"an independent online kurdish website

نەمر ئەحمەدی کاکەمەمی زانایەکی بلیمەت و خۆ پێکەم بوو ، تا لە نێزیکەوە دەگەڵی تێکەڵ بە کاری سیاسی یان کۆمەڵایەتی  نەبای وەک خۆی نەتدەناسی!

 زۆرجار بۆچوونە سیاسیەکانیشی لە جەنبەی شۆخیدا دەردەبڕی ! لە خۆبایی نەدەبوو ، ئەوەی دەدڵی دابا و پێی باش با دەیکوت. هەر بۆیەش لە کاتی بەرپرسایەتیدا وەک نوێنەری حیزب دەگەڵ هەموو هێزە سیاسیەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان و فدراسیۆنی کۆمەڵەکوردستانیەکان لە سوئێد وەک نوێنەری خۆمان لە حدکا داندرابوو، لە ناو کوردی بەشەکانی دیکەی کوردستان شوێنی خۆی کردبۆوە و ڕێزی تایبەتی هەبوو، خزمەتی زۆر کرد و کەمی بۆ لەبەرچاو گیرا، هەربۆیە جاروبار پرێسکەی دڵی لە لای من دەکردەوە، من پێم وابوو لە کاتی سەفەری یەکجاریدا، ئەوەی کە شیاوی ئەو بوو، بۆی نەکرا.

هاوڕێم، لەکاتی مەرگی لەناکاو کوتوپڕی تۆدا نووسیم، هاوخەباتم، هاوسەنگەرم، هاوبیرم، سەفەری تۆ بە شیوەیەک کاری لێکردم کە خۆزگە بخوازم پێش ئەوەی مەرگی هێندێ کەس ببینم، پێش ئەوەی تەرمی  هێندێ کەس ببینم لە خەون و خەیاڵێکدا بام کە هەرگیز بیرم لێنەکردباوە و وەخەبەر نەهاتبام،  هاورێم تۆ یەکێک لەوانی، جار جار مێشک بیری هەموو شتێک دەکات، بەڵام پێموانە بوو ماڵ ئاوایی تۆ وا لەنەکاو ببینم. لەو ماوە دوور و درێژەدا لە وڵاتی غەریبی کە پێکەوە کاری حیزبیمان کرد هەرگیز لە رێنوێنیەکانت وەرەز نەبووم، شێوەی ئەدەب و مەندو و قوڵیت بەڕاستی شایەنی تۆ بوو.

هاوڕێێ خۆشەویست دڵنیابە ڕووناکبیران و خەڵکی کوردستان، رۆژێک دادی بەرهەمی ماندوو بونت و ئاواتەکانت دێننە دی، داخی گرانم زۆر زوو بەجێت هێشتین، بەڵام قوتابیانی رێبازی کوردایەتی، میراتگرانی ئەو رێگا پیرۆزە هەرگیز ناهێڵن کاروانی خەبات لەپێناو رەزگاری لە جۆڵە  بوەستێ و بەرهەمەکانی ئێوە لە کتێبخانەکان و قوتابخانەکان، فێری چینی داهاتووی نەتەوەکەمان  دەکەن.

 هاوڕێم

ئەگەر بمهەوێ پێناسەتان بکەم ، ناکرێ، چونکە خۆتان پێناسەی نیشتیمانی داگیرکراون، ئەگەر  لە شۆڕشگێڕیتان بدوێم، ئەویش ناکرێ، چونکە خۆتان بەکردەوە نیشانتان داوە، کە شا دێڕی نێو شۆڕش و کاکڵەی نێو کورەی خەباتن، ئەگەر لە خۆشەویستیتان بۆ کوردستان و هاوڕێانت بدوێم، ئەوێش نابێ، چونکە  بۆخۆت خۆشەویستی بۆ نیشتمانت فێر کردین،  

بەڵام لێتان ناشارمەوە ئەوەندە بیرەوەری خۆشی کاری حیزبیم لە گەل تۆدا هەیە، ئەگەر هەموویان بنووسم دەترسێم شەپۆلی خەیاڵات ھەڵم بگرێ و لە ئاست خۆشەویستیتاندا خۆم لێ بگوڕێ، بەڵام منی پێشمەرگەی کەمئەندامی نەتەوەکەت گەورەیی تۆ، ڕابوردووی پڕ لە شانازی تۆ، نووسینەکانی تۆ، فێری کردین کە خۆڕاگربین و هەرگیز بێهیوانەبین و هەمیشە بۆ سەرکەوتن تێبکۆشین.

هاورێی بەرێزم کاک ئەحمەد، لە دوو ساڵەی کۆچتدا شوێنت دیارە، خۆزگە ئێستا لەناومان دەبووی وبەچاوی خۆت یەکگرتنی حیزبەکەت دەدی، کە بەوپەڕی دڵسۆزی و ڕاستگۆیی کارت بۆ کرد، ئەوکات لەسەر گۆڕەکەت پێم وتی، دڵنیابە ڕێبوارانی رێگای دێموکرات رۆژێک دادێ ئاواتەکانت دێننەدی و دێموکراتێکی یەکگرتوو دەبینین، داخی گرانم، بەرهەمی هەوڵ و تێکۆشانی خۆت و هاوبیرانت بۆ وەسەر یەککەوتنەوەی بنەماڵەی گەورەی دێموکراتت بە چاوی خۆت نەدی، بەڵام قوتابیانی رێبازی دێموکرات، میراتگرانی ئەو رێگا پیرۆزە هەرگیز ناهێڵن کاروانی خەبات لەپێناو رەزگاری لە تێکۆشان بوەستێ وئاواتەکانی تۆ ودەیان نەمری دیکەی گەلەکەمان کە لە دوورەوڵات سەریان ناوەتەوە، بەشێکیان هێناونەدی و چاوەڕوانی ئەوانی تریشین.

دەترسم شەرمەزار بم لە ئاست ئەم کورتیلە نووسینەم بۆ ئێوەی ماندوونەناس.

یادت، بزەکانت، بیر و رێنوێنیەکانت، هەستی برایانەت، دەگەڵمانن، لەدڵمانن.

رووحت شادبێ و یادت هەمیشە لەناو دڵی نەتەوەکتدا بە زیندوویی دەمێنێتەوە.

سەید عەلی هاشمی ٢٠٢٣/٨/٢٦

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی