"an independent online kurdish website

 محەممەد میقدادی ناسراو بە ” محەممەدە ڕەشە” خەڵکی ئاوایی دێڵزی لە ناوچەوی پیرانانی مەڵبەندی پیرانشار، لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەر گەورە بوو، لە لایەن مامی “حەمەدی عەلی” ناردراوەتە قوتابخانە،

لە تەمەنی لاویدا دەستی لە خوێندن هەڵگرتووە و هاتۆتە ڕێزی پێشمەرگەکانی دێموکڕات، لە ریزی پێشمەرگە وەرگیراوە و لە ژێر فەرماندەیی شەهیدان مەلا بایزی محەممەدی، قادر لاجانی، محەممەدی محەممەدیان،  حەسەنی بایزئاغای و برایم میرزا و چەند فەرماندیەکی دیکەی نیزامی حیزبی دێمۆکڕات پێگەیشتووە، محەممەدە ڕەشە پلەکانی پێشمەرگایەتی یەک لە داوی یەک بڕیوە و تا گەیوەتە فەرمەندەری هێز کە ئاخیر پلەی نیزامیە.

دوو بیرەوەری لە قارەمانێکی ناو کاکڵەی خەباتی حدکا، محەممەدە ڕەشە

لە ناوەڕاستی پووشپەڕی ساڵی ١٣٦٢ی هەتاویدا کاتژمێر چواری بەیانی دوژمن هێرشێکی دڕاندانەی بەربەرینی بۆ ناوچەی لاجان و پیرانان، بەرزایەکانی، “گورگە” پشت شێلمجاڕان “بەردەڕەشان” بەردەسپیان “شێوران” شاخی پشت زینووینجان ” گوندەکانی (رکاوێ، گرداشەوان، بەرکەمران، گەنەداری مامەشان، خرێبەرداشان، خەراپە، زینوێنجیان، گردەبن، شێلمجاڕان، قەرەخدر و توژەڵێ) لە یەک کاتدا دەست پێکرد.

  واتە لە کاتژمێر چواری بەیانی لە ١٦ی پووشپەڕی١٣٦٢ی هەتاویدا لە هەموو بەرزایەکان شەڕێکی دەستە و یەخە لە نێوان پاسدار و پێشمەرگەکانی حدکا دەستی پێکرد،  لە زۆر شوێن دەگەڵ دوژمن تێکەڵ بووین، ئەوەندە لێک نزیک بووین دۆست دوژمن لێک نەدەکراوە، رەگباری کەڵاشینکۆفی پێشمەرگە  و هاواری یاحوسێنی پاسدار  وەک گرمەی بوومەلەرزە دەنگی دەداوە، هەموو بەرزایەکان، وێنەکەیان وەک یەک بوون، لە بەرزایەکانی پشتی شێلمجاران و قەرەخدر، بە بروسکەی تۆپ و ئارپیجی شاخەکان وەک رۆژی روناکیان لێهاتبوو، دوای چەند کاتژمێرێک و شەڕی بەردەوام،   بە ناچاری کادر و پێشمەرگەکان بڕیاریان دا،  بەشێک لە بەرزایەکان و گوندەکان لە لایەن پێشمەرگە چۆل بکرێن.

   لکی ٣ی هێزی ئاوارە کە یەکێک لە لکە بە هێزەکانی ئەو هێزە بوو، بنکەکانیان لە دێیەکانی بەرکەمران و دەوروبەری بوون و بنکەی سەرەکی یەکیەتی لاوانی دێموکرات بە سەرپەرستی ئەبوبەکری قەدیکورد و کۆمیتەی ناوچەی بەربنە، لە گوندی خەراپەی بوون، دوژمن بە هێزێکی پۆشتەی نیزامی لە هەموو بەرزایەکان رێگاکانیان لێ گرتبوون و گەمارۆ درا بوون.

   تەنیا چەند ڕۆژێک بوو بەداخەوە فەرماندەری لکی٣ شەهید محەممەدی مەلامینە لە گەڵ خودایاری قوڵیزادە شەهید کرا بوون، لەو وەختە هەستیارەدا کە هێشتا بە رەسمی فەرماندە بۆ لکی٣ دیاری نەکرابوو، بەڵام  لێوەشاوەیی و قارەمانەتی هەموو پێشمەرگەکان و باقی فەرماندەکانی ئەو لکە بە تایبەت محەممەدە ڕشە کە فەرماندەیەکی بە ئەزموون و بوێر و خاوەن هەڵوێست بوو، لە نێو سەرجەم فەرماندە و پێشمەرگەکانی ئەو لکە  جێگای باوەڕ بوو، هیچ بێ فارمەندییان پێوە دیار نەبوو، هێشتا خوێنی شەهید مەلامینە وشک نەببۆوە، بەڵام محەممەدە ڕەشە و چەند فارمەندەیەکی دیکە  کەلێن و شوێنی فەرماندەی شەهیدیان پڕ کردبۆوە.

   بەشێک لە بەرزایەکان گیران، تەشکیلاتی ئێمە و ئەڕکانی هێز کە فەرمەندەری هێز شەهید قادر ئیفتیخاریشمان دەگەڵ بوو، لە بستووی کانێ قوڕاوێ، بە نێو دوژمندا هاتینە دیوی شێلمجاڕان، لکی٣ و یەکیەتی لاوان و کۆمیتەی ناوچەی بەربنە لە دیوی خەراپەی و ئێمەش لە دیوی شێلمجاڕان، زنجیرە کێوێکی کەمێک بڵند لە نێوانمان بوو، بە نێوی “شێوران” ئەو باسکەکێوە بێبەرد و بێ پەسیو بوو، تەنیا گیای لێ شین دەبوو، شەڕەکە زۆر توند و لێک نزیک بووین، چەند هێلیکۆتێریش بە رەگبار ئاوربارانیان دەکردین، بەڵام ئێمە شوێنەکەمان چۆل نەکرد، چوونکە زیاتر لە 80 پێشمەرگە گەمارۆ درابوون و کەوتبوونە ناو ئابڵۆقەی دوژمن.

   دوای چەند کاتژمێرێک سەرجەم کادر و پێشمەرگەکان هاتنە سەر بستووی شێوران و لە شەرێکی دەستە و یەخەدا،  بە وەپێش کەوتنی چەند پێشمەرگەیەک، وەک مراد کاڕەش، برایم، رەحمان، کاووس، عەبوو،،،،،  توانیان ئابڵووقەی دوژمن تێک بشکێنن و رێگای دەرباز بوون بکەنەوە و ئەوەی لەسەر ڕێگایان بوون لە ناویان بەرن.  هەموو پێشمەرگەکان هاتنە دیوی شێلمجاڕان و یەکمان گرتەوە، شایی و شینمان لێ تێکەڵ بوو،  بەداخەوە لەو شەڕەدا پێشمەرگەیەکی لکی ٣ بە نێوی رەحمان دەوڵەت خەڵکی گوندی گردیمخانێ (١٦/٤/١٣٦٢) شەهید بوو، دوو پێشمەرگەش بە نێوەکانی رەحمان دۆشکە و عەلی مەعرووفیان بریندار بوون.

شانازیەکی دیکەی کۆمیتەی ئێمە (پیرانان)  دەگەڵ محەممەدە ڕەشە

   نامەیەکی تایبەتی لە بەشی کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزب بۆ کۆمیتەی ئێمە لە ئاوایی میشەدێ هاتبوو، کە دەبوو لە کاتی دیاری کراو بگاتە  پیرانشار (خانێ) ، لە ناو ئەندامانی کۆمیتە من و عومەر ئاریغ بۆ ئەو ئەرکە دیاری کراین، منیش نامەیەکم بۆ فەرماندەری لکی٣ محەممەدە ڕەشە کە بنکەی سەرەکیان لە ئاوایی گەنەداری مەنگوڕان بوو نووسی و پاشان چووین بۆ بنکەی لک و تەواوی بابەتەکەمان بۆ باس کرد، محەممەد وتی: ئەو شوێنەی داندراوە لە باری نیزامیەوە شوێنیکی زۆر نالەبارە، تەنیا چوار پێنج  تا کیلومیتر لە پیرانشار دوورە،  لە بەینی ٣ پایەگایان (لاوێن، شیناوێ، قەڵاتی مووتاوێ) هەڵکەوتووە و لە پایەگای قەڵاتێ ڕا تفەنگی دەگاتێ، ئەگەر ئاشکرا بن یان ئەو کەسەی دێت بۆ بردنی ئەمانەتەکە هەڵەیەک بکات، نەجات بوونتان مەحاڵە و یارمەتیشتان ناگاتێ، نەک خۆتان تێدا دەچن بەڵکو دێیەکەش وێران دەبێ.

    محەممەدە ڕەشە سەردەستە و سەرپەلەکانی کۆ کردەوە و قسەی بۆ کردن و پێیانی کوت، هاوڕێیان بۆ خۆتان دەزانن سبەینێ عەمەلیاتە و هەموو بەرنامەیەکی بۆ داڕێژراوە، بەڵام کارێکی حیزبی هاتۆتە پێش و دەبێ من خۆم لەگەڵیان بچم، دەبێ بۆ خۆتان ئەو عەمەلیاتە وەک خۆی بەڕێوە بەرن، لە نێو سەردەستەکان ناوی یەکێکیانی هێناو وتی: تۆ فارمەندەی ئەو عەمەلیاتەی و لە شوێنی من ئەو ئەرکە بەڕێوە دەبەی تا ئێمە دەگەڕێینەوە.

    ئێمە هەر ئەو شەوە چووینە دێی جەڕان و بێ ئەوەی هیچ کەس هەستمان پێ بکات. خانەخوێیەکەمان لە سەر رێبازی دێموکرات لە ئێمە بە ئیمان تر بوو. پێشنیوەڕۆ کاری ئێمە تەواو بوو و خەریکی پشوودان بووین.

 لە دوای نیوەڕۆدا شەڕێکی قورس لە نێوان پێشمەرگەکانی لکی ٣ و پاسدارانی دژی گەلی لەسەر جادەی پیرانشار ــ سەردەشت، لە نێوان پایەگای قەڵاتی مووتاوێ و پایەگای گەورەی چیانە دەستی پێکرد. دوای ماوەیەک خانەخوێ کەمان هاتە ژوور کوتی: کوڕینە پێشمەرگەکان پاشەکشەیان کرد، پاسدارەکان هێرشێکی گەورەیان دەست پێ کردوە، بڕیاری ئێوە چیە؟ خەمی من و نەبێ، هەرچی دبێ باببێ، هەر ئەوکات بڕیارماندا لە شوێنی خۆ حەشاردانەکەمان بێینە دەرێ، تەواوی خەڵکی دێ سەیری شەڕەکەیان دەکرد، لە تاوی پێشمەرگەکان ئارامیان لێهەڵگیرابوو،  کەس بیری بۆ ئەوە نەدەچوو کە پێشمەرگە لە نێو دێی جەڕانێیە، ئەو چەند کەسەمان لە دێ وەدەرکەوتین و نەفەرێکیش بە نیوی محەممەد وەدوامان کەوت، بە بێ چەک، تەنیا چەکی ئیمان و بیرو باوەڕی حیزبی بوو، زۆر حەولدرا کە بگەڕێتەوە، بەڵام سوودی نەبوو.

    فەرماندەری لکی٣ محەممەدە ڕەشە، وەپێش کەوت بەرەو ڕووی پایەگای قەڵاتی مووتاوێ کە تەنیا چەند سەد میترێک دوور بوو ، لە تەنیشت پایەگای ڕا پشتیان لە دوژمن ئەستاند و بۆ سەرجادەی بەینی دوو پایەگای چیانە و قەڵاتێ، دوژمن سەری لێشێوا و نەیاندەزانی چی ڕوویداوە، هێزی دوژمن شکا، پاسداری مۆڵگەی قەڵاتی مووتاوێ نەیانتوانی بۆ شوێنی خۆیان بگەڕێنەوە و مەجبوور بوون بەرەو پایەگای دێی چیانە هەڵێن، محەممەدە ڕەشە، قارەمانی شەڕەکانی گردی مەرقەدی، زێدان، دێڵزێ، بادیناوێ، بەریـمێرگان, کونەمشکێ، تازەقەڵاو گوڵفەت، ئاڵوەتان، بگرە زۆر شوێنی دیکەی مەڵبەندی پیرانشار، لەو شەرەدا دەگەڵ ئەو چەند پێشمەرگەیە زیاتر سەری حیزبی دێموکڕاتیان بەرز کردەوە.

   من مێژوو نووس نیم، بەڵام شاهیدی ناو جەرگەی شەڕی ئەو ڕۆژەم، خۆزگە توانیبام ئاستی ورە و بوێری ئەو چەند پێشمەرگەیە بە تایبەت پلان و بڕیاری فەرمەندەی لکی٣ محەممەدە ڕەشە لەو کاتە هەستیار و بەپەلەدا، بێ ئەوەی کات بەفیرۆ بدا و بخەجڵێ بۆ یارمەتی و بە هاناوە چوونی هاوسەنگەرانی بەرێوەی برد، وەک خۆی بنووسمەوە. چوونکە یەکەم  توانیان  شادی بخەنە نێو دڵی خەڵکی ناوچەی پیرانان کە بە چاوی خۆیان شاهیدی ئەو عەمەلیاتە سەرکەوتوانە بوون، دووهەم چۆن ورەی پاسداری دوو پایەگایان تێک ڕووخاند و ڕەپێچەک دران،  سێهەم ورەی ئەو لکە پێشمەرگەیان هێنایەوە سەر شوێنی خۆی کە لەکاتی برینداربوونی فەرمەندەی عەمەلیاتەکە، لە لایەن فەرمەندەکانی دیکە بڕیاری پاشەکشەیان دابوو، هەروەها بە دوژمن نیشاندرا کە تەنیا چەند پێشمەرگەیەک بۆ پارێزگاری لە نیشتمان و هاوسەنگەرانیان گیانی خۆیان فیدا دەکەن و هیچ ترس و  باکیان لە مەرگ نیە.

بەرز و پیرۆزبێ یادی رۆژی پێشمەرگە

سەید عەلی هاشمی ١٤/١٢/٢٠٢٣

بابەتی پەیوەندی دار

فەرماندەی دیار و چاونەترسی ڕۆژانی سەختی خەبات محەممەدە ڕەشە، ن. محەممەد سلێمانی

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی