"an independent online kurdish website

لەو ڕۆژە مەزن و پیرۆزەدا ئاوڕێکی کورتمان بەسەر وێزگەگرینگەکانی خەباتی فەرماندەی ڕۆژانی خەباتی سیاسی و نیزامی، هاوڕێ محەممەدە ڕەشە دا خشاندووە و وەك ڕێز گرتنێك لەو ڕۆڵە بە جەرگ و بە بیروباوەڕەی حیزبەکەمان و

بە بۆنەی ٢٦ی سەرماوەز ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان وەك ڕێز گرتنێك بڵاو کردووە.

محەممەد میقدادی (ڕەشە) یەکێك لە فەرماندە ئازا و دیار و چاو نەترسەکانی هێزی ئاوارە (قەندیل) مەڵبەندی خۆڕاگری پیرانشارە و شوێن نیە بەرامبەر بە دوژمن سینگی شێرانەی لە سەنگەری بەرگریدا لێنەگرت بێت و بە چریکەی شێرانەی دوژمنی ڕاو نەنابێت.

وەك ڕۆڵەیەکی خۆڕاگر و تێکۆشەر، زۆر بە خێرایی ناوبانگی دەرکرد وبووە خۆشەویستی هاوڕێیانی، سەرەتا لە ناوچەی پیرانان و لکی ٣ و دواتر لە هێزی ئاوارە (قەندیل) دا. بەهۆی ئازایەتی و خۆنەویستی و خۆشەویستی لە نێو کۆڕی هاوڕێ و هاوسەنگەرانیدا، بە ڕەشە دەناسرێ و ئەو نازناوەش یەکێکی ترە لە شانازیەکانی نێوسەنگەری بەرگریکردن لە شوناس و کەرامەتی مرۆڤی کورد و پاراستنی هۆویەتی نەتەوەیی لە بەرامبەر فاشیزمی حاکم بەسەر ئێراندا.

بەهۆی سیاسەتی دەسەڵاتدارانی ئێران، گەلی کورد و ڕۆڵەکانی بە درێژایی مێژوو، بەخوێن و تێکۆشانیان بەرگریان لە مانەوە و شوناسی نەتەوەیی کردوە و لە کاتێكدا ڕێژیمی ئاخوندی هەوڵی دەدا بەسەر شۆڕشی کوردستاندا زاڵ بێ و حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران، وەك نەیاری دیار و کاریگەری نێو ڕووداوە سیاسیەکانی وڵات لەسەر ڕێگای خۆی لابدات و ئەگەری بۆشی لە ناو نەچێت بە تەواوی لاوازی بکات.

کاتێك ڕێژیمی ئاخوندی تۆزێك خۆی گرتوو و توانی هێزە داگیرکەرەکانی ڕێکبخاتەوە، بڕیاری جیهادی بە دژی گەلی کورد لە ( ٢٨ی گەلاوێژ) دا و هێزەکانی بە دژی کورد و بزووتنەوەی سیاسی کوردستان هاندا تا بتوانێت بە زۆری هێزی چەکدار، ڕۆژهەڵاتی کوردستان داگیر بکات و بە ڕێگای سەرکوتی بێ بەزەیانەی خەڵکی کوردستاندا کە بە داخەوە لە زۆر شار و ناوچەی کوردستان ژن و پیر و مناڵ و گەنجی کوردیان بە دڕندانەترین شێوە شەهید و بریندار دەکرد.

لەوکاتەدا حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران وەك هێزێکی کاریگەری نێو ڕووداوە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی وڵات، وێڕای لە بەرچاوگرتنی بنەما و ڕێسا و یاسای خەباتێکی بە تەواوی دێمۆکڕاتیك، دەبوو بڕیاری بەری بەرگری کردن و پاراستنی لە سەر و ژیانی خەڵك بدات، لەسەر ئەساسی ئەو بنەمایە بڕیاری خۆڕاگری دا و توانی زیانی گەورە بە دوژمن بگەیەنێ و بەتەواوی پاشەکشەی پێ بکات.

بەداخەوە لە ماوەی شەڕی سێ مانگەدا، ڕێژیمی ئێران ئەو جینایەتی زۆر دڕندانەیان دەرهەقی گەلی کورد ئەنجامدا و زیانێکی گەورەیان بە ژێرخانی ئابووری و کۆمەڵایەتی کوردستان گەیاند. بەڵام خۆڕاگری هێزی پێشمەرگە و بڕیاری سیاسی و شۆڕشگێڕی حیزب خەونی تارانی لە گۆڕ نا و لە زۆربەی شار و ناوچەکانی کوردستاندا، پاشەکشە بە هێزەکانی تاران کرا و خومەینی ئامادەی دەربڕی لە گەڵ نوێنەرانی گەلی کورد سەبارەت بە ماف و ئازادییەکان وتووێژ بکەن. هەرچەندە ئەو کات حیزب لە نیازی دوژمن تێگەیشتبوو کە تەنیا کات دەکوژن و دەنا باوەڕیان بە فرەنەتەوەیی و چارەسەری ئاشتیانەی پرسی نەتەوەیی گەلانی وڵات لە بەرنامەدا نیە.

لەو ساتە وەختە ناسك و پر لە مەترسیەدا، رۆژهەڵاتی کوردستان لە سایەی بوێری و خۆڕاگری هێزی پێشمەرگەی دێمۆکڕاتدا هەستی بە سەربەرزی و شانازی گەورە دەکرد و کورد بە ئیرادە و چاونەترسی خۆی بەسەر دەسەڵاتی تاراندا زاڵ دەبێتەوە.

لە مەڵبەندی پیڕانشار و بەتایبەتی لە دەورووبەری شاردا، بە تەواوی تەنگ بە دوژمن هەڵدەڵچنن و کەم نەبوون ئەو ڕۆڵە بوێرانەی وەك بەڕێز محەممەد میقدادی کە رۆژ نەبوو زەبری قوورس و کاریگەر لە دوژمن نەوەشێنن و شانازی گەورەی سیاسی و مێژووی بۆ کورد تۆمار نەکرێت.

هەرچەندە گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەزموونیكی ئەوتۆی لە خەباتی چەکداریدا نەبوو و بەداخەوە هێشتا بەتەواوی خۆی نەگرتبوو کە تاران ئەو شەڕەی بەسەر کورددا سەپاند، بەڵام ئیمان و ئیرادەی شۆڕشگێرانەی گەلی کورد و پێشمەرگەکانی حیزب زۆر بەخێرایی، بوون بە پیاوی مەیدان و گوشاری زۆریان خستە سەر ڕێژیمی تاران .

محەممەد میقدادی لە گەرمەی ڕاپەڕینی گەلانی ئێراندا وەك لاوێکی تامەزرۆی ئازادی و سەربەستی کوردستان تێکەڵ بە شۆڕشی نوێی ڕۆژهەڵات دەىێ و زۆر چالاکانە بەشداری لە ڕاپەڕینی بەربڵاوی شار بە دژی ڕێژیمی پاشایەتی دەکات.

پاش ئەوەی حیزبی دێمۆکڕات لەو شارەدا دەست بە کار و چالاکیەکانی دەکات و کاری سیاسی و ڕیکخراوەی خۆی دەست پێداکاتەوە، بەڕێز محەممەد ڕەشە یەکێك لەو لاوانە دەبێت چەکی شەرەف و سەربەرزی پێشمەرگایەتی لە شان دەکات.

کاتێك شۆرشی گەلانی ئێران بە تەواوی سەرکەوت، بێگوومان ئێران پێی نایە قۆناخێکی نوێی سیاسی و لە کوردستان جمووجۆڵە سیاسی و تەشکیلاتیەکان دەستیان پێکرد و حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران کە پێشینەی سیاسی و تەشکیلاتی بەرفراوانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەبوو، زۆر بە خێرایی پەرە دەگرێتەوە و بە هەزاران لە لاوانی کورد چەکی شانازی پێشمەرگایەتیان لە شان دەکەن و پەیمان لە گەڵ ڕێبازی قازی و شەهیدانی ڕێگای ئازادی کوردستان دەبەستن تا بەدی هاتنی مافی ڕەوای گەلی کورد، دەست لە خەبات و تێکۆشان هەڵنەگرن.

پاش بەلاڕێدا برانی دەسکەوتەکانی گەلانی ئێران لە لایەن ڕێژیمی خومەینی یەوە، بزووتنەوەی سیاسی کوردستان دیسان دەبوو خۆی بۆ قۆناخێکی دژوار و ئاستەمی دیکە ئامادە بکاتەوە، زۆری نەخایاند تاران گوێی بە ماف و ئازادییەکانی گەلانی ئێران نەدا و شەڕی بە دژی خەڵکی کوردستان و نەتەوەکانی دیکەی وڵاتی ئێران ڕاگەیاند.

لەو ساتەوەختە دژوارەدا، محەممەدە ڕەشە لە لکی ٣ی هێزی ئاوارەدا سازمان دەدرێ و پاش ئەوەی لە چەندین شەڕی گەروە و بچووکدا بەشداری دەکات، وەك لاوێکی چاونەترس و بوێر لە شەڕەکاندا ڕۆڵی بەرچاو دەگێڕێ و هەر بۆیە زۆر بەخێرایی دەکرێتە سەرپەل و پاشان سەردەستە و جێگری لك و سەرلك.

ڕەشە وێرای هاوڕێ و هاوسەنگەرانی تەنگ بە داگیرکەری تاران لە کوردستان هەڵدەچنن. پاش ئەوەی ڕێژیمی تازە بە دەسەڵات گەیشتوو هێزێکی زۆر لە پیرانشار مۆڵ دەدات، بە مەبەستی داگیرکردنی ناوچە و گوندەکان، بەڵام بە هۆی خۆڕاگری و چاونەترسی هێزی ئاوارە و بەتایبەت لکی ٣ی ئەو هێزە لە ماوەی زیاتر لە ٢ ساڵدا ناتوانێ، ٣ کیلۆمیتر پێشرەوی بەرەو دەرەوەی شاری پیرانشار بکات.

بەڵی، داستانی خۆڕاگری و هەلۆ ئاسای هیزی بە هیزی ئاوارە لێرەدا دەردەکەوێت، کە پێك هاتەی سیاسی و تەشکیلاتی و نیزامی ئەو هێزە لەسەر ئیرادە و باوەڕ بە هەقانیەتی مافەکانی دامەزراوە، لە هەرکات و ساتێکدا، دوژمن دەبەزێنن و ڕێگا بەهێزەکانی سەر بە تاران نادەن لە مۆلگەکانیان بێنەدەر و بەرەو دەرەوەی شار پێشڕەوی بکەن، تا بە داخەوە دەستێکی ناوخۆی کورد دەبێتە چاوساخ و قەرەوڵیان لە داگیرکردنەوەی کوردستاندا و دەتوانن بەرەو دەرەوەی شار پێشڕەوی بکەن.

محەممەدە ڕەشە وەك هەڵۆ چەنگ بەگڕەکەی مەڵبەندی پیرانشار ٧ جار لە شەڕدا برینداردەبێت، بەڵام ئەو بریندار بوونە، شوێنی لەسەر ئیرادە و خۆڕاگری دانانێ و هەروەك هەمیشە پاش ساڕێژ بوونەوەی برینەکانی دەگەڕێتەوە سەنگەری پێشەوەی خەبات و دڕیژە بە ئەرکە سیاسی و نیزامیەکانی خۆی دەدات.

کاك محەممەد پلە سیاسی و نیزامیەکانی بە هۆی لێهاتووی و چاونەترسی زۆر بەخێرای دەبڕێ و تا فەرمەندەری هێزی قەندیل دەچێتە پێش. ڕەشە ماوەی زیاتر لە ٦ ساڵ جێگری فەرمەندری هێزی قەندیل دەبێ و یەکێك لە پایەگرینەکانی کاری سیاسی و نیزامی مەڵبەندی سپی سەنگ و هێزی قەندیل دەناسرێ و شوێنی بەرچاوی لە ڕەوتی کار و خەباتی حیزب شارستانەکانی نەغەدە و پیرانشار هەبوو.

ڕەشە پەیوەندییەکی تووند و تۆڵی لە گەڵ کومیتە شارستانەکانی پیرانشار و نەغەدەی هەبوو، ئەو بە باشی پێك هاتە و تەرکیبی هێز و کومیتەکانی دەناسی و ئەو خاڵەش هۆکاری بنەڕەتی بوون بۆ سازمەندەهی ساڵانەی کە لەو مەڵبەند و هێز بەڕێووە دەچوو.

جگە لە شارەزایی بە هەڵکەتوویی سیاسی و جوگرافیایی پیرانشار و نەغەدە، خاوەنی تاکتیك و بەرنامەی ورد و دەقیقی نیزامی بوو، لە کاتی تەنگانێدا دەست و پێی خۆی بزر نەدەکرد. لە هەڵبژاردنی جێگا و شوێنی مانەوەدا وەك فەرمەندەیەکی بە ئەزموون و کارەمەی شەڕی پارتیزانی، هەمیشە دوو خاڵی لە بەرچاو دەگرت.

یەكەم. ئەگەر دوژمن بە شوێنی زانین، دەرفەتی ئەوەمان هەبێت بە ڕێگای وەشاندنی گورزی خێرا لە هێزەکانی ڕێژیم بدەن و مەجالی خۆڕکخستنەوەیان پێنەدرێت و مەیدانی شەڕیان لێ بەرفراوان تر بکەن.

دووهەم. ئەو شوێنانەی بۆ مانەوە هەڵدەبژارد کە لە کاتی ڕوبەڕوبوونەوەی دوژمندا، جگە لەوەی مەیدانی باش مان بۆ فراوانکردنی شەڕ هەبێت تا هێزە چەکدارەکان لێك بڵاو بکەین و ڕێگای گەیاندنی هاوکاری لە لایەن دوژمنەوە بۆ دژوارتر بکەین، هەتا زیاتر هێرشەیان بکەینە سەر و زیانی زۆریان پێ بگەیەنین.

بۆ سەلماندنی ئەو دوو خاڵە، جەولەی سیاسی، تەشکیلاتی و نیزامی ساڵی ١٣٦٩ی هەتاوی وەك نموونەی تاکتیکەکانی شەری پارتیزانی، بە هاوکاری کومیتەی شارستانی نەغەدە و بەرپرسی ئەوکاتی کومیتەی شارستانی نەغەدەی هاوڕێی تیکۆشەر سمکۆ ئیسماعیلزادە کە خاوەنی پێگە و نفووزی بەرفراوانی سیاسی و تەشکیلاتی لە مەهاباد و نەغەدەیە وەبیر دەخەمەوە. لەو جەوڵەیەدا یەك بە یەکی کادرەکانی ناوچەی نەغەدە شان بەشانی پێشمەرگەکان لە ریزی پێشەوە دابوون و بێگوومان ئەگەر هاوکاری و فیداکاری ئەوانی لە گەڵدا نەبووایە، ئەو سەرکەوتنە بەسەر دوژمندا، زۆر دژوارتر دەبوو.

لەو جەولەیەدا هاوڕێ محەممەد ڕەسوڵی بەرپرسی کۆمیتەی شارستانی پیرانشار وەك یەکێك لە بەرپرسە سیاسی و تەشکیلاتیەکانی حیزب لە مەڵبەندی سپی سەنگ، وێرایی ئەو پۆلە پێشمەرگەیە گەرایەوە ناوچەی و کاك محەممەدە ڕەشە لەسەر چۆنیەتی کاروچالاکی و بەردوامی ئەو جەولەیە، ڕاوێژی لە گەڵ بەڕێزیان دەکرد.

گێڕانەوەی ئەو زنجیرە شەرانەی لە ماوەیەکی زۆر کورتدا ڕوویاندا، کە هەموویان بەسەر کەوتنی هێزی قەندیل کۆتایی پێهات بە فەرمەندەی و ڕۆڵی کادر و پێشمەرگەکان، لە زۆر بواردا ورەی هێزەکانی ڕێژیمی بەتەواوی داڕوخاند و لە هیچ ڕوبەڕو بوونەوەیەكدا لە بەر گوزری کاریگەری پێشمەرگەدا خۆیان بۆ نەدەگیرا و کاریان ڕاکردن و شکان بوو. بێگوومان ئەوەندە بەسە بۆ ئەوەی ئەزموونە سیاسی و نیزامیەکانی هاوڕێ محەممەدە ڕەشەی باشتر بەرجەستە بکەین.

ئەو ساڵە بەداخەوە لە شەڕەکاندا و بە تایبەت لەسەر سنوورەکانی پیرانشاردا زیانی زۆرمان بەرکەوتبوو، تا رادەیەك شوێنی لەسەر کار و هەڵسورانی هێز دانا بوو، بە هۆی هەڵبژاردنی تاکتیکی ناشیا و ڕەچاونەکردنی پێك هاتە و هەڵکەتووی نیزامی و جوگرافیایی پیرانشار. ئەو ساڵە چالاکیەکانمان و گەڕانەوەمان وەك دایرەی نیوە بازنەی بەسەر هاتبوو. دوژمن بەو تاکتیکەی ئێمەی زانی بوو کە لە کوێووە دەست پێدەکان و تاکوێ و چۆن کۆتایی پێدێت.

چوونەوە بۆ ناوچەی نەغەدە بە مەبەستی تۆڵەکردنەوەی شەهیدەکانمان

بە مەبەستی تۆڵەکردنەوەی شەهیدەکانمان، کە ئەو کات ڕەشە جێگری فەرمەندەری هێز بوو، دەستەیەکی ٤٢ی کەسی لە نێو پێشمەرگەکانی هێزی قەندیل لە هەموو لکەکانی هەڵبژارد بۆ گەڕانەوە و بەدیاریکراویش بۆ قووڵایی ناوچەی نەغەدە.

بڕیار درابوو کە دەبێت بە ٢ تا ٣ شەو بگەینە ناوچەی نەغەدە، لە قەندیلەوە تا نەغەدە و بڕینی ئەو ڕێگایە بە نزیك ٤٠ کاتژمێر ڕەنگە زیاتر وەك چیرۆك بچێت، بێگوومان ئەوە ڕاستیە و چیرۆك نیە. هەر ئەو شەوەی کە دەمان هەویست لە بناری قەندیل و بە نزیك گوندی زێوە و کۆنەلاجاندا (پیرانشار) بەرەو قووڵایی ناوچەی پیرانشار برۆین، لە نزێك گوندەکە کەوتینە کەمین و پاش دەستڕێژی خێرا، کە دەبوو لەو ناوە دوور بکەوەینەوە، کەمینەکەمان شکاند و درێژەمان بە ڕێگای خۆماندا. بۆ مانەوە پشتی قڕوچاوێمان هەڵبژراد و ئەو ڕۆژەی لەوێ ماینەوە و تا بڵێی شەکەت و هیلاک ببووین. پێشمەرگەکان بە جۆرێك ماندوو بوون تا نزیك دەرو و بەری کاتژمێر دووی نیوەڕۆ هێشتا هەموو پێشمەرگەکان نەگەیشتبوونە شوێنی مەبەست و حەسانەوە.

بەڵێ بۆ ڕۆژی سێهەمی جەولەکە، لە بەرزایەکانی پشتی خەلیفان (فەرەنگ) مابووینەوە. دوژمن هەستی بەبوونی ئێمەکردبوو، بۆ زیان گەیاندن بە ئێمە لە دیوی پیرانشار( دەشتێ قوڕێ) و خەلیفاندا (بەدیوی نەغەدەیدا) هێزێکی زۆری ڕەوانە کرد بۆ سەر بەرزایەکان و تا لە دوو لاوە و نوختەی ستڕاتیژی گەمارۆمان بدەن.

بەرێز محەممەدە ڕەشە زۆر بە خێرایی لە گەڵ فەرماندەکان ڕاوێژێکی کورتی ئەنجام دا و هەر دەستە و لکەی بەرەو شوێنی خۆی بەرێکەوت و زۆری نەکێشا بەرزایەکانمان لە دوژمن گرت. دەستەیەك لە پێشمەرگەکان بە فەرماندەیی شەهید ئەبوبەکری دەرەویی ڕەوانەی پشتی دەشتێ قووڕی کران، کە لە گەڵ هێزەکانی ڕێژیمی ئاخوندی لەوێ ئیدی تێك هەڵدەنگووێن و لە گورزێکی خێرا و شێرانەدا جگە لە تەفروتوونا کردنی ئەو زەربەتە، ژمارەیەکی بەرچاو کەلاكی دوژمن لە مەیدانی شەڕدا لە بەر دەستی پێشمەرگەدا بە جێمان و پاش شناسایی کردن و بە دەستکەوت گرتنی ژمارەیەکی زۆری چەك و کەلوپەلی دیکەی نیزامی، پێشمەرگەکان بێ ئەوەی چووکترین زیانیان پێ بگات، دوژمنیان بە تەواوی تێك شکاند. ڕەشە لەو کاتەدا جگە لە ڕێنوێنی ورد زۆر شێرانە لە ڕێگای بێسیمەوە و لە سەنگەری پیشەوەی بەرەکانی شەڕدا، بە دەنگێکی بەرز داوای دەکرد کە دەست لە هێزەکانی ڕیژیم نەپاڕێزن و بە پێیان بڵێن ئەوە هێزە قەندیلە چیاکان بۆ جاش و پاسداران دەکاتە گۆرستان. ئەو شەڕە بەخۆشیەوە بێ شەهید و بریندار کۆتایی هات.

هەر ئەو ڕۆژە و بۆ حەسانەوە و پشوو دان گوندی کانیە مام سەیدەمان هەڵبژارد لەسەر پێشنیاری هاوڕێیانی کومیتەی شارستانی نەغەدەی. دیارە لە کاتی شەڕەکەدا زۆر لە ئێمە دوور نەبوون. هەر ئەو شەوەش لەوێ لە گەڵ هێزەکانی ڕێژیم دەرگیر بووین و ژمارەیەك لە چەکداری ڕێژیم کوژران و بریندارکران و جەنازەی چوار کەس کەوتە دەستی پێشمەرگەکان. بەداخەوە ئەو خۆراگریە بە خوێنی ڕۆڵەیەکی ئازا و روح سووك و دڵسۆز بەناوی محێدین گەڵوانی تۆمارکرا.

پاش گەڕان بە ناوچەی سندووس و کاری سیاسی و تەشکیلاتی، لە درێژەی ئەو جەولەیەدا بۆ مانەوە، لە حەوتم ڕۆژی ئەو جەولە سیاسی و تەشکیلاتی و نیزامیە، گوندی قەرەقەساب لە سەر پێشنیاری هاوڕێیانی کۆمیتەی نەغەدەی دیاریکرا و شەو کاتژمێر١٢ شەو گەیشتینە ئاوایی و پیشمەرگەکان بۆ مانەوە لە گوندەکەدا بەسەر چەند ماڵێكدا، دابەشکران.

ئەو شەوەمان لەوێ ڕۆژ کردەوە و ئەگەر هەڵەم نەکرد بێت دەرووبەری کاتژمێر ١ی دوانێوەڕۆ بوو، لە لایەن جیگری فەرماندەری هێز، ڕێزدار محەممەدە ڕەشە ئاگادار کراین کە هێزێکی زۆری ڕێژیمی بە بوونی ئێمەی زانیووە و هەر چوار دەوری گوندەکەیان بە هێزێکی زۆر تەنیووە و ، خەریکن دێنە نێو گوندەکە.

ئیدی دەستەکان هەر وەك ئەزموونی چەندین ساڵەی ئەو مەیدانە، خۆیان گورج و گوڵ کرد و چاوەڕوانی دەستووری هێرش بۆسەر دوژمن دەست لەسەر پەلاپیتکەی تفەنگەکان لە ژوورەکاندا ئامادە باش بووین. زۆری نەکێشا کە داوا لە دەستەکان کرا هەر کەسە و لە شوێنی خۆی سەنگەر بگرێ و لە هیزە دژی گەلیەکان بێینە دەست.

پێشمەرگەکان هەڵۆئاسا لە هێزەکانی دوژمن هاتنە دەست و لەماوەی کەمتر لە کاتژمێرێكدا گوندی قەرەقەساب بە تەواوی لە دوژمن پاکرایەوە و تا دەرەوەی ئاوایی راو نران. لەو شەڕەدا زیاتر لە ١٣ کەلاکی ڕێژیم لەبەر دەستی پێشمەرگەدا بەجێمان و زیانێکی ئەوتۆیان بەرکەوتبوو، لە خۆیان ڕانەدەدیت هێرش بکەنەوە سەر پێشمەرگەکان. لەوێش هێزی قەندیل بەو دەستە ٤٢ کەسیەی تەنگی بە هێزی داگیرکەر لە قووڵایی ناوچە دا هەڵچنیەوە. بەداخەوە ئەو شەڕە بە خوێنی لاوی ئازا و تێکۆشەر شەهید سلێمان خەڵکی گوندی گەسگەسکی پیرانشار تۆمارکرا و هاوڕێ شەهید کەمال دوڕگە کادری دیار و ناسراوی کومیتەی شارستانی نەغەدەی برینداربوو.

بۆ ڕۆژی دوایی، لە گوندی ئۆخسەردا ماینەوە و لە لایەن دیدەبانەکانی نێو ئاوایی کاتژمێر نزیك ٢ی نیوەڕۆ ئاگادار کراینەوە کە دوژمن بەرەو ئاوایی دێت، پاش پەیوەندی نێوان دەستەکان و قسە و باس، دەستەکان بە خێرایی لە ماڵەکان هاتنە دەڕێ و شەهید قادری حاجیپوور بە کاك محەممەدە ڕەشەی دەڵێت: لێرە نا‌هێڵم دوژمن سەرگوێچی بانم لێ بگرێتەوە وەك ئاوایی قەرەقەسابی. ئیدی وابوو کۆی تیمەکان لە ماڵان هاتنە دەر و بە دەوری ئاواییدا بڵاو بووینەوە. تا ئیوارێ درەنگ لە نێو ڕەز و باخ دا بووین.

پاشان دەرکەوت کە زانیارەیەکە هەڵە بووە و دوژمن نەیوێرا بوو خۆمان لە قەرەی بداتەوە. هەر ئەو ئێوارەیە بڕیار درا جادەی نێوان مەهاباد و نەغەدەی کۆنتڕۆڵ بکرێ و لەوێش گورز لە هێزەکانی ڕێژیم بدەین. پاش بڵاو بوونەوە و نزیك بوونەوە لە سەر جادەی، ماشێنێکی ڕێژیمی کەوتە نێو کەمین و هەر لەوێ سەرنشینەکانی کوژران و ماشێنەکەش ئاگری تێبەر درا. لەو بەشەشدا کە خەلك ڕاگیرابوو و هاوڕێ کاك سمکۆ ئیسماعیلزادە بەرپەرسی کومیتەی شارستانی نەغەدە، لە سەر سیاسەتەکانی حیزبی دێمۆکڕات قسەی بۆ خەڵك کرد. لە نێو خەڵکەکەدا دوو مۆرەی گرینگی ڕێژیم دەگیرێن و هەر لەوێ بە سزای خۆیان دەگەیەندرێن بەناوەکانی خالید و عەلی.

لەو شەڕەشدا زیاتر لە ٨ کەس لە هێزەکانی ڕێژیم کوژران و ژمارەیەکیش بریندار بوون. بەخۆشیەوە ئەو عەمەلیاتەش بە سەرکەوتنی هێزی قەندیل و کومیتەی شارستانی نەغەدەی کۆتایی هات.

گێرانەوەی ئەو کورتە بەسەرهاتەی کۆتایی جەولەی سیاسی و نیزامی ساڵی ١٣٦٩ی هەتاوی و لە قووڵایی ناوچەی نەغەدەی و بە ژمارەیەکی کەمی پێشمەرگە، بۆ سەلماندنی توانا و شارەزایی هاوڕێ ڕەشە بوو کە توانی بە هێزەکانی ڕیژیمی نیشان بدات، هێزی قەندیل ئەو هێزەیە دوژمن خۆی لە بەر ناگرێت، ئەگەر بێت و مەرجەکانی شەڕی پارتیزانی ڕەچاو بکات. ئەوەی کە لەو زنجیرە شەڕانەدا کە لە قووڵایی ناوچە و لە نەغەدە مەکۆی خەباتگێرانی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران ئەنجامدرا، بێگوومان شانازی و نیشانەی ورە بەرزی پێشمەرگەی حیزبی دێمۆکڕاتی نیشان دایەوە لەو کاتە و پاش ئەو زیانەی بەر هێزی قەندیل کەوتبوو.

ڕێزدار سەید عەلی هاشمی:

باسی ئازایەتی و ڕۆڵی شێرانەی بەڕێز محەممەدە ڕەشەی لە شەڕی بە ناوبانگی چیانەی دەکات و لە خوارە دەکەوێتە بەرچاوتان.

پێشمەرگە و کادری دیار و بەرچاوی ڕۆژانی خەباتی شار و شاخ، هاوڕێی تێکۆشەر کاك “سەید عەلی هاشمی” کە لە نزیکەوە کاك محەممەد ڕەشەی دەناسێ، باسی ئازایەتی و چاونەترسی دەکات کە بە چ بوێڕی و ئازایەتیەك هێزی دوژمنی تەفروتونا و ناچار بە پاشەکشەی کردوە.

گۆشەیەک لەشەری چیانە

شەڕی بە ناو بانگی چیانە کە لە ٢٣ی پووشپەڕی ١٣٦١ی هەتاویدا بۆ بەرگری لە جادەی سەردەشت ــ پیرانشار روویدا گەورەترین زەربە بە دوژمن گەیی و حیزبی دێموکراتیش بێ بەش نەبوو، لە قەڵاتەڕەشێ و دێڵزێ و گەزگەسك باغ و مەزراکانی زەربەی گورچووبڕ وە دوژمن کەوت.

لام وایە لە مێژووی حیزبی دێموکراتدا کە پارێزگاری لە کوردستان کردووە، شەڕی چیانەی بە یەکێک لە گەورەترین شەڕەكانی نێوان پاڕێزەرانی کوردستان و دەسەڵاتدارانی ئاخوندی ئەژمار دەکڕێ.

چوونکە لەو شەڕەدا دوژمن ناچار بوو بە ماشێنی کۆمپرێسی کوژراوەکانیان لە خانێ ڕا بۆ نەغەدە ڕاگوێزێ، چوونکە لە پیرانشار و پادگانی خانێ شوێن بۆ بریندار نەما بوو. خەساڕەتی دوژمن لەو شەرەدا بەپێی زانیاری و خەبەری جێگای باوەڕ زیاتر لە١٨٠٠ کەس بووە، ئێمەش ٢٢شەهید و ٣٥ بریندارمان هەبوو.

گۆشەیەک لەشەری چیانە، لە گەزگەسک و دێڵزێ پێشمەرگەکانی لکی ١ بە سێڵاو پاسداریان وەسەر گەڕابوو، دوای زیاتر لە چوار کاتژمێر بەربەرەکانی توانیان پێش بەو هێرشە گەورە بگرن، چەندجار دوژمن بەسەر لاشەی شەهیدەکاندا دەهات و ئەوانیش بەرپەرچیان دەدانەوە و شەهید و بریندارەکانیان دەستاندەوە، هاوسەنگەرانیان لە لکی ٣ بە هانای پێشمەرگەکانی لکی١وە دێن، دوای ١٢ کاتژمێر شەڕێکی کەم وێنە دوژمن بە سەدان کەلاکی پاسداران بەجێ دێڵن، کە دوای ماوەیەکی زۆر خەڵک تەرم و چەکی دوژمنیان لە ناو باغ و مەزراکانیان دیوەتەوە، لەو بەشەدا ١٤ شەهید و بریندارێکی زۆری پێشمەرگە هەبوو، بەڵام ورە و بوێریەی پێشمەرگە لەو شەرەدا شتێکی کەم وێنە بوو. ئاوایی دێڵزێ داگیر کرابوو، یەکێک لە پێشمەرگە قارەمانەکانی ئەو بەشە(محەممەدە ڕەشە) بە ئارپیجی لە ناو دێی دێڵزێ لە تۆپی دوژمن دەدا و تێکی دەشکێنێ، ئاوایەکە لە دوژمن پاك دەکرێتەوە. لەو بەشەدا دوژمن بە تەواوی دەشکێ و ئاوایەکانی گەزگەسک و دێڵزی و قەڵاتەڕەشێ و بەشێك لە پێدەشتەکانی، بە دەسکەوتێکی زۆرەوە، وەک ماشێن و چەکی نیوەقورس و سووک و کەلاکێکی بێ ئەژمار دەکەوێتە دەست پێشمەرگە.

محەممەدە ڕەشە بەوەفا بوو بۆ هاوسەنگەرانی:

ـــ لە ڕۆژی تەنگانە جێگای بڕوا و هیوا بوو، ڕووحیەی دەدا بە پێشمەرگە و رەفیقانی.

ـــ فەرمەندەیەکی ڕاستگۆ بوو، هەر بۆیەش لەناو پێشمەرگە و خەڵک خۆشەویست بوو.

ـــ لە ڕۆژی لێ قەڵمان نەدەپۆشەکا و ورەی نەدەڕووخا.

ـــ بۆ تۆلەی خوێنی هاوسەنگەرانی گیان لەسەر دەست بوو.

ـــ دیسپیلینی نیزامی و سانترالیزمی دێموکراتیکی بەجێ دێنا.

ـــ لە کاتی فەرمەندەهیدا هەر ئەرکێک لە لایەن تەشکیلاتی حیزبەوە پێ ئەسپێردرابا، بێ دوودڵی ئەنجامی دەدا. بە تایبەت لە کۆمیتەی ناوچەی پیرانان.

ـــ لە شکستەکاندا ورەی نەدەڕووخا، هەمیشە دەفکری تۆڵە کردنەوە دابوو بۆ ئەوەی زیانەکان پڕ کاتەوە.

ـــ بە ناو و ناوبانگەکەی لە کاتی فەرمەندەییدا لە خۆبایی نەدەبوو، خۆی لێندەگۆڕا.

ـــ لە ڕۆژی تەنگانەدا هیوایەکی بە هێز بوو، لەناو پێشمەرگەدا.

ـــ لەکاتی فەرمەندەییدا بۆ پێگەیاندنی فەرمەندەی نیزامی نەخشی بەرچاوی هەبوو، وەک شەهیدان ئەبووبەکر دەرەوی و قادر حاجیپوور و دەیان فەرماندەی دیکە.

****

ڕێزدار محەمەد میقدادی زیاتر لەوەی بووە کە بە چەند سەرە قەڵەمێك شیکردنەوەی لەسەر بکرێت:

پێم حەیف بوو ئەگەر زۆر بەکورتیش بێت ئەو چەند زانیاریە ورد و نایابانەی لەسەر بڵاو نەکەمەوە بۆ ئەوەی ببێتە سەرچاوە بۆ ئەو کەسانەی ڕۆژێك بیان هەوێت بزانن تێکۆشەرانی حیزب چۆن و بەچ دژواری و سەختیەکدا تێ پەڕێوون.

محەممەد میقدادی لە سالی ١٣٥٨ وەك زوربەی لاوەکانی کوردستان رێزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێمۆکڕاتی ھەڵبژارد و دەچێتە دەستەی شەھید مراد شیرێژ لە لکی ٣ ی ھێزی شەھید ئاوارەی.

ھەر چەند ئەو کات هەڕەدی تازە لاوی دەبێت کە ڕێگای خەباتی ئازادی و ڕزگاری کوردستان هەڵدەبژێرێت و لە تەمەنی ١٨ ساڵیدا چەکی شەرەف و سەربەرزی پێشمەرگایەتی دەکاتە شان. ساڵی ١٣٥٩هەتاوی کە هێشتا تەمەنێکی ئەوتۆی نابێت و لە تەمەنی ١٨ ساڵیدا وەك سەر پەلی یەکیك لە پەلەکان دیاری کرێ و بڕیار دەدات کە بەدڵ و بەگیان پارێزگاری لە خاك و نەتەوەکەی بکا و لەو دەستەیەدا، دەست بە خزمت بە حیزب و گەل دەکات.

هێزی ئاوارە لە ژێر فەرماندەیی شەهیدان، سەید رەسوڵ دێهقان، قادر ئیفتیخاری و ڕێزدار سەید ڕەسوولی سەید ئەحمەدی و شەهید هەمزە بیهنام و هەروەها بەبەشداری دەیان لە ئازاترین ڕۆڵەکانی نیشتیمان، تەنگ بەدوژمن لە پیرانشار و شارو ناوچەکانی دیکەی کوردستاندا هەڵدەچنن. شەهید مەلا ڕەسوڵی گەردی یەکێك لە کادرە بە ئیمان و خۆراگراکان بوو کە وێرای کومیتەی ناوچەی پیرانان لە سەنگەری بەرگریکردندا خەباتیان دەکرد.

نازناوی محەممەدە ڕەشە وەك شانازیەك لە لایەن فەرمەندەرانی لکی ٣ی هێزی ئاوارە، شەھیدان مەلابایز، قادر لاجانی، عەبدوڵلە جهانگیری و محەممەد مەلامینەی و پێشمەرگەکان بەسەردا بڕا و شانازی بە ڕابردوو و ڕێبازی پیرۆزی شەهیدان و حیزبە خەباتگێرەکەمان، حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران دەکات. شەهیدان قادر لاجانی و مەلابایز، عەبدوڵلە جهانگیری، محەممەد مەلامینە و لوقمان مێهفەر لەو فەرمەندە ئازا و بەجەرگانەی مەڵبەندی پیرانشار بوون، کە دوژمن لە ناوهێنانیان زندەقی دەچوو.

لەو قۆناخە سەخت و دژوارەی بەرگری کردن لە خاك و شوناسی سیاسی و نەتەوەییدا، ڕۆلی کارا و بەرچاویان گێرا و شکۆی بەرزی ئازایەتی و خۆڕاگری بوون. بەدەیان فەرماندە و پێشمەرگەی ئازایان لە ژێر فەرماندەیدا پەروەردە کرد و بەکورتی قووتابخانەی خۆڕاگری و فیداکاری بوون لە پێناوی پاراستنی دەسکەوتەکانی خەباتدا.

بەڕێز محەممەدە ڕەشە، ئەو ئەرك و بەرپرسایەتیانەی خوارەی پێدراوە لە لایەن حیزبەوە:

سالی ١٣٥٩ سەر پەل دەبێت تا سالی ١٣٦١ گرتنەوەی جادەی سەردەشت پیرانشار .

لە پاییزی ١٣٦١ دەکرێت بە فەرمەندەی دەستەی مراد شیرێژ.

لە مانگی گەلاوێژی ١٣٦٢ بۆتە بە فەرمەندەری لکی ٣ی لە ھێزی ئاوارە.

سالی ١٣٦٦ وەک جێگری ھێزی کێلەشین لەسەر بڕیاری کومیسیۆنی سیاسی نیزامی حیزب و دەفتەری سیاسی دیاری دەکرێ و دەدرێتە کۆمیتەی شارستانی شنۆ.

١٣٦٧ تا ١٣٦٩ دەکرێتە جێگری فەرمەندەری ھێزی قەندیل لە مەڵبەندی سپی سەنگ .

سالی ١٣٧٠ کرا بە سەرپەرستی ھێزی قەندیل.

سالی ١٣٧١ تا ١٣٧٢ لە کۆمیسیونی سیاسی نیزامی کاردەکات.

ساڵی ١٣٧٣ وەك فەرمەندەری ھێزی کێلەشین لە کۆمیتەی شارستانی شنۆ دەبێت

سالی ١٣٧٤ بە ئەندامی مەڵبەندی سپی سەنگ هەڵبژێردراوە و بوو بەشی دارایی .

سالی ١٣٧٦ رێگای ھەندەرانی هەڵبژارد و تا ئێستاش ھەر لە خزمەت حیزبدایە و بڕیاریداوە تا دوای هەناسەی لەبەر دابێت، دڕیژە دەری ڕێگا و ڕێبازی سیاسی حیزب و شەهیدانی کوردستان بێت.

لەو شەڕە حەماسیانەی خوارەوەدا بەشداری کردووە:

شەرەکانی ناو شاری پیرانشار، جادەی سەردەشت پیرانشار، شەری دێلزێ. شەڕی بەناوبانگی چیانەی کە مێژوویەکی گەروەی لە قۆناخەکانی خەباتی سیاسی و بەرگریکردندا تۆمارکرد.

شەڕی نەمنجێ و بادیناوێ.

شەڕی سەپێکان

شەری کۆلاوی نۆکان ، گۆلفەت و قەبری حوسێنی.

شەڕی قاڕەمانانەی دووسەر و پانەسەر.

شەڕی زێدان و شێناوی، گردکسپیان، مێشەدی و دۆڵی گۆێزان .

شەری بە ناوبانگی گەڵێ توان لە نیزێك کۆنە لاجان .

گەرتنی پایگای سەرتەنگ و سەرهۆڵان لە ناوچەی مەهاباد، شەڕی سەر جادەی مەھاباد نەغەدەی، شەری ناو گوندی قەرەقساب، شەری کۆرە خانەی سەر جادەی نێوان نەغەدە و مەھاباد. شەڕی حاجی مەتک و پشتی بەدراوێ و دەشتێ گەنمان.

شەری سێلەکە و ماسوێ، شەری بە ناوبانگی شابتان لە شنۆ و گەرتنی پایگای دزەی مەرگەوەر، شەری بە ناوبانگی کانیە سپی ناوچەی سەڵماس، شەری گرتنەوەی جادەی بانە سەردەشت مەنتیقەی حەوتەوانەی لە زۆر شار و ناوچەی دیکەی کوردستاندا بەشداری کار و ئەرکە حیزبیەکانی کردووە و لە ماوەی پێشمەرگاتیدا ، ٧ جار بریندار بووە.

محە ممەد سلێمانی

10.12.2023

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی