەڵـگایەکی دواکەوتـوو هـەژمـار دەکـرێـت. 

بۆ ئەوەی خوێندنەوە ببێت بە کولتوور و نەریت و بە خـووی رۆژانە و بە بەشـێکی پێویست لە ژیانی تاکی کوردمان. پێویستە لە منداڵانی ئەمڕۆمانەوە دەست پێبکەیـن. هـەر لە منـداڵـییەوە بیانکەین بە هـاويێی پەرتـووک و گۆڤـاری منـداڵان، تامـەزرۆ و هـۆگری خوێندنەوەی رۆژانەیان بکەین، تا دەق بە خوێندنەوەوە بگرن. کە گەورەبن خوێنـدنەوە دەبێـت بە پێـویستیـیەکی گـرنـگ و بە کـولتـوور و بەشـێک لە ژیـانیـان.

هـەر یەکە لە خـێزان و قـوتـابخـانە و میـدیا و راگەیانـدنەکان، رۆڵـێکی گـرنگـیان لە هـانـدانی منـداڵەکانیانـدا هەیە بۆ چانـدنی حەز و ئارەزووی خوێنـدنەوە و بە هـاوڕێ بوونی هەمیشەی پەرتـووک. پێویستیشە دایکان و باوکان و مامۆستاکان پێـشەنگ و نموونەی باشبن لە خوێنـدنەوەدا، تا منداڵەکانیان و قوتابییەکانیان چـاویان لێبکەن. بۆ ئەوەی خوێنـدنەوە ببێت بە کولـتووری تاکی کوردمـان و بە پێویستی و بە بەشـێک لە ژیـانیـان.

پێـتـان سەیـر نەبێـت و نەبـێـتە مـایـەی پـێکەنـین. لە وڵاتـانی ئەوروپـا، زۆر لە ژنـانی دووگـیان، لە مـانـگی هەشـت و نـۆی دووگـیانییانـدا، بە دەنـگـێکی نـەرم و ناسک، بە ئاوازێکی شـیرین گـۆرانی بۆ کـۆرپەلەکانی ناوسکـیان دەڵـێن. یا لایـلایەیـان بۆ دەکەن. یا کورتە چـیرۆکی ئاسانیان بۆ دەخوێننەوە و دەگـێڕنەوە. یا مـوزیکی خاو و خۆشـیان بـۆ لێـدەدەن. زانایـانی دەروونناسی منـداڵان جەخـت لەسەر سوود و گرنگی ئەم کارەی ژنـانی دووگـیان دەکـەن و بە کارێـکی دروست و بەسوودی دەزانـن.

لە زۆر پەرتووکخـانە گـشتییەکانی نەرویـج و سـویـد، زور بینیـوومە و دەبینم، دایکان منـداڵانی تەمـەن هـەشت و نـۆ مانگـیان بۆ بەشی منـداڵانی پەرتووکخانەکان هـێناون و دەهـێنن، کە گاگۆڵکـیان دەکرد و هـێشـتا پێیان نەگـرتبوو، پەرتووکی وێنەداریان پيشان دەدان. دەیـانەوێـت لە کـۆرپەییەوە منـداڵەکانیان ئاشـنا و هـۆگـری پەرتـووکـیان بکەن.

خـۆزگەی ئـەوە دەخـوازم، کە ئـەم کـار و نەریتـە ئەرێـنی و جـوانـانە، لە لای دایـکانی کوردیـشـمـان سـەریـان هـەڵـبـدایە و لە منـداڵـیـیەوە، منـداڵـەکـانیان دەکـرد بە هـاوڕیی پەرتـووک و گـۆڤـاری منـداڵان.

رەزا شـوان

نەرویـج: ٢٠٢٣         

     

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی